میدیا له سه‌رده‌می ئێستەماندا پەستانی زۆر له‌سه‌ره، ئه‌گه‌رچی میدیا خۆی یه‌کێک له ئه‌رک و ده‌لاله‌ته‌کانی ده‌سته‌واژه پێوه‌سته‌کانی میدیا، دروستکردنی گوشار و پرێسه (press) له‌سه‌ر هه‌ر جومگه‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆ ئاسایسی هاووڵاتی و دابینکردنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان.
میدیا ئه‌مڕۆ به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی تۆڕەكانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له مانا ڕه‌سه‌ن و ئۆرجیناڵه‌که‌ی خۆی تا ئاستێك دوور که‌وتووه‌ته‌وه یان باشتره بڵێین ڕۆڵ و ئه‌رک و پێگه‌ی تری بۆ دیاریکراوه و به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه که له ئه‌رک و ئامانجی سه‌ره‌کیی خزمه‌تکردنی حه‌قیقه‌ت و ڕاستی له به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگە و هاووڵاتییان و نیشتمان، بڕێک دوور که‌وتووه‌ته‌وه و بووه به پانتاییه‌ک بۆ خستنەڕووی هه‌ندێک که‌سایه‌تیی ناسراو یان ئه‌کته‌ر و مۆدێل له هه‌موو جیهان و به‌پێی ئه‌وه‌ش له کوردستاندا، به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌موو، به‌ڵام زۆرینەیان چه‌وریی ژه‌مه خواردنه‌که‌یان به‌لاوه زۆر گرینگتره لە خوێن و خه‌بات و قوربانیدانی هاونیشتمانیانی کوردستان.
نموونه‌ی که‌سێکی وه‌ک "شایان عه‌لی" که به ناوی هاووڵاتی ئه‌مەریکایی و عێراقییه‌وه ڤیدیۆ و هه‌ڵوێستی نادروست ده‌نوێنێت و وه‌ک که‌سێک که باری ده‌روونی ته‌واو نه‌بێت، په‌لاماری هه‌موو پیرۆزییه‌کانی ئه‌م وڵاته ده‌دات و ڤیدیۆکانیشی بینه‌ری زۆرە، شایه‌تێکی زیندوو و تازه‌ن، ئه‌گه‌رچی به‌شی زۆری بینه‌ره‌کانی وه‌ک که‌سێکی تێکچو و ناته‌ندروست چاوی لێ ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر خه‌ساره له کات و زه‌ین و وزه‌ی هاووڵاتییان و نیشتمان.
مه‌به‌ستم له‌م نموونه‌یه ئه‌وه‌یه بڵێم، کارکردن له کۆمه‌ڵگەیه‌کی پڕ ئاڵۆزی و قه‌یرانی وه‌ک کوردستاندا که سه‌رتاپای سه‌ده‌ی 20 و تا ئێسته‌یش به پێوه ڕاوه‌ستاوه که دوژمن و داگیرکه‌ران پیلانه‌کانیان به‌سه‌ردا نەسەپێنن، ئاسان نییه تۆ یه‌کێکی وه‌ک شایان تێبگه‌یه‌نیت که ئه‌و خاکه‌ی ئەو ئێسته له‌سه‌ری به ده‌م بنێشتخواردنه‌وه به‌سه‌ر هێزه فەرمی و خزمه‌تگوزارییه‌کانیدا ده‌قیژێنێت، به‌رهه‌می خه‌بات و خوێنڕشتنی باوك، برا، خوشک، دایک و هاوسه‌ری هه‌زاران که‌سی ئه‌م نیشتمانه‌یه و ئێسته له‌به‌رئه‌وه‌ی پرسیارێکی ساده‌ت لێ کراوه، دانیشتووی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ده‌که‌ی؟
زۆر جار بیرم له‌وه کردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌رچی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی بەگه‌ڕخستنی ڕه‌وتی ئازادی و زانیاری و هه‌واڵه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌و لایشەوە کۆمه‌ڵێک چقڵ و دڕکوداڵیان تێدا په‌یدا ده‌بێت که ده‌نووسێن به زه‌ین و زمان و چاوی کۆمه‌ڵگەوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه کاریگه‌رییان نییه و له درێژماوه‌دا ده‌که‌ونه په‌راوێزەوە و ڕیسوا ده‌بن، به‌ڵام ئه‌رکی ڕۆژنامه‌نووسی و میدیایی قورس‌تر ده‌کەن.
ئه‌گه‌ر ئه‌رکی میدیایه‌ک خزمه‌تی حه‌قیقه‌ت و ڕاستی بێت، ئه‌وا کاتێک که‌سانێک درۆ و فیشاڵ به ناوی ڕاستییه‌وه بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ئه‌رکه‌که زۆر زه‌حمه‌تتر و قورس‌تر ده‌بێت. ئه‌مه بۆ هه‌موو میدیایه‌ک كە به گیانێکی نیشتمانی و حه‌قبێژ و حه‌قیقه‌تپارێزه‌وه عاره‌ق ده‌ڕێژێت، ڕاسته و بێگومان بۆ ده‌زگای "وشه" زیاتر له هه‌ر میدیایه‌ک ڕاستتره.
له وه‌ها دۆخێک‌دا، كە پاشاگه‌ردانی میدیایی و سه‌رلێشێواویی هه‌ندێ که‌س که له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ر، له دۆخێک‌دا ململانێ سیاسییه ناوخۆییه‌کان له‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی و ناسکیدا بووه، له دۆخێک‌دا سنووره‌کانی نێوان هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی میلی له‌گه‌ڵ فیشقیات و به‌زمی سووک و لۆتی لێک جودا نه‌کراوه‌ته‌وه، دەزگای "وشه" هه‌میشه هه‌وڵی داوه ئه‌و ڕوو و ڕه‌گه‌زه ڕه‌سه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگەی کوردیی بپارێزێت.
له دۆخێک‌دا که زۆر میدیا ڕێنووسێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی پێڕه‌و کردووه، "وشه و ستافه‌که‌ی" هه‌وڵیان داوه ڕێنووسێکی ستاندار پێڕه‌و بکه‌ن، یان لانیکه‌م موماره‌سه‌ی ڕێنووسێک بکه‌ن که ببێت به پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ک بۆ ڕینووسی ستاندارد و له‌م پرۆسه ئاڵۆزه‌ی ڕێنووسسازیدا که کۆڵه‌که‌یه‌کی گرینگیی زمان و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ش پته‌وکردنی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و شوناسه، "وشه" دیموکراسیانه و ده‌روه‌ستانه جووڵاوه‌ته‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه بووه ده‌رگای داڕشتن و وشه‌سازیی و ڕسته‌سازیی خۆی بۆ پارچه‌کانی تری کوردستان و زار و بنزاره‌کان به ئاڕاسته‌ی ئه‌و ڕێنووسه یه‌کگرتوو و له حاڵی ستاندارده (که بێگومان ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕێنووس و زمانه له دۆخێکی ستاندارد و جێگری ڕێژه‌ییدایه، به‌ڵام به نیسبه‌ت باڵای زمان و قه‌واره‌ی جیۆگرافیی زمانی کوردی و زار و بنزاره‌کانی، ڕێگه‌ی زۆرمان بۆ بڕین ماوه)، کراوه بێت و بووه‌ته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتری زمان و ئازادبوونی توانست و وزه‌کانی زمانی کوردی، ئه‌مه یه‌کێک له ده‌سکه‌وته هه‌رە گرینگه‌کانی "وشه" و هه‌ر میدیایه‌که که کاریگه‌ر و ده‌روه‌ست بێت.
ئێمه ئێسته‌یش کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و په‌یجی ناودار ده‌بینین هێشتا فۆنتی کوردی‌یان نییه و به ڕێنووسێکی شێواو و خواروخێچ ده‌نووسن، ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی لێدانه له شوناس و زه‌ینییه‌ت و ڕۆحی هاووڵاتییان و جه‌ماوه‌ر.
بۆیه له‌م پرۆسه‌یه‌دا "وشه" ئه‌گه‌رچی ناتوانین بڵێین بێ که‌موکوڕی بووه، به‌ڵام دره‌وشاوه و سه‌رکه‌وتوو ده‌رکه‌وتووه و ئێسته‌یش به‌و ڕۆحییه‌ته‌وه 10 ساڵه‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه پیرۆزه تێده‌په‌ڕێێت.
خاڵێکی تر که له سه‌ره‌وه به تێپه‌ڕ و خێرایی تیشکم خسته سه‌ری، به‌هادانی وشه و ڕێبازه‌که‌ی به ئاوات و خه‌ونه نیشتمانییه‌کانه، کاتێک ده‌ڵێم نیشتمان، بێگومان مه‌به‌ستم ته‌نیا هەرێمی کوردستان نییه، به‌ڵکوو هه‌موو کوردستانی گه‌وره له قه‌واره‌ی جیۆگرافیا دیرۆکی و مێژووییه‌که‌یدا.
زۆرێک له میدیاکانی باشوور بۆ نموونه ده‌زگای "خه‌ندان" که پاره‌یه‌کی زۆری له به‌رده‌سته، به‌های داوه و ده‌دا به‌و فیلمه هیچ و چرووکه ئێرانیانه یان ڕووداوێک له خۆراسان و ئیسفه‌هان، زۆر گرینگتره لای، له‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات یان باشووری کوردستان چی ڕوو ده‌دات! بۆیه "وشه" له‌م ڕووه‌وه پێوه‌ر بووه تا له ڕێگه‌یه‌وه میدیای ناده‌روه‌ست و له‌خۆنامۆکراو له‌گه‌ڵ میدیای به‌رپرس و ده‌روه‌ست، جیا بکه‌ینه‌وه.
من نزیکه‌ی ساڵێکه به شانازییه‌وه بۆ "وشه" ده‌نووسم، پێش ئه‌وه‌ی له وشه ده‌رکه‌وم وه‌ک ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێوه‌ندیم به چه‌ندان بڵاڤۆک و ماڵپه‌ڕه‌وه كرد، ته‌نانه‌ت زه‌حمه‌تی ئه‌وه‌شیان نه‌کێشا وه‌ڵام بده‌نه‌وه، ئه‌وه‌یشی وه‌ڵامی دایه‌وه ده‌یوت ئێوه ڕۆژهه‌ڵاتیانه ده‌نووسن، ئێسته‌یش تێنه‌گه‌یشتم مه‌به‌ستیان چ بوو!
زمانی کوردی به‌و هه‌موو زار و بنزاره‌وه هه‌ر یه‌ک زمانه و بێگومان ئێمه‌یش له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆمه‌ڵێک وشه و ده‌سته‌واژه و ڕسته‌سازیمان هه‌یه که نه‌ک ته‌نیا ئه‌و زمانه ستاندارده له باشوور ده‌توانێت خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکات و له‌ژێر ناوی زمانی کوردی‌دا بیناسێنێت، به‌ڵکوو کرده‌یه‌کی دیموکراسیانه و نیشتمانیانه‌یشه بۆ شوناسسازی.
له‌م پرۆسه‌یه‌دا وشه به وه‌سواسی زمانه‌وانی و شوناسمه‌ندانه‌ی خۆیشییه‌وه، جووڵاوه‌ته‌وه و هه‌م لێیه‌وه فێر بووین و هه‌م فێرکراوکان و زانیارییه‌کانیشمان له‌و‌ێوه بۆ خزمه‌تی نیشتمان چ باشوور چ ڕۆژهه‌ڵات، بڵاو کردووه‌ته‌وه.
لێره‌وه به بۆنه‌ی هه‌موو ئه‌م خاڵانه و زۆر خاڵی دیکه که ئاوی زۆر ده‌بات و ئێره جێگه‌ی نییه، سوپاسی تایبه‌ت بۆ وشه و سه‌رنووسه‌رەكەی و هه‌موو ستافه‌که‌ی، هیوادارم هه‌ر به‌م ڕۆحه نیشتمانی و دیموکراسییه‌وه بجووڵێنه‌وه و كوردستان پڕ بکه‌ن له هیوا و ئاوه‌دانی و سنووره ده‌سکرده‌کان به "وشه" ببڕن.