قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن تەوری برای داریش هەیە!

AM:10:33:15/01/2025 ‌
ئەو دێڕە شیعرەی مامۆستا عەبدوڵا پەشێو کە نزیکەی دوو دەیە زیاترە نووسیویەتی، ئێستە و ڕەنگە بۆ دەیان ساڵی تریش لانیکەم تا ئەوکاتەی کورد لەژێر پۆستاڵی داگیرکاریی داگیرکەر و نەگیرسیی سایکس-پیکۆ و لۆزان دەربازی دەبێت، هەر ڕەوا و دروست بێت. ئەمە لە ڕووە سیاسییەکەیەوە، لە ڕووی واقیعی ڕەمزی و هێمایینی نێوان دوو جەمسەری خۆت و ئەویتر کە من و داگیرکەر بین، یان من و داگیرکەری ئێستە و دراوسێی داهاتوو بین، هەر ڕاست و تەواوە.

سەرنجی ئەو دێڕە شیعرە بەرەو ئەو قسە نەستەقە کوردییەمان دەباتەوە کە دەڵێت: تەور ئەگەر کلکی لە دارەکە نەبێت، دار نابڕێتەوە. ئەمە هەمان فەلسەفەیە کە لە شیعرەکەی پەشێودا بە زایەڵەیەکی کوردانە و لە سیاقی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەیار و ئەویتری داگیرکەردا هۆنراوەتەوە.

ئەگەر بڕێک زیاتر ورد بینەوە، بۆمان خۆیا دەبێت تەور و دار یەکیان لە ئاسن یان هەر جۆرە کانزایەکی ڕەق دروست دەبێت و دەسکردنی زەمەنی پێشکەوتن و گەشەی مرۆڤە، و دار کە بە شێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی و ئەفسانەی داهاتنی گۆی زەوی و ئافراندن لە درەخت یان دارەوە دەستی پێکردووە، هیچ پێوەندییەکی جەوهەری و ئۆرگانییان پێکەوە نییە، باسەکە لێرەدا کلکی تەورەکەیە، واتە ئەو بەشەی سەربە ڕەگەزی درەختە، بەڵام دەسک و بەکارهێنراوی تەور و تەوروەشێنە. 

ئەمە بە شێوەی ڕەمزی پێمان دەڵێت، لقێکی وشکی درەختێک یان پارچەیەکی تەڕی کە لە ڕێگەی مرۆڤەوە بڕاوەتەوە و دواتر بووە بە بەشێکی سەرەکیی لە تەور، دەتوانین بە خائین یان وەک کورد دەڵێ، هەمان پواز لە قەڵەم بدەین. ئەمە حیکایەتی کلک و تەور و دارە. ئەم دیمەنە بەداخەوە لە مێژووی ئێمەدا نەک تەنیا نامۆ نییە، بەڵکوو داینەمۆیەکی ئاشنای کوشندەیە کە بەردەوام باڵاکردنی درەختی خەونەکانی ئێمەی بەرەو ئاسمان قەمچ کردووە و بریوەتەوە. بەڵام لە شیعرەکەی پەشێودا بابەتەکە ڕەهەندی خۆماڵی و ناوخۆیی نییە، هێندەی ڕەهەندی سیاسی و مرۆیی بە بارە ماکیاڤیلیستییەکەی هەیە. 

قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن ماری شیرین ژاریش هەیە 
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن تەوری برای داریش هەیە و...

بێگومان ئێمە دەتوانین لە هەر دوو قۆڵی ناوخۆیی و خۆماڵی و هەروەها دەرەکی و دژەخۆیی، قسە بکەین، بەڵام مەبەستی من لێرەدا، وڵاتانی داگیرکاری کوردستانە. مەبەستم عێراقێکە کە دەتوانێت ملیاران دینار بۆ دژایەتیی پێشکەوتن و گەشەی کوردستان تەرخان بکات، بەڵام هاوکات بە چەند سەت ملیۆن دینارێك یا زیاتر و زۆرتر تەگەرەی گەورە لە بەردەم مووچەی خەڵکی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی و حوکمڕانیی کوردستاندا دروست دەکات! ڕاسییەکەی ئەم باسە هێندە کراوە ناخۆش و بێزلێهاتووە. 

درێژەدانی ئەم پیلانە لەلایەن عێراق یان پرۆکسییەکانی ئێرانەوە، کاتی خۆی بۆ ئەوە دروست نەکرا هەر لە بنەوەڕا خەڵکی کوردستان نەتوانن نان بخۆن، ئەمە لە سەردەمی ئێستەدا هەر ناکرێت، بەڵکوو بەو مەبەستە بوو قەڵشتێکی گەورە بخەنە نێوان حوکمڕانیی کوردی و خەڵکی کوردستانەوە و لەو ڕێگەیەوە بەهاکانی نیشتمان و خاک و کوردایەتیی کاڵ بکەنەوە. لە ڕاستیدا کاتێک باوکێک بە پینە و چرچ و لۆچی دەستەکانییەوە دێت و گلەیی لە دۆخی ئابووری دەکات، من قەت لۆمەی ناکەم، ئەم هاوزمان و هاونیشتمانییەمان بە خەنجەری دوژمن بریندارە، بەڵام بە دەستی ناوەخۆ برینەکەی لێ کەوتووە و ئەویش وا دەزانێت سەتا سەت خەتای دەستەکەیە، نەخێر لێرەدا ئەو خەنجەر/تەورە، ڕۆڵە سەرەکییەکە دەگێڕێت با دەستی ناوخۆیی (کلکی دار)یش هاریکاری بووبێت، گرینگ ئەو نیازە گڵاوەیە کە خەنجەر و تەوری بۆ دادەهێنرێت. دیارە لەم سیاقەدا باسەکەب من لەسەر بنەمای ڕەمز و نیشانە هێماییەکانە. 

بەپێی هەموو یاسا و پێوەرێک، هەم دادگای فیدراڵی و هەم حکوومەتی عێراق، غەدریان لە کورد کردووە، بەڵام بۆچی باجەکەی دەبێت خەڵکی کوردستان و حوکمڕانیی کوردی و لەوەیش زیاتر بەها باڵاکانی نیشتمان و خاک و وڵات بیدەن؟ ئەگەر چاو لە نوانەی نەخشەکە بکەین، تێدەگەین عێراق مەبەستی چییە، ئەو یەکێک لە وڵاتە گەندەڵ و هاوکات دەوڵەمەندەکانی جیهانە، ئەوە جگە لەوەی هاوپەیمانان مانگانە و لە کاتە ناسك و پێویستەکانیشدا بە فڕۆکە دۆلاری بۆ دەنێرێن، کەواتە بۆچی لە خۆمان و دەسەڵاتی گەمارۆدراوی خۆمان تووڕە بین کاتێک دەزانین تەور هەر تەورە؟ 

ئێستە پرسیار دەکەم لە عێراق، دەسکەوتی ئەو هەموو داهاتە نانەوتی و نەوتییانەی خۆی، ئەو هەموو گرێبەستە سەیروسەمەرانە، ئەو هەموو پێوەندیی ئابووری و بازرگانییە، بۆ کوردستان چی بووە ئەگەر عێراق فیدراڵییە؟ بۆچی پرۆژەی ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر جیۆگرافیای کوردستانی پێچ داوەتەوە و هەر لە بنبەستمانەوەی کوردستان لە چاوی سەردەمی ئێستەدا مکوڕ و پڕ وزەن؟ ئێستە کە سەرۆک وەزیران بە سەردانێک ڕۆشتووەتە بەریتانیا و ئەو ڕێککەوتنەی بە گوژمەی 12 پۆینت سێ ملیار جونەی ئیسترلینی کردی، چ دەسکەوتێکی بۆ کوردستان دەبێت؟ ئەگەر ڕوونتر و یاساییتر بیڵێم ئایا ئەمە ڕێکەوتنە لە نێوان عێراقی عەرەبیی شیعە لەگەڵ بەریتانیا یان ڕیکەوتنە لە نێوان عێراقی فیدراڵی و بەریتانیا؟ لە کام یەک لەو پرۆژە ئابوورییانەی عێراق کوردستان هەژمار کراوە؟ 

ئەمانە چەند پرسیارێک نین خەڵکی کورد نەیزانێت، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە لە یارییەکی میدیای و سیاسیدا خۆڵمان دەکەنە چاو، تا گێرەشێوێنی و ئاستی بێڕەحمی و دڵڕەقیی بەغدا نەبینین کە ئێستە تەنانەت لەو سەردەمەی هەشتاکان کە سەدام هاتە سەر دەسەڵات، دەیان قات زیاتر دەوڵەمەندترە! ئەمەیە حیکایەتی ماری شیرین ژار و تەوری برای دار و هەروەها قەحبە!