ده‌توانین بڵێین حزب له کوردستان مێژوویه‌کی تایبه‌ت و پڕ هه‌ورازونشێوی هه‌یه، له‌دایکبوونی حزبه‌کان له هه‌موو دنیادا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌کی مێژوویی و سیاسیی له چرکه‌ساتێکی گرنگی مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدان، له کوردستان حزب هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و پێویستییه بوو که بۆ ڕزگاریی له ژێرده‌سته‌یی و خه‌ونی ڕزگاری و دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌ستی پێ ده‌کرا و به زۆریش له‌ژێر کاریگه‌ریی گوتاری چه‌پ و ململانێی جیهانگیریی چه‌پ و ڕاستدا بوو.
دیاره کوردستان وه‌ک کۆلۆنی و وڵاتێکی داگیرکراو و به‌رداشی شه‌ڕی نێوان ئایدۆلۆجیاکان، ماوه‌یه‌ک له خه‌بات و که‌وتن و هه‌ستانی پێویستدا بوو، تا حزب ڕێچکه و ڕێبازێک بدۆزێته‌وه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خواسته مێژووییه‌کانی کۆمه‌ڵگەی خۆی بێت، نه‌ک پاشکۆ و شوێنکه‌وته‌ی ڕه‌وت و گه‌ڕیانه سیاسی و کولتووری و ئایدۆلۆجییه‌کانی فارس و عه‌ره‌ب و تورک.
له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌توانین بڵێین پارتی دیموکراتی کوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ڕاسته‌قینه‌ی دۆخی کۆمه‌ڵگەی کوردی و ده‌رهاوێشته‌ی ئاخێزگه‌ی بیری ئاینی، سۆفیگه‌ری و کوردایه‌تیی کوردستان و به کورتییه‌که‌ی ده‌رکه‌وته‌ی خه‌ون و خواسته دره‌وشاوه و ڕه‌واکانی خانه‌قاکانی بارزان بوو، زووتر له هه‌ر حزبێکی دیکه باڵای کرد و گشتگیر بووه‌وه و حزبه‌کانی دواتری کوردستان هه‌رکامیان به هۆکارێک و به شێوه‌یه‌ک له‌ژێر چه‌تر و سێبه‌ری ئه‌ودا یان هاتنه ده‌ره‌وه و له‌دایک بوون، یاخۆ درێژه‌یان به چالاکی و ئیشی خۆیان له فۆرمێکی بچووک و به‌رته‌سکدا دا.
پارتی وه‌ک مێژوویترین حزب، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دابڕاو نه‌بووه له خه‌ون و ستراتیجه مۆدێڕنه‌کان، به‌ڵام به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسانه و واقیعبینانه‌ی خۆی، نه‌که‌وتووه‌ته داوی ئایدۆلۆجیا چه‌پ و ڕاسته‌کانه‌وه. پارتی وه‌ک هه‌موو حزبێکی ئه‌م ناوچه‌یه و جیهان، هه‌ورازونشێوی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه و هه‌یه و ده‌شبێت، به‌ڵام که‌س ناتوانێت حاشا له‌وه بکات كە کاریگه‌رترین و جێگیرترین و کاریزماترین حزبی کوردستانه و هه‌ر جۆره باس و خواسێکی پێوه‌ست به دۆزی کورد له هه‌موو کوردستانی گه‌و‌ره‌دا، به‌بێ سه‌رنج و گێڕانه‌وه و ئاماده‌بوونی پارتی، ناپۆڕێت.
دیاره یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان کوڕی پارتی بووه و تا قۆناغانێکیش مه‌لا مسته‌فای نه‌مر باڵی میهر و سۆزی هه‌ر به‌سه‌ر لاده‌رانی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی دیموکراتی کورده‌وه بوو، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیرییه‌ی ده‌یان ساڵ بوو له ساحه‌ی چالاکی سیاسیی کورد له جیۆگرافیای کوردستان ون بوو، بپاریزێت. به‌ڵام ئه‌ندامانی دیاری مه‌کته‌ب سیاسیی ئه‌وکات، واته "ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال" هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بوون به داوی تۆڕه‌کانی حزبی به‌عسه‌وه و یه‌کگرتنیان له‌گه‌ڵ به‌عس دژی پێشمه‌رگه و شۆڕشی ئه‌یلوول په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه که هیچ پشتگوێخستن و باسنه‌کردنێک ناتوانێت بیسڕێته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، یه‌کێتی دوای دامه‌زراندن و ده‌سپێکردنی خه‌باتی، وه‌ک هۆمه‌ر شێخ مووس خه‌ڵکی عاموودا له ڕۆژائاوای کوردستان و یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌کیی یه‌کێتی، له بیره‌وه‌رییه‌کانی له کتێبی "پشکۆیه‌ک له خۆڵه‌مێشدا" باسی ده‌کات، دوای ڕاستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ستراتیجی هه‌ڵه‌ی مام جه‌لال (له‌وانه کاریگه‌ریوه‌رگرتنی زۆری مام له ڕه‌وتی شیوعی عه‌ره‌بی و به‌هادان به کۆمه‌ڵێک بنه‌ما که دوور بوون له مافی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ی کورد)، هاته ناو ساحه‌که‌وه و چه‌ندان قۆناغی پڕقه‌یرانی بڕی، تا دواجار بڕێک که‌وته‌وه سه‌ر پێی خۆی و بێگومان له خه‌باتی ڕزگاریی کوردستان و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له 91 و دواتر به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵات و دامه‌زراندنی حکوومه‌ت و په‌ڕله‌مان وه‌ک حزبه‌کانی تر ڕۆڵی خۆی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م ڕۆڵە هه‌ر لایه‌نی باشی نه‌بووه و ده‌توانین بڵێین به‌پێی مه‌لزووماتی کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌وینه‌ی خه‌باتی سیاسیی کوردستان، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی له کۆمه‌ڵێک وێستگه‌ی چاره‌نووسساز و هه‌ستیاری نه‌ته‌وه‌یی و مێژووسازدا پشتی له گوتاری کوردستانی نه‌کردایە و لانیکه‌م هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوبیر و هاوڕا بوایە، ئێسته پێده‌چوو دۆزی کورد له پله و قۆناغی دیکه و پێشه‌وه‌تر بوایە.
16ی ئۆکتۆبه‌ر ته‌نیا یه‌کێک له نموونه دیاره‌کانه له مێژووی نزیکی ئێمه له‌م لێدان و لادانه له کوردستان و گوتاری سه‌ربه‌خۆیی و ملکه‌چبوونێکی تیۆری و پراکسیسی بۆ گوتاری عێراقچێتی و هێزه ئاڕاسته‌که‌ره هه‌رێمی و ده‌ره‌کییه‌کانی دیکه، له هه‌مبه‌ر خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و ڕووداوه مێژووییه‌که‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییدا، خۆی ده‌بینێته‌وه.
شکستی گوتاری میدیایی یه‌کێتی وه‌ک ده‌رکه‌وته‌ی گوتاری سیاسی، نیشانه‌یه‌کی دیاری نه‌مانی هیچ بنه‌ما و دیسپلینێکی کوردستانییه و ئه‌مه که‌وتووه‌ته خزمه‌ت ئه‌و پرۆژه نهێنی و پێناسه‌نه‌کراوه مافیایی و بازرگانییه‌ی یه‌کێتی نوێ به سه‌رپشکی یه‌ک دوو که‌سی بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لال پێڕه‌ی ده‌کات. پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023-2025ی عێراق، له ساڵی رابردوودا گه‌ڕێکی دیکه‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر بوو و له ماف و قووت و مووچه‌ی خه‌ڵکی دا و هه‌ر به‌هۆی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه پرسی نه‌وت خرایه چنگی هێزه میلیشیاکان و ئابووریی کوردستان وه‌ک که‌رکووک و دووز، ڕاده‌ستی عێراق کران.
پرۆژه‌ی به بنه‌ماڵه‌ییکردنی ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی کورد و ده‌رهێنانی له‌ژێر ده‌ستی تاقانه‌ی ئه‌نفال واته "ته‌یموور" و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال، کاره‌ساتێکی تره که له هه‌ڵکه‌ندن و هه‌ڵلووشانی مافیایی و بازرگانیی گۆیژه و ئه‌زمه‌ڕ ئه‌گه‌ر کاره‌ستاویتر و دژه‌کورد‌تر نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه که‌متر نییه.
کێشه‌ی ناوخۆیی یه‌کێتی و لێکترازان و په‌رته‌وازه‌بوونی که‌سایه‌تی و هێز و لایه‌نه کۆن و دێرینه‌کان و دژبه‌رایه‌تیی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که ڕێچکه‌یه‌کی کوردستانی و ئازادی پێکه‌وه بپێوێت، له پرۆژه دژه‌کوردستانییه‌کانی دیکه‌ی سه‌رۆکی نوێن که له میدیاکانیشدا وا ده‌ریده‌خه‌ن كە خۆی ڕاسته‌وخۆ سەرپەرشتی ده‌کات!
هه‌ڵبه‌ت میدیای یه‌کیتی ئێسته له میدیای به‌عسی ده‌چێت و پێمان ده‌ڵێت سه‌رۆک له هه‌موو شوێنیک هه‌یه، تووڕه‌یه له هه‌موو شتێک، به‌ڵێن ده‌دات به گۆڕی باوکی بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ کوردستان بمێنێته‌وه! هیچ پرۆژه‌یه‌ک نییه ئه‌و به شه‌و و ڕۆژ راسته‌وخۆ به‌شداری تێدا نه‌کات، که‌چی ڕۆژ به ڕۆژیش سه‌رۆک تووڕه‌تر ده‌بێت و ترس و تۆقینی زیاتری لێ ده‌بینین و دۆخی شاری ڕۆشنبیری و ئاسایش و شوناس و که‌رامه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی، ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر و نابووتر ده‌بێت.
به‌م چه‌ند دیمه‌نه قه‌یراناوییه له یه‌کێتی ئێستەدا که به دڵنیاییه‌وه وه‌گێڕ و نیشانده‌ری کۆی قه‌یرانه نهێنی و ئاشکرا‌کانی نین، یه‌کێتی دوای 49 ساڵ به‌م نه‌بوونی ناوه‌ندی بڕیار و لێکترازان و بێگوتاری و بازرگانیزه‌ده‌یه،. چ ئاسۆیه‌کی له به‌رده‌مدایه جگه له نادیار؟