دانانی په‌یکه‌ری سه‌دام له ئه‌منه‌سووره‌که به‌و شێوه ناهونه‌ری و قوربانیئامێزه، به‌ر له‌وه‌ی گوزارشت له جه‌لادبوونی بکات، بانگهێشتکردنه‌وه‌ی دووباره‌یه‌تی بۆ ناو ئازاره‌کانی کورد، بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و بارزانییه‌کان و... پهیکهرهكە له جه‌وهه‌ردا فۆرمی به‌رجه‌سته‌کراو و بهرههستکراوی وێنه‌یه، وێنه‌کان له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ واقیعدا ڕۆڵێکی ئاڵۆز له ده‌روونی مرۆڤدا ده‌گێڕن، بۆیه لێره ده‌په‌رژێمه سه‌ر ئه‌و ده‌رکه‌وتنه‌وه و زه‌وینه و میکانیزمه‌کانی.
یاده‌وه‌ریی مرۆڤ زیاتر له ڕێگه‌ی وێنه‌وه ئیش ده‌کات، ڕه‌نگه ئەگه‌ر بڵێین سه‌ره‌کیترین میکانیزمی یادکردنه‌وه و بیرهێنانه‌وه وێنه‌یه هه‌ڵه‌مان نه‌کردبێت، ئه‌گه‌رچی توێژینه‌وه‌کانی ده‌روونناسی و شیکاریی خه‌ونه‌کان لای که‌ڵه ده‌رووناسانی وه‌ک فرۆید و یونگ، ئه‌وه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه که وێنه‌کان نه‌ک ته‌نیا مه‌کینه‌ی بیرخەرەوە و یادکردنه‌وه‌ن، به‌ڵکوو زمانی سه‌ره‌کیی ناهوشیاریشن، واته ناهوشیار به زمانی وێنه قسه ده‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی وێنه ونه و خه‌ون له ڕه‌شایی و زوڵماتدا له‌دایک ده‌بێت.
نموونه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش که ده‌روونناسه ئێرانییه‌کان بۆ پێوه‌ندی زمانی وێنه و ویست و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ و یادکردنه‌وه (زه‌ینی هوشیار) و سه‌رکوتکردنی یادکردنه‌وه (زه‌ینی ناهوشیار) له ڕووداوێکی واقیعی ده‌یهێننه‌وه، نموونه‌ی پیاوێکه که به‌رده‌وام خه‌ون به "زنبور (زن+بور)" واته زه‌رده‌واڵه‌وه ده‌بینێت، دوای گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی بۆ چه‌ندان ده‌روونناس، شاره‌زاترینیان ده‌ڵێت، ئه‌مه هیچ پێوه‌ندی به "زنبور" واته زه‌رده‌واڵه‌وه نییه، به‌ڵکوو ئه‌مه حه‌زی تۆیه بۆ ژنێکی بۆر و ئه‌سمه‌ر و له شێوازی زهردهواڵە و "زنبور"ێکدا ده‌رکه‌وتووه، چونكە زه‌ینی ناهوشیار به‌هۆی سه‌رکوتکردن و سۆپەر ئیگۆوه (super ego) زمان و ده‌ربڕینی وا ئاڵۆز و ڕه‌مزی ده‌بێت.
بۆیه هه‌ندێ ستراتیجیستی سیاسی به که‌ڵکوه‌رگرتن له ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگەیه‌ک تێبگه‌ین، باشترین ڕێگە ئه‌وه‌یه وێنه‌کانی زه‌ینیان به هوشیار و ناهوشیاره‌وه بخوێنینه‌وه، بۆ ئه‌مه‌یش دوو پانتایی به‌رین و به‌رفرەوان له به‌رده‌ستدان: یه‌که‌میان "زانست"ی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه و دووه‌میان ئه‌ده‌ب. واته ئه‌و بواره‌ی که زیاتر له بواری یه‌که‌م ئه‌گه‌ری ده‌رخستنی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگەی له ڕێگه‌ی وێنه‌کانه‌وه هه‌یه.
لێره‌دا زیاتر ڕۆڵی ئه‌ده‌ب زه‌ق ده‌بێته‌وه، ئه‌ده‌ب له‌م پله‌یه‌دا به‌ر له‌وه‌ی ستاتیکا و جوانیناسی و هه‌وڵێکی مه‌عریفیی له ڕێگه‌ی وشه و زمان و داڕشتنه‌وه بێت، ئه‌رشیڤێکی گه‌وره و ناکۆتایه له وێنه و هه‌ناوی کۆمه‌ڵگەدا، بۆیه ده‌بینین به درێژایی مێژوو هه‌موو ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی به ناوی ئه‌فه‌ندی و گه‌شتیاره‌وه به مه‌به‌ستی سیخوڕی هاتوونه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به تایبه‌تی کوردستان، یه‌که‌مجار به‌یت و لاوک و ده‌قه شیعرییه کۆن و دەستوخەتەکانیان کۆ کردووه‌ته و ته‌نانه‌ت خۆیان گه‌ڕاون و ئه‌ده‌بی زاره‌کییان نووسیوه‌ته‌وه، فێری زمانی کوردی بوون و به‌یت و باویان له به‌یتبێژانه‌وه وه‌رگرتووه و نووسیویانه‌ته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌کی گه‌وره‌یش بێت بۆ بواری کۆلۆنیالیستناسی و میکانیزمه‌کانی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد له‌لایه‌ن کۆلۆنیاله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو که به‌شێکیان پشکی شێریان له گه‌یاندنی کورد به‌م قۆناغه پڕکاره‌سات و مه‌رگه‌ساته به‌ر ده‌که‌وێت.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌مه باسێکی ترە و من له شوێن و ده‌رفه‌تی دیکه ده‌په‌رژێمه سه‌ری، به‌ڵام تا ئێره گرینگی وێنه و یادکردنه‌وه و بیرهێنانه‌وه و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی ڕای گشتی و کۆمه‌ڵگە ڕوون بووه‌وه.
لێره‌دا دێمه سه‌ر وێنه‌كی تاریک و ڕه‌شی دنیای کورد، ئه‌ویش سه‌دام حسێنه، سه‌دام تا کاتێک ئه‌نفال و کیمیاباران و هه‌ڵه‌بجه و به گشتی پاکتاوکردنی کوردی پراکتیزه نه‌کردبووه، وێنه‌یه‌کی ئاسایی سه‌ر شاشه‌کان بوو، وه‌ک عه‌بدولکه‌ریم قاسم و عه‌بدوسه‌لام عارف یان هه‌ر مرۆڤێکی دیکه که پله و پۆستی سیاسی یاخۆ سه‌ربازیی هه‌یه، به‌ڵام پاش ئه‌و پاکتاوکردنه سه‌دام بوو به وێنه‌یه‌کی ڕه‌شی ناو دنیای ئێمه، بوو به گۆڕهه‌ڵکه‌ن و جرجی ناو خه‌ونه‌کانمان، ئیتر سه‌دام ئه‌و وێنه ساده‌یه نه‌بوو که دوو قاچ و گوێ و ده‌مێک و لووتێکی هه‌یه و به جلی سه‌ربازییه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵکوو ئه‌و هه‌ژدیهایه‌کی کوردخۆر بوو که دوو قاچه‌که‌ی بوون به کلکی ژه‌هرڕێژ و دوو گوێکه‌ی بوون به ده‌هۆڵی مه‌رگ و لووت و ده‌میشی وه‌ک بژنمژه و مێرووله‌خۆره، ته‌نیا خوێنیان هه‌ڵده‌لووشی.
ئه‌م وێنه‌یه له ئاستی هوشیاردا دوو قۆناغی پێواوه، یه‌که‌م هه‌مان وێنه ئاساییه‌که که باسم کرد، دووه‌م وێنه‌یه‌ک که ڕه‌مزیی بووه‌ته‌وه به‌هه‌مانشێوه که به وشه له چه‌ند دێڕی پێشوودا وه‌ک ئه‌ژدیها رهنگڕێژم کرد و ئه‌م ئاسته‌ی قۆناغی یه‌که‌م ده‌بێته پرد بۆ قۆناغی دووه‌م، واته ڕهمزیبوونهوهی ته‌واوی سه‌دام حسێن وه‌ک گیانکێش و بکوژ، مۆته‌که‌ی مه‌رگ، دۆڵپا و به گشتی وه‌ک هه‌ر هێز و توانا و ده‌سه‌ڵاتێک که دژی ژیان و بوونه، ئه‌م به ڕهمزیبوونه له ئاستی خه‌ونه‌کانیشدا خۆی به‌دیار ده‌خات، به‌ڵام ده‌بێ له بیرمان بێت ئه‌مه به پله‌ی یه‌که‌م بۆ کورد وه‌ک خه‌ونێکی ڕه‌مزی که فۆرنیکی کوردانه‌ی هه‌یه، ده‌شیت وا بێت. ڕه‌نگه ئه‌م خه‌ونه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی شیعه‌یش که گیرۆده‌ی دەستی سه‌دام بوون، هه‌ندێ هاوبه‌شیی گشتیی ببینێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌م خاڵه زۆر گرینگه‌ی دهرونشیکاریمان له پێشچاو بێت كە ئێمه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه خه‌ون ده‌بینین، زمانێک که وێنه دروست ده‌کات، زمانێک که ئێمه دهخهونێنێت کوردییه، وه‌ک چۆن له‌و نموونه فارسییه‌ی "زنبور"دا کابرای فارس به زمانی فارسی خه‌ونه‌که‌ی بینیوه و مه‌به‌ست له وشه‌که‌یش ژنی بۆر و ئه‌سمه‌ر بووه.
که‌واته ده‌شێت سه‌دام بۆ نموونه له شێوه‌ی ورچێک یان به‌رازێک یاخۆ ڕه‌شمار یا جرج و مارمێلکه و... هاتبێته خه‌ونی کورد، به‌ڵام ئایا هیچ بکه‌ر و ده‌زگایه‌کی ده‌روونناسی نیشتمانیی له کوردستان هه‌بووه و هه‌یه، هه‌ناوی ئه‌م نه‌ته‌وه له ڕێگه‌ی ئه‌و خه‌ونه سامناک و مۆته‌که کوشندانه و وێنه‌کانییه‌وه بکۆڵێت و کێشه و پرسگره ده‌روونییه‌کانی لێک بداته‌وه و به پێوه‌ری ته‌ندروستیی جیهانیی هه‌ڵیانسه‌نگێنێت؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره وه‌ک زۆر پرسیاری تر ڕوونه و به داخه‌وه ئێمه له‌و ڕووه‌وه زۆر که‌مکار و خه‌مسارد بووین. به‌هه‌رحاڵ ئه‌م پرسیاره پێوه‌ست به‌م باسه‌وه، ده‌کرێت نه‌خشه‌ڕێگەی بۆ دابنرێت. پێوه‌ست به پێوه‌ندیی جیهانی خه‌ون و ناهوشیار و ترس و زمان، مامۆستا شێرکۆ له گۆڕستانی چراکاندا باس له پرۆسه‌ی ئۆتۆماتیکیی و خۆسانسۆرکردنی خه‌ونه‌کان ده‌کات، ئه‌و له زاری لێخوڕ و شۆفێرێکه‌وه که کاروانی ئه‌نفالکراوانی هه‌ڵگرتووه، له لاپه‌ره‌ی 70 بۆ 78دا ده‌ڵێت:
"شۆفێره سه‌ربازه‌که، به‌رده‌وام چاوی بڕیبووه ڕێگەی درێژی به‌رده‌می و ده‌مێکیش بوو بێ‌وچان لێی ئه‌خوڕی، له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی جه‌نگدا دوو برای و دوو ئامۆزای له شه‌ڕه‌کانی دزفول و شووشدا کوژرابوون. زۆر له دوور و له ئاسۆیه‌کی ته‌ڵخدا، سه‌ره‌تای هه‌ڵکردنی گێژهڵووڵکهیهکی بیابانی به‌دی کرد. بیری ئه‌کرده‌وه، خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌دوا- له دڵی خۆیدا ئه‌یوت: ئه‌ترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی که‌س نا/ هه‌ر دڵی خۆم../ وه‌ختی نووستن، یان لێخوڕین/ کاتێ ئه‌ڵێم که من هیچ ئاگام له‌و نه‌بێ/ فرسه‌ت بێنی و له‌ناو قه‌فه‌زه‌ی سنگمه‌وه/ به پێدزکێ و به بێ خشپه/ خۆی قوتارکاو هه‌ڵبێ و بچێ/ له ده‌رگای دڵی عه‌ریف "پائر" با و ئه‌ویش بڵێ فه‌رموو ژوورێ و له‌سه‌ر کورسیی حه‌وتی نیسان دابنیشێ و /ئه‌وسا خه‌به‌رم لێ‌بدا/ که ناو به‌ناو له کونی کونی ژووره‌وه‌ی / ناو ده‌روونما من چی ئه‌ڵێم!"
ئه‌مه ململانێی نێوان هوشیاریی و ناهوشیاریی که‌سێکه که کورد نییه، شۆفێرێکه خۆی به به‌شێک له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌نفال هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سووسه‌یه‌ک گله‌یی و ناڕه‌زاییش له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ست پێ بکات، ئا به‌و شێوه‌یه ده‌یکوژێت و سه‌رکوتی ده‌کات، ده‌کرێت بڵێن ڕه‌وتی خه‌ونبینی له پاش سه‌رهه‌ڵدانی سه‌دام حسێن وه‌ک بکوژ و وه‌ک هه‌یکه‌لێکی ڕه‌مزی که داهێنه‌ر و خولقێنه‌ری مه‌رگه، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت، ئێمه له درێژه‌دا له خه‌ونێکی شۆفێردا ده‌خوێنینه‌وه:
"هه‌ر له بیرمه/ من جارێکیان خه‌ونم بینی/ خه‌ونێکی سه‌یر!/ له‌و خه‌وه‌دا ڕائید "حه‌مدان"/ بووبوو به به‌رازێکی ڕه‌ش و له ساحه‌که‌ی ماعهسکهردا/ یاری فتبۆڵی ئه‌کردوو و خێرا خێرا به پاشه‌ڵی/ له فتبۆڵه‌که‌ی هه‌ڵئه‌دا/ تا ئه‌که‌وته سه‌ر لموزی!/ وه‌ختێ که خه‌به‌رم بۆوه/ کێشام به که‌له‌ی نه‌گریسما و/ له ترساندا، یه‌که‌نده‌ردوو، گه‌رماوگه‌رم/ بینه‌قاقای خه‌وم گرت و/ هه‌ر له جێ‌دا خه‌وم کوشت و/ چوومه ده‌رێ و لاشه‌که‌یم دوور فڕێ‌دا! وتم نه‌بادا ئه‌م خه‌وه بۆ شه‌وێ فریا بکه‌وێ و بڕوا‌و بچێته ناو خه‌وی حه‌مدانه‌وه و بڵێ که من ئه‌وم له ناو/ خه‌وێکی خۆمدا بینیوه/ بۆته به‌راز!"
دیاره پرۆسه‌ی خه‌ونبینین که‌وتووته ژێر کاریگه‌ریی چ ترسێکی ڕه‌شه‌وه و ده‌توانین بڵێین خه‌ون لێره‌دا له حاڵه‌تی ئۆرگانێکی خۆی ده‌رچووه و بووه به ترۆما و تۆقینێک که پانیک و تێکچوونی دهمارهههست یان عه‌سه‌بی به‌دواوه دێت، بۆیه وه‌ک گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت، چاره‌نووسی خه‌ونیش مه‌رگه، مه‌رگێک که خۆی هه‌ڵیده‌بژیرێت.
له کۆی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌دا ڕۆڵی وێنه و ناهوشیار، زمان و ده‌روون و سیاسه‌تم به خێرایی پێشان دا، ئه‌م وێنه مه‌رگاوی و هه‌ژدیها مه‌رگدۆست و مرۆڤخۆر و کوردکوژه، بۆچی تا ئێسته هه‌روه‌ک پاڵه‌وان له زاکیره‌ی به‌شێک له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا ده‌بینرێت؟ ڕاستییەكەی ناکرێت بڵێی پاڵه‌وان، به‌ڵکوو پاڵه‌وان وشه فریوده‌ره‌که‌ی پانتایی هوشیارییه، ده‌شێت بڵێین مۆته‌که یان ده‌عبا ترسێنه‌ره‌که.
پێوه‌ندیی ئه‌و (سه‌دام-مه‌رگ) به ئه‌وانه‌ی که خۆشیان ده‌وێت، ئێسته‌یش پێوه‌ندییه‌ک نییه له‌سه‌ر بنه‌مای وێنه‌یه‌کی ڕزگارکه‌ری خۆشه‌ویستانه، به‌ڵکوو پێوه‌ندییه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ترس، خۆشویستنی تارمایی مه‌رگ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌یانبات. ئه‌م وێنه‌یه نه‌ک له زاکیره و یاده‌وه‌ریی کورددا، به‌ڵکوو له زاکیره‌ی زۆرینه‌ی عیراقییه‌کاندا چه‌سپاوه، بۆیه ڕه‌نگه به سیاسه‌تێکی نه‌زانراو و پشتی په‌رده ئێمه ته‌نانه‌ت له قه‌فه‌زی دادگاییکردنه‌که‌ی سه‌دامیشدا هه‌ر پاڵه‌وانێکمان پێشان ده‌درا که دادگا تێک ده‌دات و ده‌نه‌ڕێنێت و ده‌ڵێت من سه‌رۆک کۆمارم! هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مەریکا و ئیسرائیل و خۆفرۆشه‌کان ده‌کرد. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ی له کاتی گرتنیدا بڵاو کرانه‌وه یان وێنه‌گه‌لێکی له ڕووی ماناییه‌وه ته‌ڵخ و بێ ده‌لاله‌ت بوون، یاخۆ دیسان پیاوێکی به حه‌ماسه‌ت و جه‌ربه‌زه ده‌رده‌که‌وت!
دوای 21 ساڵ له ڕووخانی ڕژێمه‌که‌ی و دواتر له سێداردرانی خۆی، یه‌که‌م جار میدیاکانی عێراق وێنه‌یه‌کی که‌متر پاڵه‌وان و زهبونئاسای سه‌دام بڵاو ده‌که‌نه‌وه که له به‌رده‌م دادگای ته‌میزدا بڕیاری له سێداردهدانهکهی بۆ ده‌خوێنرێته‌وه به چاودێریی نوێنه‌ری دادوه‌ری گشتی، ئایا ئه‌م وێنه‌سازی و وێنهنواندنه له سه‌دام، سیاسه‌تێکی گشتیی زلهێزه‌کان یان ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی له پشته؟ یا ڕه‌وتێکی ئۆتۆماتیکیی کولتوورییه له دیکتاتۆرپهرستی له پله‌ی پاڵه‌واندا؟ بۆچی ئه‌گه‌ر له چاوی وێنه‌کانه‌وه سه‌دام هه‌ڵسه‌نگێنین هه‌ر ئه‌و پیاوه به ههیبهتهیه که هه‌بووه؟! ئایا گرفت له وێنه‌کانه یان له کایه‌یه‌ک که به وێنه و زه‌ینی ئێمه‌وە ده‌کرێت؟
بێگومان کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر و ڕه‌هه‌ند لێره‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕن، سه‌دام وه‌ک هه‌ر جه‌لاد و خوێنڕێژێک ترسی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه، دڵڕه‌ق بووه نه‌ک بوێر، به ڕواڵه‌ت و جلوبه‌رگ قاره‌مان ده‌رکه‌وتووه ئه‌گینا به‌پێی ژیاننامه‌ی دوو شه‌و جارێک له شوێنێک نه‌ده‌مایه‌وه، به‌ڵام با بپرسین به بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه جیاوازه‌کانی دڵڕه‌قترین و کوردکوژترین و خوێنڕیژترین دیکتاتۆر و شۆڤێنیی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌و وێنه ئایدیال و بکوژه خۆشویستراوه مانای واقیعیی له جیهان خه‌ون و ترس و مۆته‌که‌کانی مرۆڤی کورد و عێراق و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌ب به گشتیدا، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت؟ ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی سه‌دام له ئه‌منه‌سووره‌که له فۆرمی په‌یکه‌رێکی دهستپهڕیودا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ره به‌ره فشۆڵبوونی به‌ته‌ڵی قادسییه ده‌رکه‌وێت و کۆیله و گیراوه‌که‌ی تکریت جێی بگرێته‌وه؟