لەسەر مەترسی و زیانەکانی مادەی هۆشبەر زۆر وتراوە و دەبێ هەروایش بێت و ئەم دووبارەوتنەوەیە هەبێت. تا قووڵایی و تاریکی ئەم مەترسییە بۆ ساتێکیش چییە لە زەین و زاکیرەی ماڵبات و تاک بە تاکی کۆمەڵگەدا کاڵ نەبێتەوە. لێرەدا نامەوێ دووبارە ئەو تەوەرانە بڕێسمەوە، بەڵام چەند شتێک وەبیر دێنمەوە خۆیان زەوینەن لە پرۆسەی ئالوودەبوونی هەر تاکێک یان کۆمەڵگە (بەشێک لە کۆمەڵگە)دا و دەبێت لە بەرچاو بگیرێن، تا بە دنیایەک تێچووی مادی و مەعنەوییەوە کەسی تووشبوو نەیەتەوە سەر نوقتەی سفر.
بەر لەوە سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ئامارێک کە دەزگای "وشە" لە زاری نەقیب محەمەد ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بڵاوی کردووەتەوە. بەپێی ئەم ئامارە. لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ڕابردوودا/٢٠٢٤، هەزار و 439 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە گیراون. لەوانە 677 کەسیان بەکارهێنەر و ئەوانیتر بازرگانن. ئامارەكە ئەوەیشی دەرخستووە كە 465 کیلۆ مادەی هۆشبەر هەر لەو ماوە زەمەنییەدا دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرنجدان لەو ئامارە و لێکدانەوەیەکی ئاسایی بیرکاریانە، پێمان دەڵێت ڕێژە یان ژمارەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە بەکارهێنەران زیاترن، ئەمە دەشێت مانای ئەوە بدات کە هێشتا سەرەتایەکە لە دەسپێکردنی کارەسات و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەشێت بە هۆی جۆراوجۆر ببێتە تۆڕێکی پیشەیی ترسناک و بەهێز. خۆی لە زۆربەی ئامارەکاندا ڕێژەی بازرگانان لە حاڵەتی دەگمەندا لە بەکارهێنەران زیاترە، کاتێک ئێمە لە کوردستان ئەمە دەبینین، واتە شەپۆلێکی گەورەی مەترسی بەڕێوەیە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم نەخۆشی و بێویژدانییە (بازرگانان) بێوێنە بووە و وەک لە ڕاپۆرتەکەی "وشە"دا خوێندمانەوە، ڕێژەیەکی زۆر گیراون و ڕێوشوێنی توندیش بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.
بەڵام باسی من بۆ پلانێکی گەورەی بازرگانی و هاوکات سیاسی-ستراتیجییە کە لە دەرەوەی سنوورەکان دادەڕێژرێت و لە ناوخۆی کوردستان جێبەجێ دەبێت. واتە نەک تەنیا هەوڵە درەوشاوەکانی حکوومەتی هەرێم، بەڵکوو هەرەوەزییەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنگەریی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەکی ئەم کۆمەڵگەیەی پێویستە.
پاشی ئەم بەرکوڵە، با بگەڕێمەوە سەر ئەو چەند شتەی لە سەرەوە وەک زەوینەکانی پرۆسەی تووشبوون و ئالوودەبوون یان ئالوودەکردنی کۆمەڵگە بە مادەی هۆشبەر، ئاماژەم پێدا. من لەم زەوینانە تەنیا مەبەستم زەوینەی ئالوودەبوونی یەکەمجار بە مادەی هۆشبەر لەلایەن تاکێکەوە نییە، یان سەپاندنی دۆخێکی ناچاریی لە تۆڕ و یاریی قاچاخچییەکانی ئەم ئەفیوونە دژە مرۆڤە، بەڵکوو مەبەستم لە پلەی یەکەمدا هۆی سەرەتایی و سەرەکیی ئەوەی تاکێک ناتوانێت بژاردەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ڕەت بکاتەوە چییە؟ دوهەمیش بۆچی کاتێک پرۆسەیەک لە پاکبوونەوە لە مادەی هۆشبەر بە پشتگیریی حکوومەت یان خێزان دێتە ئاراوە، دوای ماوەیەک کەسی تووشبوو دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر مادەی هۆشبەر؟ دیارە مەبەست هەموو کەسەکان نییە، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمە ڕووی داوە.
بۆ بابەتی یەکەم دەبێت بڵێم زۆربەی توێژینەوە مەیدانییەکان لەم بارەیەوە ئەوەیان دەرخستووە کە هەم لە چینەکانی سەرەوە و هەم لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، تووشی ئەم کارەسات و مەرگە سپییە دەبن، چینەکانی سەرەوە بەهۆی باری چێژپەرەستیی سایکۆلۆجییان و چینەکانی خوارەوەیش ڕێک بە پێچەوانەوە، بەهۆی دنیایەک ئازار و گێرمەوکێشەی ژیانی خۆیان و بێگومان لە ڕوانگەی خۆیان دەیبیننەوە.
بەڵام داهاتووی هەر کام لەم چێنانە لە بەکارهێنان و تووشبووندا جیاوازە. ئەوەی یەکەمیان ئەگەری مانەوە و هەستانەوە یان با بڵێین دەربازبوونی بەهۆی ئەو ئیمکانیاتەی لە بەردەستیدایە زیاترە، ئەگەرچی ئەمەیش ڕەها نییە، بەڵام بوونی ئیمکانیاتی دارایی دەتوانێت کەسەکە لە چرکەساتێکی دیاریکراودا هان بدات سەردانی پزیشک یان لایەنی تیمارکەر بکات و خۆی دەرباز بکات، بەڵام بە زۆریی ئەوانەی چینی خوارەوە قوربانیی دەستی ئەم دێوەزمەیە دەبن و بەداخەوە بە مەرگیشیان کۆتایی دێت. بەڵام کێشەیەک کە ئەگەر کەمتر لەوەی یەکەم نەبێت، بە دڵنیاییەوە قووڵترە و هەر پێوەستە بە کۆی پرۆسەی ئالوودەبوونەکەوە ئەمەیە کە هەردوو چێنی سەرەوە و خواروە واتە زەنگین و هەژار، پاش پاکبوونەوەیان هەمدیس لە ڕووی دەروونییەوە ختووکە دەدرێن بگەڕێنەوە سەری و دووبارە بەکاری بێننەوە.
لە یەکەمجاردا کە ئەزموونی دەکەن ئامار و توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کەسەکە لای خۆی دەڵێت هەریەک جارە و تەواو، بەڵام ئەم یەکجارە دواتر لە هەزارانیش تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی کەسەکە ئیتر هۆشی بەسەر خۆیەوە مابێت، کەچی لە کیس چووە، بۆ دووبارە گەڕانەوەیش میکانیزمێکی دەرووناسانەی نەرێنی هاوشێوە لە ئارادایە، ئەوەیش ئەوەیە کە دەڵێت: "خۆ من جارێک وازم لێ هێناوە و هەمدیس دەتوانم وازی لێ بێنمەوە، کەواتە با جارێکی تریش تاقیی بکەمەوە." بۆیە دەبێت هوشیار بین، پاکبوونەوەی کەسانی ئالوودەبوو بە مادەی هۆشبەر سەرەتای ڕێگەکەیە و کۆتاییەكەی ئەوەیە بە ڕێکار و میکانیزمی جۆراوجۆر نەهێڵین ختووکە بدرێ و بگەڕێنەوە سەری.
هەندێک لە توێژەران دەڵێن پاکبوونەوە لە مادەی هۆشبەر سەرەتای هەیە، بەڵام کۆتایی نادیارە، بۆیە ڕێگەی دروست ئەوەیە هیچ کات بوار نەدەین کەسوکار و هاووڵاتیان تووش بن و ئەگەریش بەهەر هۆکارێک تووش بوون، دەبێت هەم پرۆسەی پاکبوونەوە لەژێر چاودێری ورددا بێت و هەمیش پاش پاکبوونەوە، ئەگینا ڕەنجمان بە خەسار چووە.