یەكەم/ تڕەمپ و لێدان لە بەها سیاسییەکان
دۆناڵد جەی تڕەمپ، ئەگەرچی هەرزوو بەوە ناسرا کە کارەکتەرێکی پۆپۆلیستی بێ بنەمای سەربە دنیای مەجازی و بێ ناوەڕۆکە، بەڵام کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلێنسیکی سەرۆکی ئۆکراین و گفتوگۆ و قسەوباسە دوور لە ئەتەکێتی دبلۆماسی و رێسا و بنەمای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە قووڵی ئەوەی بۆ هەموو جیهان ئاشکرا کرد کە ئەو وەک سەرۆک دژ بە بنەما و بەها و رێسا و کەلەپووری سیاسییە.
تڕەمپ بە چاویلکەی بازرگانی و بازاڕ و قازانج و سەرمایە و کەڵەکەکردنی پارە و داهات، جیهان و هاوپەیمانی و سیاسەت دەبینێت. ئەمەریکای دایکی بەهاکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و هاوپەیمانی و مافی پێکهاتە و کەمینەکان و وڵاتە لانەوازەکان، ئەمڕۆ لە سەردەستی تڕەمپ ئەم ناسنامە و ناونیشانەی لە دەست دەدا و کورت بووەتەوە بۆ ئەمەریکای سەردەمی تڕەمپی دوور لە بەها و میراتە دیموکراسی و فکرییەکەی.
تڕەمپ و جێگرەکەی لە کۆشکی سپی و بە بەرچاوی میدیا و هەموو جیهانەوە، بە زیلێنیسکی سەرۆکی ئۆکڕاینایان گوت، بەبێ پارە و سوود و قازانج، ئەمەریکا پاڵپشتی هیچ وڵاتێکی جیهان ناکات و سەردەمی بەهاکان بەسەر چووە و سەردەمی پارە و قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە.
ئەو گوتارەی تڕەمپ ئەگەر بە ڕاستەوخۆیش دەستەواژەی وەک سەرمایە و قازانجی لەناودا نەبێت و لەخۆ نەگرێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ گوزارشتی لەوە کرد کە ئەمەریکا چیتر پاڵپشتی کەس و هیچ لایەنێک ناکات بەبێ بەرانبەر، چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە بەها مرۆیی و دیمۆکراسییەکان نییە و جێی بایەخ نین، پێچەوانەی ئەو ئەمەریکایەی پێشتر پێی ناسرابوو و رابەرایەتی بلۆکێکی گەورەی سیاسی، سەربازی و فکری جیهانی، دەکرد.
دووەم/ جیهان لە چاوی تڕەمپدا
دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ دەوڵەت و بەرژەوەندییە باڵاکانی، ئاسایش و کۆکردنەوەی پارە، ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی دۆناڵد تڕەمپن، وەک خۆیشی دروشمی "سەرەتا ئەمەریکای America First" بۆ بەرز کردووەتەوە.
سەرەتا ئەمەریکا، گوزارشتە لەوەی چۆن ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی، لە پێش هەموو شتێکی جیهانەوە دابنرێت و دوور بکەوێتەوە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی جیهانی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" و شێوازە جۆراوجۆرکانی هاوپەیمانیی و زۆر نۆرم و بەهای تری نێو سیستمی نوێی جیهان New World Order کە ئەمەریکا خۆی دایڕشتوون و دایهێناون لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان و خۆی بەڕێوەی بردوون.
ئەمڕۆ جیهان لە ساتەوەختێکدا دەژیی تڕەمپ بڕوای بە هیچ لەم بنەما و ستراتیجییەی وڵاتەكەی نەماوە و پێی وایە دەبێت ئەمەریکا زیاتر ئاگاداری دۆخی ناوخۆی خۆی بێت و چیتر وەک پۆلیسی جیهان دەرنەکەوێت، ئەمەیش لە رەفتار و قسە و کردە و سیاسەتەکانی رۆژانەیدا وردە وردە رەنگ دەداتەوە.
ئەم چیڕۆکەی تڕەمپ یەکجار خەمناکە، بۆ ئەو ئەکتەر و وڵاتانەی ئێستە هاوشێوەی ئۆکراین بوونەتە نێچیری بەردەستی سەرۆكێك کە بە چاوی بازرگانیی لە سیاسەت و دنیا و حکومڕانی و پێوەندییەکان دەڕوانێ و مامەڵە دەکات. بۆیە چوار ساڵی ئایندە ئالنگاری و مەترسی یەکجار گەورەی تێدا دەبێت، کاتێک تڕەمپێک رابەرایەتی ئەمەریکای دایکی دیمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکات و جیهان بەڕێوە دەبات.
سێیەم/ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و سیاسەتی تڕەمپ
دەستەواژەی "ماگا" کە کورتکراوەی Make America Great Again، واتە ئەمەریکا دووبارە گەورە و مەزن دەکەینەوە، گوزارشتە لە بە "گەورە دانانی ئەمەریکا و بە بچووکدانانی ئەوانیتر" لە ڕوانگەی تڕەمپەوە.
ئەمجۆرە سیاسەت و مامەڵەکردنە بە پلەی یەکەم زیان بە دەوڵەتانی لاواز و بێ پێگە و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەگەیەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا دۆناڵد تڕەمپ دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر حسابی ئەو ئەکتەرە لاوازانە بێت کە لە بارودۆخێکی نەخوازراو و پەشۆکاودان و ناتوانن وەک پێویست بەرگری لە خۆیان و کیان و سەروەرییەکەیان بکەن.
دەکرێت نموونەی ئۆکڕاینا باشترین و زیندووترین نموونە بێت کە تڕەمپ دەیەوێت مامەڵەی پێوە بکات و بیخاتە ناو یاریی سیاسی و دبلۆماسی و بەرنامەی تاکەکەسی خۆیەوە. ئەو ئەکتەرانەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بێ پشتوپەنا و پاڵپشتی سیاسی و سەربازن، بە ئاسانی دەکرێن بە کەرەستەی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە گەورەکانی وەک ئەمەریکا و رووسیا و بەدیاریکراویش لەو خولە تازەیەی تڕەمپدا کە بە یەکجاری دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی وەک کۆمپانیا لەسەر بنەمای قازانج و دەسکەوت و بەهای ئابووری بێت، نەک بەهاکانی تری وەک مافی مرۆڤ و دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی.
نەتەوەی بێ دەوڵەت لەناو سیستمی سیاسی نێودەوڵەتیدا پێشوەختە بێ ناسنامە و رۆڵ و پێگە و ناونیشانە و بەبێ دەوڵەت ناتوانرێت بگەیت بە هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و تڕەمپ لەم خولەیدا هێندەی تر ئەم پرسە قووڵ و فراوانتر دەکاتەوە و هێندەی تر نەتەوەی بێ دەوڵەت و دەوڵەتە لاوازەکان دەکاتە قوربانی و پەراوێزیان دەخات.
سەرەتای سەدەی 21 دەگوترا ئەم سەدەیە هی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە، بەڵام دۆناڵد تڕەمپ خەریکە ئەم گوتارە پووچەڵ دەکاتەوە.