16ی ئۆکتۆبه‌ر ڕاسته له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا پێناسه کرا و وه‌ک کرده‌وه‌ی کاڵفامانه باسی کراوه و بە خیانه‌ت ناوی چووه‌ته مێژووی نێزیکمانه‌وه و له زه‌ین و بیری گشتیشدا جێگیر بووه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا باس و تیۆریزه‌کردنێکی زمانی و شیکارانه‌یه له ئاستی گوتاردا و هێشتا ئێمه لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م کاره‌سات و نسکۆ گه‌وره‌یه‌مان، که باڵی زاڵی ئێسته‌ی یه‌کێتیی ڕه‌قه‌میان دا، بۆ ده‌رنه‌که‌وتووه.
که‌رکووک نه‌ک ته‌نیا بۆ هەرێمی كوردستان وه‌ک پارچه‌یه‌کی نیوه‌ئازادکراو و نیوه‌سه‌ربه‌خۆ گرینگی ستراتیجیی هه‌یه، به‌ڵکوو بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان خاڵی یه‌کلاکه‌رەوە‌ی دۆزی کورده، ئه‌وه‌یش ته‌نیا لایه‌ن و ڕووه ئابووری و نه‌وتییه‌که‌ی نییه، به‌ڵکوو بابه‌ته‌که خاک و شوناسه و له‌وه‌ش گرینگتر ململانێی هێزی مه‌عنه‌وی و ڕۆحیی دوو نه‌ته‌وه یان با بڵێین چه‌ند نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات و هێزه، دژی یه‌ک نه‌ته‌وه که کورده.
که‌رکووک سنووری ستراتیجی و شوناسی سه‌رزه‌وینیی کورده له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب که له ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن گوتاری ناسیونالیستی و شۆڤێنیی عه‌ره‌به‌وه کراوه به گرێپووچکه‌ی دۆزی کورد، یانی ئه‌گه‌ر ئێمه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانیی بکه‌ین له‌ناو دنیای عه‌ره‌بدا، ڕه‌نگه به ژماره و ڕێژه‌یه‌کی که‌م له‌ناو دوو تاقمی چه‌پ و لیبراڵیاندا نه‌بێت، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت کۆی په‌یکه‌ره‌ی کۆمه‌ڵگەی عه‌ره‌بی به سووریای جه‌نگزه‌ده و فه‌له‌ستینی خۆشه‌ویستی جیهانی ئیسلامیشه‌وه دژی دۆزی کوردن و به خائینانی ناو وڵاتێکی عه‌ره‌بیی ده‌زانن.
ڕۆژانه لێره و له‌وێ هه‌ڵوێستی په‌نابه‌ره عه‌ره‌به جۆراوجۆره‌کان به تایبه‌ت فه‌له‌ستیینییه‌کان ده‌بینین که له هه‌ر جۆره هه‌وڵێکی ده‌وڵه‌تی یان ناده‌وڵه‌تی بۆ لێدان له کورد، پشتگیریی ده‌که‌ن و پێی خۆشحاڵن، چه‌ند ساڵ پێش ئێستە له‌لایه‌ن ڕێبه‌ر و فه‌رمانده‌کانی فه‌له‌ستینه‌وه هێرش کرایه سه‌ر پێشمه‌رگه و ئیراده‌ی سیاسیی کورد له کوردستان، ئه‌مه له حاڵێکدایه کورد هه‌میشه پشتگیریی له دۆزی فه‌له‌ستین کردووه و ته‌نانه‌ت له کاتی شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا بارزانیی نه‌مر له نامه‌یه‌کدا پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزه‌که‌یان ده‌ربڕیوه و ئاماده‌ی هاواکاری و پاڵپشتیشیان بووه، له ڕێی هێزی پێشمه‌رگه‌وه.
ئه‌م وێنه‌یه بۆیه وا به ڕوونی، به‌ڵام به گشتی ده‌کێشم، تا تێبگه‌ین تێڕوانینی زۆرینه‌ی گوتاری وڵاتانی عه‌ره‌بی یانی ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش که هێشتا وڵات نییه و ناوی فه‌له‌ستینه و ده‌یان وڵاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی هه‌موو جۆره پاڵپشتییه‌کی ده‌که‌ن، له ئێرانه‌وه بۆ تورکیا تا عێراق و عه‌ره‌بستان و... ئه‌ویش مافی خۆم پێ ڕه‌وا نابینێت. خه‌ڵکێک که هه‌موو جیهان پاڵپشتییان ده‌کات، به‌ڵام کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر نابێت و دژی ئێمه‌ی کوردیشن. ئێمه‌یش که هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که پیلانمان بۆ داده‌ڕێژن، به‌ڵام پشتگیریی دۆزی فه‌له‌ستین و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان بووین.
ئه‌م وێنه و پانۆرامایه پێمان ده‌ڵێت دۆزی کورد که به توندوتؤڵی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی که‌رکووک گرێ دراوە له کوردستان، دۆزێکی چاره‌نووسساز و سه‌ره‌کییه بۆ پارچه‌کانی دیکه‌یش، کاتی خۆی ئینراهیم ئه‌حمه‌د له وتووێژێکدا وتبووی، چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له تورکیا چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده له هه‌موو ناوچه‌که‌دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م وته‌یه ده‌شێت هه‌ندێ لایه‌نی واقیعبینیی تێدا بێت، به‌ڵام هه‌ڵگری ئه‌و وردبینییه نییه که گوتاری کورد و عه‌ربی پێ به‌رجه‌سته بکاته‌وه.
گوتاری عه‌ره‌بی ئه‌گه‌رچی به ناوه‌رۆک تا ئاستێکی کوشنده و تۆقێنه‌ر خێڵه‌کییانه و فاشییه و له ڕووی ڕێژه‌ی حه‌شاما‌تیشه‌وه زۆرن، به‌ڵام تا ئاستێکی سه‌یر به‌شێوه‌یه‌کی په‌رجۆئاسا له‌لایه‌ن کورده‌وه ملکه‌چ کراون. چاره‌سه‌ربوونی دۆزی کورد له باشوور به‌م واتایه شکستی گوتاری فاشیستی عه‌ره‌بی و فیچقه‌کردنی ئیراده‌ی دیاریکردنی چاره‌نووس و مافی سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریخوازیی کورده.
هه‌ر بۆیه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژمونه ده‌یان ملیۆنی و چه‌ندان ده‌وڵه‌تییه، خۆی سه‌رکه‌وتنی دۆزی کورده، که‌چی به‌داخه‌وه به‌هۆی یه‌کانگیرنه‌بوونی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان و پشتکردنه خه‌ونه‌کانی کورد له‌لایه‌ن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه، که‌رکووک وه‌ک پردی په‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و شوناسی جیۆگرافی و مێژوویه‌کی که‌ونینه درایه‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌تی عێراق و هێزه میلیشیا و داره‌ده‌سته‌کانه‌وه و ڕه‌نجی چه‌ندان ساڵه‌ی کورد که به خوێنی شه‌هیدان له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه تا ئێستە هاتبوو، له‌سه‌ر سینییه‌کی زێڕین پێشکه‌شی هێزه عێراقییه‌کان و پلاندانه‌ره ناوچه‌ییه‌کانیان کرا و که‌سیش نه‌یزانی بۆ و له‌به‌رچی؟
ده‌بێ بپرسین ئێسته له سنووره‌کانی ماده‌ی 140 چ ده‌گوزه‌رێت؟ ئایا عه‌ره‌ب ئه‌و کولتووره‌یه که ئاره‌زووی پێکه‌وه‌ژیانی هه‌یه یان سه‌تان ساڵه به داگیرکاری و لێدان و کوشتوبڕکردن گۆش کراوه؟ ڕۆژانه ئێمه هه‌واڵ له‌سه‌ر لێدان له زمان و کولتووری کوردی و ڕه‌تکردنه‌وه‌یان ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ڕه‌مز و ئاماژه‌یه‌کی ئیدارییه بۆ پلانێکی گه‌وره‌تر که ئه‌ویش ته‌عریبی دووباره و چه‌ندباره‌ی که‌رکووکه، لێدانه له جووتیاره ماندوونه‌ناس و دڵسۆزه‌کانی کورد و ده‌رکردنیانه له‌سه‌ر زێدی باوباپیرانیان و هاورده‌کردنی عه‌ره‌ب و نیشته‌جێکردنیان.
به‌پێی ئاماره‌کان و به وته‌ی په‌رله‌مانتارێکی کورد لە عێراق، نه‌جوا حه‌مید محه‌مه‌د پرۆژه‌ی ته‌عریبکردن ئێسته له سه‌رده‌می به‌عس زیاتر و ترسناکتره و به پلانێکی ژێره‌وانکێ و به شێنه‌یی خه‌ریکن ته‌عربن، که ده‌ستی ڕاکان جبووریی به‌چڕی پێوه دیاره. به‌ڵام بێگومان هه‌ر ئه‌وه نییه.
له کابینه‌ی نوێی سوودانیدا هه‌ندێ جموجووڵ هه‌ن بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌یه‌کی یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراق به ناوی ماده‌ی 140 که خۆیان ده‌نگیان پێ داوه و چه‌ندان ساڵه له ڕێی ده‌وڵه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه سڕ ده‌کرێت، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 له ئێستەدا داوێکی گه‌وره و ناسکه، چونكە ئێستە ژماره‌یه‌کی زۆر عه‌رەبی هاورده هاتوونه‌ته که‌رکووک و کوردیان وه‌ده‌ر ناوه و جووتیاری کورد له زه‌وی و ماڵوحاڵی خۆیان ده‌رده‌که‌ن.
به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌م دۆخه و به‌دواداهاته کاره‌ساتبار و دژه کورده‌کانی له ئه‌ستۆی یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستانە و ئه‌و تیمه به‌ناو دەستەبژێرە که 16ی ئۆکتۆبه‌ریان وه‌ک سه‌روه‌ری باس ده‌کرد و هێشتایش له وڕێنه و زینده‌خه‌ونه‌کانیان ڕانه‌چڵه‌کیون.
له ئاستی ترلیشدا ئێمه وه‌ک کورد به نیسبه‌ت دۆخی کەرکووک له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به‌رپرسین و نابێ گوێی لی بخه‌وێنین، به‌ڵکوو ده‌بێ به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر له ئاستی میدیایی، یاسایی، سیاسی و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌رکووک به‌ڕاده‌یه‌ک زه‌ق بکه‌ینه‌وه تا شوناسی سه‌رزه‌وین و مه‌زڵوومیه‌تی کورد له‌وێ و ڕۆحی شۆڤێنیی جیهانی عه‌ره‌ب، زیاتر زه‌ق بکه‌یه‌نه‌وه و دنیا لێی ئاگەدار بكەین.