زایەڵەی گۆڕانکارییە ڕژدە جیۆپۆڵەتیکییەکانی ناوچەکە تا دێت زیاتر لە گوێمان دەزرینگێتەوە و لە باسوخواس و ئەگەری ڕووتوقووت دەردەچن. ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکانی پاش هەڵاتنی ئەسەد و ڕووخانی سیستمە ستەمکارە فاشییە بەعسییەکەی و هاتنەسەر کاری ئەحمەد شەرع و تڕۆبوونی هێزە پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی و پاشەکشەی ڕووسەکان، گۆڕانێکی بە تەواوەتی نوێی ناوچەکەن. تا ئێستەیش ناتوانین هیچ پێشبینییەک بۆ نەزمی تازە و چنینی جەمسەرە تازەکانی هێز لە هاوکێشە نوێکەدا بکەین، بەڵام دەزانین داهاتووی سووریا بەبێ یەکلاکردنەوەی پرسی کورد، داهاتوویەکی ئاسان و بێ چەڵەمە نابێت.
کورد لە سووریا ساڵانێکی زۆر و زەوەند لەناو پرۆسەی تواندنەوە و لە کوردخستن و تەعریب بووە، بە پێچەوانەی باشووری کوردستان کە هەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە بزووتنەوەی کوردی بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم پرۆژە فاشییە وەستاوەتەوە، کوردی سووریا لەگەڵ هەموو قوربانیدان و خەباتێک خاوەنی ئەم ڕووبەڕووبوونە چاو لە چاوە نەبووە، کوردی سووری ناسنامەیان بە شێوەیەکی مەرجدار دراوەتێ کە ئەگەر بێتوو عەرەببوونی خۆی قبووڵ بکات و ناسنامەکەی بەو جۆرە واژۆ بکات، تەنانەت مەزڵوم عەبدی خۆیشی ناسنامەكەی هەر بەو شێوەیە، ئەمە بەڵگەی ئەو پرۆسە فاشییەی بەعسیی سووری و ناسیۆنالیزمی جیهانی عەرەبی لە پشتییەوە بووە.
لەم پرۆسەیەدا ئەو کوردانەی ملیان نەداوە بۆ ئەو شوناسە ساختەیە و عەرەببوونیان قبووڵ نەبووە بەبێ هیچ ئیمکانیاتێکی مەدەنی و مافی هاوولاتیبوون لە سەختترین دۆخدا ژیانیان تێپەڕاندووە، ئەمە لووتکەی بەرگری و خۆڕاگریی ڕۆحی کورد بووە لە پانتایی گشتیدا کە وەک نموونە باسم کرد. دیارە ئەمە قەت بەو مانایە نایەت کورد لە سووریا خەباتێکی دیرۆکی و پێشینەداری نییە و کوردانی سووریا لە سەرخستنی پرۆژەی نیشتمانی و ڕزگارکردنی کوردستان ڕۆڵی گەورەیان نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەتوانین باسی کەسێکی وەک هۆمەر شیخ مووس بکەین کە لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکان و تەنانەت لە بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو لە حەفتاکانەوە تا کۆتایی نەوەدەکان و پاشان یەکێتی بە پیلان و لە تەنگپێهەڵچنین بە گوێرەی یاریکردن بە سایکۆلۆجیای بێگەرد و کوردانەی، دەستیان لە هەمانەكە دەركرد و بە دامەزراندنی لە ئێزگەی دەنگی کوردی ئەمەریکا، بۆ چەند ساڵ و هەندێ پارەی خانەنشینی و لەو بابەتە قەناعەتیان پێ کرد واز بێنێت.
ئەگەرچی هۆمەر خۆی لەو کەسایەتییانە بوو کە قەت دەرکەوتن و ڕێبەرایەتیی بەلاوە گرینگ نەبوو، دەتوانین بڵێین خۆی وازی هێنا، بەڵام ئەوانەی ئەملاش بە هەلهەلەوە خێرچوونیان پێ وت، هاوکات ئەگەر سەرنجی مێژووی یەکێتی لە زاری ئەوەوە بدەین، ئەستەمە نەگەین بەو قەناعەتە کە کەسی یەکەمی یەکێتی نەک مام جەلال یان نەوشیروان مستەفا پاش ئەو، بەڵکوو هۆمەر بووە، بەڵام ڕۆحی خاکەڕا و خۆنەویستانەی کوردانەی دووری گرت لە هەر جۆرە ململانێ و دووبەرەکییەک و گۆشەگیرییەکی کولتووری و کوردانەی هەڵبژارد.
ئەمە تەنیا یەک نموونەیە لە بەشداری کوردێکی خەڵکی عاموودای ڕۆژئاوای کوردستان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا. واتە کوردبوون لە ڕۆژئاوا ڕەگوڕیشەیەکی ڕەسەن و قووڵی هەیە و مەبەستی من لەو دێڕانەی سەرەتا ئەوەیە کە کوردی ڕۆژئاوا بە دەست بێگوتاریی یان تاکگوتارییەوە دەناڵێنێت و بووە بە قوربانیی چەندان دەیەی وەها گوتارێک. ئەو گوتارەیش هەموومان دەیزانین گوتاری ملهوڕی و زۆرەملێیانەی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
ئێمە بە حوکمی ئەندێشە و بیرکردنەوەوە ناتوانین هیچ دیاردەیەک لە گەردوون كەڕەتی سفر بکەین، بۆ حزبێکی سیاسیش ئەمە ڕاستە، با پەكەكەیش بێت، من پێشتریش وتوومە ئەم حزبە مێژوویەک لە خەباتی کولتووری و ڕاسانی لە نەوەدەکان بۆ خۆی تۆمار کرد و پاش ئەوە کەوتە ناو سیکل و سووڕانەوەیەکی پڕکێشە و خوێناویی کە تەنیا خوێنی ڕۆڵەکانی کوردی بۆ قوربانی کرا و هیچ دەسکەوتێکی نەبوو بۆ کورد.
ئێستە وەک لە سەرەتاوە وتم، گۆڕانکاریی بەڕێوەیە و زلهێزە یاسادانەر و یاساپەرستەکان! لە پشتییەوەن، پارتی کرێکاران لە لیستی تیرۆردایە، بە هەر بارێکدا چاوی لێ بکەین ئەم پارتە وەک بەشێک لە گۆڕانکارییەکان پێناسە نەکراوە، بەڵکوو وەک کێشەیەک لە هەمبەر گۆڕانکارییەکاندا دەبینرێت، ئەم حزبە خۆی گەورەترین بیانووە بە دەست تورکیاوە تا لە هەموو ئامرازە سیاسی و سەربازییەکانی کەڵک وەربگرێت و دۆزی کورد لە هەموو ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە، ئەگەرچی ئێستە خۆیشیان لە دۆخێکی لەرزۆکدان و سیگناڵی باشیان لەم گۆڕانکاریانە پێ ناگات، بەڵام باشترین و لۆجیکیترین ڕێگە ئەوەیە، کوردی ڕۆژئا لە ئەزموونی باشووری کوردستان هەم لە ڕووی گوتار و هەم لە ڕووێ پراکتیکەوە کەڵک وەربگرن، بۆ ئەم مەبەستە دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی مانادار بوو، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەر ڕەخنەیەکمان هەبێت لە هێزەکانی باشوور هاوکات دەبێت ددان بەوەیشدا بنێین کە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە خەبات و سیاسەت و یاریی دیپلۆماسیدا هەیە و ئێستە هێزێکن لەناو تۆڕی دیپلۆماسیی نیودەوڵەتیدا.
دەبێت هەسەدە و مەزڵووم عەبدی قسەکانی بارزانی بە هەند وەربگرن و لێڵییەكان کۆتایی پێ بێنن، ئەگەر هەسەدە بە ڕوونی و ڕاشکاوی خۆی لەگەڵ پرسی کورد، فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی، دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئەم دەستەواژانە کە دەرگایەک بۆ هەناسەکێشانی کورد لە سووریا دەکەنەوە، یەکلا نەکاتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەلێکی زێڕینی مێژوویی لە کیس کورد دەچێت و دەرفەتەکە نەک تەنیا دەدۆڕێنین، بەڵکوو کارەساتیشمان بەسەردا دێت.
پێم وایە بارزانیی سەرپشک و ڕۆلگێڕە لە داهاتووی سووریادا و بەشێوەی خۆی کاریگەریی دەبێت بە مەرجێک هەسەدە و عەبدی قبووڵی ئەوە بکەن کە گوتاری پارتی کرێکاران ئێکسپایەر بووە و ماوەی بەسەر چووە و ئەم هێزە لە زەمەنی ناوەختدا دەژی، بەم شێوەیە دەتوانێت یاریی سیاسی و دیپلۆماسیی لە داهاتووی سووریادا بکات، بە پێچەوانەی ئەمەوە، هەرچییەکیان تا ئێستە و لە ماوەی ئەم یەک دەیەیەدا بەدەست هێناوە، مەترسیی لەسەر دەبێت.