ئه‌گه‌ر بڵێین که‌رکووک نه‌ک ته‌نیا بۆ باشووری کوردستان، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و به گشتی بۆ دۆزی کورد وه‌ک دڵێکی خوێناوی و هاوکات پڕترپهیه، زیادهبێژیمان نه‌کردووه، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نییه که که‌رکووک ته‌نیا شوێنێکی جیۆپۆڵه‌تیک و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌وت بووه و هه‌یه، به‌ڵکوو که‌رکووک هێمای که‌ونینه‌یی و ژیاریی نه‌ته‌وه‌یی کورده له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕووداوێک له‌وێ ڕوویدابێت، به لانیکه‌م ئان‌وسات هه‌ر چوار داگیرکه‌ره‌که (هه‌ڵبه‌ت سوریا که‌متر)، ملیان قوت بووه‌ته‌وه و هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه و خاڵی هاوبه‌شی هه‌ڵوێسته‌کانیشیان ئه‌وه بووه که که‌رکووک شارێکی کوردی نییه و نابێت کورد تێیدا ده‌سه‌ڵاتدار بێت.
ساڵی چه‌ند جارێک تورکیا به‌رگری له تورکمانه‌کانی که‌رکووک به‌هۆ بێ هۆ ده‌کات، ئه‌مه هه‌ر له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕزگارکردنی عێراق له ده‌ستی ڕژێمی گۆڕ به گۆڕی سه‌دامه‌وه تا ئێسته هه‌روا بووه. له بیرمه پاش 2003 که ناوچه کوردستانییه‌کان هه‌مووی گه‌ڕانه‌وه ژێرده‌ستی پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ته‌له‌ڤزیۆنی ئێرانی (کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌وکات تا دواساته‌کانیش دژی ئه‌مەریکا و هێرش بۆ ئازادکردنی عێراق بوو، ڕۆژێک به‌ر له هێرشه‌که و له به‌ره‌به‌یانی هێرشهکهیشدا، ته‌نانه‌ت تاریق عه‌زیزی داوه‌تی تاران کرد و هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ مانه‌وه‌ی به‌عسییه‌کان دا، چونکه ته‌نیا کێشه‌ی کورد بوو).
ئێران، ڤیدیۆیه‌کی کورتی بڵاو ده‌کرده‌وه که به‌رپرسێکی کورد به جلی کوردییه‌وه و له ته‌نیشت ئاڵای کوردستانه‌وه له فه‌رمانگه‌یه‌کی که‌رکووک دانیشتووه و کۆمه‌ڵێک سه‌ربازی ئه‌مەریکایی پاسه‌وانن، له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤیدیۆیه‌دا ده‌قێک ده‌خوێندرایه‌وه به‌م ناوه‌رۆکه‌وه: ئه‌مەریکا مه‌به‌ستی دابه‌شکردنی عێراقه و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی که‌رکووکی وه‌ده‌ر ناوه و ده‌ستی بێگانه‌کانی له‌و شاره‌دا ئاوه‌ڵا کردووه. دیاره بێگانه‌کان لێره‌دا مانایه‌کی دووڕووی هه‌یه و هه‌م مه‌به‌ستی کورده‌کان بوو و هه‌م مه‌به‌ستیشی ئه‌مەریکا و هاوپه‌یمان بوو.
به درێژایی 40 ساڵ زیاتر له ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامیی، هیچ کات ددانی به‌وه‌دا نه‌ناوه که کورد له که‌رکووک زۆرینه‌یه! چ بگات به‌وه‌ی ددان به‌وه‌دا بنێت که کورده‌کان خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی که‌رکووکن، ئه‌مه‌یش به‌پێی هه‌م به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌کان و هه‌م بیره‌وه‌ریی ڕۆژهه‌ڵاتناسان و هه‌م به‌ڵگه‌نامه سیاسییه‌کان، ته‌نانه‌ت به‌عسیش خۆی له هه‌ندێ ده‌ربڕینی به‌رپرسانیدا زۆر لارییان له‌وه نه‌بوو که که‌رکووک شارێکی کوردییه، که‌چی هه‌ر خۆیشیان هه‌موو هه‌وڵیکیان بۆ گۆڕینی باری دیموگرافی و شیواندنی ڕێژه‌ی دانیشتوان و تێکدانی باری جیۆگرافیی ناوچه‌که داوه.
له سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم، واته پێش ئه‌وه‌ی به‌عسییه‌کان هه‌ر بێنه سه‌ر کار، نازم ته‌به‌قچه‌لی (که هه‌ندێک ده‌ڵێن تورکمان بووه)، وه‌ک ده‌ڵێن زیاتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی تورکمانی دانیشتووی ته‌لعه‌فه‌ر بووه، له یه‌که‌م مانگی سه‌رکه‌وتنی کوده‌تاکه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا کرایه فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی دووی که‌رکووک به پله‌ی عه‌مید ڕوکن و نێزیکه‌ی نۆ مانگ له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه، ئه‌و یه‌کێک له هاوکارانی قاسم و بکه‌رانی کووده‌تاکه‌ی 14ی ته‌مووزی ساڵی 1958 بوو، به توندترین شیوه دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر له یه‌کێتی سۆڤییه‌ته‌وه بۆ عێراق وەستابوو، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانێکی زۆری له دژی کورد و له به‌رژه‌وه‌ندی تورکمان له که‌رکووک کرد و ده‌توانین بڵێین وه‌ک تورکمانێک ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه له گه‌یاندنی که‌رکووک به‌م دۆخه‌ی ئێسته هه‌یه.
مه‌به‌ستمه بڵێم که‌رکووک وه‌ک دڵی کوردستان، به‌هۆی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌وه له ناوه‌وه و فارس و تورک و عه‌ربی ده‌ره‌وه، ده‌ستی لێ وه‌شێندراوه و مێژوویه‌ک له سته‌م و زۆرداری هه‌م وه‌ک کۆنهشارێکی کوردی و هه‌میش وه‌ک دانیشتوان، به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
که‌رکووک بۆ هه‌موو کوردستانی گه‌وره خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه بووه و هه‌یه، بارزانیی نه‌مر له شوێنێکدا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر من کوردستانم به‌بێ که‌رکووک بویستایه، هه‌رزوو به‌عسییه‌کان پێشکه‌شیان ده‌کردم، به‌ڵام ده‌ستهه‌ڵگرتن له که‌رکووک له پله‌ی مندا نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه مافی خه‌ڵکه.
به‌هه‌رحاڵ، که‌رکووک به‌م هه‌موو سته‌مه‌ی له‌سه‌ری کرا، ئێسته‌یش له‌و خه‌مه نهڕهخسیوه، ته‌نانه‌ت زۆرترین و زهخترین قۆناغی ئه‌نفال له گه‌رمیان و که‌رکووک جێبه‌جێ کرا، چونكە هه‌ر ویستیان هیچ ئاسه‌وارێک له کوردبوون له‌و ناوچه‌یه نه‌هێڵن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا بابه‌گوڕگوڕ نووره‌که‌ی ناخی شایه‌تی مێژووی کوردبوونێتی و ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی که دراوه. شارێک به‌م مێژووه‌وە له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا بوو، به‌ڵام ماوه‌یه‌ک پێش ئێستە چه‌ند که‌سێکی عه‌ره‌ب هێرشیان کرده سه‌ر بهنزینفرۆشێکی کوردی که‌رکووک و هه‌م به‌نزینه‌که‌یان برد و هه‌میش پاره‌کانی و لێشیان دا و ڕه‌قه‌می سهیارهکهیشیان ده‌وڵه‌تی عیراقی بوو!
ئێسته‌یش له گوندی تۆپزاوای که‌رکووک سوپای عێراق ڕێگری ده‌کات له دروێنه‌ی جووتیارانی کورد و دانیشتوانی گونده‌که ده‌ڵێن، سوپا هاتن وتوویان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه ناده‌ین به‌روبوومه‌کانتان دروێنه بکه‌ن و به زه‌بری هێزیش ئه‌مه ده‌که‌ین و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ده‌ڕاسه‌که‌دا گرتووه و شۆفێرێکیشیان گرتووە. لەولاوە ناو بەناو لە گوندەكانی دەوروبەری سەرگەڕان و پەلكانە، هێرش دەكەنە سەر ماڵە كوردەكان و ئەوانیش مەردانە بە تێڕتڕێن ڕاویان دەنێنن، بەڵام ئەمە تا كەی؟
باشه ئێمه که ده‌زانین ناوی تۆپزاوا له‌گه‌ڵ ئۆردووگای تۆپزاوه و نوگره‌سه‌لمان و ئه‌نفال ههڵپێکراوە، چ وه‌ڵامێکمان پێیه له هه‌مبه‌ر ئه‌م ده‌سدرێژییه سیستماتیک و شۆڤێنییه مێژووییه‌ی حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی عێراق و عه‌ره‌به هاورده و چەكدارەكانیان؟ کوان ئه‌وانه‌ی ده‌یانوت بۆیه 16ی ئۆکتۆبه‌رمان کرد تا شاره‌که وێران نه‌بێت و خه‌ڵکه‌که ئه‌زیه‌ت نه‌بن، ده‌ی فه‌رموون بڕۆن ئه‌و خه‌ڵکه به شه‌ره‌فه سته‌ملێکراوه ڕزگار بکه‌ن، فه‌رموون له‌سه‌ر مافه‌کانیان لانیکه‌م له میدیاکانتان بێنه گۆ.
هیچ هه‌واڵێک نییه له که‌رکووک دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر بڵاو بووبێته‌وه به سووسه‌یه‌ک دڵخۆشی و ئومێدی تێدا بێته جگه له وره و ویستی خه‌ڵک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی ڕه‌سه‌نی کوردستانی بۆ که‌رکووک، ته‌نانه‌ت ئه‌م ده‌سدرێژیی و سته‌مه له دژی کورد، زمانی کوردیشی گرتووه‌ته‌وه له که‌رکووک، ئاسه‌واره‌کانی زمانی کوردی ته‌نانه‌ت له‌ناو شه‌قام و بازاڕیشدا خه‌ریکه ون ده‌بن، ئه‌گه‌رچی کابینه‌ی نۆیه‌می حكوومەتی هەرێم بۆ ئه‌م بابه‌ته چه‌ندان هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌ی خستووه‌ته ڕوو، به‌ڵام هێزی ناپاکی ناوخۆیی و شۆڤینیزمی ده‌ره‌کی، کوا بوار ده‌دات ئێمه له‌م خه‌م و په‌ژارانه ده‌رباز بین.
له 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌ملاوه، تا ئێسته هه‌رچییه‌ک له که‌رکووک ڕوو ده‌دات ئه‌و هێزه لێی به‌رپرسیاره که پشتی له خه‌ونی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کرد، فەرموو بێنه گۆ!