پاش ڕووخانی ئه‌سه‌د یان باشتر وایه بڵێین هه‌ڵاتنی ئه‌سه‌د و هاتنه‌ئارای ئه‌و هاوكێشه نوێ كتوپڕه له سووریا، ڕه‌نگه گرنگترین ڕووداو دیداره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و مه‌زڵووم عه‌بدی بووبێت. به‌تایبه‌تی بۆ كورد و دۆزی كورد. ڕووخانی ئه‌سه‌د هاوتا بوو له‌گه‌ڵ پێملبوونی هێز و زلهێزه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌رچی ئاوڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش نه‌بێت، به‌ڵام ئاوڕێكی ده‌ره‌وه‌ستانه و سیاسییانه له دۆخ و پێگه‌ی كورد له سووریا بده‌نه‌وه. واته ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێین چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له داهاتوویه‌كی نزیك یان دووردا كورد له ناو پارادایمێكی تردا بژێت له ئارادایه.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه ته‌نیا به‌ند نییه به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه دوای چه‌ندان ساڵ شه‌ڕی ناوخۆیی له سووریادا هاته ئاراوه، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری ناوچه‌یی و ده‌ره‌كیی كاریگه‌ر بوون كه له دووتوێ و لایه‌نی ئاشكرا و نائاشكرادا ئیشیان كرد. ده‌بێت ئێمه ئه‌مه‌مان له بیر بێت كه سووریا له ٢٠١٣ه‌وه بووبوو به پانتای شه‌ڕێكی شێوه ئاخرزه‌مانی كه هه‌م هێزه ئاینییه جۆراوجۆره دژبه‌یه‌كه‌كانی له ناودا ده‌ركه‌وت، هه‌میش زلهێزه سیاسییه پێشینه‌داره‌كانی وه‌ك ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا تێیدا ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه، كاتێك باسی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا ده‌كه‌ین، ڕاستییه‌كه‌ی باسی دوو دنیا و دوو ده‌سته له وڵاتان ده‌كه‌یه‌ن كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌یه‌ك بۆ خۆیان پێك ده‌هێنن، كه له به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكادا زۆرینه‌ی وڵاتانی ڕٶژئاوایی و به‌شێكی وڵاتانی عه‌ره‌بی جێ ده‌گرن، له به‌ره‌ی ڕووسیاشدا (به‌ده‌ر له وڵاتۆچكه ناوخۆییه‌كانی خۆی له فۆرمی ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌كانه‌وه)، ئێران و چین به ڕووخساری ڕوون و ڕاشكاو ئاماده بوون.
وڵاتانێكی وه‌ك توركیا و قه‌ته‌ر و سعوودیه‌ش یاریی تایبه‌ت به خۆیان ده‌كرد كه ده‌توانین ئاوا فۆرمۆله‌ی بكه‌ین: ئه‌م وڵاتانه نه له هیچ كام له به‌رانه‌دا بوون و نه له هیچ كامه‌شیاندا نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌ركات پێویست بوایه له‌لایه‌ك ده‌بوون و به‌پێی پێویستیش له‌لایه‌كی تر، ڕاستییه‌كه‌ی ڕٶڵی ئه‌و دوو به‌ره‌یه و هێزه دیار و نادیاره‌كانیان چه‌ند گرنگن، ڕۆڵی وڵاتانی به‌ره-به‌ره یان هه‌مان وڵاتانی "با" و خۆپه‌رژه‌وه‌ندیش كاریگه‌ر و گرنگن. دوای ڕووخانی ئه‌سه‌د به‌و شێوه‌یه و پاش دنیایه‌ك خوێنڕژان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر ناوشیاریی ڕه‌ش و خوێناویی دیكتاتۆری به‌عسیی سووریایی شكستی ئێران به‌دیاریكراوی و ڕووسیا له بابه‌ته به‌ڵگه نه‌ویسته‌كانه، ده‌كرێت بڵێین هێرشی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌و چه‌خماخه بوو كه بریسكه‌كانی دواتر و پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع له باكوری ڕۆژئاواوه به‌ره‌و دیمه‌شق جووڵه‌ی پێ كرا، له هه‌موو بنكه و باره‌گای پرۆكسییه‌كانی ئێرانی دا و له‌وه‌ش زیاتر گڕێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگیرساندووه كه به‌ره‌و هه‌ر خه‌رمانێك ده‌ڕوات، كه ئێران به‌رنامه و پلانی خۆی له‌سه‌ری هه‌ڵچنیبوو و به‌ته‌مای كوتانی ئه‌و خه‌رمانه بوو.
ئێسته بای كاره‌سات له ئیسرائیله‌وه هه‌ڵی كردووه و پێده‌چێت پاش حه‌ماس و حزبوڵا و ئه‌سه‌د، حه‌شدی شه‌عبیش بگرێته‌وه و گه‌وره‌ترین دۆڕاوی ده‌یه و نیوێك زیاتری ململانێكانی ناوچه‌كه له سووریا، كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. ڕه‌نگه بتوانین ئه‌مه‌ش بڵێن كه ئه‌م دۆڕانه گه‌وره‌یه‌ی ئێران و پاشه‌كشێی ڕووسیاش، گۆڕه‌پانه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا چۆڵ هێشتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیسان كۆی فاكته‌ره‌كان نین له توركیای ده‌ورانی گوزار، به‌ڵكو كورد له قۆناغی شه‌ڕی داعشه‌وه تا ئێسته‌ش، هه‌م وه‌ك هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا و ڕٶژئاوا و هه‌میش وه‌ك ئه‌زموونێكی تا ئاستێك پته‌وی حوكمڕانییه‌كی خۆجێیی كوردی، فاكته‌رێكی گرنگی تره كه ناهێڵێت توركیا به ئاسانی خه‌ونه خۆشه‌كانی خۆی پراكتیزه بكات. بێگومان ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا به ئاسانی ناتوانن پشت له هاوپه‌یمانێتیی هه‌سه‌ده بكه‌ن، باسه‌كه ته‌نیا ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر نییه، به‌ڵكو متمانه‌یه‌كه كه ئه‌و زلهێزانه به كورد له ڕٶژئاوا هه‌یانه كه ناتوانن نه به توركیایان هه‌بێت و نه به هیچ هێزێكی عه‌ره‌بیش. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كوردبوون مایه‌ی خێره.
له پاڵ ئه‌م پانۆرامه پڕ ڕه‌نگ و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵه‌ش ڕۆڵی باشووری كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی باشوور، ده‌توانێت یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی زۆر له‌و كێشه و ته‌نانه‌ت نیگه‌رانییانه بێت كه هه‌موو هێزه كاریگه‌ر و دراوسێ و زلهێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌لكێشی خۆی كردووه. دیداری سه‌رۆك بارزانی و مه‌زڵووم عه‌بدی فه‌رمانده گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، دره‌وشاوه‌ترین و گه‌شترین ئاماژه‌یه بۆ دروستبوونی گونجاوترین ئه‌گه‌ر و ده‌رهاوێشته‌ی سیاسیی نوێ بۆ كورد له ڕۆژئاوا، كه به دڵنیاییه‌وه له‌سه‌ر دۆزی كورد له ناوچه‌كه به‌گشتی و ته‌نانه‌ت له دنیایشدا كاریگه‌ر ده‌بێت. گرنگیی دیداره‌كه سه‌ره‌ڕای یه‌كخستنی گوتاری كوردی له باشوور و ڕۆژئاوا و یه‌كانگیركردنی هێز و ده‌نگی كورده له ڕۆژئاوا له دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، به‌رجه‌سته‌كه‌ره‌وه‌ی ڕۆڵی باشووری كوردستان و سه‌رۆك بارزانییه له ئاراسته‌كردنی قه‌یران و گرێپووچكه‌یه‌ك كه ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش ده‌توانێت له هه‌مبه‌ریدا ده‌سته‌وه‌ستان بێت یان خۆ گێل بكات تا توركیا گه‌لی كورد له ڕۆژئاوا قڕ بكات.
من پێم وایه ئه‌مه تره‌مپ و ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا نییه كه ده‌توانێت توركیا له شوێنی گونجاوی خۆی ڕابگرێت، به‌ڵكو بارزانییه كه ده‌توانێت وه‌كو فاكته‌رێكی گرنگی ڕێكخه‌ر و گرێده‌ره‌وه‌ی كۆی ئه‌و فاكته ئاڵۆز و لێكدژانه، هاوكێشه‌كه به جۆرێك ئاراسته بكات كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان و به بێ ڕژانی خوێنی كورد و له‌یه‌كترازانی زیاتری كورد، هه‌ر لایه‌نێك له شوێنی شیاو و گونجاوی خۆی جێگیر بێت، تا بزانین داهاتووی دوور و ڕووداوانی كاریگه‌ریی تر چیمان بۆ دیاری ده‌كه‌ن. ئه‌م دیداره له‌به‌ر ئه‌مه مێژوویی بوو و هاوكات پڕ هیوایشه.