یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانیی که سەرەتای ئەم مانگە له هه‌ولێر و به ئاوایه‌کی به‌رفره و ئاماده‌بوونی لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات و باشوور) و لایه‌نه بیانی و نێوده‌وڵه‌تی و عێراقییه‌کان و که‌سایه‌تییه هونه‌ری و هزری و مێژووییه‌کان، به‌ڕێوه چوو، جووڵه‌یه‌کی گرنگی تر له هه‌ژموونی زیاتری کوردستان و هه‌ولێری پایته‌ختی پێشان دا و ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی سه‌رۆک بارزانی و گوتاری یه‌کگرتن هه‌م عێراق، هه‌م ئێران، تورکیا، سوریا و هه‌میش وڵاتانی ده‌ره‌وه و به تایبه‌تی کوردستانی گه‌وره‌ی کرده به‌رده‌نگ.
جیا له‌وه‌ی کردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانیی هه‌نگاوێکی مه‌زنە له‌پێناو پته‌وکردنی یاده‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت و پارچه پارچه‌کراو، گوزارشتە له دەسان ساڵ خه‌بات و کۆڵنه‌دانی بارزانیی نه‌مر و یاوه‌رانی هه‌میشه وه‌فاداری، له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی هه‌رێمی و نێودەوڵەتیی و له بازنه‌ی گوتارێکی کوردستانیی ڕه‌سه‌ن و بێخه‌وشدا ده‌خوێنرێته‌وه.
یادگه‌که خۆی و ڕۆژانی کردنه‌وه‌ی مه‌کۆ و شانۆی خستنەڕووی یه‌کگرتن و یه‌کگرتوویی و به‌هێزیی و شکۆی کوردانه و کوردستانیی بوو، هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تییه جۆراوجۆره ناکوردانه‌ی لەوێ بوون و ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌ی وتاریان پێشکه‌ش کرد (جگه له سه‌رۆک بارزانی و سه‌رۆک کۆماری عێراق که کوردن)، دان پێدانان و سه‌رده‌وانه‌واندنێکی گه‌وره بوو بۆ بوونی نه‌ته‌وه و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لی کورد به ڕێبه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، ئه‌مه خۆی ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌یه، به‌ڵام به مانای ئه‌وه نییه ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت عێراقیش که سه‌رۆک وه‌زیرانه‌که‌ی ده‌سپێشخه‌ر و ڕچه‌شکێنی کۆمه‌ڵێک کار و هه‌نگاوی باش بووه بۆ مافه‌کانی کورد له‌م دواییانه‌دا، (که بێگومان مافی گه‌لی کوردستان خۆیه‌تی، به‌ڵام بوێریی و ڕچه‌شکێنی ئه‌ویشی تێدایه)، به ئاسانی له‌گه‌ڵ کیان و بوونی ئێمه‌دا ڕادێن و بیر له هیچ پلان و پیلانێک ناکه‌نه‌وه.
جیاواز له‌وانه، له یادگه‌که‌دا یه‌کێک له‌و شتانه‌ی له بازنه‌ی گوتاری کوردستانی‌دا وه‌ک خاڵ و ده‌رکه‌وتن و ڕووداوێکی گرینگ ده‌بێ سه‌رنجی بده‌ین، ئاماده‌یی و بانگهێشتی که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو، واته ئه‌و هێزانه‌ی دژی کۆماری ئیسلامیی و ده‌سدرێژی و داگیرکارییه‌کانیان سالانێکه خه‌بات ده‌که‌ن و ئێسته له باشوورن.
وه‌ک له هه‌واڵه‌کاندا بینیمان شاندی ئێرانیش وه‌ک شاندەكانی تر بانگهێشت کرابوون و ئه‌وان به بینینی که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (به وته‌ی خۆیان) ڕێوڕه‌سمه‌که به‌جێ دێڵن و دواتر له ڕێگه‌ی میدیای سوپای پاسدارانه‌وه ده‌ست ده‌که‌ن به چه‌واشه‌کاری و تۆمه‌تبەخشینەوە له هێزه کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور.
هاوکاریی و پێوه‌ندیی نێوان حزبی دیموکرات و پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژوویه‌کی هه‌یه و ڕه‌نگه بتوانین تا سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و بوونی بارزانیی نه‌مر وه‌ک سەر‌کرده‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، بیگه‌ڕێنینه‌وه و له ڕێگه‌ی ئه‌و دواجار بینینه‌ی پێشه‌وا قازی و بارزانیی نه‌مر و پێدانی ئاڵای کوردستان وه‌ک ئه‌مانه‌تێکی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی به چڕی و زه‌قی و دره‌وشاوه‌یی یاد بکه‌ینه‌وه.
له‌م قۆناغه‌دا که کۆماری ئیسلامی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌یان جار هێرشی مووشه‌کی و درۆنی کردووه‌ته سه‌ر باره‌گاکانی حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌م ڕێزلێنانه و له پێشه‌وه‌دانانی که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، گورزێکی كاریگەریی نه‌رم بوو له ده‌می کۆماری ئیسلامیی ئێران و لێدان له‌و ملهوڕی و که‌ڵه‌گایی و کاره تێکده‌رانانه‌ی کۆمار و سوپای پاسداران له عێراق و ناوچه‌که و هه‌روه‌ها نمایشکردنێکی بێوێنه‌ی مێژوویی یه‌کگرتنی کورد و کوردستان بوو که تاقه ڕاز و سیحری سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌یه.
لێره‌دا پاشه‌کشێ و چۆڵکردنی نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه که بڵێین ئه‌و قه‌یرانانه و ئه‌و ڕابوون و شۆڕشه‌ی ئێمه به ناوی شۆڕشی "ژینا"وه ده‌یناسین و زیاتر له هه‌شت مانگه به‌رده‌وامه، ده‌ستی هێزه کوردییه‌کانی له پشته و ئه‌وان به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێت دیسان به کرده‌یه‌کی نواندن ئەوە ڕابگه‌یه‌نن که ئەوان له ناوخۆ کێشه‌یه‌کی وایان نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانه، له حاڵێکدا واقیعی بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که ساڵانێکی زۆرە هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ڕێزلێنان له ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی کوردستان، هیچ چالاکییه‌کی کرده‌یی و چه‌کدارییان نه‌بووه و ئه‌وه‌ی هه‌بووه چالاکی کولتووری و میدیایی و سیاسیی به شێوه‌ی نه‌رم بووه، بۆیه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی کۆماری ئیسلامیی دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه:
ڕه‌هه‌ندێکیان چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتیی جیهانی بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت کورد له پشتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ناوخۆی ئێرانە، به‌مه‌ش هه‌ر خۆی زه‌ره‌ر ده‌کات و کێشه و دۆزی کورد زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و ڕه‌هه‌ندەكەی تریشیان هه‌ر به ڕاستی له‌و یه‌کگرتوو و یه‌کانگیرییه‌ی کورد تۆقیون.
ئه‌وه‌ی مێژووی کوردی تۆزێک خوێندبێته‌وه، ده‌زانێت له هه‌ر قۆناغێکدا یه‌کگرتوو و یه‌کانگیر بووه، هێزی دوژمن شکستی گه‌وره‌ی خواردووه و کورد به لانیکه‌می تفاق و توانای جه‌نگییه‌وه به‌سه‌ر هێز و له‌شکری پڕچه‌ک و زۆروزه‌وه‌ندی دوژمن‌دا زاڵ بووه. نموونه‌ی شه‌ڕه‌کانی بارزانیی نه‌مر و شکستی گه‌وره‌ی لیواکانی به‌عس له چه‌ندان شه‌ڕدا، گه‌واهیده‌ری هێزی یه‌کگرتن و یه‌کگرتوویی کوردن که له شۆڕشی ئه‌یلوول و خه‌باتی بارزانیی نه‌مردا گه‌یشته چڵه‌پۆپه و لووتکه‌ی خۆی.
ئه‌م یه‌کگرتووییه‌ی هێزه کوردستانیه‌کانیش له یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی، مانیفیستێکی مێژوویی و ده‌رکه‌وتنێکی تۆقێنه‌ر و بوێرانه و به‌هێزه و هه‌ر ئه‌مه‌یش وای کردووه تاران بکه‌وێته جموجووڵ و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن و ته‌نانه‌ت لادانی عه‌لی شه‌مخانی له پۆستی سکرتێریی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران و دانانی عه‌لی ئه‌کبه‌ر ئه‌حمه‌دیان له جێگه‌که‌ی، دوشێت له هه‌مان چوارچێوه‌دا بخوێنرێته‌وه، چونكە پێشتر عه‌لی شه‌مخانی بۆ پیلانگێڕی دژی کورد و هێزه کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، بۆ ڕێکه‌وتنێک ڕۆشتبووه به‌غدا و دیاره نه‌یتوانیوه له هه‌مبه‌ر ئیراده‌ی کورد هیچ سه‌رکه‌وتنێک به‌ده‌ست بێنێت، بۆیه تاران سه‌ره‌تاکانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی پێوه دیاره که ئه‌مجاره‌یش هه‌ر له‌لایه‌ن هێزی کورد و دۆزی کورده‌وه به‌ره‌و ڕووی بووه‌ته‌وه.
ده‌سکه‌وته‌کانی یه‌کێتی و یه‌کگرتن و گوتاری کوردستانیی، زۆر زیاترن له‌وه‌ی ئێمه وێنای بکه‌ین و کاریگه‌ریی و به‌هێزیی زۆر له‌م یه‌کێتییه‌دا مسۆگه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه‌یش به ئیراده‌ی هێزی سیاسیی کورد له هه‌ولێر و حیکمه‌ت و کاریزمای سه‌رۆک بارزانی هاتووه‌ته ئاراوه.
یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی، هه‌م خۆی له خۆیدا دنیایه‌ک خاڵی ئه‌رێنی و خێر بوو، هه‌م لێكەوتە و کاریگه‌رییه‌کانیشی سه‌ره‌تایه‌کی نوێیه بۆ پاشه‌که‌شێ به‌و دوژمن و داگیرکه‌رانه‌ی سه‌تان ساڵه له‌سه‌ر خاکی باوباپیرانمان هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ده‌که‌ن و زوڵمیان کردووه.