ئه‌م به ناو ته‌نزه‌ی دوایی شێركۆ عه‌بدوڵا كه به‌شێوه‌یه‌كی خێڵه‌كییانه و دوور له وێنه گه‌وره و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ته‌نز، كە باسی شێوه‌زاری هه‌ولێری و شاری هه‌ولێر و ته‌یراوه و هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و... ده‌كات، نه یه‌كه‌م جارێتی له‌سه‌ر هه‌ولێر و نه دوایه‌مین جاریشی ده‌بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌نز پێناسه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، ده‌شێت له گشتیترین پێناسه‌دا بڵێین، ده‌ربڕینێكی ئایرۆنی و پێكه‌نیناوییه كه ڕاستییه‌كی تاڵ باس ده‌كات و دهمانگرێنێت. واته ته‌نز فۆرمێكی پێكه‌نیناویی هه‌یه، به‌ڵام ناوهڕۆك و كاكڵەیەكی گریانهێنهری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و ڕاستییه تاڵه له بیر نه‌كه‌ین و له هه‌ناوماندا بمێنێته‌وه، وه‌ك برینێك چاوی لێ بكه‌ین و لێی خافڵ نه‌بین، تا به هوشیارییه‌وه تیماری ده‌كه‌ین.
واته یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ته‌نز، هوشیاركردنهوهیهكی ڕه‌سه‌ن و بنه‌ڕه‌تییه كه له سه‌رزه‌وینی زام و تاڵاوی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كاندا تێده‌په‌ڕێ، تا بگاته هه‌واری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه و بێ كێشه و پێشكه‌وتوو.
ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نزنووسه له به‌شێك له كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، حاشاهه‌ڵنه‌گره. به‌ڵام دیو و لایه‌نی تری كاره‌كانی هه‌ڵنه‌سه‌نگێنراون و له نێوان ئه‌و پێكه‌نین و گریانه‌دا ون بووه، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بوو مایه‌ی هوشیاری و وریاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بێت، چه‌ند قات هێڵكێشانی نێوان دوو شاری گه‌وره‌ی كوردایه‌تی و خه‌بات، واته سلێمانی و هه‌ولێر بووه.
واته شێركۆ هوشیارانه یان ناهوشیارانه له‌ناو گوتارێكی تهنزنووسیی خێڵه‌كییانه و شارچێتییانهدا ده‌ژی و له خزمه‌ت ئه‌م گوتاره‌دا ئیشی كردووه و له داوی گوتارێكی حزبیدا كه‌وتووه یان نا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وا ده‌هێنێت. ئه‌گه‌رنا ئه‌ویش خۆی باش ده‌زانێت سنوورێكی ناسك و له‌رزۆك له نێوان "ته‌نز و گاڵته‌كردن"دا هەیە، كه ئه‌گه‌ر نیازپاكی و هوشیارییه‌كی شیاو و شایسته‌ت نه‌بێ، به ئاسانی لێت تێكده‌چێ و ده‌بێت به‌م كه‌تنه‌ی كه ئێسته كردوویه‌تی.
ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ی بۆ ئه‌م ته‌نزنووسه باسمان كردن، هه‌موو ئه‌گه‌ری گونجاو و پۆڕاون و له یه‌ك خاڵدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش نه‌بوونی ڕوانگه‌یه بۆ چه‌مكی نه‌ته‌وه و شكڵنهگرتنی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سیاسی و مێژوویی به‌ناوی كوردستان له زه‌ینی ئه‌م تهنزنووسهدا.
با بگه‌ڕێینه‌وه دواتره‌وه له یه‌كێك له ئه‌ڵقه‌كانی "به‌رنامه‌ی به‌رنامه"دا له به‌شی "دێوه‌كه‌ی عه‌لادین"، ئێمه نمایشكردنێكی جوان و ته‌نزئامێز له پێوه‌ندیی مرۆڤ (كورد) و دێ‌و و له هه‌مانكاتدا له‌ناو كایه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كوردستانیدا ده‌بینین، له به‌شێكدا دێ‌و داوا له ئاماده‌بووان ده‌كات داوای گه‌وره‌تریان هه‌بێت و شتی به‌سیت نه‌خه‌نه ڕوو، عه‌لادین ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ی ماده‌ی 140 ده‌ستێكی تێوه‌ر بده و له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد چاكی بكه، ئه‌ویش ده‌ڵێ ئه‌وه‌یان ناتوانم چون ی‌و ئێن و ئه‌وانه ته‌داخولی ده‌كه‌ن، هه‌رچی دێویشه هیچی پێ ناكرێت و به وته‌ی كاك عه‌لادین وه‌ك فشهكهرێك جگه‌ره‌یه‌كی پێ په‌یا ناكرێت، به‌ڵام ته‌حلیلی زه‌راعی و سیاسی ده‌كات، له‌م كه‌ین و به‌ین و باس و خواسه‌دا دێوه ده‌ڵێت، چاوم له ئه‌سپسوارێكی كورده غارغارێنێتی و كرچی كڵافه كردووه و ته‌پوتۆز ده‌كات. دایكی عه‌لادین ده‌ڵێت ئهلحهندولیلا شوكر ئه‌وه موستهقبهلمانه! عه‌لادینیش ده‌پرسێت دێوه ئهسپسوارهكه به‌ره‌و كاملا ئه‌ڕوات؟ به‌ره‌و ئه‌ملا دێت یان ئه‌چیت بۆ ئه‌ولا؟! ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت وه‌ڵا خۆیشی نازانێ بۆ كوێ ده‌چێت، سه‌ری له خۆشی تێك داوه.
تا ئێره ئه‌م به‌شه له به‌رنامه‌كه شتێكی گونجاو و شایسته و كوردانه‌یه و دۆخی تاڵی كورد و سهرگهردانییهكهی له قۆناغه‌كانی مێژوودا ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام هه‌ر پاش ئه‌م قسانه پیاوێكی تا ئاستێك به‌ساڵاچوو دێت و به هه‌ولێرییه‌كی ڕه‌وان ده‌ڵێت: سه‌لاموعه‌له‌یكوم! عه‌لادین ده‌ڵێت: ماڵت به قوڕ نه‌گیرێ لێی تێك داین. له درێژه‌دا
هه‌ولێری: كوویی! براكه‌م؟
عه‌لادین: كوویی خاره به خێر ئێی!
هه‌ولێری: عه‌یب نه‌بێ سوالهكم هه‌بوو!
دێوه: ئه‌مر كه و ته‌نفیزی كه‌م، چ سوالێكت هه‌یه له من بكه،
هه‌ولێرییه‌كه: ده‌رێم، ئه‌دره‌سی فه‌ندوق فه‌ریدی له كوێندهرێیه!
دێوه: ده وه‌ره دڵت شه‌ق نه‌با، دێوی خه‌ڵك داوای قه‌سر و تاجی شاهانه‌ی لێ ئه‌كه‌ن، ئه‌میش هاتووه و داوای عینوانم لی ئه‌كا!
عه‌لادین: وه‌ره خاره گیان وه‌ره، فه‌ندوق فهریدت لۆ چییه؟!
هه‌ولێری: هیلاكم ده‌مه‌وێ تۆزێك بحاوێمه‌وه! و...هتد.
له‌م وێنه په‌راوێزی و لاپاڵه‌دا جیهانبینی نووسه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌كه‌وێته داوی شارچێتی و شاربینییهوه و له دنیا و گه‌وره‌كه‌ی مه‌ودا ده‌گرێت و خۆی ورد و بچووك ده‌كاته‌وه، بۆیە پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر تۆ تێڕوانینێكی كوردستانی و نه‌ته‌وه‌ییت هه‌یه، بۆچی ده‌بێ زار و بنزارێكی زمانه‌كه‌ت وا چاو لێ بكه‌ی كه وه‌ك بابه‌تێكی غه‌واره و نامۆ بێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و هێڵكێشانێكی زاری و زمانی و وه‌شاندنی تۆوی دابڕان و فیتنه نییه له نێوان دوو شاری مه‌زن و به‌شكۆی كوردستاندا ده‌شێت چ ناوێكی تری لێ بنرێت؟
ئه‌وه‌ی له ئاستێكی نزم و نهویشدا له‌سه‌ر زمان و زمان‌ناسی بزانێت، باش له‌م ڕاستییه زانستییه ئاگاداره كه نه‌ك زاره‌كانی زمانێك له‌ناو وڵاتێكدا، به‌ڵكو زمانه‌كانی وڵاتانی جۆراوجۆر به به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هیچ سه‌رێتی و بهرێتییهكیان به‌سه‌ر زار و زمانی ترەوە نییه و ته‌نیا مێژوو و ئاستی چالاككردنی وزه و پوتانسێڵهكانی ئه‌و زمانه‌یه ده‌توانێ بیهێنێته ئاستێكی سەردەمی، یان له دنیای نامۆدێرن و كه‌ونینه‌ی خۆیدا هێشتبێتییهوه، به‌ڵام له هه‌ر حاڵه‌تێكدا به‌شێكه له میراسێكی گه‌وره‌ی زمانی و ئه‌و شته‌ی ده‌شێت ناوی زمانی ستانداری لێ بنرێت، له جۆگه‌له‌ی زار و زاراوه‌كانه‌وه دێته ده‌ره‌وه و زه‌ریای زمان شه‌پۆلاوی ده‌كات.
ئایا تهنزنووسێك ئه‌گه‌ر به‌ئامانج نه‌بێت و نیازێكی ناته‌ندروست له پشت نووسینه‌كه‌ی نەبێ، ئه‌م ڕاستییه سادانه نازانێت؟! یان راستییه‌كه‌ی نایزانێت و له ڕێی هه‌ندێك تهنزنووسییهوه خۆی له ئێمه كردووه به دووسه‌ر (نووسه‌ر) فه‌یله‌قووس؟ به‌هۆی میدیایه‌كی حزبی كه ساڵانێك له خزمه‌تیدا بووه و ئێسته‌یش به‌شێوه‌ی تر و له په‌نا و پهسیوهوه خزمه‌ت ده‌كرێت، بۆیه ده‌شێت وه‌ك خۆی بڵێین، دكتۆر شێركۆ ئهسپسوارێكه كه به كوردی ده‌نووسێت، به‌ڵام خۆشی نازانێت بۆچی ده‌نووسێت و بۆ كێ ده‌نووسێت؟.
بۆ هه‌ر كێ بنووسێت، بێگومان له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌سازی و كوردستاندا نانووسێت، نووسه‌رانی وه‌ك ئه‌و له باتی خۆشكردنی ڕێ بۆ ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌هێشتنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانی داگیركه‌ری ڕیش نوورانی، ده‌كه‌ونه داوی شارچێتی و ئەملاولاكردن و دۆخێك به‌رهه‌م دێنن كه خه‌ڵكی كوردستان قبووڵی ناكات و نایه‌وێ.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێك له گوتاری سیاسیش هه‌مان مانا و ده‌لاله‌تی بچووك و خێڵه‌كی و شارچێتییانه به‌رهه‌م بێنێت، ئه‌و عه‌جه‌ب ئه‌سپسوارێكی كورده كە چه‌ندان جار گلاوه، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه به سوار.