له‌م ڕۆژانه‌دا که بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خه‌ریکه گڕوتینی زیاتر ده‌گرێت و تۆڕی میدیایی "سێبه‌ر"ی زل و زه‌به‌لاح و له هه‌مانکاتدا ڕه‌ش، خەریكە دۆخێکی ناته‌ندروست و چه‌واشه‌کارانه بره‌و پێ ده‌دا و تێیدا ئه‌گه‌رچی به ڕاده‌یه‌کی که‌م ڕای گشتی ده‌شێوێنێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن زه‌وینه‌ی شایسته و له‌بار بۆ داوه‌ری و بڕیاردان هاووڵاتیان تێک بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه نیوه‌ی هاوکێشه‌که‌یه و میدیا فه‌رمییه‌کانی حزب و لایه‌نه‌کان خۆیان به شێوه‌ی هوشیارانه و ژیرانه یان ناهوشیارانه و ئابڕبەرانه ده‌که‌ونه هه‌ندێک یارییه‌وه که به‌هۆی هه‌بوونی مه‌ودایه‌ک به ناوی شاشه و ستۆدیۆ، که‌س له‌م دیوی شاشه‌که‌وه ده‌نگی ناگات به‌ودیو، تا پێیان بڵێت: جه‌نابی پاشا ڕووتی!
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م مژار و ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌وه ده‌کرێت باس و خواسی زۆر بێته ئاراوه، به‌ڵام من له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی پزیشکیان بۆ عێراق و کوردستان و هه‌ڵوێست و ئه‌ته‌کێتی سیاسیی کاره‌کته‌ره سیاسییه‌کانی کوردستان و یاریی میدیاکان، له‌نگه‌رێکی کورت ده‌گرم. هه‌میشه وا باوه دانیشتن و دیداری که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی وڵاتان (نموونه: وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی فه‌رمیی وه‌ک عێراق و نیوه‌سه‌ربه‌خۆی فه‌رمی وه‌ک هەرێمی کوردستان)، به‌پێی هه‌ندێک پرۆتۆکۆل و عورفی دیپلۆماتی، دێته ئه‌نجامدان. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جار کرده‌وه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی پرۆتۆکۆل ڕوو بدات، بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێگه و پێشینه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییه له بواری کاره‌که‌ی خۆیدا، وه‌ک به‌رپرسانی ڕۆژئاوایی له هه‌ولێر که هه‌ندێ جار به بێ هیچ پێشینه و پێشوه‌خته به جلوبه‌رگی کوردی ده‌هاتنه لای سه‌رۆک بارزانی!
به‌ده‌ر له‌م حاڵه‌ته، پرۆتۆکۆله‌کان هه‌میشه ئه‌و یاسا گشتگیرانه بوون که به مه‌به‌ستی دیاریکردنی ڕێڕه‌وی دانوستان و ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی و دیپلۆماسی جێگیر و نه‌گۆڕ، بوون. ئه‌گه‌رچی وه‌ک له سه‌ره‌وه نموونه‌م هێنایه‌وه، پێگه و پێشینه ده‌توانێت ڕۆڵ له‌م لادانه‌دا بگێڕێت، وه‌ک چۆن چه‌ند ساڵ پێش ئێستە له دیداری ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی سه‌رۆک کۆماری پێشووی کۆچکردووی ئێران له ڕووسیا، ڤلادیمی‌ر پووتین به مه‌ودایه‌کی دوور و له‌سه‌ر مێزێکی درێژ له‌و دانیشت و به‌ده‌م دیداری دیپلۆماسییه‌وه بنێشتی ده‌جووی! دیاره ئه‌مە به‌پێی پێگه‌ی پووتین په‌یام و هه‌ژموونی خۆی ڕاگه‌یاندووه و میدیای ئێرانیش هه‌وڵی داوه پینه‌وپه‌ڕۆی بکات و به شتێکی باشیشی وه‌سپ بکا، به‌ڵام له میدیای جیهانیدا شه‌پۆلێکی زۆر له گاڵته‌جاڕی و لێکدانه‌وه‌ی ته‌نزاویی بۆ دۆخی ئێران و سه‌رۆکەكەی له‌و دیداره‌ی پووتیندا هاته کایه‌وه.
به چاوخشاندنێکی خێرا به ده‌رکه‌وتنی میدیایی باڤڵ تاڵه‌بانی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی نیشتمانی، کۆمه‌ڵیک هه‌ڵسوکه‌وت و جموجووڵ ده‌رکه‌وتن، نه‌ک ته‌نیا له چوارچێوه‌ی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی، به‌ڵکوو له چوارچێوه‌ی عورفی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریشدا ناتوانین پێناسه‌ی بۆ بکه‌ین. نموونه‌ی یه‌که‌می ده‌رکه‌وتنی دیاری ئه‌م که‌سه چه‌ند ڕۆژ پێش ناپاکیی 16ی ئۆکتۆبه‌ر له که‌ناڵی کوردسات بوو که به زمانی ئینگلیزی باسی ئه‌وه‌ی کرد ده‌بێت کورد خۆی ڕاده‌ستی به‌غدا بکات و ئه‌وه‌ی دیمان دیمان، چۆن کوردستانیان فرۆشت! ورده ورده باڤڵ له‌گه‌ڵ ئامۆزاکانی واته خێڵی جه‌نگی و هه‌ندێ که‌سی سه‌ربازی تا ڕووداوه‌کانی هه‌شتی ته‌مووز زیاتر و زیاتر ده‌رکه‌وت و ئه‌وه‌ی بینیمان قیڕه قیڕ و پێکه‌نینی سه‌یر و ناشاز له میدیاکان و هاوار و هه‌ڕه‌شه و پاڵ پێوه‌نان بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له لێدوان و قسه‌کردنیشدا به ڕوونی دیارە زمانه کوردییه‌که‌ی نه‌ک ته‌واو نییه، به‌ڵکوو ناتوانێت ئه‌و شته‌ی مه‌به‌ستێتی بیگه‌یه‌نێت.
له دیداره‌که‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود پزیشکیان سه‌رۆک کۆماری ئێران، کۆمه‌ڵێک گرته ڤیدیۆیی بڵاو کرانە‌وه، یه‌کیان گرته ڤیدیۆیه‌کی کورته که نازانین ئه‌م که‌سایه‌تییه له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی که له ته‌نیشت پزیشکیانه کاره‌با لێی داوه یان جۆره پێکه‌نینێکی هیستریایی ده‌روونی گرتوویه‌تی یاخۆ شاگه‌شکه بووه؟ هه‌رکام له‌وانه بێت، خوێندنه‌وه‌ی ڕای گشتی و ڕۆژنامه‌نووسان وه‌ها ده‌یخوێننەوە: که‌سێک که دێته سه‌ر خوانی حازری ناتوانێت حورمه‌تی خۆی و خوانه‌که بگرێت، چونکه نه خوانی بینیوه و نه خوارده‌مه‌نی!
ئه‌م دۆخه خۆبه‌که‌مزانه له ڕاستیدا بۆ که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک ئه‌و سروشتییه، چونکه هیچ پێشینه و ئه‌زموونێکی له‌و بواره‌دا نییه، کاتێک منداڵێک له شاشه‌وه یاریزانێکی ناوداری تۆپی پێ ده‌بینێ، له خه‌یاڵی بینینیدا ده‌ژی و کاتێکیش له نزیکه‌وه ده‌یبینێت ڕه‌نگه شاگه‌شکه بێت، یان ته‌نانه‌ت بببوورێته‌وه (ئه‌مه له حاڵێکدایه ڕه‌نگه ئه‌م یاریزانه ته‌نیا ناودار بێت و به‌س، نه‌ک یاریزانێکی لێزان و لێهاتوو بێت)، ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌یە که به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی تێیدا ده‌ژی و له هه‌ر دانیشتنێک له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه ساده و ئاساییه‌کان یا فه‌رمی و پله‌باڵاکاندا، خۆی ده‌کات به بابه‌تی گاڵته‌جاڕیی میدیا و ڕابواردن! هیوادارم خۆی چه‌ند خوله‌کێک هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌و ڤیدیۆیانه بکات و بزانێت چ عه‌یبه‌یه‌که.
هه‌ڵبه‌ت وا ده‌زانم ئه‌و عه‌یبه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه، چونکه له به‌رنامه‌ی گه‌شتی که‌ناڵ هه‌شت که شێخ جه‌عفه‌ر میوان بووه، باڤڵ کۆمێنتێکی نوسیوه و داکۆکی له برایه‌تی و براگه‌وره‌بوونی شێخ کردووه، بابه‌تی پێکه‌نیناوی و گاڵته‌جاڕانه ئه‌وه‌یه له کاتی نووسینی کۆمێنته‌که‌وه تا ئێستە هه‌موو هه‌واڵ و شیکاریی و کاته‌کانی که‌ناڵ هه‌شت ته‌رخان کراوه به‌و کۆمێنته!
سه‌ره‌ڕای ناباوی و گاڵته‌جاڕیی ئه‌م میتۆده، ئه‌مه ته‌کنیکێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و عه‌یبه‌یه‌ی دانیشتنی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئێران کپ بکرێته‌وه و هێنده خه‌ڵک چاوی لێ نه‌کات! هه‌ربۆیه به‌پێی دواڕاگه‌یاندنی که‌ناڵ هه‌شت، کۆمێنته‌که‌ی باڤڵ بۆ شێخ جه‌عفه‌ر، بووه به ترێند له سۆشیاڵ میدیادا!
پێم وایه له دوای هاتنی جەی گارنه‌ر و برێمه‌ره‌وه بۆ عێراق و کوردستان، نوکته و لوغز له‌مه پێکه‌نیناویتر و گاڵته‌جاڕانه‌تر به‌رهه‌م نەهاتووە!