ئه‌م پرسیاره كه له سه‌ردێڕدا هاتووه، ڕه‌نگه له یه‌كه‌م ساتدا سه‌یر و نامۆ بێته به‌رچاو، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی یه‌كێك له‌و پرسیاره سه‌ره‌كییانه‌یه كه كورد له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی عێراق له 1920 و كێشه‌ی ویلایه‌تی مووسڵه‌وه تا ئێسته ئه‌م پرسیاره‌ی كردووه، خستنه ڕووی ئه‌م پرسیاره له‌لایه‌ن كورده‌وه ڕه‌نگه سه‌ره‌تا ڕاسته‌وخۆ و فه‌لسه‌فیی نه‌بووبێت، به‌ڵام هه‌ر به بوونی ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگی دلێری مافخوازانه‌ی خۆیه‌وه له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموود و مه‌لا مسته‌فای نه‌مره‌وه، ئه‌م پرسیاره‌ی خستووه‌ته ڕوو و وه‌ڵامه‌كشی لا ڕوون بووه. "عێراق، عێراق نییه"، چونكه وڵاتێكی به‌زۆر پێكه‌وه نراوه، وڵاتێك كه پێكهاتنی له‌سه‌ر زه‌وتبوونی مافی سه‌ربه‌خۆیی و مافی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه، ئه‌مه سه‌ره‌تای دیمه‌نه‌كه‌شه و دواتر و پاش كوده‌تاكردن به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسم و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های گرتنی به‌عسییه‌كان، ڕاستیی گوزاره‌ی "عێراق، عێراق نییه" زیاتر سه‌لما و گه‌یشتین به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی "عێراق، هه‌رگیز ناتوانێ عێراق بێت".
پاش نیو سه‌ده شۆڕش و خه‌بات له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، هه‌وڵی كورد بۆ مسۆگه‌ركردنی دیموكراسی و فیدراڵیزم له عێراق به‌و هیوای عێراق ببێت به عێراق، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و میلیشیا شیعه دارده‌سته‌كان، هه‌ر ڕۆژ و ساتێك پێمان ده‌ڵێن "عێراق، عێراق نییه"، واته عێراق شتێكی تری نییه باسی لێ بكه‌ین جگه له عه‌ره‌ب و مافه‌كانیان (به شیعه و سوننه‌یانه‌وه)، ئه‌م شێوه له مانیفێستكردنی گوزاره‌ی "عێراق، عێراق نییه" واته كورد نه به‌شێكه له عێراق و نه جیایشه له عێراق، له دیدی ئه‌وانه‌وه ئێمه له ناو كه‌وانه‌یه‌كی لاوه‌كی و ناپێویستداین و هه‌ر كات وشه‌كانی ناو ئه‌م كه‌وانه‌یه (سه‌ربه‌خۆیی، نه‌ته‌وه، كوردستان، ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و...) ده‌لاله‌تێكی مانایی و مه‌عریفیی به‌ر گوتاری تاكڕه‌هه‌ندی شۆڤێنییان بدات، ئه‌وكات ڕه‌هه‌ندی دژه عێراقیبوونی كوردمان زیاتر بۆ ده‌رده‌خه‌ن.
بودجه لای ئه‌وان هی عێراقی عه‌ره‌بییه نه‌ك عێراقێك كه كوردی تێدایه، هێزی سه‌ربازی به‌هه‌مانشێوه واته هێزی سه‌ربازیی ده‌سه‌ڵاتدار و متمانه‌پێكراو، ده‌بێت حه‌شدی شه‌عبی بێت نه‌ك هێزی پێشمه‌رگه یان هه‌ر پێكهاتێكی هێز كه كورد به‌شێوه‌یه‌ك تێیدا به‌شدار و كاریگه‌ر بێت، ئه‌م تێڕوانینه له هه‌موو چالاكی و ده‌ركه‌و‌ته و جومگه‌كانی ئه‌كتی سیاسیی عێراقییه‌كان، به سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆژنامه‌نووسیانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی له كوردستان ڕوانین وامان هه‌یه ده‌یه‌وێت درێژه به عێراقچێتی و پشتگیریی له گوتاری عێراقیبوون بكاته‌وه و ئه‌مه‌ش نوكته مێژووییه‌كه‌ی ناو كورده! واته داگیركه‌رێك پێت ده‌ڵێت تۆ عێراقی نیت، تۆیش ده‌ڵیی نه‌خێر من عێراقیم! له كوێی دنیادا نوكته‌ی وامان بینیوه؟! باش له بیرمه له كاتی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزان كاتێك كۆمه‌ڵیك وێنه و ڤیدیۆیان له شۆڕشی ئه‌یلوول و ڕێبه‌ری ئه‌فسانه‌یی كورد؛ بارزانیی نه‌مر په‌خش ده‌كرد و سه‌رۆكه عێراقییه‌كان و به‌تایبه‌تی شیاع سوودانی چاوی لێ ده‌كرد، لای خۆمه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه كه چه‌ند باش ده‌بێت ئه‌مانه له‌لایه‌نی مه‌عنه‌ویی و ڕۆحیی خه‌باتی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م و قوربانیدانی بۆ یه‌ك چركه‌ش ڕابمێنن، جۆره هیوایه‌ك وجوودی داگرتم و هیوام لا دروست بوو، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌ركه‌وت ئه‌مه جگه له خه‌یاڵپڵاوی و خه‌ونخۆشیی هیچی تر نه‌بووه.
محه‌مه‌د شیاع سوودانی پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو كوتله و كوتله‌بازی و خێڵه‌كیبوونه‌ی عێراق و په‌رله‌مانه‌كه‌ی، بچووكترین ڕۆڵی له پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له په‌سندكردنی یاسای بودجه نه‌گێڕا، پاش ئه‌وه‌ش كه بابه‌تی مووچه كرا به ئامرازێكی فشار بۆ سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان و وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌ی برسیكردنی خه‌ڵك، هه‌مدیس وه‌ك نه بای دیبێت نه بۆران! ئه‌مه له ئاستێكی تردا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه به‌ڕاستی "عێراق، عێراق نییه"، واته شیاع سوودانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خۆی به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی و حه‌زی شه‌خسی خۆی، بیه‌وێت پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ بێت یان نا، بڕیار و ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌لایه‌ن هێزه و هه‌یمه‌نه‌ی ئایدۆلۆجیی ده‌ره‌كی و هه‌رێمییه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێن، له‌لایه‌ن عێراق و عێراقییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ ناكرێن!.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر دیپلۆماسیی نه‌رم و ناسكی حكوومه‌تی هه‌رێم له هه‌مبه‌ر كۆماری ئیسلامی و پێشوازیكردنی سیاسی-مه‌ده‌نییانه له زیاره‌تكارانی شیعه له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه نه‌بوایه، ئه‌و بڕیاره‌ی كه بۆ ناردنی مووچه‌ی سێ مانگ درا له عێراقه‌وه هه‌ر ده‌رنه‌چووایه! بۆ پاش ئه‌م دیپلۆماسییه و سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا و هاوكات دیدار له‌گه‌ڵ كونسوڵی ئێرانی هاوكێشه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات؟! وه‌ك گوتم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هه‌ر سه‌ردێڕی ئه‌م نووسینه‌یه واته عێراق عێراق نییه، عێراق ڕه‌نگه ئێران، توركیا، سعوودیه و...بێت، به‌ڵام ته‌نیا شتێك كه نییه عێراقه! بۆیه من پێم وایه ڕای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌كان به سیاسی و ڕۆشنبیره‌وه، ده‌بێت ئاگادار بن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ی كه عێراق ئێمه وه‌ك سه‌ربارێكی زیاده ده‌بینێت، ته‌نیا ناتوانێ بڵێت لێم جیا ببنه‌وه و وازم لێ بێنن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و عورفه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه دێر و كۆنه‌یه كه دابه‌شبوونی وڵات به ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێت، ئه‌گه‌رنا عێراقێك كه هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌لیك فه‌یسه‌ڵه‌وه تا كازمیی داواكراو، یه‌ك ڕۆژی سه‌قامگیری بێ خوێنی به خۆوه نه‌بینیوه، بۆچی وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ین ئێمه‌یان وه‌ك هاوبه‌ش و به‌شدار له پرۆسه‌ی سیاسیی خۆیاندا قبووڵه؟.
له حاڵێكدا نه شیعه‌كانیان به مسوڵمانمان ده‌زانن و نه سوننه‌كانیش متمانه‌یان پێمان هه‌یه، نه له سۆنگه‌ی عه‌ره‌بیشه‌وه كوردیان وه‌ك نه‌ته‌وه قبووڵه! ئه‌مانه ڕه‌نگه هه‌ندێك ده‌ربڕینی زبر و وشك بن، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه تاڵانه‌ن كه ڕێی سه‌ختی به‌رده‌م و داهاتوومان بۆ شیرین و هه‌موار ده‌كه‌ن، بۆیه متمانه نه‌كردن به عێراق و عێراقییه‌كان و قبووڵكردنی ئه‌مه‌ی كه عێراق قه‌ت نابێت به عێراق، هیچ كات عێراق عێراق نه‌بووه، تاكه ڕێ بۆ ڕزگاریی كورد و به‌دیهاتنی خه‌ون و ئاواته‌كانی، ئه‌گه‌رچی ڕێیه‌كی دیسان پڕ له كه‌ند و له‌ند و كۆسپ و ته‌گه‌ره بێت، به‌ڵام ئایا دانوستان له‌گه‌ڵ عێراقێكدا كه عێراق نییه، پڕ نییه له‌م پاڵه‌په‌ستۆ و كێشه و گێچه‌لانه؟!