ئێمه کاتێک باسمان له پووکاندنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن کرد لەلایه‌ن شاسوار و که‌ناڵه‌کانییه‌وه (که ده‌کرێت له‌ژێر ناوی ده‌زگای میدیایی نه‌وه‌ی نوێ بیناسێنین) مه‌به‌ستمان ئه‌وه نه‌بووه به ده‌مارگرژییه‌وه هه‌ڵوێستێک پێشان بده‌ین یان کێشه‌یه‌کی كەسیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێ، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌بوو ئه‌م به‌ناو لیسته نه‌ک ته‌نیا جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ پێکهات و فۆرمه سیاسییه‌کانی تری کوردستاندا نییه، بگرە به چه‌ندان قات له‌وانیش زیاتر ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره و ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌گه‌ڵیان به‌راورد ناکرێت.
ته‌نیا جیاوازی و ئیمتیازی (مه‌رج نییه له دواجاردا ئه‌رێنی بێت) نه‌وه‌ی نوێ به نیسبه‌ت پێکهاتە و فۆرمه حزبی و سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ناوه‌که‌ی و سیستمه میدیاییهکهیهتی که ئه‌مه‌یش ته‌نیا و ته‌نیا به هێزی پاره‌ی خه‌یاڵی و بزنێسێکی لێڵ و پێڵ ئیداره ده‌درێت. ئه‌گینا نه‌وه‌ی نوێ هه‌ڵگری بنەڕهتیترین تایبه‌تمه‌ندیی سیستمێکی تووتالیتار واته ئیگۆئیزمه. واته "من"خوازی و خۆخوازییهک که نه‌ک ته‌نیا بواری ده‌رکه‌وتن به هیچ لایه‌نێکی تر له پانتایی بواری به‌رمه‌به‌ستی چالاکییه‌که‌یدا نادات، به‌ڵکوو ئاره‌زوویه‌کی ترسناکیشی هه‌یه بۆ خنکاندن و په‌رده‌پۆشکردنی هه‌ر جووڵه‌یه‌ک که به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و بێته پێشەوە.
ئۆپۆزیسیۆنبوون ته‌نیا فیگه‌ر و مۆڵه‌تێکی یاسایی و هه‌بوونی ده‌زگایه‌کی میدیایی که پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی سپۆنسه‌ری بکات، نییه، به‌ڵکوو له پله‌ی یه‌که‌مدا گوتار و پلانه و دواتر به کرده‌کردنی ئه‌و گوتار و پلانانه. ئێسته ده‌شێت بپرسین چ گوتارێک؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له درێژه‌ی باسه‌که‌مدا به شێنه‌یی ده‌خه‌مه ڕوو. به دڵنیاییه‌وه کاتێک باسی گوتار ده‌که‌ین یه‌کێک له ڕه‌هه‌نده گرنگه‌کانی گوتار جیاواز له بیرکردنه‌وه و هزر بابه‌تی مۆراڵ و ئه‌خلاقه.
مێژووی سیاسه‌تی جیهانی سه‌لماندوویه‌تی هه‌ر گوتارێک له پانتایی سیاسه‌تدا به بێ ئه‌خلاق ده‌ربکه‌وێت، به دڵنیاییه‌وه دره‌نگ یان زوو به‌ره‌و خه‌ره‌ند ده‌گلێت. واته ڕاسته ماکیاڤیلیزم له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی سیاسه‌ت له دنیا و کوردستانیشدا تا ڕاده‌یه‌ک قبووڵ کراوه و بەكار دێ، به‌ڵام ئه‌م ماکیاڤیلیزمیەیش ته‌نانه‌ت له‌ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و پێکهاته و سیستمی ئه‌و به‌هایانه‌دا چالاکی ده‌نوێنێت که خه‌ڵک و میله‌ت پێکی دێنن، ئێمه ماکیاڤیلیزتی ئهخلاقگهرامان هه‌یه و بێ ئه‌خلاقیش. گوتاری بێ ئه‌خلاق نه‌ک ته‌نیا ماکیاڤیلیزمی نییه، به‌ڵکوو نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه هیچ تێگه‌یشتنێکی له سیاسه‌ت و گوتار نییه، چ گوتارێک ده‌شێت ئه‌خلاقی نه‌بێت له پانتایی سیاسه‌تدا؟
گوتارێک که ته‌نیا و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی یه‌ک که‌س تێیدا بگێڕدرێته‌وه. ئه‌گه‌ر بڕێک لای خۆمانه‌وه ڕووداوه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین به ئاسانی تێده‌گه‌ین تایبه‌تمه‌ندیی گوتارێکی بێئه‌خلاق له شاسواردا وه‌ک تاقه دیکتاتۆر، تاقهبێژهر، تاقهبڕیاردهر و تاقه...ی ئه‌و ده‌زگا میدیایی و به‌ناو لیسته‌دا هه‌یه. که‌سێک که هیچ هاوشان و هاوته‌ریبێک بۆ خۆی وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری لیستێک به‌ناوی نه‌وه‌ی نوێ دانانێت، جگه له خۆی و سروه‌ی خوشکی، کێی تر ده‌شێت به ناوی نه‌وه‌ی نوێوه بناسین؟ که‌واته تایبه‌تمه‌ندیی تووتالیتاریزم و ههمووشتخوازی له که‌سایه‌تیی شاسواردا زاڵه.
لێره‌دا ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵه‌که‌ی نه‌ک ته‌نیا ناگێڕێت، به‌ڵکوو ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگه‌ر و ئه‌رێنیش داگیر ده‌کات، له‌م ئاسته‌دا ئیتر ئه‌وه ئۆپۆزیسیۆن نییه ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵکوو ره‌وتێکی ئۆپۆرتۆنیسم واته هه‌لپه‌ره‌ستییه که سڵ له هیچ کرده‌یه‌ک بۆ مسۆگه‌رکردنی هه‌له‌کان و قۆزتنه‌وه‌یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی زیاتر ناکاته‌وه.
ئه‌م سهروگوێیهم بۆیه شکاند و زهوینهکهم خۆش كرد، تا بێمه سه‌ر ئه‌و ڕیسواییه گه‌وره ئه‌خلاقییه‌ی دکتور کازم فارووق لەبارەی شاسوار و فرۆشتنی به‌رنامه‌یه‌ک (که د، کازم له‌گه‌ڵ میدیاکارێکی نه‌وه‌ی نوێ کردوویه‌تی و بڕیار بووه له ئێن ئاڕ تی بڵاو بێته‌وه، به‌ڵام فرۆشتوویه‌تی به که‌سانێکی نادیار و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی له‌و بوارەدا) له‌بارەی مه‌ترسییه ته‌ندروستییه‌کانی سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن شواسوارهوه ئاشکرای کرد.
دیاره ئێمه پێشتر له نیازخراپی و ئۆپۆرتۆنیسم و هه‌لپه‌رستی شاسوار ئاگەدار بووین و به‌داخه‌وه به‌پێی ئه‌و ئازادی و دیموکراسییه ڕێژه‌ییه‌ی له کوردستان هه‌یه، به مه‌یلی خۆی ئه‌سپی ئاواتی تاو داوه و که‌سیش نه‌یوتووه بانی چاوت برۆیه! واته به مه‌یلی خۆی کار و که‌سابه‌ت و بزنسی ڕێ خستووه و له هه‌ر کوێدا په‌کی که‌وتووه، به ده‌زگە میدیاییه‌که‌ی له خه‌ڵک و حکوومه‌ت قوت بووه‌ته‌وه و وه‌ک ئامرازێکی دروستکردنی گوشار و فریودانی ڕای گشتی که‌ڵکی له ناو و میدیای نه‌وه‌ی نوێ وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێسته که ڕاستییه‌کی کوشنده و ترسناك بۆ سه‌ر ته‌ندروستیی هه‌موو کۆمه‌ڵگە بشاریته‌وه، ئیتر نه سیاسه‌ته و نه ته‌نانه‌ت بزنسیش.
(ڕاسته بزنسی به‌و به‌رنامه‌یه‌وه کردووه که له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌ی ته‌ندروستی به‌هۆی بورجه‌کانی هێڵ و ئینته‌رنێتی زۆره‌وه گیراوه، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه لایه‌نه ناسک و سامناکهكە نییه)، به‌ڵکوو تاوانێکی گه‌وره‌ی مرۆییه که به ئه‌نقه‌ست و بۆ مه‌رامی تایبه‌ت (نه‌ک بازرگانیی) کردوویه‌تی، واته ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی بێئه‌خلاقی و شکستی مۆراڵی که‌سێکه که بانگەشەی دادپه‌روه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵک و ده‌یان بابه‌ت و دروشمی بریقه‌داری تری وه‌کوو دروشم به گوێماندا ده‌دا.
ئه‌م ریسواییه هیچی که‌متر نییه له به‌شداریی جاش و مسته‌شاره‌کان له ئه‌نفالی خه‌ڵکی کوردستاندا، جه‌وهه‌ری ئه‌م ڕیسواییه ته‌نیا ئه‌وه نییه به‌رنامه‌که‌ی د. کازمی به پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی فرۆشتبێت یان نا، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه ڕۆحی سهرمایهپهرستانهی ئه‌و که‌سه هیچ سنوورێک بۆ حهپهلووشکردن و بازرگانی به خوێنی خه‌ڵکه‌وه ناناسێت.
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، ئه‌م جۆره کارانه تاوانی گه‌وره‌ی مرۆیین و به‌پێی یاسای مه‌ده‌نی نابێت موحاکه‌مه بکرێت، به‌ڵکوو له دادگەی تایبه‌ت به تاوانه‌کاندا ده‌بێت سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار بکرێت. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه له‌وه‌ی کوردستان به‌هۆی ئه‌و فره‌ده‌نگی و ئازادییه‌ی حزبایهتییەوە له‌لایه‌ن هه‌ر تاوانبار و سهرسهرییهکهوه گیان و ڕۆحی هاووڵاتیان ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه و بازرگانی پێوه ده‌کرێت.
کاتێک باس ده‌کرێت و ده‌گوترێت گوتارێکی سیاسی ده‌بێت پێشینه‌ی هه‌بێت، مه‌به‌ست پێشینه‌ی بازرگانی و پاره‌داریی نییه، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌روه‌سته ئه‌خلاقی و به‌ها مرۆییانەن که له ده‌رئه‌نجامی ئاماده‌گیی له مێژووی خوێن و خه‌باتی خه‌ڵکدا دروست بووبێت، گوتارێک خه‌ڵک زیاتر له کاڵا و بازرگانی ببینێت و پێناسه‌یه‌کی ڕوون و ڕاشکاوی بۆ شوناس، ئه‌خلاق و کۆمه‌ڵگە هه‌بێت.