شایسته‌یه هه‌ر كوردێك له خۆی بپرسێت كه‌ركووك پێوه‌ست به گوتاری ناسیۆنالیزمی كوردی چ ده‌لاله‌تێكی ڕه‌مزیی هه‌یه؟ ده‌بێت به ئاقاری وه‌ڵامدانه‌وه‌دا بڵێین كه‌ركووك نه‌ك ته‌نیا بۆ باشوور وه‌ك پارچه‌یه‌كی نیوه‌ئازادكراو و نیوه‌سه‌ربه‌خۆی كوردستان گرنگی ستراتیجیكیی هه‌یه، به‌ڵكو بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كێشه‌ی كورده، ئه‌وه‌ش ته‌نیا لایه‌ن و ڕووه ئابووری و نه‌وتییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه خاك و شوناسه و له‌وه‌ش گرنگتر، ململانێی هێزی مه‌عنه‌وی و ڕۆحیی دوو نه‌ته‌وه یان با بڵێین چه‌ند نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات و هێزه دژی یه‌ك نه‌ته‌وه كه كورده.
كه‌ركووك سنووری ستراتیجیك و شوناسی سه‌رزه‌وینیی كورده له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب كه له ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابردوودا، له‌لایه‌ن گوتاری ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیی عه‌ره‌به‌وه كراوه به گرێكوێره‌ی دۆزی كورد، یانی ئه‌گه‌ر ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانیی بكه‌ین له ناو دنیای عه‌ره‌بدا، ڕه‌نگه به ژماره و ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له ناو دوو تاقمی چه‌پ و لیبراڵیان نه‌بێت، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كۆی په‌یكه‌ره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی به سووریای جه‌نگزه‌ده و فه‌له‌ستینی خۆشه‌ویستی جیهانی ئیسلامیشه‌وه! دژی دۆزی كوردن و به خائینانی ناو وڵاتێكی عه‌ره‌بیی ده‌زانن.
ڕۆژانه لێره و له‌وێ هه‌ڵوێستی په‌نابه‌ره عه‌ره‌به جۆراوجۆره‌كان به‌تایبه‌ت فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بینین كه له هه‌ر جۆره هه‌وڵێكی ده‌وڵه‌تی یان ناده‌وڵه‌تی، بۆ لێدان له كورد پشتگیریی ده‌كه‌ن و پێی خۆشحاڵن، چه‌ند ساڵ پێش ئێسته له‌لایه‌ن ڕێبه‌ران و فه‌رمانده‌كانی فه‌له‌ستینه‌وه هێرش كرایه سه‌ر پێشمه‌رگه و ئیراده‌ی سیاسیی كورد له كوردستان، ئه‌مه له حاڵێكدایه كه كورد هه‌میشه پشتگیریی له دۆزی فه‌له‌ستین كردووه و ته‌نانه‌ت له كاتی شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا، بارزانیی نه‌مر له نامه‌یه‌كدا پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزه‌كه‌یان ده‌ربڕیوه و ئاماده‌ی هاوكاری و پاڵپشتیشیان بووه له ڕێگه‌ی ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌وه.
ئینجا ئه‌م وێنه‌یه بۆیه وا به ڕوونی به‌ڵام به گشتی ده‌كێشم، تا تێبگه‌ین تێڕوانینی زۆرینه‌ی گوتاری وڵاتانی عه‌ره‌بی یانی ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش كه هێشتا وڵات نییه و ناوی فه‌له‌ستینه، ده‌یان وڵاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی هه‌موو جۆره پاڵپشتییه‌كی ده‌كه‌ن، له ئێرانه‌وه بۆ توركیا تا عێراق و عه‌ره‌بستان و.. ئه‌ویش مافی خۆم پێ ڕه‌وا نابینێت. خه‌ڵكێك كه هه‌موو دنیا پاڵپشتییان ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نابێت و دژی ئێمه‌ی كوردیشن. ئێمه‌ش كه هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه پیلانمان بۆ داده‌ڕێژن، به‌ڵام پشتگیریی دۆزی فه‌له‌ستین و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان بووین.
ئه‌م وێنه و پانۆرامایه پێمان ده‌ڵێت، دۆزی كورد كه به توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كه‌ركووكه‌وه گرێی خواردووه له باشووری كوردستان، دۆزێكی چاره‌نووسساز و سه‌ره‌كییه بۆ پارچه‌كانی تریش، كاتی خۆی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له وتووێژێكدا گوتبووی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورده له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م گوته‌یه ده‌شێت هه‌ندێ لایه‌نی واقیعبینیی تێدا بێت، به‌ڵام هه‌ڵگری ئه‌و وردبینییه نییه كه گوتاری كورد و عه‌ره‌بی پێ به‌رجه‌سته بكاته‌وه. گوتاری عه‌ره‌بی ئه‌گه‌رچی به ناوه‌ڕۆك تا ئاستێكی كوشنده و تۆقێنه‌ر خێڵه‌كییانه و فاشییه و له ڕووی ڕێژه‌ی حه‌شامه‌تیشه‌وه زۆرن، به‌ڵام تا ئاستێكی سه‌یر به‌شێوه‌یه‌كی په‌رجۆئاسا له‌لایه‌ن كورده‌وه ملكه‌چ كراون.
چاره‌سه‌ربوونی دۆزی كورد له باشوور به‌م ، شكستی گوتاری فاشیستی عه‌ره‌بی و فیچقه‌كردنی ئیراده‌ی دیاریكردنی چاره‌نووس و مافی سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریخوازیی كورده، بۆیه هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژموونه ده‌یان ملیۆنی و چه‌ندان ده‌وڵه‌تییه، خۆی سه‌ركه‌وتنی دۆزی كورده له باشوور، كه‌چی به‌داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دوایی و به‌هۆی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ڕووداوه‌كانی تر و هه‌روه‌تر به‌هۆی یه‌كانگیرنه‌بوونی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و پشتگوێكه‌وتنی خه‌ونه‌كانی كورد، كه‌ركووك وه‌ك پردی په‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و شوناسی جیۆگرافی و مێژوویه‌كی كه‌ونینه درایه‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌تی عێراقی و هێزه میلیشیا و داره‌ده‌سته‌كانه‌وه، ڕه‌نجی چه‌ندان ساڵه‌ی كورد كه به خوێنی شه‌هیدان له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه تا ئێسته هاتبوو له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین پێشكه‌شی هێزه عێراقییه‌كان و پلاندانه‌ره ناوچه‌ییه‌كانیان كرا و كه‌سیش نه‌یزانی بۆ و له‌به‌رچی؟.
ده‌بێ بپرسین له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له سنووره‌كانی ماده‌ی 140 چ گوزه‌راوه؟ ئایا عه‌ره‌ب ئه‌و كولتووره‌یه كه ئاره‌زووی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌یه یان سه‌تان ساڵه به داگیركاری و لێدان و كوشت و بڕۆكردن گۆش كراوه؟، ڕۆژانه ئێمه هه‌واڵ له‌سه‌ر لێدان له زمان و كولتووری كوردی و ڕه‌تكردنه‌وه‌یان له كه‌ركووك ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ڕه‌مز و ئاماژه‌یه‌كی ئیدارییه بۆ پلانێكی گه‌وره‌تر كه ئه‌ویش ته‌عریبی دووباره و چه‌ندباره‌ی كه‌ركووكه، لێدانه له جووتیاره ماندوونه‌ناس و دڵسۆزه‌كانی كورد و ده‌ركردنیانه له‌سه‌ر زێدی باو و باپیرانیان و هاورده‌كردنی عه‌ره‌ب و نیشته‌جێكردنیانه.
به‌پێی ئاماره‌كان و به‌گوته‌ی په‌رله‌مانتارێكی كوردی په‌رله‌مانی عێراق؛ نه‌جوا حه‌مید محه‌مه‌د پڕۆژه‌ی به‌ته‌عریبكردنی كه‌ركووك، ئێسته له سه‌رده‌می به‌عس زیاتر و ترسناكتره و به پلانێكی ژێره‌وانكێ و به شێنه‌یی خه‌ریكن ته‌عریبی ده‌كه‌ن كه ده‌ستی ڕاكان جبووریی به‌چڕی پێوه دیاره، به‌ڵام بێگومان هه‌ر ئه‌وه نییه. له سه‌رده‌می سوودانیدا هه‌ندێ جووڵه هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌یه‌كی یاسای بنه‌ڕه‌تیی عێراقی به ناوی ماده‌ی 140 كه خۆیان ده‌نگیان پێ داوه، چه‌ندین ساڵه له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه سڕ ده‌كرێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 به بێ زه‌وینه‌سازیی مێژوویی و چاككردنه‌وه‌ی باری دیمۆگرافیی تێكدراوی كه‌ركووك، ته‌نیا داوێكی گه‌وره و ناسكه، چون ئێسته ژماره‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌بی هاورده هاتوونه‌ته كه‌ركووك و كوردانیان وه‌ده‌ر ناوه و جووتیاری كورد له زه‌وی و ماڵوحاڵی خۆیان ده‌رده‌كه‌ن، مه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ئه‌م دۆخه چاره‌سه‌ر بكرێت، پاشان ئه‌و پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكرێت.
له ئه‌نجامدا ده‌بێت بڵێین ئێمه وه‌ك كورد به نیسبه‌ت دۆخی كه‌ركووك له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌رپرسین و نابێ گوێی لی بخه‌وێنین، به‌ڵكو ده‌بێ به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر له ئاستی میدیایی، یاسایی، سیاسی و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ركووك به ئاستێك زه‌ق بكه‌ینه‌وه، تا شوناسی سه‌رزه‌وینی و مه‌زڵوومییه‌تی كورد له‌وێ و ڕۆحی شۆڤینیی جیهانی عه‌ره‌ب زیاتر زه‌ق بكه‌یه‌نه‌وه و دنیا لێی ئاگادار بێت، ئه‌م به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركڕاپه‌ڕاندنه به‌رخۆدانه له هه‌مبه‌ر خودی ته‌عریب و ئه‌و عرووبه‌یه‌ی كه سه‌تان ساڵه نه‌ته‌وه‌كانی تری له ده‌ره‌وه‌ی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی چه‌وساندووه‌ته‌وه.
بۆیه له‌م سه‌رژمێرییه‌دا كورد ده‌بێت جه‌سوورانه و به‌غیره‌ته‌وه له یه‌ك ده‌نگ و بنه‌ماڵه و كه‌س نه‌بوورێت و هه‌مووی وه‌ك خاوه‌نانی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ركووك ناویان تۆمار بكرێت، بۆیه ئه‌مه ده‌ڵێم، چونكه دڵنیام خودی خه‌ڵكی كه‌ركووك لانكه‌ی كوردایه‌تی و به‌رپرسیارێتین، ڕێچكه‌ی ئه‌و هه‌موو ئۆتۆمبێلانه‌ی كه ئه‌م ڕۆژانه بینیمان گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ركووك، شاهیدی زیندووی ڕۆحی نه‌سره‌وت و كوردانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه به‌شه‌ره‌فه‌ن.