یه‌كێك له‌و باسانه‌ی كه ئێسته‌ش یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه و نابێ له پانتای مێژوو بخرێته‌وه ده‌ره‌وه، هۆكاری ڕوودانی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌یه. ڕاسته ئێمه له سه‌ر زام و كێم و زووخاوی هه‌ڵه‌بجه زۆرمان گوتووه و فره‌مان هۆنیوه‌ته‌وه، به ڕێوڕه‌سم، به شیعر و گۆرانی و سروود و لاواندنه‌وه، به‌ڵام وردبوونه‌وه له هۆكاری ڕوودانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، ئاستێكی تره له تێڕامان و به‌دواداچوونی ئێمه بۆ مێژوویه‌ك له برین.
كاتێك له هۆكار یان هۆكاره‌كان ده‌پرسین، ئایا ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌گه‌ر هه‌ر هۆكارێكی بزوێنه‌ر و ختووكهدهر له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئایدۆلۆجیای به‌عسیشدا نه‌بوایه، به‌عس هه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌ده‌كرد؟ ڕاستییه‌كه‌ی وه‌ڵام ئه‌وه‌یه كه به‌عس مه‌كینه‌یه‌ك بوو بۆ مه‌رگ و كوشتن و هۆكاره‌كان له ناو خۆیدا به‌رهه‌می ده‌هێنان، واته به‌عس ستراتیجی جێگیر و نه‌گۆڕی له‌ناوبردنی هه‌ر شتێك بوو له ده‌ره‌وه‌ی ئایدۆلۆجیای به‌عسیزم و عه‌ره‌بی ئیشتراكی، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ت كه ئێمه پشكی وڵاتانی تر و به‌تایبه‌تی وڵاتێكی وه‌ك ئێران و كایهكردنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پشتگوێ بخه‌ین، ڕۆڵی له ختووكه‌دان و هه‌ڵخڕاندنی نه‌خۆشێكی هیستریایی وه‌ك سه‌دام و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید نه‌دیو بگرین.
كاتێك هه‌ڵه‌بجه بۆردمان كرا هێزه‌كانی سوپای پاسداران و یه‌كێتی له شار ڕۆشتبوونه ده‌ره‌وه و به‌پێی گوته‌ی هه‌ندێك له شایه‌تحاڵان كه زیندوو ماون و هه‌ندێك كه‌سی ڕه‌خنه‌گر و سه‌ربه‌خۆ، كه‌ین و به‌ین و نهێنییه‌ك له‌م نێوانه‌دا هه‌بووه كه ئه‌گه‌ر فێڵ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه نه‌كرایه، ڕه‌نگه ئه‌و هه‌موو كه‌سه ژه‌هراوی نه‌ده‌كران، یان با بڵێین ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی هه‌ڕه‌شه و لێدانه‌كانی به‌عس و سووڕانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ناسین یان "شناسایی" پێش چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا به هه‌ند وه‌ربگیرایه، ڕه‌نگه ژماره‌ی قوربانیان به‌م ئاسته نه‌بوایه و هه‌لێك هه‌بوایه بۆ ده‌ربازكردنی زۆر له‌وانه‌ی كه كه‌وتنه چڕنووكی دێوه‌زمه‌ی ڕه‌شی كیمیایی به‌عس و فاشییه‌تی ئایدۆلۆجییه‌كه‌ی.
ئێمه له كتێبی "چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی شاراوه له مێژووی كۆمه‌ڵكوژییه‌كان" له دانانی عه‌لی مه‌حموود محه‌مه‌د ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر هێزه كوردییه‌كانیش نه‌بوونایه، ئه‌وا ئێران به ته‌نیا هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی به‌عس له هه‌ڵه‌بجه هه‌ر ئه‌نجام ده‌دا، هێزه كوردییه‌كان وه‌ڵامی ئه‌وه‌یان به هاوكاریی ئێران له هێرشی هه‌ڵه‌بجه به ناوی فه‌جری 10 دایه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر هێزه كوردییه‌كانیش به‌شدارییان نه‌كردایه، ئێران خۆی ئه‌و هێرشه‌ی هه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌نده جێی نه‌ده‌گرت و عێراق ئه‌وه‌نده زیانی لێ نه‌ده‌كه‌وت، وه‌ك باسمان كرد سه‌ركردایه‌تیی هاوكاری له‌گه‌ڵ ئێران، كاك شێروان شیروه‌ندی له‌لایه‌ن سوسیالیسته‌وه، سه‌ركردایه‌تیی مه‌یدانیش له سنووری ئه‌حمه‌د ئاوا به‌شداری كرد و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانی كاك فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر و مه‌یدانیش كاك شه‌وكه‌تی حاجی موشیر، له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش مامۆستا مه‌لا عه‌لی و مه‌یدانی و هاوكاری بووه، كاك حه‌مید ئه‌فه‌ندیش قیاده‌ی مه‌یدانی و به‌رپرسی لقی 4 بوو.
چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیانه‌وه شایی و لۆغانهیان له هه‌ڵه‌بجه گێڕاوه
یه‌كێتیش به هاوكاری ئێران گه‌یشتنه ناو شاری هه‌ڵه‌بجه و پێشوازییه‌كی گه‌رمیان له پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی كردبوو. به‌شێك له‌و هێزانه له هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران تێیانپه‌ڕاند، گه‌یشتنه قۆناغی بوون به به‌شێك له سوپای ئێران، وه‌ك شه‌هید شه‌وكه‌ت حاجی موشیر ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، له كۆبوونه‌وه‌كاندا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ك هێزێكی ته‌واو ملكه‌چی كۆماری ئیسلامیی ئێران گوێڕایه‌ڵ بووه و كاری كردووه، له لایه‌نه‌كانی تر زیاتر ملكه‌چی بڕیاره‌كانی ئێران بوونه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لێپرسراوانی ئێران به نوێنه‌ری حزبه‌كان ده‌ڵێت كه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، هه‌موو بڕیارێكیان سه‌ربه ئێرانه له‌م شه‌ڕه‌دا، چونكه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ته‌نیا یه‌ك ساڵ بوو دروست بووبوو.
چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیانه‌وه شایی و لۆغانهیان له هه‌ڵه‌بجه گێڕاوه، میدیل ئێست وۆچ و چاودێری مافی مرۆڤ له‌مباره‌یه‌وه ده‌نووسن: چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌وه، شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێیان له به‌رده‌م باره‌گای ئه‌من و ئیستیخبارات ساز دابوو كه بۆ خۆیان داگیریان كردبوو، به‌ڵام خه‌ڵكی شار به‌گشتی له چاوه‌ڕوانیی به‌ڵا و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دا بوون، به تایبه‌تی له ماوه‌ی 15ی مارتدا فه‌رمان به كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌كان درا چۆڵی بكه‌ن و بگوێزنه‌وه.
به‌ڵام نامه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز ئاماژه‌ی پێچه‌وانه ده‌ده‌ن، حاشا له ڕۆڵیان له به‌شداری له چالاكییه‌كه و شایی سه‌ركه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ن، خۆیان ناكه‌ن به هاوبه‌شی زیانه‌كه، دههرییهكهی به ملی خۆیان ناهێنن و حاشا له چڕینی گۆرانی و گرتنی سه‌رچۆپی و ههڵپهڕكێیهكه ده‌كه‌ن، حاشا له ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر و ته‌كبیره‌كانی دوای ئازادكردنی شار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌م چالاكییه دواتر نغرۆبوونی شار و كۆمه‌ڵكوژیی دانیشتووانه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه، شكست و زیانی نه‌گبه‌تیش هه‌رده‌م هه‌تیوه بێ كه‌س و دایك و باوكه.
پاسدار له چه‌ند ڕۆژ پێش 16ی مارته‌وه هاتنه ناو شاری هه‌ڵه‌بجه و به ئاشكرا تێیدا بینراون؛ وه‌ك باس ده‌كرێ هه‌ندێ له پاسداره ئێرانییه‌كان، هه‌رزوو له 13ی مارته‌وه دزه‌یان كردبووه ناو شاره‌وه و له شه‌وی 15ی مارتدا به ئاشكرا به ناو شه‌قامه‌كاندا نمایشیان ده‌كرد، به یاوه‌ری كورده‌كان سڵاویان له خه‌ڵكی شار ده‌كرد و هاواریان ده‌كرد "الله اكبر خمینی ڕه‌هبه‌ر". خۆیان ده‌كرد به ناو ماڵان‌دا و فه‌رمانیان پێده‌كردن نانی شێوانیان بۆ ئاماده بكه‌ن، هه‌ندێك به ماتۆڕ به ده‌وری هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌سووڕانه‌وه. گرتنی هه‌ڵه‌بجه بۆ ئه‌وه نه‌بوو بكرێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پاككردنه‌وه و ڕاماڵینی به‌عس له هه‌موو كوردستان، به‌ڵكۆ بۆ كردنی بوو به وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به شاره‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا به گوێره‌ی ئه‌و ئاماژانه.
ڕاستییه‌كه‌ی كتێبی ناوبراو كۆمه‌ڵێك گێڕانه‌وه و به‌ڵگاندنی زاره‌كی و نووسراوه‌یی ده‌خاته ڕوو كه له ئه‌نجامگیریدا به‌وه ده‌مانبات، به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌مه دا‌و و ته‌ڵه‌ی سوپای پاسداران بووه و هێزی به‌رپرسیش له‌وێ واته یه‌كێتیی نیشتمانی‌یان كه‌وتووه‌ته داوه‌وه، یان ناچار بووه پێملی بڕیاره‌كانی سوپا بێت و ئه‌و زانیارییانه‌ی كه هه‌یه نه‌یخاته ڕوو بۆ خه‌ڵك، یان هه‌ر ئه‌گه‌ر و توانایه‌كی تر. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی هه‌یه كۆمه‌ڵێك لێڵ و پێڵی و گێڕانه‌وه‌ی دژ به‌یه‌كه كه من پێم وایه له‌به‌ر شكۆی هه‌ڵه‌بجه، ده‌بێت هه‌موو ئه‌م هێزانه وه‌ڵامده‌ره‌وه بن و لانیكه‌م وه‌ك بههادانێكی مه‌عنه‌وی، ملكه‌چی برینه‌كانی گه‌لێك بن، ڕۆڵی سوپای پاسداران له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا و به‌تایبه‌تی له پرۆسه‌ی لێدان له كورد به هه‌موو ماناكانیه‌وه، دیار و ئاشكرایه.