ڕه‌نگه دوای شۆڕشی ئه‌یلوول، هیچ كات كورد یه‌كده‌نگ و هاوڕه‌نگ نه‌بووبێت له‌سه‌ر بابه‌ت و ته‌وه‌رێكی مێژوویی زۆر گرنگی وه‌ك گشتپرسی كه پێوه‌ست بوو به چاره‌نووسی له مێژینه‌ی دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی خۆی. بێ ده‌وڵه‌تیی كورد له ناخی هه‌موو كوردێك چ له ناوخۆی كوردستان، له هه‌ر چوار پارچه "ده‌توانین بڵێین به كوردستانی بنده‌ستی ڕووسیاشه‌وه به هه‌ر پێنج پارچه‌كه"، له سه‌رێكه‌وه خه‌م و بارێكی قورس و گران بووه و هه‌یه، واته نه‌بوونی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ له ناخی هه‌موو كوردێكدا ده‌رخه‌ر و ده‌مڕاستی خه‌مێكی قووڵ و ئازارێكی له‌بن نه‌هاتووه، هه‌ر ئه‌م خه‌م و ئازاره قووڵه‌ش له سه‌رێكی تره‌وه، وزه‌ی هه‌موو شۆڕشه كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول و ته‌نانه‌ت ئیراده و خواست و بڕیاری گشتپرسیشی دابین كردووه.
ڕاسته ده‌سكه‌وته‌كانی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی به‌هۆی ناپاكیی ناوخۆیی وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد ده‌رنه‌چوون، ڕاسته هێزێكی سه‌ره‌كی كه ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی دووكانیشی واژوو كردبوو، خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان دروست كرد و سه‌ره‌ڕای ڕاده‌ستكردن و فرۆشتنی به‌شێكی گه‌وره و ستراتیجیك له خاكی كوردستان، هاوكێشه‌ی لادان له گوتاری نیشتمانیان دیسانه‌وه گه‌ڵاڵه كرد و به تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه و چه‌وت له ناویدا یاری ده‌كه‌ن، تێگه‌یشتنێك كه به‌ر له نیشتمان، زێد و به‌ر له نه‌ته‌وه، بنه‌ماڵه و خزم، به‌ر له سه‌رۆك، برا و هاوبه‌شی و...ی بۆ گرنگه، ئیشكالییه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه، به‌ده‌ر له لایه‌نه دژه‌ئه‌خلاقی و ده‌ره‌مۆراڵییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له زه‌مه‌نێكی مردوودا هه‌ناسه ده‌كێشێت، له چركه‌ساتێكی له‌بارچوودا ده‌یه‌وێت له دنیادا بژی، بۆیه دوای گشتپرسی و دواتر پشتكردن له ئیراده‌ی گه‌ل، هێڵێكی تۆخ و گه‌وره له نێوان به‌ره‌ی نیشتمانی و نانیشتمانیدا كێشرا، هێڵێك كه نه به قسه‌ی من و تۆ و نه به به‌رنامه و نمایشی میدیایی لایه‌نگر یان دژبه‌ری ئه‌م لا یان ئه‌و لا، له ڕاستیبوونی و جێگیربوونی یه‌ك بنه‌ما و كۆڵه‌كه‌ی، ناتوانرێ حاشا بكرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گشتپرسی كارێكی نیشتمانی و 16ی ئۆكتۆبه‌ریش كارێكی دژه‌نیشتمانی بوو.
ئێمه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كیش ڕه‌خنه‌گری پارتی دیموكراتی كوردستان بین و ته‌نانه‌ت چاویشمان به‌رایی نه‌دات زۆر شت له سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتیان ببینین، له ناخی خۆماندا ده‌زانین كه ئه‌م كاره پارتی سه‌رپشكی بوو و سه‌رۆك بارزانی گیانبازی ڕێیه‌كه‌ی بوو، كرده‌یه‌ك بوو كه حه‌زی هه‌موو كوردێكی سه‌ر گۆی زه‌وی بوو، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌و لێكه‌وته و پاڵه‌په‌ستۆیانه‌ش كه ده‌ستی ناپاكی ناوخۆیی و داگیركه‌ری خوێنخۆری ده‌ره‌كی له گشتپرسی وه‌شاندیان، به‌ره‌یه‌كی سیاسیی-كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناوی "ڕیفراندۆمچی"یه‌كان، هاتنه ئاراوه و ده‌توانین بڵێین ئه‌نجامی ململانێ و كایه‌ی میدیایی هێز و لایه‌نی نانیشتمانی و نیشتمانی بوو، ڕیفراندۆمچییه‌كان ئه‌وانه نین كه ته‌نیا به ((به‌ڵێ)) ده‌نگیان دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن پاش به‌دواداهاته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، هه‌ر ئیمان و به‌ڵێنی خۆیان بۆ دروستبوونی ئه‌و ڕوانگه و ڕێباز و كرده و بڕیاره مێژووییه دووپات كرده‌وه.
من پێم وایه پارتی دیموكراتی كوردستان كه ڕه‌نگه له فه‌زای گشتیی هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه زۆرینه‌ی ئه‌ركه‌كانی له‌سه‌ره و ڕاستییه‌كه‌ی خاوه‌نی یه‌كه‌می دۆزی كورده، ڕه‌خنه‌ی زۆری لێ بگیرێت و هێرشیشی بكرێته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندیی دۆخی قه‌یران له ئاسته جیهانییه‌كه‌یدایه كه میدیاش په‌ره‌ی پێ داوه، پێوه‌ست به كوردستانیش ئاڵۆزتره، ئه‌گه‌رنا كاتێك بێته پێی به‌راوردكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌كان و گوتارانی تر له باشوور، پارتی یه‌كه‌م دێته‌وه، چ له ئاستی گوتاری مێژوویی نیشتمانی كه پێشینه‌یه‌كی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كی هه‌یه، چ له ئاستی ڕێكخستن و په‌روه‌رده‌ی سیاسی و ڕۆشنبیری و و ئه‌خلاق و ڕۆحی ده‌ربه‌ستانه‌ی نیشتمانی.
پارتی و بڕیاره‌كانی له به‌ستێنه واقیعییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و پێكهاتی مه‌عریفیی ئۆرگانیكی كوردستانه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، گوتاری پارتی گوزارشت و ده‌مڕاستی ئه‌و ئاره‌زووه‌یه كه له سه‌رده‌می شێخ عه‌بدوسه‌لامی دووه‌مه‌وه تا ئێسته پارێزراوه و هیچ كات پشتگوێ نه‌خراوه، له ڕووی ده‌روونناسیی سیاسییه‌وه ئاره‌زووه‌كان نامرن و له‌ناو ناچن، هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئاره‌زوو و خواستی سه‌ربه‌خۆیی له ناو زۆربه‌ی گوتار و هێزه سیاسییه‌كاندا، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگاته ئاستی فواره‌كردن و فیچقه‌كردنی لای گوتاری نیشتمانی پارتی دیموكرات و ئه‌م ئاره‌زووه‌ش خواست و مه‌یلێكی تاكه‌كه‌سی نییه، به‌ڵكو وه‌ك گوتم نه‌وا و زایه‌ڵه‌یه‌كه كه له به‌ستێنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه سروشتی و ئۆرگانییه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، ئه‌مه خۆی ڕازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هێزێكه له مێژوودا.
بۆ ئه‌م بابه‌ته با باسی دوو ئاماژه له میدیاكان و ئه‌رزی واقیعدا بكه‌م كه له سه‌رده‌می گشتپرسیدا ڕوویان دا. بۆ نموونه تۆ دێی باسی گشتپرسی ده‌كه‌ی و هه‌موو هێز و توانا و جوهدی خۆتی بۆ ده‌خه‌یته ڕوو، هه‌ر به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و گوتاره‌شت ده‌رده‌كه‌وی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و پارتی كردیان، له‌ولاوه‌ش تۆ دێیت باسی گشت‌پرسیی ده‌كه‌ی به زمانی ئینگلیزی! له كه‌ناڵێكی سه‌ربه حزبه‌كه‌ت! باشه تۆ حیكایه‌تی خورشید و خاوه‌ر بۆ ڕۆژئاواییه‌كان باس ده‌كه‌ی؟! ئه‌وان خۆیان نازانن دۆخ و هاوكێشه‌كه چۆنه؟! له ئاستێكی تر و به‌پێی هاوته‌ریبی له‌گه‌ڵ گوتاری دژی نیشتمانیدا، ئه‌م زمانه زمانێكی شیاو و بێگانه و ناكوردییه و ڕێك پڕ به پێستی ئه‌و میدیا و ده‌مڕاسته‌یه! ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له دژوازییه‌كانی دنیای په‌رته‌وازه و لێكدابڕاوی ئێمه‌یه! له ساڵیادی ده‌ركردنی بڕیاری ڕیفراندۆم و گشتپرسی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه كه شه‌ش ساڵی تێپه‌ڕاند، ده‌بێت ئه‌م هێڵه گشتییانه‌مان له‌بیر بێت، ده‌بێت وه‌فاداریی سه‌رۆكمان بۆ به‌ها و خه‌ونه مێژوویی و نیشتمانییه‌كانمان له یاد بێت كه نه‌چووه ژێرباری هیچ به‌ڵێن و سۆز و پێشنیارێكی ترسنۆكانه و پیلانگێڕانه‌ی هیچ وڵاتێك له دنیادا، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێنده له قووڵایی كاریگه‌ری و گرنگیی گشت‌پرسیی تێنه‌گه‌یشتنایه، نه‌ده‌هاتن و ئه‌و هه‌مووه په‌كێج و پێشنیازه‌یان نه‌ده‌خسته به‌رده‌م سه‌رۆك، ئه‌ویش به وریاییه‌كی هه‌میشه‌ییه‌وه زانی له ناو مێژوودا ئیش ده‌كات و مێژوو شایه‌تی له‌سه‌ر داوه و ده‌یدات، بۆیه نه‌چووه ژێرباری هیچ بڕیار و به‌ڵێن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك و گشت‌پرسیی ئه‌نجام درا.
ئه‌مه خۆی به‌ڵگه‌ی گرنگیی هه‌میشه‌یی و ئۆرگۆمێنتێكی یاسایی نێوده‌وه‌ڵه‌تیشه بۆ ڕه‌وابوونی ئیراده‌ی ئه‌م گه‌له و خواسته‌كانی، له پاڵ ئه‌م وێنه مه‌زن و دره‌وشاوه‌یه له‌سه‌ر شانۆی مێژوو، وێنه‌ی ئه‌و جێهشتن و پاشه‌كشێكردن و گریانه‌ی پێشمه‌رگه‌كانمان له كه‌ركووك و خورماتوو و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ستدرێژییه‌كانی حه‌شد و میلیشیاكانی عێراق و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریش ده‌بینین، ئه‌م دوو په‌رده له شانۆی مێژوودا ته‌عبیركه‌ر و ده‌مڕاستی دوو گوتاری جیاوازن، كوردبوون یان نه‌بوون له نێوان ئه‌م دوو گوتاره‌دا یه‌كلا ده‌بێته‌وه.