سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و به سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانە و به تایبه‌تی سه‌ردانیان بۆ خورماڵ و کردنه‌وه‌ی سایلۆ و پێسکه‌شکردنی ئه‌و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه، نموونه‌یه‌کی پڕ پیت و به‌ره‌که‌تی حوکمڕانییه له کوردستان و پشتڕاستکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌رۆکی جكوومەت خۆیەتی له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا که گوتی، ئه‌گه‌ر بهێڵن به دڵنیاییه‌وه ئێمه خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه و سلێمانی و هه‌موو ئه‌و ده‌ڤه‌ره به شێوه‌ی شیاو و شایسته ده‌که‌ین.
راستییەكەی ئه‌گه‌ر به تۆزێک ویژدانه‌وه چاو له هه‌وڵه‌کانی مه‌سروور بارزانی له سه‌ره‌تای حوکمڕانییه‌که‌یه‌وه بکه‌ین، به‌ىی هیچ دوودڵییه‌ک ده‌بێت ددان به وره‌به‌رزی و لێهاتوویی و قه‌یرانبه‌زێنی و پلاندانه‌رییدا بنێین. ڕیزکردنی ئه‌م ئاوه‌ڵناوانه وه‌ک وشه بێگومان ئاسانه، به‌ڵام ئاوڕێکی خێرا له کۆی ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی که مه‌سروور بارزانی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران له سه‌ره‌تاوه تا ئێستە ڕووبه‌ڕوویان بوووه‌ته‌وە، ئه‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات.
ئه‌م سه‌رۆک وه‌زیرانه له بواره‌کانی کشتوکاڵ، بازرگانی و هه‌نارده‌کردنی به‌رهه‌می جووتیاران بۆ ده‌ره‌وه و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆیان، به‌هادان به پرۆژه کولتووری و ڕۆشنبیرییه‌کان و کردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌لی ڕۆژنامه‌نووسی و میدیایی، جێده‌ستی دیاره و ئه‌مه ته‌نیا به‌شێک له‌و چالاکیی و کردارانه‌یه‌تی که ئێمه له فه‌زای میدیاییدا له‌گه‌ڵی ئاشنا بووین. با باسی گوشارە ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و لادانی ناوخۆیی و ناپاکیی خۆماڵی و هێرشی مووشه‌کیی ده‌ره‌کی و ده‌یان بابه‌تی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه هه‌ر نه‌که‌م. بۆیه ئه‌گه‌ر دوور له ده‌مارگرژیی و به‌رده‌فڕکێی مناڵانه‌ی هه‌ندێ به ناو ئۆپۆزسیۆن و میدیای زه‌رد و مۆدێلنوێنه‌کانیان، چاو له هه‌وڵ و خزمه‌ته‌کانی ئه‌م سه‌رۆک وه‌زیرانه بکه‌ین، پراکتیزه‌کردنی هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕ و قسه‌یه‌ی خۆیه‌تی که "خزمه‌تکردنی هاووڵاتیان ئه‌رکی ئه‌وانه".
ئه‌گه‌ر زه‌ین و دڵێکی کوردستانی و یه‌کخرا‌و‌مان هه‌بێت، ئه‌وا به سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی كوڕ بۆ پارێزگاکانی هه‌له‌بجه و سلێمانی، گزینگی هیوا و خۆری ئاوه‌دانیمان لێ به دیار ده‌که‌وێت و نیازپاکی دەبینین، ئه‌گه‌ریش به چاوێکی خواروخێچ و دڵێکی پیسه‌وه چاوی لێ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌یکه‌ین به هه‌رای میدیایی و به‌رده‌فڕكێی دوو منداڵۆچکه‌ی خه‌ڵه‌تێنراوی داماو، ده‌که‌ین به مانشێتی گه‌وره‌ی سه‌ر شاشه‌کان و پسپۆڕی به‌رده‌فڕناس و پرۆتینناسی شاره‌زای زانکۆی هاورڤاردی بۆ بانگهێشت ده‌که‌ین تا له‌سه‌ر گرینگیی به‌رده‌فڕکێ له گۆڕانی هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆزی کورد له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا باسی قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌ندمان پێشکه‌ش بکه‌ن!
دیاره ئه‌م ئاماژانه‌ی من ته‌وساوی و ته‌نزاوین و ئاماژه‌ن به‌و دۆخه‌ی هه‌ندێک به ناو ئۆپۆزسیۆنی وه‌ک نه‌وه‌ی نوێ و که‌ناڵه ڕووزه‌رده‌کانی په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن و هاوکاتیش هه‌ندێ ده‌ست که به ڕواڵه‌ت به‌شدارن له کابینه‌ی حکوومه‌تدا به چه‌پڵه‌ی قایم ئه‌م هه‌له‌که‌سه‌مایه گه‌رموگوڕتر ده‌که‌ن.
به ڕاستی من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، با چاو له زاری ئه‌و جووتیارانه بکه‌ین که ده‌سخۆشی و پێ‌زانین و ستایشیان بۆ هه‌وڵ و پرۆژه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیرران ده‌ربڕی. با بیر له‌و ئه‌خلاقه بکه‌ینەوە که له جووتیارانی عاره‌قڕشتووی کوردستان هه‌موو به‌رهه‌مێکی کڕیوه و پاره‌که‌یشی داوه. ته‌نانه‌ت ساده‌ترین شت. کولتووری کورد به گشتی وه‌هایه که که‌سێکی میوان له هه‌ر پله و پۆستێکدا به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دیار و ناسراو بێت، هیچ شتێکی له به‌رانبه‌ر میوانداری و پێشکه‌شکردنی به‌رهه‌م یان خوانێک لێ وه‌رناگرێت، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌مه‌ی قبووڵ نه‌کردووه، چونکه ده‌زانێت یه‌که‌م بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی ئابوورییه‌کی خۆبژێو و نانه‌وتی، له‌سه‌ر ده‌ستی جووتیار داده‌مه‌زرێت و دووه‌میش ئه‌وه‌ی جووتیارانی کوردستان له هه‌موو قۆناغه‌کانی پیشه و ژیانیاندا زیاتر له هه‌ر چینێکی دیکه غە‌دریان لێ كراوە و ده‌بێت حورمه‌ت و ڕێز بۆ ماندووبوون و عاره‌قه‌ی نێوچاوانیان دانێین. واته سه‌رۆک وه‌زیران هه‌م ڕووه پێشکه‌وتنییه‌که و هه‌م ڕووه ئه‌خلاقییه‌که‌ی له ته‌عامول و بەسه‌رکردنه‌وه‌ی جووتیاراندا وه‌ک هه‌میشه ڕه‌چاو کردووه.
من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر هێز و لایه‌نێک له‌و ده‌ڤه‌ره خۆی هیچی پێ ناکرێت، بۆچی ده‌هری ده‌بێت کاتێک سه‌رۆک وه‌زیرانەكەی ده‌یه‌وێت شتێک بۆ هه‌ڵه‌بجه یان خورماڵ و شاره‌کانی تر بکات؟ بۆچی ته‌پڵی دووبه‌ره‌کی و ئاشووبنانه‌وە ده‌کوتێت و ناهێڵێت ئه‌م دوو پارێزگایه تۆزێک تامی پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانی بچێژن؟
من هه‌رچی چاو له‌و دیمه‌نانه‌ی پێشوازیی هه‌ڵه‌بجه‌یی و هەورامییەكان ده‌که‌وم، جگه له گزینگی هیوایه‌کی کوردستانی و شکۆمه‌ندانی هیچ شتێک به دڵمدا گوزه‌ری نه‌کرد، دڵنیام ئه‌گه‌ر ده‌ستی مافیا و خۆپه‌رست بوار بده‌ن، سه‌رۆک وه‌زیران کوردستانێکی یه‌کده‌ست و هاوسه‌نگ له ڕووی ئاوه‌دانی و پێشکه‌وتنه‌وه به‌دی دێنیت، دڵنیام ئه‌گه‌ر بوار بده‌ن سلێمانی ده‌بێته‌وه به شاره ڕۆشنبیره‌که‌ی جاران، به تاجی دره‌وشاوه‌ی نوێی سه‌رییه‌وه، هه‌ڵه‌بجه ده‌بێته‌وه به بووکی هه‌ورامانی کوردستان و له هه‌موو دنیاوه به تامه‌زرۆییه‌وه بۆ دیداری برین و هاوکات پێشکه‌وتنه‌کانی به‌سه‌ر دێن، به‌ڵام سه‌ت حەیف و مه‌خابن که خۆخۆری و دووبه‌ره‌کیی ڕه‌گێکی قووڵ و ڕیشه‌داری له کولتووری ئێمه‌دا هه‌بووه و هه‌یه و هه‌ر کاتێک سه‌رکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنێکی دره‌وشاوه به‌دیار که‌وتووه، هه‌ر خۆمان داومان بۆ ناوه‌ته‌وه و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌مان بۆ دروست کردووه.
به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئیراده‌ی چاکساز و داهێنه‌ر و بنیاتنه‌ر، به ئاسانی زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر خۆخۆر و ڕووخێنه‌ر و مافیاگه‌را‌دا، وه‌ک له چه‌ندان قۆناغدا ئه‌مه‌مان بۆ سه‌لمێنراوه! ئه‌م به‌رده‌فڕكێ منداڵانه‌یه‌ی میدیا به ناو ئۆپۆزسیۆن و پۆزسیۆن، ماهییه‌تی ئه‌و ئیراده‌یه‌ی ده‌رخست که به‌رله‌وه‌ی پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانیی کوردستان گرینگ بێت لایان، پۆست و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یان لا گرینگه که شوکر ئێسته له ده‌ستی ئه‌واندا نییه و هیچ کاتیش ئه‌و متمانه‌یه‌یان له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پی نادرێت که له داهاتوویشدا به ده‌ستی بێنن! چ خۆش گوتراوە "کاتێک ڕاستیی و حه‌ق دێت، باتڵ و بۆش ده‌پووکێنه‌وه و ده‌ڕزێن".