به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی باوه و له زه‌ینی گشتیی خه‌ڵك له هه‌موو دنیادا جێگیر بووه، ڕووداوه‌كان ته‌نیا به‌هۆی هێزه‌وه له دایك نابن، به‌ڵكو هه‌موو ڕووداویك باش یان خراپ، هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، ڕۆشنبیری و سیاسی، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان چه‌ق و ناوه‌نده‌كه‌ی یاسایه. واته یاسا كرۆك و ڕۆحی ئه‌و هێزه‌یه كه دواتر بۆ مه‌به‌ستی خۆی هه‌موو ئامرازێكی نه‌رم یان ڕه‌ق به‌كار دێنێت.
ئه‌م ناوه‌ندبوونه‌ی یاسا، له دوو ئاستی جێبه‌جێكردن یان لادان له یاسا، وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن "له بادانه‌وه‌ی یاسادا خۆی ده‌بینێته‌وه". ئه‌مه له حاڵێكدایه ده‌شێت وا گریمانه‌مان كردبێت كه ئه‌م یاسایه و كۆی سیستمی یاسایی له ئایدیالترین حاڵه‌تی دادپه‌روه‌ریدا بن و ئێمه ته‌نیا له ئاستی كرده‌نیدا له‌گه‌ڵ یاسا و شێواندنه‌كانیدا ده‌سته‌ویه‌خه بین. به دڵنیاییه‌وه له هێچ كوێی دنیادا به‌شێوه‌یه‌كی ئایدیال شتی وا بوونی نییه، به‌ڵام جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ریی و شارستانییانه هه‌یه له نێوان هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئایدیاله و به ئامرازكردنی یاسا بۆ ئامانجه سیاسییه‌كاندا كه ئه‌مه‌ی دووه‌میان تایبه‌ته به وڵاتانی دواكه‌وتووی هاوشێوه‌ی عێراق.
خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه، هه‌موو یاساكان شتێك له توتالیتاریزم و چه‌وساندنه‌وه و یاسابادانیان تێدایه، به‌ڵام هاوكات هه‌ندێ یاسا مه‌جال و هه‌لێك بۆ ڕه‌خنه و لاوازكردنی ئه‌م توتالیتاریزمه ده‌خوڵقێنن. له دنیای كۆندا یاسا پاشا بوو، واته قسه و كرده‌وه‌ی پاشا خۆی یاسا بوو، یاسا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی جودا و سه‌ربه‌خۆ له سیستمی حوكمڕانی، له ئارادا نه‌بوو. دوای ڕووداو و شۆڕشه گه‌وره و گچكه‌كان له ڕۆژئاوا و سه‌رهه‌ڵدانی فه‌یله‌سووف و ڕه‌وتی ڕۆشنگه‌ری، ورده ورده یاسا وه‌ك ده‌سه‌ڵات و تریبوونێكی سه‌ربه‌خۆ پێگه‌ی بۆ پێناسه كرا، تا شوێنێك كه ئێسته یاسا له زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا، هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌رۆك كۆمار به‌پێی بڕیار و فه‌رمانی دادوه‌ریی ده‌ستبه‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له فۆرمه دۆزه‌خی و خێڵه‌كییه‌كه‌یدا، به زۆری یاسا له وڵاتانی دواكه‌وتوو و گه‌نده‌ڵدا كه ده‌سته‌بژێرێكی بچووكی میلیشیایی یان ئایدۆلۆجی، هه‌موو جومگه‌كانیان داگیر كردووه و به دڵنیاییه‌وه له فۆرمێكی ڕه‌مزیدا له‌لایه‌ن پاشا یان هێزگه‌لێك پشتگیریی ده‌كرێن، ئامرازێكه له خزمه‌ت ئه‌جێندای سیاسی و ئایدۆلۆجیدا.
یاسا له وڵاتێكی وه‌ك عێراقدا كۆمه‌ڵیك ڕێككه‌وتنی نێوان هێزه‌كانه، به‌پێی زۆرینه‌ی به‌هێز و ده‌ستڕۆیشتوویی جێبه‌جێ ده‌كرێن. كاتێك ده‌ڵێین جێبه‌جێ ده‌كرێن، مه‌به‌ستمان به‌شێوه‌ی ژێره‌وانكێ، ئه‌وه‌یه كه زۆر بڕگه و ژماره له سیستمی یاساییدا هه‌ن، به‌ڵام جێبه‌جێ ناكرێن، چونكه له وڵاتگه‌لی وادا و له‌ناو هاوكێشه‌ی ململانێی هێزه‌كاندا، یاسا نه‌ك مه‌به‌ست، به‌ڵكو ئامرازێكه به شێوه‌یه‌كی بژارده‌كارانه هه‌ندێك بڕگه‌ی جێبه‌جێ ده‌بێت و هه‌ندێكیشی پشتگوێ ده‌خرێ. واته له وڵاتانێكی وه‌ك عێراقدا، یاسا ته‌نیا ئامراز و میكانیزمێكه بۆ یاریی نێوان هێزه‌كان نه‌ك سیستمێك له خزمه‌تی دادپه‌روه‌ریی و خه‌ڵك و یه‌كسانیدا.
له ئاوه‌ها دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی_سیاسی و هاوكێشه‌ی هێزه‌كاندا، یاسا له زۆر حاڵه‌ت و چركه‌ساتدا ده‌بێت به هه‌وڵێكی دژه‌یاسایی یان باشتر وایه بڵێین ده‌ره‌یاسایی، تا خزمه‌ت به ئه‌جێندا یان نه‌ته‌وه یاخۆ ئایدۆلۆجیا و ئاینێكی دیاریكراو بكات و بیسه‌لمێنیت ئه‌وه‌ی حوكم ده‌كات، به واتا و له فۆرمێكی تردا هه‌مان نایاسایی یان قسه‌ی پاشایه، به‌ڵام به ڕووكارێكی مه‌ده‌نیانه و سه‌رده‌میانه‌وه كه له ژێر ناوی یاسا و به ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعیه‌تی په‌ڕله‌مان و په‌رله‌مانتارانه‌وه ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت گوایه پێبه‌ندی سیستمێكی یاساییه.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له 2003ه‌وه تا ئێسته سه‌رنجی به‌شێكی كه‌م له‌و یاسایانه بده‌ین كه له كاته ناسكه‌كاندا و بۆ دۆخه دانسقه و ئاوارته‌كان ده‌ركراون، تێده‌گه‌ین له عێراقدا شتێك به ناوی یاسا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه یاریی یاسایی هێزه، هێزێك كه بیه‌وێت فڵان بڕگه‌ی یاسا جێبه‌جێ ده‌كات و نه‌شیه‌وێ پشتگوێی ده‌خات یا سڕی ده‌كات تا كاتی گونجاو، له‌م ململانێیه‌دا كورد به زۆری لێی دراوه و خیانه‌تی لێ كراوه، هه‌م له‌لایه‌ن شه‌ریك و به‌ناو هاوپه‌یمانانی عه‌ره‌به‌وه و هه‌میش له‌لایه‌ن لاده‌رانی ناوخۆییه‌وه.
ئێمه بۆ سه‌لماندنی ڕاستیی یاریی یاسایی هێزه‌كان، ئه‌وه به‌سه بپرسین بۆچی دوای 21 ساڵ له ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام، هێشتا ماده‌ی 140 هه‌ر سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كانه و به‌شێوه‌یه‌كی ڕژد به‌ردێك نه‌خراوه‌ته سه‌ر به‌ردێك، له حاڵێكدا له یاسادا داكۆكیی له‌وه كراوه كه ده‌بێت دۆخی كه‌ركووك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان ئاسایی بكرێنه‌وه و قورسایی ئه‌و یاسایه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و واقیعی كوردبوونی ئه‌و شار و ناوچانه‌دایه.
بابه‌ته‌كه خۆی دیار و ڕوونه و ئه‌وه‌ی وا ده‌زانێت عێراق به یاسا به‌ڕێوه ده‌چێت، با بڕوات ئه‌و مادانه‌ی 20 ساڵه پشتگوێ خراون له هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنیان بپرسێته‌وه! ئێسته‌یش وه‌ك ده‌ركه‌وتووه هه‌وڵێك بۆ واژووكۆكردنه‌وه له په‌رله‌مانی عێراق له ئارادایه تا ئێزیدیی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له كورد و سه‌ربه‌خۆ بناسێنن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌زانێت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و كولتووره خێڵه‌كیی و گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی چ زه‌لكاوێكی بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی دروست كردووه، وا له‌م واژووكۆكردنه‌وه‌یه تێده‌گات كه ئه‌مه هه‌وڵێكی ته‌واو دیموكراسییانه و ئه‌وپه‌ڕی بوێرییه له‌پێناو داكۆكیكردن له مافی ئێزیدییه‌كان و كه‌مینه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، له حاڵێكدا ئه‌مه ته‌نز و هه‌زه‌لییه‌تی هه‌وڵه‌كه‌یه.
باشه بۆ په‌رله‌مانی عێراق قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو جینۆساید و پاكتاوكردنه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان ناكاته‌وه؟ كه پێش به‌عس و له سه‌رده‌می به‌عس و دواتر له كاتی هاتنی داعش و هه‌ڵهاتنی سوپا سه‌رده‌مییه‌كه‌ی خۆیدا ڕووی داوه؟ ئه‌نجوومه‌نی ڕۆحانیی ئێزیدییه‌كان هه‌ڵوێستی خۆیان به ڕوونی ڕاگه‌یاندووه و بۆ زۆرینه‌ی زۆری مێژوونووسان و باوه‌ڕداران و نووسه‌رانی كورد و ته‌نانه‌ت ناكوردیش ڕوونه، ئێزیدییه‌كان زمان و كولتوور و نه‌ژادیان كوردییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاینه‌كه‌یانه كه تاكه ئاینیشه له ناوچه‌كه‌دا به زمانی كوردی ده‌قه پیرۆزه‌كانی نووسراون. ئه‌ی خێره ئه‌م دڵسۆزی و په‌رۆشییه بۆ دیاریكردنی نه‌ژاد و ڕه‌گه‌زی ئێزیدییه‌كان؟ پرسیار ئه‌وه‌یه، ئه‌م بابه‌ته چ پێوه‌ندییه‌كی به په‌رله‌مانه‌وه هه‌یه؟ بۆچی په‌رله‌مانی ئیحتیلال وه‌ك گوتم قه‌ره‌بووی ئازار و ڕه‌نجه‌كانیان ناكاته‌وه، به‌ڵام په‌رۆشی مێژوو و زمان و جیناتی ئه‌وانه و ده‌ستی داوه‌ته ئه‌م كاره؟ كورد ده‌ڵێ، با بۆ حه‌لاوی باس كه‌ن.
ئێمه ده‌زانین ئه‌مه هه‌وڵێكی تر و پلانێكی تره بۆ دابه‌شكردنی بنه‌ما و نه‌زمی زیاتری ماڵی كورد و زه‌وینه‌سازییه‌كه بۆ سه‌رقاڵكردنی زیاتری كورد، بۆ ئه‌وه‌ی به باشی له سه‌رژمێریی پلانداری نزیكدا نه‌توانێت خۆی كۆ بكاته‌وه، ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت ده‌بێت زیاتر له هه‌ر كات و سه‌رده‌مێكی تر ڕه‌وتی سیاسیی كورد هوشیار بێت و ئاگای له‌م پلانه‌ی به‌رده‌می بێت، هه‌موو ئه‌م ئاماژه و پلانانه به ئێمه ده‌ڵێن هه‌ر كه‌س بۆ یه‌ك چركه‌یش باوه‌ڕ به سیستمی سیاسی و یاسایی عێراق بكات، ده‌بێت بزانێت خۆشباوه‌ڕ و یاریی پێكراوه.