عێراق تا ئێستەیش وەك دوژمن سەیری كوردستان دەكات، بۆیە ئامادە نییە ئەو بڕگەیە لە مادەی 14 لابدات كە دەڵێت: لە كاتی بوونی كێشە، شایستە داراییەكانی هەرێم رادەگیرێت. گرژییەكەی شەوی رابردووی پەرلەمانیش كە كوردەكان دروستیان كرد جگەلە یەكێتی، هەر لەسەر ئەو بڕگەیە بوو، نەك ئەوەی میدیای یەكێتی باسی دەكات كە گوایە لەسەر پاشەكەوتی مووچە بووە.
بڕگەی بڕینی بودجەی كوردستان وەك مەرج لە بودجەدا، نیەتپیسی چەند لایەنێكی عەرەبی عێراقە كە بەردەوام بیریان لای ئەوەیە میلەتی كوردستان بە سزای دارایی برسی بكەن، ئەگینا ئەگەر ئەوان وەك دەوڵەتی فیدراڵی بیر بكەنەوە، دەبوو خۆیان قبوڵ نەكەن باسی بڕینی بودجە هەر لە یاساكەدا هەبێت، بەو پێیەی بودجە هی وڵاتە و هەرێمی كوردستانیش بە داهاتی نەوت و نانەوتی بەشدار دەبێت تێیدا، بەڵام ئەوان بە تەواوی نیەتپیسی خۆیان مومارەسە دەكەن كە چاویان لە بچووككردنەوەی كوردستان و راگرتنی پێشكەوتنەكانیەتی.
بەگوێرەی هەڵوێستەكان یەكێتیش چووەتە پاڵ ئەو نیەتە و لەگەڵ گۆشەگیركردنی كوردستاندایە، هەر لێرەشەوە دەردەكەوێت كە بەغدا چەند دوژمنانە بیر لە كوردستان دەكاتەوە، بۆیە كاتێك حكوومەتی هەرێم داوای گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی بە رێژەی سەتا سەت كرد، تەنانەت رازیبوو ئەگەر بە قەرزیش پارەكە بدەنە كوردستان، بەڵام بە دەقێكی یاسایی لە بودجەدا بنووسرێ، ئەو بڕە پارەیە بۆ پاشەكەوتی مووچەیە، یەكسەر رەتیان كردەوە و تەنانەت ئەو بڕگەیەشیان لابرد كە وەك بۆمب بۆ بەگژدادانی خەڵكی كوردستان بە بودجەدا دایاننابوو بەناوی "گەڕاندنەوەی 10%ی پاشەوكەوتی مووچە". باشە تۆ كە چاوت لەوەیە لە هەر كێشەیەكدا تێكڕای بودجەكە ببڕیت وەك لە مادەی 14دا وەك بۆمب دانراوەتەوە و كوردەكان جوامێرانە نەیانهێشت دەنگی پێ بدرێ، ئیتر چۆن دەتەوێ 10% پاشەكەوت بدەیتەوە.
سەیر لەم كەینوبەینەدا نەمانی حەیایە لای یەكێتی، وەك پەرلهمانتارانی كورد لە عێراق دووپاتی لێ دەكەنەوە، گرژییەكەی ناو كۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی بڕگەی بڕینی بودجەی هەرێم بوو، كەچی میدیای یەكێتی دەڵێ لەسەر پاشەكەوتی مووچە بووە.
وەك ئەوەی ئەوانەی شەو لە كۆبوونەوەكەدا بوون هەموو مردبن و تەنیا پەرلەمانتارانی یەكێتی مابن تا بە ئارەزووی خۆیان درۆ بكەن، باشە گریمان پارتی ململانێی هەیە و راستیی ناڵێ لەبارەی گرژییەكە، ئەی خۆ پەرلەمانتارانی تری حزبەكان و رۆژنامەنووسانی ناو هۆڵی پەرلەمان، هیچیان پارتی نین، ئیتر بۆچی پێتان وایە خەڵكی كوردستان گێلە و ئێوە دەتوانن حۆلی بكەن؟
ئەم روودارییە زۆر ناحەقییە ئەو حزبە دەیكات، لە كاتێكدا حەقبوو سەری خۆیان كز بكەن و دانیشن، دوای ئەوەی بۆمبەكانیان دژی نەتەوەكەیان پووچەڵ كرایەوە و خیانەتەكەیان سەری نەگرت، بەڵام وادیارە ئەو برادەرانە دەستیان لە هەموو شت بەرداوە و شعیرەكەی مامە شێخ بووەتە دروشمیان كە دێڕی یەكەمی دەڵێ:
پێستی ڕووی هێندە قایمە، شمشێری میسری نایبڕێ.