خەڵکی کوردستان ناوی تەیف سامیی زۆر لا ئاشنایە، ئەگەرچی هەمووان نازانن یان واینابینن ئەم ئاشنایەتییە بەهۆی چەواشەکارییەوەیە، بەڵام زۆرینە دەزانن ئەو دەتوانێت بڕیار لەسەر قووتی خەڵک بدات، یانی کاتێک چاو لە هەموو یاساکانی بەردەست پێوەست بە بودجە و ڕێکەوتنەکانی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت، دەزانین پرسەکە لەژێر دەستی ئەودایە، دەتوانین پرسیار بکەین، ئایا بە ڕاستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یارییمان لەگەڵ دەکات یان کۆی ئەو تۆڕە میلیشیایی و ئایدۆلۆجییە عەرەبییەیە کە هەر جارەو بە شێوەیەک لە شێوەکان بەربەست بۆ ناردنی مووچەی هەرێم دروست دەکەن؟
بێگومان ناتوانین یەکێک لەوانە وەک هۆی سەرەکیی دیاری بکەین، چونکە هەر هەموویان هۆکار و فاکتی هاوکارن لەوەی ئەم دۆخە بێتە ئاراوە. عەلی حەمە ساڵح و هەندێک لە ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە دیاریکراویی بە شێوەیەک باسی ڕوانگەی ژمارەیی و بەڵگەگەرایانەی تەیف سامییان دەکرد، کەئەنەهوو ئێمە لە وڵاتێکی ئەنفالچی و دز و گەندەڵدا ناژین و چوار پێنج سەدە لە پێشەوەی ئەمەریکا و ئەورووپاین! ئەمە سەرباری ئەوەی لایەنەکانی تر بە زۆری لەناو هاوکێشەی ساختەی "ڕادەستکردن"ی هەموو شتێک پاڵەوانانە! ڕۆڵیان دەگێڕا و بە نەوای ئۆپۆزسیۆنەوە هەموو دنیا و گەردوونیان چاک و باش دەبینی جگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گوتاری کوردستانی!
ئێستە مەبەستم تەنبا ئەوە نییە بڵێم کێ و کام گوتار و هەڵوێست ڕەسەن و کوردستانی و سیاسی بوو و لە هەرەمی هێزەوە هاوکێشەکانی ئاڕاستە دەکرد، چونکە بۆ من و زۆر کەس ئەوە ڕوونە، بەڵکوو دەمەوێت سەرنجی ئەوە بدەین چ وانەیەک لەمە وەربگرین و تاوانباری ڕاستەقینە کێیە؟
لە کۆی ئەم باسە کە لە چەندان شوێنی تریش كردوومە، چەندان مامۆستا و سیاسی و دڵسۆزی کوردستانیش شییان کردووەتەوە، دەردەکەوێت بوونی پواز و نەبوونی یەکگرتوویی ئێمە و خەڵکی کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاند، لانیکەم دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان دەیانتوانی گوتارێک پێشکەش بکەن کە هێزە گچکەکانی دیکەیش وەدووی خۆیان بخەن، بەم شێوەیە قووت و نانی خەڵک نەکەوێتە بازنەی یاریی کەس و هێزگەلێکەوە کە تەنیا شت بەلایانەوە مانای نییە "حق الناس"ـە، چ بگات بە مافی نەتەوەیەکی وەک کورد کە ئەوان هێشتا وەک داگیرکراو و کەنیزەک و غەنیمە سەیری ژیان و ژیار و وڵات و خێروبێرەکەی دەکەن!
کەواتە "یەکگرتوویی" ئەو وانەیەیە دەبێت لە ئەتەکێت و دیپلۆماسیی فاشیلی عێراقی ئیحتیلال کە لە هەمبەر کورد خۆی لێ بووە بە دەوڵەتی واق واق، وەریگرین، میکانیزم و ڕێکارەکانی ئەمە چین؟ بەداخەوە ئەمە بابەتێکە کورد چەند دەیەیە باسی لێوە دەکات، بەڵام تا ئێستە بە گوێرەی پێویست تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەمە باسێکی دوررودرێژە و من دایدەنێم بۆ کات و دەرفەتێکی دیکە. دێمە سەر ئەو پرسیارەی کە تاوانباری ڕاستەقینە کێیە؟
بۆ من بە پلەی یەکەم تاوانباری ڕاستەقینە دەوڵەتی عێراقە بە هەموو جومگە ورد و درشتەکانییەوە، بە هەموو ئەو کوردانەی کە لە پەڕلەمانەکەیدان و سکاڵایەکی هاودەنگ دژی تەیف سامی و لایەنە بەرپرس و پێشێلکەرەکانی مافی کورد تۆمار ناکەن، دەوڵەتێک كە بە درێژایی سەدەی بیستەم و تا ئێستەیش کوردی قڕ کردووە و بە ڕاگواستن و ئەتککردن و ئەنفال ڕا هاتووە، ئایا بە ئاسانی دەتوانێت لەگەڵ ئەوە ڕا بێت پێشمەرگە ژیانێکی شایستەی خەبات و شکۆ و تێکۆشانی خۆی هەبێت؟ بە دڵنیاییەوە هیچ کات پێڵاوی پێشمەرگەیەک کە پارێزەری خاک و گیان و کیانی ئێمەن، لەگەڵ سەرۆکی باڵای هیچ لایەن و هێزێکیشیان بەراورد ناکەم، بەڵام باسم لە پرۆسەیەکی یاسایی و گوایە مەدەنییە لەناو پەیکەری پووکاوەی عێراقی ئیحتیلالدا!
لەم کۆنتێکستەدا ئێمە بەڵێنەکان دەبینین، ڕێکەوتنەکان و سۆزەکانی سوودانی دەبینین، لێدوانی بریقەدار و گەشی دەمڕاست و دەمچەوتی ئیحتیلال دەبینین، بەڵام دەرئەنجامەکە هەر ئەوەیە کە نابێت ببێت! بە مانایەک تەیف سامییەک کە بە ئاسانی لە 12ی یەکی 2025دا دەڵێت هەموو مووچەی هەرێمم ناردووە و دوای 20 رۆژی تر دەڵێت: بۆیە کورتیهێنان لە مووچەی هەرێم ڕووی داوە، چونکە مووچەی پێشمەرگە لە حسابی فەرمانبەران دراوە.
بێگومان تەیف تەنیا خۆی نییە، یان با بڵێین تەیف تەنیا تەیف نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی هێز و لایەنێکی ئاژاوەگێڕ لە بەغداد دەکات کە تەنیا شتێک گرینگ نییە بۆی، مافی خەڵکی کوردستان و نانی وشکی سەر خوانەکەیانە! ئەگەر خۆمان نەخافڵێنین، دەبێت فریوی ئەو فیگەرە ئاینییە ئەخلاقنوێنە نەخۆین کە گوایە تەیف دڵی بە ئەو دۆخەی کوردستان و مووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەسووتێت! مەگەر هەر ماوەیەک پێش ئێستە نەبوو هەمان تاس و حەمام بوو و هەواڵنێرێکی کورد لە بارەی مووچەی کوردستانەوە پرسیاری لێ کرد، تەنانەت هەر نووزەشی لێوە نەهات وەک بڵێی ئەم پرسیارە تاوان و بڤەیە!
تەیف هونەرمەندی ئاشۆدانەر و ئاژاوەگێڕە لەم هاوکێشەیەدا، بەڵام تەنیا بووکەڵەیەکی یارییە لەناو تۆڕێکی گەورەی یاریکەرانی ناوچەکە و ملکەچبووانی بەغدا دا! ئەو هونەرمەندە دیار و ئاشۆکەی ئەو تراجیدیا ڕەش و هاوکات کۆمێدییە تاڵەیە کە دژی کوردستان ڕێکیان خستووە!
لە کۆتاییدا دەتوانین بپرسین، وەک زۆر جاری تر دووپاتی بکەینەوە: با ئەوانەی وتیان هەموو شتێک ڕادەست بکەن وەڵام بدەنەوە؟ ئەوانە بۆ بێدەنگن و تەنانەت "ئوف"ێکیش لە هەمبەر دایکە تەیفدا بە زار ناهێنن؟
دڵ وەختە ببێت بە ئاو و بە چاودا بکات عبوور
لە ئاستی ئەم بێشەرمی و بێویژدانییە