ڕووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، تا ئەو ئاستە ئاڵۆز و سڕۆک و هاوکات سه‌خت بوون، که زۆر که‌س چاوه‌ڕوانی ڕووداوی نه‌گونجاو و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی به باره نه‌رێنییه‌که‌یدا ده‌کرد، هه‌ر له لێدانی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و دزه‌یی به هاژه‌کی بالستیکی و شه‌هیدکردنی منداڵ و خه‌ڵکی مه‌ده‌نییه‌وه، بگره تا یاسای تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی سێ ساڵ و هاوکاریی و ملکه‌چیی یه‌کێتی بۆ میلیشیا و ئه‌جێنداکانی شیعیزمی ناوچه‌که، تا بڕینی مووچه و ختووکه‌دانی دادگای فیدراڵی بۆ جووڵانه‌وه به ئاقاری هه‌ڕه‌شه‌ئامێزدا به‌رانبەر کوردستان و ههرێمەكە و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رییه یاسایی و ڕه‌واکانی، هاوکات هاندانی مامۆستایان بۆ بایکۆت و خۆپێشاندان دژی حکوومه‌تی هه‌رێم و کردنی مووچه به خه‌ونی ساخته‌ی هاوبه‌شی خه‌ڵکانێک له ڕێگه‌ی میدیا سێبه‌ر و شاراوه و ئاشکرا‌کانی یه‌کێتییه‌وه، دواتر ده‌وامکردن و مووچهوهرگرتنی ئه‌ندامانی حکوومه‌تی هه‌رێم له پشکی یه‌کێتی و ده‌یان باس و خواس و بابه‌تی تر به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ.
له هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئاشکرا و نهێنی ده‌ستی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان و که‌سی یه‌که‌می ئه‌و حزبه‌ی تێدا بووه. بێگومان به هه‌ر سیاسه‌توان و حوکمڕانێکی گۆی زه‌وی بڵێی حکوومه‌تێک هه‌بووه مووچه‌ی ئه‌و وه‌زیر و لایه‌نانه‌ی داوه که ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تیی ده‌سه‌ڵات و سهروهرییهکهیان کردوون، سه‌ری سووڕ ده‌مێنێت.
باش له بیرمه کاتێک پرۆژه‌یاسای بودجه به‌و شێوه پێشێلکارانهیه تێپه‌ڕێنرا و به دانپێدانانی ئیسلامییه‌کان و ڕه‌خنه‌گرانی پارتیش، گه‌وره‌ترین غه‌در دژی کورد و ماف و قووتی خه‌ڵکی کوردستانه و به کرده‌یه‌کی فاشییانه باسیان کرد و ڕوون بووه‌وه که فراکسیۆنی یه‌کیتی به‌م کاره دره‌وشاوه‌یه! هه‌ستاوه، مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ جووتیارانی کوردستاندا داده‌نیشت و باسی داهاتوو و به‌ری ڕه‌نج و ڕاوه‌ستان له‌سه‌رپێی خۆیانی ده‌کرد. باشتریش بیرمه گوتی "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناپاکیی ناوخۆیی بهێڵێت"!.
به ڕای من خاڵی هه‌ره گرینگ له پرۆسه و هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیراندا، ته‌نیا خۆڕاگریی نییه، به‌ڵکوو پشوودرێژی و لێبوورده‌ییه له هه‌مبه‌ر ئه‌م ناپاکییه‌ی یه‌کێتیدا، بۆ ئه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان نه‌گه‌نه ئاستێک دیسان پێکدادانی ناوخۆیی بێته ئاراوه، ئه‌و شته‌ی وا هه‌ندێک ڕاسپێردراوی وه‌ک فه‌رهاد سه‌نگاوی و ستران عه‌بدوڵا و هاوشێوه‌کانیان پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌کرد!
لێره‌دا ئه‌خلاقی سیاسیی ئه‌م سه‌رۆک وه‌زیرانه به ڕاستی مێژووساز بوو، وه‌ک ئێستهبش بینیمان به هه‌موو هه‌وڵ و ماندووبوونه‌کانی و به خۆڕاگریی و دیپلۆماسییه‌ت، له ئه‌مەریکاوه بۆ به‌غدا کێشه‌ی مووچه‌ی چاره‌سه‌ر کرد و ته‌نانه‌ت دادگای فیدراڵی که یه‌کێتییه‌کان و میدیا سیخووڕهکانیان کردبوویان به ئه‌ژدیهایه‌کی کوردخۆر و ههرێملووشدەر، ئێسته ملکه‌چانه هاتووه‌ته گۆ و جاسم عه‌بوود سه‌رۆکی دادگاکه ئاوای شه‌کر شکاندووه: له به‌رانبه‌ر مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ویژدانی خۆمان ئاسووده کرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و بریاره‌مان بۆ چاره‌سه‌ریی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم نه‌دایه، ده‌ستمان له کار ده‌کێشایه‌وه. ئه‌م سه‌رۆک دادگا داره‌ده‌سته له درێژه‌دا ده‌لێت: عێراقمان پابه‌ند کرد هاوشێوه‌ی مووچه‌خۆرانی عێراق، مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستانیش خه‌رج بکات.
ئه‌گه‌ر یه‌ک خوله‌ک بیر له‌م قسه و هه‌ڵوێسته بکه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین چه‌نده هه‌زه‌لی و ساختهچیانهیه! دادگای فیدراڵی له‌م چه‌ند مانگه‌دا کرابوو به داره‌ده‌ستێک بۆ ههڕهشەکردن له کۆی قه‌واره‌ی هه‌رێم و دابه‌زاندنی خواستێکی به‌رزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ مووچه و برسیکردنی خه‌ڵک، که‌چی به‌وپه‌ڕی چاوقایمییه‌وه ئێسته ئاوا ئه‌خلاقیانه دێته گۆ و عه‌بوود باس له ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه ده‌کات! بۆیە جگه له پێکه‌نینێکی ته‌وساوی، هیچ هه‌ڵوێستێکی تر شیاوی ئه‌م شهکرشکاندنه نییە.!
به‌هه‌رحاڵ، هه‌موو ئه‌مانه‌ی ئێسته مسۆگه‌ر بووه، ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنن که به خۆڕاگریی کابینه‌ی نۆیه‌م و سهرۆکەكەی و به دڵنیاییه‌وه پشتگیری و پشوودرێژیی خه‌ڵکی نیشتماندۆستی کوردستان مسۆگه‌ر بووه، به‌ڵام وه‌ک له‌ناو کورددا ده‌ڵێن، سه‌رکه‌وتن خاوه‌نی زۆره و شکست بێ که‌سه! ئێسته کۆی میدیاکانی یه‌کێتی باسی هه‌وڵه‌کانی باڤڵ تاڵه‌بانی ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران! گوایه ئەو له درێژه‌ی هه‌وڵه نه‌پساوه و پاک و بێگهردهکانیدا کێشه‌ی مووچه‌ی چاره‌سه‌ر کردووه! وه‌ڵامی ئەم چه‌واشه‌کاری و درۆ ئاشکرا و چاوقاییمییه، تەنیا ئه‌وه‌یه که ده‌بێ بڵێین: وه‌ڵا بابه ته‌واومان کرد!
ئێسته‌یش که‌سی یه‌که‌م و كۆتایی یه‌کێتی! ڕێگه‌ی به‌غدای پایته‌خت، واته قووڵایی ستراتیجی یه‌کێتی گرتووه‌ته به‌ر. پێویست به گوتن ناکات هه‌روه‌ک له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌ڵوێست و کۆمێنتی خه‌ڵک ده‌بینین و ده‌ڵێن، ده‌بێ ئێمه‌یش بڵێین: خوا ئه‌م سه‌ردانه‌ی باڤڵ بۆ به‌غداد به خێر بگێڕێت و چاره‌سه‌ری کێشه نه‌کات به کێشه‌ی چاره‌سه‌ر! دووباره و چه‌ند باره!
ئه‌گه‌رچی پێناچێت بتوانن له‌گه‌ڵ قوبادی برایدا ئه‌و دهسکهتانه تێکده‌ن، به‌ڵام به ڕاستی نابێ بێخه‌م و بێختووره بین، چونکه یه‌کێتی پێشانی داوه له سه‌عاتی سفریشا بێت، ده‌ستی خۆی له خه‌ڵک و ماف و مووچه‌یان ده‌وه‌شێنێت و هه‌رده‌م ئاماده‌یه له ململانێ له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌موو کوردستان بخاته مه‌ترسییه‌وه! هیوادارم له به‌غداد هیچ پلانێکی نوێ به‌سه‌ر کوردستاندا ڕێک نه‌خه‌ن و ده‌ستیان خۆش بێت که کێشه‌ی مووچه‌یان چاره‌سه‌ر کردووه با سبه‌ینێ زوو بگه‌ڕێنه‌وه!
ئێسته هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به باشی بینییان ته‌نانه‌ت په‌یجه‌کانی یه‌کێتی له زۆنی سه‌وز نازانن چۆن ئه‌و هه‌موو ساخته‌چێتی و "سیخورمه"کارییهیان کۆ بکه‌نه‌وه که چه‌ندان مانگه به‌ڵێنی داڕمانی کوردستانیان به خه‌ڵک ده‌دا و ئێسته تڕ‌ۆ بوون!
ئێسته ئه‌و په‌یجانه نازانم به چ ڕوویه‌که‌وه ده‌توانن هه‌واڵی چاره‌سه‌ری مووچه له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆک وه‌زیران دانێن؟ به ڕاستی ڕایه‌ڵه‌یه‌کی سه‌یره له کایه و بێئه‌خلاقی و خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵک، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه خه‌ڵکی کوردستان به ته‌واوه‌تی بۆی ده‌رکه‌وتووه کێ کێشه چاره‌سه‌ر ده‌کات و کێ کێشه دروست ده‌کات.
گوتاری کوردستانی و گوتاری دژه‌کوردستانی له‌م یاریەی چه‌ند مانگی دواییدا به ڕوونی و زه‌قی هێڵه‌کانیان ده‌رکه‌وت، هه‌ندێجار ده‌بێت سوپاسی قه‌یرانه‌کان بکه‌ین، ڕاستە گوشارمان بۆ دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌رچاومان ڕوون ده‌که‌نه‌وه.