مه‌نسوور یاقووتی نووسه‌ری كوردی کرماشانیی فارسینووس، کۆچی دوایی کرد. ئه‌م نووسه‌ره له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی ناوچه‌ی سونقور و کولیایی سه‌ر به پارێزگای کرماشان بوو. ئه‌و ناوچه‌یه له ڕووی نه‌ریتی زاره‌کی و به‌یت و باو و گۆرانیی فولکلۆره‌وه ئەوەندە زه‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌نده، ئێسته‌ش هێنده‌ی تێدایه به ده‌یان وتار ئاوڕی لێ بدرێته‌وه، ئه‌مه‌م بۆیه باس کرد تا بێمه سه‌ر دۆخی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی وه‌ک یاقووتی، عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان و ده‌یانی تر که به زمانێک جگه له زمانی دایکی واته کوردی، نووسییان و به‌و هۆیه‌وه ده‌یان ڕه‌خنەی ڕه‌وا و ناڕه‌وایان ئاڕاسته کراوه.
به‌ر له‌وه‌ی ئێمه ڕه‌خنه له‌و نووسه‌رانه بگرین، ده‌شیت دۆخی ئه‌م نووسه‌رانه بێنینه پێش چاوی خۆمان، دۆخی کوردبوون له ئێران و ئه‌و سیاسه‌تی پاکتاوکردن و تواندنانه‌وه‌یه‌ی لە پێش کۆماری ئیسلامییه‌وه تا ئه‌م چرکه‌ساته به تاکتیک و ستراتیجی جۆراوجۆره‌وه په‌یڕه‌و کراوه و ده‌کرێت. به پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی، ڕژێمی شا زۆر لاری له‌وه نه‌بوو زمانی کوردی له هه‌ندێ ئاستی بچووکدا کاری پێ بکرێت، دیاره ئه‌مه‌یش فیگه‌رێکی فاشیستیی سیاسیی ئه‌و ڕژێمه بووه و ناتوانین وه‌ک خاڵێکی ئه‌رێنی چاوی لێ بکه‌ین، به‌ڵام تایبەت به کۆماری ئیسلامی، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت، ڕه‌نگه هه‌نگاوێک له پێشتر بووبێت، به‌و مانایه‌ی ڕژێمی شا هاوکات که ئازادییه‌کی به‌ربڵاوی به زمانی کوردی و هونه‌ری کوردی نه‌ده‌دا، به‌ڵام پشتگیریی له شۆڕشی کوردی له باشوور کرد و دواتریش خیانه‌تی لێ کرد. ئه‌مه دیمه‌نه سه‌رانسه‌رییه‌که‌ی ڕژێمی شایه بۆ کورد له هه‌موو ناوچه‌که له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
ئه‌م به‌راورده بۆیه ده‌که‌م تا تێبگه‌ین ئه‌گه‌رچی کۆماری ئیسلامی بواری به هه‌ندێ ناوه‌ندی فێرکاریی ناحکوومی زمانی کوردی داوه، به‌ڵام کوردبوون لای ئه‌و شتێکی ڕه‌تکراوه و بڤه‌یه، زمان بۆ ئه‌م سیستمه سیاسییه وه‌ک ئه‌و هێزه کاریگه‌ره‌یه که ده‌شێت ڕۆژێک له ڕۆژان جیۆگرافیای ئێران دابه‌ش بکات! زمانی کوردی ئه‌و ناوه‌نده به‌رخۆدان و خۆڕاگره بووه، نه‌ک ته‌نیا شانی له شانی زمانی فارسی به‌و پێشینه و مێژووه دێرینه‌وه داوه، به‌ڵکوو له‌م ساڵانه‌دا به‌هۆی تۆڕه‌یلی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ڕیانی ئازادی زانیاریی له ئاستی ڕۆشنبیری و ئه‌کادیمی و زانکۆییشدا، هه‌ندێ سنووری سه‌پێنراو و باوی تێپه‌ڕاندووه و ئه‌و مه‌ترسیه‌ی که فارسزمانه‌کان به‌هۆی زمانی کوردیی هه‌ستی پێ ده‌که‌ن، هه‌ستی پێ ده‌کرێت، هاوکات ئه‌م هه‌ستکردنە به مه‌ترسییه‌ی ئه‌وانیش ده‌شێت ختووکه‌ده‌ری پلاندانه‌ران و پیلانگێڕانی سیاسی و کولتوورییان بێت، دژی زمان و بوونی کوردی له ئێران.
ئه‌مه ئه‌و دۆخه سیاسییه بووه که نه‌ک ته‌نیا نووسه‌رانی وه‌ک یاقووتی که دوو سیستمی سیاسی‌یان ناسی و تێیدا ژیان، به‌ڵکوو نووسه‌رانی دیکه‌ی کوردی فارسینووس تێیدا ده‌ژین و ئه‌و ڕێچکه ناڕه‌سه‌ن و ناکوردییه درێژه پێ ده‌ده‌ن. ئێمه نابێت له هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسه‌رانی وه‌هادا ده‌مارگرژ و ڕادیکاڵ بین، واته ئه‌و نووسه‌رانه‌ی کورد بوون، یاده‌وه‌ری و نه‌ستێکی کوردانه‌یان بوو، به خه‌یاڵدان و فولکلۆری کوردی باڵایان کرد، به‌ڵام دواجار به فارسی نووسییان. چونکه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی به‌سه‌ر زمانی کوردی‌دا سه‌پێنرا بوو، به‌رپرس و تاوانباری یه‌که‌مه و دواجار زۆرینەی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی کوردن و به فارسی ده‌نووسن و نووسییان، له‌ناو داڵغه و که‌ڵکه‌ڵه کولتووری و سیاسی و ستاتیکییه کوردستانییه‌که‌دا ژیاون و شوێنپێشی به زۆری یا به که‌می، له به‌رهه‌مه‌کانیاندا دیاره.
به‌ڵام ئایا ئه‌مه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئیتر با نووسه‌رانی دیکه‌ی کوردی فارسینووس، به‌رده‌وام بن و خزمه‌ت به وشه و زمان و داهێنان له‌ناو زمانی فارسی‌دا بکه‌ن؟
بێگومان نه‌خێر. ئێسته وه‌ک جاران نه‌ماوه، سنووره‌کانی فێربوونی زمان به‌گشتی و ته‌قینه‌وه‌ی زمانی کوردی لە چاو چه‌ند ده‌یه پێش ئێسته، هه‌ر به‌راورد ناکرێن، هوشیاریی سیاسی و شوناسمه‌ندانه‌ی کورد به نیسبه‌ت ساڵانی پێشووتره‌وه ده‌یان هه‌نگاو له‌پێشه، بۆیه ده‌توانین بڵێین نووسه‌رانی ئێسته‌مان ئیتر پاساوێکی ئه‌وتۆیان نییه به زمانێکی تر جگه له کوردی بنووسن!
هه‌رچه‌ند من به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها ناتوانم له باتی ئه‌م نووسه‌رانه قسه بکه‌م و بژارده‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنم، به‌ڵام هاوکێشه‌که به‌م شێوه‌یه‌یه، ئه‌وان بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێت له‌ناو کو‌لتوور و خه‌یاڵدانی کوردی‌دا باڵایان کردووه، باشتر و شایسته‌تره هه‌ر ئه‌و کولتووره به زمانی داهێنان و ئه‌ده‌بی کوردی بگێڕنه‌وه، به‌م شێوه‌یه ئه‌و شته‌ی له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا کوردایه‌تییه، له ئاسته نڤیساریی و ئه‌ده‌دبییه‌که‌یدا ده‌بێت به کوردبوون و لاپه‌ڕه‌کانی ناسنامه‌ی ئێمه زه‌نگینتر ده‌کەن.
پێویست به ئاماژه ناکات، ئێسته به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی ده‌زگای میدیایی و فه‌یکنیوزی ئێرانی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خه‌ریکی شێواندن و به لاڕێدابردنی مێژوو و زمان و کولتووری کورد بوو و ئێمه‌یش هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان نه‌بوو، ئێسته وا نه‌ماوه، هوشیاریی دروست بووه و هاوکات به‌ره‌نگاریش به‌رده‌وامه و زمانی کوردی بووه به بڕا‌ندێکی جیهانی جوانیناسی و ئه‌ده‌ب و ده‌بێت ئه‌و نووسه‌رانه سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن و له ژێر هه‌ژموون و خه‌رمانه‌ی فارسی بێنه ده‌ره‌وه.
ئایا کێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه زمانی کوردی به شێوه‌ی فه‌رمی و فێرکارییه‌کی چڕوپڕی ڕێکخراو نازانن؟ ئه‌م پاساوه بۆ نووسه‌رێک ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه په‌سندی بکه‌ین، بۆیه ده‌بێت باس له سه‌رده‌مێک بکه‌ین که ئیتر زمانی کوردی ته‌وه‌ر و چه‌قی گێڕانه‌وه‌ی نووسه‌رانی کورد بێت، تا پیرۆزیی شوناس و کوردبوون بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که چه‌ند سه‌ده‌یه غه‌در و سته‌می لێ ده‌کرێت، له ئاستی زمانه‌که‌یشیدا بنوێنینه‌وه.