ماده‌ی هۆشبه‌ر مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه، له ڕۆژگار و سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا هه‌م وه‌ک ده‌رمانی پزیشکی که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه و هه‌میش ئامرازی ڕابواردن و چێژوه‌رگرتنی توێژە باڵاده‌ست و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کۆمه‌ڵگە بووه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی ده‌یڵێن چینییه‌کان یه‌که‌مین نه‌ته‌وه نه‌بوون ماده‌ی هۆشبه‌ر (تلیاق)یان ناسی، به‌ڵکوو پێش ئه‌وان سۆمه‌رییه‌کان له ماده هۆشبه‌ریان بەكار هێناوە و ناوی "ڕووه‌کی شادیبه‌خش"یان لێ ناوه. وه‌ک ده‌رکه‌وتووه ماده‌ی هۆشبه‌ری خه‌شخاش یان ماریجوانا سه‌ره‌تا له میسری کۆندا چێنراوه و به ناوی "تیبائیکا" ناسراوه، هەزار 500 ساڵ پێش له دایکبوونی مه‌سیح له میسره‌وه براوه‌ته یۆنان و له‌وێ چێندراوه.
به گشتی له هه‌ر وڵاتێک سه‌ربورده و پێشینه‌ی خۆی هه‌یه و وڵاتان و شارستانیه‌ته‌کانی سه‌رده‌می کۆن، ئاگاداری لایه‌نی پزیشکی و چێژبه‌خشی ئه‌م مادانه بوون. ئه‌گه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا زیاتر لایه‌ن و کارکردنی هێورکه‌ره‌وه و چێژبه‌خشیی له کاتی نه‌خۆشی و ڕابواردندا هه‌بووه، به‌ڵام ئێستە پێش هه‌ر شتێک کۆریدۆر و سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره و قه‌به‌ی بازرگانی و داراییەی که وه‌ک ئه‌ژدیهایه‌کی حه‌وتسه‌ر و لۆیاتانێکی نوێ هه‌موو شتێک هه‌ڵده‌لووشێ و هه‌ر تێریش نابێت.
ماده‌ی هۆشبه‌ر له ڕیزی تاوانه سه‌ره‌کیی و پله یه‌که‌مه‌کانی جیهان ئه‌ژمار ده‌کرێت و ساڵانه پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی له‌و ڕێگه‌یه‌وه بۆ بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر کۆ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ته‌نیا ئامانج و مه‌به‌ستی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر نییه، یان ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانی پێشتر ته‌نیا پاره مه‌به‌ست و ئامانجی بازرگانیی ماده‌ی هۆشبه‌ر بووبێ، ئێسته و له‌ناو پارادایم و هاوکێشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نووکه‌دا، به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، مه‌به‌سته‌که هه‌ر به‌وه کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکوو لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی تر په‌یدا ده‌کات.
له زنجیره درامای "دێکستێر" (Dexter) که زنجیره‌یەكی پۆلیسییه، له سیزنی شه‌شه‌مدا به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێک له یانه‌كانی شه‌وان به یه‌کێک له ژێرده‌سته‌کانی ده‌ڵێت: بازرگانی به ناوگه‌ڵه‌وه و پێشکه‌شکردنی له‌شفرۆشان ته‌نیا ڕووکار و ده‌مامکێکه بۆ بازرگانییه گه‌وره‌که‌ی ئێمه که ماده‌ی هۆشبه‌ره. ده‌مه‌وێ سه‌رنجتان بۆ ئه‌و خاڵه ڕابکێشم که زۆرینە‌ی کاته‌کان له‌شفرۆشی و ماده‌ی هۆشبه‌ر هاوته‌ریب و هاونه‌وای یه‌کن.
ساڵانی پێش ئێستە، له 2003 و له وڵاتی ئێران، دۆکیۆمێنتارییه‌ک له‌لایه‌ن یه‌کێک له که‌سایه‌تییه به‌سیجی و سیاسییه‌کانه‌وه له‌ژێر ناوی "هه‌ژاری و له‌شفرۆشی" بڵاو کرایه‌وه، له‌وێ به‌بێ ڕتووش و سانسۆر، تا ئاستێك سیمای ڕاسته‌قینه‌ی مافیا و هێزی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر و پێوه‌ندیی هه‌ژاری و له‌شفرۆشیی به‌و ماده‌یه‌وه، خرایه ڕوو. زۆرینە‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه لە لەشفرۆشی گلابوون، دواتر تووشی ماده هۆشبه‌ره‌کانیش بووبوون، ئه‌مه پێوه‌ندییه‌کی هۆکارێتی (علیتی) نێوان هه‌ژاری و ماده‌ی هۆشبه‌ر ناخاته ڕوو، چونكە زۆر کۆمه‌ڵگە هه‌ن خەڵكی هه‌ژاریشی زۆرە و له ناویاندا ماده‌ی هۆشبه‌ر که‌مترین به‌کارهێنانی هه‌یه، به‌ڵکوو ئه‌م قسه‌یه‌م خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌یه که هه‌ژاری و ده‌سنڕۆیشتوویی، ده‌توانن زه‌وینه‌ی له‌بار بن بۆ خراپ که‌ڵکوه‌رگرتن و به‌کارهێنانی خراپ له‌لایه‌ن تۆڕه‌کانی مافیا و بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه.
له پاڵ هه‌ژاری و به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ریشدا، له‌شفرۆشی دێته ئاراوه، واته ماده‌ی هۆشبه‌ر، هه‌ژاری و له‌شفرۆشی، ده‌توانن یه‌کتری ته‌واو بکه‌ن و سێگۆشه‌یه‌کی ڕه‌ش و دێز بکێشن.
ئه‌مانه‌م بۆیه باس کرد، تا له‌و مه‌ترسییه تێبگه‌ین که له سنووری سلێمانیی خۆشه‌ویست سەری هەڵداوە بەدەست یەكێتی نوێوە. گومانی تێدا نییه کولتووری کورد به زۆریی کولتوورێکی ئه‌خلاقگه‌را و بنه‌ماڵه‌دۆست و ژیانپارێزه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌ناوی دیسکۆ و قومارخانه‌ی نهێنی و باڕه‌وە بره‌و‌یی پی دراوه، به ته‌واویی دژی ئه‌و دیسیپلین و به‌ها له‌مێژینانه‌ی کورد و کوردستانه، بۆیه به دروستیی ده‌توانین وه‌ک مه‌ترسییه‌کی کوشنده دژی ئاسایشی کوردستان و کۆمه‌ڵگەی کوردیی چاوی لێ بکه‌ین.
بێگومان ئەمە به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی به پله‌ی یه‌که‌م له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی و یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانه، ئه‌ویش نه‌ک به‌رپرسیارێتییه‌ک له ئاستی که‌مکاری و كەمتەرخەمی، به‌لکوو باسه‌که گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه به‌شێکی سه‌ره‌کییه له تۆڕێکی به‌ربڵاوی گواستنه‌وه و هه‌نارده‌کردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له کۆریدۆری ئه‌فغانستانەوە به‌ره‌و ئێران و سلێمانی و دواتر تورکیا و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌ورووپا! کار گه‌یشتووه‌ته شوێنێك نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هۆشداری داوه و به فه‌رمی وتوویه‌تی، سلێمانی یەكێكە لە سه‌رچاوه‌كانی بڵاوه‌پێکردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر بۆ ئه‌ورووپا، بەڵام هه‌ولێر به‌ره‌نگاریی ده‌بێته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتێکی نووسینگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوانی ماده هۆسبه‌ره‌کان له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (UNODC) که ده‌زگای "وشه" به دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پشتڕاستی کردووه‌ته‌وه، تۆڕه‌کانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق وه‌ک ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کیی ترانزێت و گواستنه‌وه بۆ ئه‌ورووپا، كار دەكەن و سلێمانیش له ناو بازنه‌که‌دایه.
له ڕاپۆرته‌که‌دا سێ خاڵی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی سیستماتیک و ڕێکخراو له عێراقدا هه‌ن که ئه‌نبار و به‌سڕە و سلێمانین.
ئه‌وه‌ی پێوه‌سته به ئێمه‌وه وه‌ک کورد، ئه‌وه‌یه که ناوی سلێمانی هاتووە، زۆرینه‌مان ده‌زانین سلێمانی وه‌ک شاری ڕۆشنبیریی و کو‌لتوور، به‌شێک له پێوه‌ره باڵا و پێوانه‌ییه‌کانی به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و هه‌ڵه‌ی حزبەكانییەوە له کیس داوه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش خراپتر ده‌بێت، دیاره خه‌ڵکی تێگه‌یشتوو و ڕۆشنبیری ئه‌وێ، فریوی چه‌ند یارییەكی وەك داخستنی دیسکۆ و نمایشی چاوبه‌ستکارانه له سه‌رچنار و دروشمدانی ئاینی و باوەشكردن بە مەلادا ناخۆن و ده‌زانن له‌ناو ده‌ماره نه‌خۆشخراوه‌کانی شاردا چ خانه و خڕۆکه‌ی زیانبەخش و بریندار هه‌ن.
پێم وایه ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان به گشتی و خه‌ڵکی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه به تایبه‌تی، به سه‌رنجدان له‌و بابه‌تانه بزانن کێ و چ لایه‌نێک هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئاڕاسته‌کردنی داهاتووی شار و ژیان و مانیان!
پێویست به وتن ناکات، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پێوه‌سته به مان و نه‌مانه‌وه و وه‌ک ده‌ڵێن ده‌نگدانه بۆ مان و نه‌مان! بۆ ده‌رچوون له‌و سته‌مه میلیتاری و هاوکات مافیایی و هۆشبه‌ره‌ی که نه‌ک سلێمانی، به‌ڵکوو مه‌ترسییە بۆ هه‌موو کوردستان له هه‌ر چوار پارچه!