خه‌ڵاته‌کان له دنیای ئه‌مڕۆدا به که‌مترین حاڵه‌ت ڕێڕه‌وی بێگه‌رد و دوور له یارییه سیاسییه‌کان به‌خۆیانەوە ده‌بینن، دیاره مه‌به‌ستم زیاتر خه‌ڵاته ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانه. ئه‌م حاڵه‌ته له سه‌رێکه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیهانی سیاسیی ئێمه و له سه‌رێکی تریشەوە بۆ ئه‌و یارییه‌ی حزب یا هێزێکی زاڵ بەسەر ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، دەگەڕێتەوە. ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ته‌نیا کۆمه‌ڵێک کتێب یا به‌رهه‌م و ئاسه‌واری هونه‌ریی وه‌ک فیلم و په‌یکه‌رتاشی و... نین، به‌ڵکوو نیشانده‌ر و نواندنه‌وه‌ی جیهانبینیی کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و مێژووی خۆیانن. بێگومان ئه‌مه ئه‌و هاوکێشه گشتییه‌یه که بۆ کورد زۆر به ڕاست ده‌گه‌ڕێت، واته کورد وه‌ک سووژه‌یه‌ک له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌م گێڕه‌ره‌وی ڕووداوه سیاسییه‌کان و کاره‌سات و شۆڕشه‌کان بووه و هه‌میش چه‌ک له شان و پێشمه‌رگه بووه. واته هونه‌ر له‌ناو کورددا ته‌نیا ڕوویه‌کی ده‌رهه‌ست و ئینتزاعی نه‌بووه، به‌ڵکوو سووژه‌ی کورد هه‌م قه‌ڵه‌م به ده‌ست بووه و هه‌میش چه‌کدار.
به‌شێکی زۆری ئه‌و نووسه‌ر و بیرمه‌ند و هونه‌رمه‌ندانه‌ی نه‌وه‌ی پێشوو که له دوای ڕاپه‌ڕین زیاتر فیگه‌ر و ڕووخساری قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانه‌یان به زایه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازی به‌ها و دیسیپلینه‌کانی گوتاری کوردایه‌تییه‌وه ده‌رکه‌وتن، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ده‌رهه‌ستیی و ئینتیزاع و هاوکات پراکسیس و کرده‌گه‌رێتییان، تێدا هه‌بووه. ئه‌مه زیاتر له نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین که پێشمه‌رگایه‌تی و به‌عسیزم و ئه‌نفال و پاکتاو و ڕه‌ویان نه‌بینیوه، ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌ی له‌گه‌ڵ دۆخی کوردبوون ده‌سته‌ویه‌خه کرد و له دیالێکتیکی زه‌ین و واقیع یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن سووژه و ئۆبژه‌دا، به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنان و ئه‌کتنواندنی بردن و ئێسته‌یش به هه‌موو چاکی و خراپییه‌وه، ئێمه میراس و که‌له‌پوورێکمان له کار و به‌رهه‌می هونه‌ری و ئه‌ده‌بی به زایه‌ڵه‌ی دۆخی کوردبوون و سیاسه‌تی سه‌پێنراو به‌سه‌ر کوردستاندا، بۆ ماوه‌ته‌وه.
پوخته‌ی ئه‌م بنکۆڵکارییه‌ی من ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی وا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی پانتایی سیاسه‌ت ده‌بینن یان خوێندنه‌وه و پێناسه‌یه‌کی كرچوکاڵی بۆ سیاسه‌ت هه‌یه یاخۆ کتێبه‌کانی ناو کتێبخانه‌که‌ی چه‌ند دانه‌یەكن و سنووری سیاسه‌ت به مانا ڕۆژانه‌ییه بازاڕییه‌که‌ی تێناپه‌ڕێنن، له حاڵێکدا سیاسه‌ت نه‌ک کرۆته‌ن و تانوپۆی ئه‌ده‌بی کوردییه، به‌ڵکوو له هه‌ندێ حاڵه‌تدا سه‌رخه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ری سیاسه‌تی نه‌رمی گوتاری کوردایه‌تی بووه. ئاگاداربوون له‌م ڕاستییه له‌لایه‌ن سیاسه‌توانانی کورده‌وه، نه‌ک ته‌نیا ئه‌گه‌ری پێشکه‌وتنی ئه‌م لایه‌نه له توانایی و شوناسی کوردی چالاک‌تر ده‌کات، به‌ڵکوو سه‌لمێنه‌ری سیاسه‌تێکی دووربینانه و حه‌کیمانه‌یشه که سیاسه‌تکردن ته‌نیا له دیدار و کۆبووونه‌وه دیپلۆماسییه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا نابینێت.
ئه‌گه‌رچی له تێروانینی سیاسییه‌کانی ئێمه‌دا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌میشه پێگه‌یه‌کی به‌رزی هەبووه، به‌ڵام له چاو زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانمان که هه‌ردوو لایه‌نی قه‌ڵه‌م و چه‌کیان له ئه‌ستۆ بووه، بێنازییان پێوه دیاره و ده‌بێت زیاتر توانا ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانیان ببووژێننه‌وه و تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌کرێت و ده‌لوێت، سیاسییەكان له ڕووی باری گوزه‌ران و مه‌عیشه‌ته‌وه مافیان بدەن، بۆ ئەوەی ده‌نگی ڕه‌وای دۆزی گه‌له‌که‌یان باشتر بگه‌یه‌نن.
هه‌رچه‌نده هیچ ئه‌دیبێکی کورد نییه و نه‌بووه ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی هه‌ژاری و ده‌سکورتیشدا، ده‌نگی ڕه‌وای گه‌له‌که‌ی نه‌بووبێت. ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ئه‌دیب و سیاسییه‌کاندا بکه‌ین، ئه‌وا ئه‌دیبەكان به که‌مترین حاڵه‌ت به‌ره‌و ڕووی یه‌کتر بوونه‌ته‌وه و له هه‌ر حاڵه‌تێکی ته‌نگژه و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونیشدا، که‌سیان پشتیان له دۆزی گه‌له‌که‌یان نه‌کردووه.
پشکۆ نه‌جمه‌دین له دامه‌زرێنه‌رانی "کۆمه‌ڵه و ئاڵای شۆڕش" کاتێک باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵه و پووکاندنه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش له‌لایه‌ن نه‌وشیروانی ڕه‌حمه‌تی و ڕه‌وانشاد مام جه‌لالەوە ده‌کات، باسی ئه‌وه‌ش ده‌کات که له ڕێی شیعر و ئه‌ده‌به‌وه ئه‌و ڕێگه‌ی تاراوگه‌یه‌ی که به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، هه‌ر خه‌باته‌که‌ی به‌رده‌وام بووه، بۆیه بۆ نموونه "پشکۆکان ئه‌گه‌شێنه‌وه" و ... نووسیوه. ئه‌مه بۆیه ده‌ڵێم تا بێنازیی و هاوکات تواناییه‌کانی ئه‌دیبانمان ببینین و زیاتر به‌های پێ بده‌ین.
خه‌ڵاتێکی وه‌ک خه‌ڵاتی بله که به‌ناوی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه ده‌درێت به که‌سانێکی دیاریکراو، ئێسته له خه‌ڵاتی زێڕێن ده‌رچووه و بووه به خه‌ڵاتی حزبین! واته که‌سێک ئینتیمای بۆ حزبه‌که‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و کچه‌کانی نه‌بێت، شموولی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته ناکات، با به‌ختیار عه‌لی و ڕه‌فیق سابیر و فارووق ڕه‌فیقیش بن! خه‌ڵاتی بله‌ی ئه‌مساڵ جۆرێک یاریی ئاشتکردنه‌وه‌ی مه‌رجدار بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبانه‌ی پشتگوێ و په‌راوێز خرابوون. مه‌رجه‌که‌یش به ڕوونی و ناڕوونی ئه‌وه‌یه که مەمنونی یه‌کێتی نوێ و حیکمه‌ت و کراوه‌ییه‌کانی سه‌رۆکه نوێکه‌ی بن!
ڕه‌نگه ئه‌م سیاسه‌ت و یارییه له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی "که‌ناڵ 8" و گۆڕینی به‌شێک له ستافی ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی به‌رنامه و هه‌ندێ ورده‌هه‌وڵی دیکه، بۆ ماوه‌یه‌ک وا ده‌ریخات که هونه‌ر و ئه‌ده‌ب یه‌کێک له که‌ڵکه‌ڵه و داڵغه‌کانی یه‌کێتی و سه‌رۆکه‌ی، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر ئێسته ڕوونه که دووره له ڕاستییه‌وه. ده‌یان هونه‌رمه‌ند و ئه‌کته‌ر و ده‌نگبێژ له سلێمانیدا ته‌نانه‌ت شوێنی نیشته‌جێبوونیشیان نییه و خه‌ڵاتبه‌خشین به که‌سێکی ناودار که به‌خته‌وه‌رانه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ناسراوه و سوودیشی له هونه‌ره‌که‌ی وه‌رگرتووه و پێداویستیی مادی هێنده نییه، کارێکی شایسته‌یه، به‌ڵام په‌راوێزخستنی کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه و خه‌مخۆری دیکه که که‌متر له یه‌کی دیکه ناسراون، ئه‌وپه‌ڕی نادادپه‌روه‌ریی و دژوازییه له سیاسه‌تی کولتووری و ڕۆشنبیریدا و هه‌ر له ئێسته‌وه ئێمه ده‌ستمان به هه‌نبانه‌ی به‌تاڵه‌وه ڕۆچووه!
بێگومان گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی ڕۆشنبیریی، سیاسه‌ت و پلانی کولتووریشی ده‌وێت، به‌ڵام یاریی سیاسی و حزبی نه‌ک ته‌نیا خزمه‌تی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ناکات، به‌ڵکوو ئه‌و سیاسه‌ته حزبییه‌ی له سلێمانی پراکتیزه ده‌کرێت، ده‌باته ئاستێکی نزم و نه‌ویتر و کوشنده‌تره‌وه! بۆیه خه‌ڵاتێکی وه‌ک "بله" به‌ر له‌وه‌ی هه‌ل بێت، ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هونه‌ر و ئازادیی هونه‌رمه‌ندان و ده‌ربڕینیان!
ئه‌م خه‌ڵاته به‌و شێوه‌یه به‌ر له‌وه‌ی زێڕین یان زیوین بێت، حزبینه. واته حزب ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و ئه‌مه‌یش که‌تنێکی ڕۆشنبیری و کزلتووریی گه‌و‌ره‌یه که له‌سه‌ر ده‌ستی حزب هاتووه‌ته ئاراوه و به‌رده‌وامیشه.