ئێسته که کاتی هه‌ڵبژاردن له ڕزیگه‌ی مه‌رسومی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانه‌وه دیاری کراوه و لایه‌نه‌کان پێشوازییان لێ کرد و یه‌کێتیش به هه‌ندێ مینجه‌مینجه‌وه گوایه ده‌مێکه ئاماده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن، ده‌بێت به بیری خۆمانی بخه‌ینه‌وه که ئه‌وه پارتی دیموکراتی کوردستان بوو پیلانی هه‌ڵبژاردنێکی ئه‌ندازیاریکراو و ئاڕاسته‌کراوی پووچه‌ڵ کرده‌وه و له ڕێگه‌ی پاشه‌کشێ له هه‌ڵبژاردنێکی نادیموکراتیانه‌دا، ئیراده‌ی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێک به‌بێ ده‌ستێوه‌ردان و سه‌ره‌ڕۆیی لایه‌نی ناوخۆیی و ناوچه‌یی مانیفێست کرد. ئێستەیش ئه‌وه‌ی له هه‌موو حزب و لایه‌نه‌کان گرینگتره (به‌شێک له‌م لایه‌نانه بیریان چووه فه‌لسه‌فه‌ی دامه‌زراندنیان چ بووه)، دۆز و چاره‌نووسی کورد و کوردستان و هه‌رێمه.
ئه‌م مه‌رسومه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم پێده‌چێت دوا هه‌نگاو و بڕیار بێت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه یاساییه‌ی دادگای به‌ناو فیدراڵیی عێراق به هاوکاریی یه‌کێتی نیشتمانی و چه‌ند ده‌ستێکی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن و که‌سایه‌تیی به‌ناو په‌ڕله‌مانتاری کورد لە عێراق، له‌وانه یوسف محه‌مه‌د و... هێنایه ئاراوه. با له بیرمان نه‌چێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م پوازانه نه‌بوایەن ڕه‌نگه نه دادگای فیدراڵیی به ئاسانیی بیتوانیایە بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی یاسایی وه‌ک په‌ڕله‌مانی کوردستان بدات و نه ده‌شیتوانی بێباکانه ده‌ستێوه‌ردان بکات له دۆسیه‌ی نه‌وت و هێزه ئه‌منییه‌کانی کوردستان و هه‌ر شتێک که تا ئێسته دووره‌ده‌ست و دووره‌چاوی پیلانی فاشییه‌کانی ئه‌وسا و ئێستەی عێراق بووه و هاوکات پارێزه‌ری خاک و کیان و سومعه‌ی کوردستان بووه.
له‌م پرۆسه پڕ هه‌وراز و نشیوه‌دا، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌بێت وه‌ک وانه لێیه‌وه فێر بین، سه‌رکێشی و کۆڵنه‌دانه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌م و مه‌سروور بارزانی بوو. ئه‌و که‌سایه‌تییه سیاسی و سه‌رۆک وه‌زیرانه ماندوونه‌ناس و پیلانبه‌زێنه‌ی له گه‌رماوگه‌رمی هه‌موو پیلانه‌کانی یار و نه‌یاراندا، هه‌موو هه‌وڵی بۆ پاراستنی کیانی هه‌رێمی کوردستان و مافی هاووڵاتییانی خسته گه‌ڕ و سه‌ربه‌رزانە له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه هاته ده‌ره‌وه.
بیرخستنه‌وه‌یه‌کی خێرای پلان و پرۆژه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان له بواره‌کانی کشتوکاڵ، ئابووریی نانه‌وتی و سه‌ربه‌خۆ، کو‌لتوور و ڕۆشنبیریی و... مزگێنیده‌ری ئه‌وه‌ن که کوردستان ئێسته خاوه‌ن گوتارێکی کوردستانیی پراکتیزه‌کراوه و له دروشم و قسه‌ی بریقه‌دار و حه‌ماسه‌تئامێزی پێشوو تێپه‌ڕیوه، ئه‌مه‌یشی به کرده‌وه سه‌لماندووه.
کردنی خورماڵ به ناحیه و سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو ئه‌و ئیراده‌یه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران بۆ خزمه‌تی هه‌موو شار و ناوچه‌کانی کوردستان نواندوویه‌تی، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن که ئه‌گه‌ر له‌مپه‌ره خێڵه‌کی و مافیاییه‌کان بواری بده‌نێ، له شارێکی وه‌ک سلێمانیدا نه بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی ئاوه‌ها کز و لاواز ده‌بێت، نه ڕۆشنبیر و ئه‌دیبان وا خه‌مین و مه‌لوول ده‌بن و نه گۆیژه‌کان هەڵده‌دڕێن و نه ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌و شێوه‌یه وه‌ک كارگە گه‌وره نهێنییەكەی دەربەندیخان په‌ره به کاره‌کانی تا دیمه‌شق و ئه‌ورووپا ده‌دات. بۆیه پێم وایه شاوانه‌یه‌ک که له ئه‌زموونی ئه‌م کابینه‌یه ده‌بێت وه‌ریبگرین، وانه‌ی کوردستانخوازی و کوردستانته‌وه‌رییه. وانه‌یه‌ک که له ململانێ و کێبەڕکێی حزبیی له کوردستان به ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه و ده‌یه‌وێت دۆخی کورد له مووچه و مه‌عاش (بێگومان گرینگ‌ترین کۆڵه‌که‌کانی ژیانی هاووڵاتییانن و عێراقی نه‌یار و ده‌ستی ناوخۆیی ته‌گه‌ره‌ی له به‌رده‌مدا دروست کردووه)، کورت بکاته‌وه و به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و ڕاده‌ستکردنی (ڕاده‌ستکرانی!) هه‌موو به‌ها و کارته‌کان، بمانگه‌ڕێننه‌وه بۆ پێوه‌ندییه‌کی نێوان باوک و کوڕ! به‌عس و کوردستان! سه‌دام و کورد! هه‌ر پرۆژه و پلانێک دۆزی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت له مامه‌ڵه و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌به‌رچاو نه‌گرێت، نه‌ک ته‌نیا جێی جیدییه‌ت و سه‌رنجی به‌غدا و عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌کانی نابێت، به‌ڵکوو تا مه‌ودایه‌کی کورت و کاتیش، بڕشتی ده‌بێت و دواتر ده‌بێت به کارتیی یاریی سیاسی میلیشیاکانی ده‌سه‌ڵاتدار له به‌غدا. بۆیه پێڕه‌وکردنی گوتارێکی کوردستانی نه‌ک ته‌نیا وه‌فادارمانه‌وه‌یه به به‌ها مه‌زنه‌کانی شۆڕشه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، به‌ڵکوو به‌هادانانیشه بۆ خۆمان له به‌رده‌م داگیرکه‌ری عێراقیدا!
مێژوو ده‌یان جار ئه‌م وانه‌یه‌ی به ئێمه وتووه‌ته‌وه که هیتله‌ر چه‌نده ڕقی له نیشتمانفرۆش بووه و به چاوێکی سووکه‌وه سەیری لێکردوون. ئێمه له مێژووی به‌عسیشدا ئه‌مه‌مان بینیوه و خوێندووەته‌وه که نه‌ک ته‌نیا ئه‌فسه‌ره ساده‌کانی به‌عس، به‌ڵکوو سه‌دام حسێن خریشی، تا سه‌ر ئێسقان ڕقیان له‌وانه بووه که پشتیان کردووه‌ته میله‌تی خۆیان.
به سه‌رنجدان له‌وه‌ی ئایا که‌سانێکی وه‌ک یوسف محه‌مه‌د، سروه عه‌بدولواحید، سۆران عومەر و جه‌ماعه‌تی به‌غدادچیی یه‌کێتی، چۆن ڕوویان دێت ڕووسوورانه بڵێن ئێمه کوردستان‌مان به‌لاوه گرینگ بوو، نه‌ک هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌کانی به‌غدا؟ کام وڵات هه‌یه له دنیادا کێشه‌ی ئابووری و مه‌عیشه‌تی نه‌بێت؟ که ئه‌وان ئه‌م یارییه‌ی بودجه و مووچه‌ی به‌غدادیان کردووه به بار به‌سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە و بیری کوردایه‌تییه‌وه و وه‌ک کارتێکی حزبی دژی دۆزی کورد به‌کاری دێنن؟ ئه‌وانه‌ی وا له که‌رکووک به حیساب ده‌نگیان هێناوه، بۆچی ڕێگری ناکه‌ن له ده‌سدرێژیی عه‌ره‌بانی وڵاتانی ده‌رودراوسێی عێراق و شارەكانی تر تا به ڕۆژی ڕووناک هێرش نه‌که‌نه سه‌ر بنه‌ماڵه و خێزانه کورده‌کانی که‌رکووک؟ کێ به‌رگری له مافی جووتیار و ڕه‌نج و عاره‌قه‌ی نێوچه‌وانیان ده‌کات کاتێک هێزه سه‌ربازی و میلیشیاکانی عێراق پشتگیریی عه‌ره‌به هاورده داگیرکه‌ره‌کان بۆ ده‌رکردنی کورد له که‌رکووک ده‌که‌ن؟
هه‌موو ئه‌مانه و ده‌یانی دیکه، پرسیارن له‌سه‌ر ماهیه‌تی ئیراده و گوتاری ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت له مەیدانی هه‌ڵبژاردنی کوردستاندا دروشمی بەرگری له مافی خه‌ڵک و مووچه و...یان به‌رز بکه‌نه‌وه و خۆیان به قاره‌مانی حه‌ماسه‌تئامێزی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک بناسێنن!
ئێمه ته‌نیا ده‌ڵێین با له 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌ملاوە چاو له هه‌نگاو و ئیراده‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان بکه‌ین، بۆمان ده‌ردەکه‌وێت کێ به ته‌نگ خه‌می خه‌ڵک و خاكەوەیە و کێش پاڵی داوەتەوە و ناو بەناو بە كۆمەڵێك هەڵچوونەوە دەردەكەوێت و لەملایشەوە دەوروبەرەكەی شەوڕۆژ سووكایەتیی بە كوردبوون و كوردستان دەكەن و مافیاكی شاخ هەڵدەدڕن و كە سەیری سنوورەكەیش دەیكەی خەڵكی دەربەندیخان بەسەر دوو بەنداوەوە ئاوی خواردنەوەیان نییە و هی چەمچەماڵ ناڵەیان دێ بۆ تۆزێ خزمەت و گەرمیان بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن رۆژانە، ئەی پێمان ناڵێن ئێوە چیتان كردووە؟ كوا پارە زەبەلاحەكانی 20 ساڵی رابردوو؟ با چاوکراوه بین و بزانین کێ داهاتووی وڵاتی ده‌وێت و کێهایش ئاینده‌ی کۆمپانیا و که‌سابه‌تیی خۆیان.