سه‌ده‌ی بیسته‌م له كوردستانی گه‌وره‌دا به چه‌ندان ڕووداو و هه‌ستان و شۆڕشه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، بێگومان هه‌موویان له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخواز و پێشڤه‌بردنی ناسیۆنالیزمی كورد ڕۆڵی دره‌وشاوه و چاره‌نووسسازیان هه‌بووه، شۆڕشی شێخ مه‌حموود، دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد، شۆڕشی ئارارات و.. به‌ڵام گوشراوه و ته‌قینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م خواسته كوردانه‌یه و هه‌موو ئه‌م كورادایهتییانه له شۆڕشی ئه‌یلوولدا هاته ئه‌نجام، واته شۆڕشی ئهیلوول ترۆپكی یه‌كبوون و یه‌كانگیریی كورد له گۆڕه‌پانی مێژوودا بۆ خه‌بات به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانی بوو، لێره‌دا شرۆڤه و تیشكێكی ده‌خه‌ینه سه‌ر چه‌ند لاپه‌ڕه له مێژووی جیاواز و مه‌زنی ئه‌و شۆڕشه.
62 ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئهیلوول له پێناوی خه‌بات و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ی كورد تێده‌په‌ڕێت، ئێمه له دۆخێك‌دا ئه‌م یاده به‌رز ڕاده‌گرین كه ئه‌نجامی دره‌وشاوه‌ی ئه‌و هه‌موو خوێن و قوربانی و خه‌باته له باشووری كوردستان ده‌بینین، پێویست به گوتن ناكات كه مرۆڤ و كرده‌وه و چالاكییه‌كانی له پانتایی مێژوودا بیچم ده‌گرن و ده‌گوورێن و باڵا ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتی كوردی و حوكمڕانیی له باشوور، ئه‌نجامی دنیایه‌ك ئه‌زموون و خه‌روارێك وه‌فا و به‌رپرسیارێتییه كه له هه‌ناوی شۆڕشی ئهیلوول و كه‌سایه‌تیی كاریزمایی بارزانی نه‌مردا هاتووه‌ته ئاراوه.
ڕاستییه‌كه‌ی شۆڕشی ئهیلوول زۆر لایه‌نی باس كراوه تا ئێسته و زۆر لایه‌نیشی نه‌ك ته‌نیا باس نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كهشفیش نه‌كراوه، هه‌ر له‌و ساڵانه‌ی شۆڕش گه‌لێك هه‌واڵنێر و ڕۆژنامه‌نووسی بیانی له ڕێی تۆڕه‌كانی پێوه‌ندیی شۆڕشه‌وه له تاران و توركیاوه هاتنه ناوچه ئازادكراوه‌كان، ده‌یان وێنه و ڕاپۆرت و نووسراویان نووسیوه و تا ئێسته‌ش ته‌نیا به‌شێكیان بڵاو بوونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی كه تا ئێسته له ڕوانگه‌ی خۆمانه‌وه وه‌ك مێژوو و تۆماركردنی ڕووداوه‌كان و گێڕانه‌وه به نیسبه‌ت شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه خراوه‌ته ڕوو، ته‌نیا به‌شێكی ڕاستییه‌كانه و ئه‌و وێنا سوریالی و دراماتیكهی شۆڕش نموونه‌یه‌كی به‌رده‌وامی به‌رباسه بۆ خه‌باتی ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، شۆڕشی ئهیلوول ئه‌گه‌رچی هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كانی له ژێر كۆنترۆڵدا نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رده‌مێك بوو وه‌ك ده‌ڵێن نیشتمان هی هه‌مووان بوو، هه‌موو چین و توێژ و تاقم و ده‌سته و لایه‌نی ئایدۆلۆجیی جیاواز تێیدا به‌شدار بوون و ئاسۆی دواڕۆژیان گه‌ش ده‌بینی.
ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا به نیسبه‌تی باشووری كوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان كاریگه‌ریی شۆڕشی ئهیلوول له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانسازیی حاشاهه‌ڵنه‌گر و دره‌وشاوه‌یه، ئه‌گه‌ر پارچه لێكدابڕاوهكانی كوردستان له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و باكور و ڕۆژئاوا و یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، به هێڵێكی زۆره‌ملێی سیاسیی په‌رت و دابڕاو كرابوون، ئه‌وا شۆڕشی ئهیلوول كاریگه‌رییه‌كانی له ڕووی ده‌روونی و ڕۆحییه‌وه كاڵ كرده‌وه، هیچ خاڵێك نه‌ما كه هێمابوونی بارزانی نه‌مری تێدا به‌یان و باس نه‌كرێت. شكستی جیۆگرافیا و مادییه‌تی سیاسیی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له ژێر تیشكی ڕۆحی دره‌وشاوه‌ی شۆڕشی ئهیلوول بۆ سه‌ربه‌ستی و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی، به ڕێبه‌رایه‌تیی ڕۆحی و مه‌عنه‌وی و كاریزمایی بارزانیی نه‌مر هاته ئاراوه. تۆرد والسترۆم؛ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی سویدی له كتێبی "كێوه‌كان تاقه دۆستی ئێمه‌ن"له لاپه‌ڕه‌ی 71 دا له‌باره‌ی ئه‌و ساڵانه و شۆڕشی ئهیلوول و خه‌بات و ڕێبه‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ریی كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا ئاوا ده‌ڵێت:
"لێره‌دا به‌شی زۆری ڕووناكبیران و كه‌سانی خوێنده‌وار كه دوای 11ی مارس و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، به لێشاو هاتن بۆ كوردستان، گیرساونه‌ته‌وه و ڕه‌هه‌ندێكی تریان به‌م بزووتنه‌وه‌یه زیاد كرد. ئیتر ئه‌م شۆڕشه شه‌ڕی تاقهتپڕووكێنی كۆمه‌ڵێك "وه‌حشیی كێوی" "دیاره مه‌به‌ستی ئه‌و ناوناتۆرانهیه كه هه‌ندێك له داگیركه‌رانی وه‌ك ئێران و توركیا ده‌یاندایه پاڵ كورد له درێژایی مێژوودا" نییه، وه‌ك گه‌لێك كه‌س پێیان وابوو خه‌باتی ڕزگاریخوازنهیه به به‌رنامه، ئامانج و ئایدۆلۆجی ڕوونه‌وه."
له درێژه‌دا ده‌خوێنینه‌وه:
"من له ناو ئه‌م چادهره سه‌وز و بۆرانه‌دا چاوم به كۆمه‌ڵێك پرۆفیسۆر و پیاوانی تری شههادهبهرز كه‌وت كه بێگومان هاوتایان له دنیادا نییه. من دكتۆر كه‌ماڵ مه‌زهه‌ر ده‌بینم كه پسپۆڕی مێژووه. ناوبراو ده‌ڵێ: ئێمه نامانه‌وێ ئیدیعای ئه‌وه بكه‌ین كه كورده‌كان زیاتر له خه‌ڵكی تر بۆ ڕزگاریی خۆیان خوێنیان داوه، به‌ڵام شۆڕشی ئێمه نموونه‌یه و ڕاستییه‌كه‌ی نموونه‌یه‌كی باشیشه. شۆڕشی خه‌ڵكی ئێمه پێشان ده‌دات كه چۆن نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ره دوای به‌ره كۆڵنه‌ده‌رانه بۆ مانه‌وه و ژیان خه‌باتی بێ پسانه‌وه ده‌كات. خه‌بات له عێراقدا له سه‌رده‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه به‌رده‌وامه. ماوه‌یه‌كی كورت له نێوان ساڵه‌كانی 1922-1923 خه‌باتی ئێمه له‌لایه‌ن شێخ مه‌حمووده‌وه ڕێبه‌ری ده‌كرا. ئه‌وان ڕۆژنامه، سوپا و ته‌نانه‌ت پوول (ته‌مر)ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بوو. له كوردستانی ئێران ساڵی 1946 له مه‌هاباد كۆماری كوردستان جاڕ درا. كورده‌كانی توركیا سێ جاران سه‌رهه‌ڵدانیان كردووه 1925، 1930 و 1938. ژماره‌ی كورده‌كان له‌وێ له به‌شه‌كانی تری كوردستان زیاتر و زۆرتره، به‌ڵام ئه‌وان هیچ جۆره مافێكیان نییه و به توندی سه‌ركوت كراون. ئێسته ته‌نیا كورده‌كانی عێراقن خه‌بات ده‌كه‌ن به‌ڵام خه‌باتی ئێمه بۆ هه‌موو كوردانه!"
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م گوتانه‌ی نووسه‌ر و مێژوونووس كه‌مال مه‌زهه‌ر كه له‌گه‌ڵ ده‌یانی هاوشێوه‌ی خۆی له ڕیزه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوولدا بووه، ئه‌گه‌ر به ته‌واوه‌تی وێنه و ئاسۆی دره‌وشاوه‌ی شۆڕشی ئهیلوول نهنهخشێنێت و پێشانی نه‌دات، ئه‌وا دیمه‌نێكی گشتیی له جه‌وهه‌ر و پانتایی و ماهییه‌تی دره‌وشاوه‌ی شۆڕشه‌كه وێنا ده‌كات، له درێژه‌دا نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس تۆرد والیسترۆم له د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ده‌پرسێت:
"-ئه‌ی بارزانی، جێی ئه‌و له‌م خه‌باته‌دا چییه؟
"بێگومان و بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ قسه‌ی بێ بناغه بكه‌م، ده‌توانم دڵنیات بكه‌م كه هه‌موو كوردان جه‌نه‌راڵ بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی خۆیان ده‌بینن و ڕێز و حورمه‌تیان بۆی هه‌یه. ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه تا ئێسته خه‌بات بۆ مافی كوردان ده‌كات، ئه‌و نه‌ك هه‌ر به ته‌نیا له كوردستانی عێراق، به‌ڵكو له ناو دڵی هه‌موو كورداندایه. بۆ ئه‌وه بزانی كه كوردان چه‌نده جه‌نه‌راڵ بارزانی‌یان خۆش ده‌وێ، ده‌بێ بزانی وێنه‌كانی ئه‌و له هه‌موو ماڵه كوردێك له ڕووسیاش هه‌ن و ته‌نانه‌ت ناوی منداڵه‌كانیشیان ده‌نێن بارزانی!"
دیاره پێگه و توانست و ئه‌زموون و كاریزمای بارزانی چه‌نده له‌م یه‌كانگیری و سهرانسهریبوونهی شۆڕشی ئهیلوول، له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا ڕۆڵی گێڕاوه و له‌م دێڕانه‌دا به گرنگی و بنه‌ڕه‌تی لێی تێده‌گه‌ین، بۆیه له درێژه‌دا به‌م شێوه‌یه پرسیار و وه‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بێت:
-به‌ڵام ده‌مه‌وێ بپرسم چی ڕوو ده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌و بمرێت؟
"ئێمه ئاواتی ته‌مه‌نێكی درێژی بۆ ده‌خوازین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بمرێ، ئێمه ڕێیه‌ك كه ئه‌و پێشانی داوین ده‌گرینه‌به‌ر و درێژه‌ی پێ ده‌ده‌ین."
ئه‌م دێڕانه و ئه‌م قسه و باسانه ته‌نیا به‌شێكی بچووك له گێڕانه‌وه و وێناكردنی كه‌سێكی بیانی و ئهویدییهكی كورده له شۆڕشی ئهیلوول و دۆخی كوردستان، ناوه‌رۆكی په‌یامی بارزانیی نه‌مر بۆ داهاتوو و ڕزگاریی كورد و كوردستان كه له خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌كی باشه، بۆ ئه‌وه‌ی كه به ئێمه و دنیاش بڵێن كه كورد له‌و قۆناغه‌دا له‌سه‌ر چیا و شاخ و ده‌شت و دۆڵ و دهربهندهكاندا، له هه‌موو زانست و مه‌عریفه و كه‌سانی زانكۆ و پسپۆڕ و خوێندكار و هێزی له‌بن نه‌هاتووی ژنان، كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و جۆره وڵاتێكی ئۆتۆنۆمی سووریالییان له دڵی چیا سه‌ركه‌ش و سه‌رسه‌وزه‌كانی كوردستان دامه‌زراندووه، وڵاتێك كه ڕه‌نگه كه‌س ددانی پێدا نه‌نابێت، به‌ڵام كرده‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت و به‌رنامه و پێڕه‌وی خۆی باشترین مانیفێست و جاڕده‌ری شایسته‌یی و لێهاتوویی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌یه به ڕێبه‌رایه‌تیی كاریزمایانهی بارزانیی نه‌مر، له به‌شی تری ئه‌م كتێبه‌دا له‌مه‌ڕ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ دیله‌كانی شه‌ڕدا وا ده‌خوێنینه‌وه:
"ئۆردوگای دیله‌كان به زه‌حمه‌ت بگوترێ چاودێری لێ ده‌كرێ. ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی قسه‌خۆشی به‌ته‌مه‌نی لێیه و بێ زه‌حمه‌ت و گرفتێك ده‌رگه‌ی ئیداره‌ی شوێنه‌كه‌م بۆ ده‌كه‌نه‌وه بچمه لایان. جێیه‌ك كه ته‌نیا مێزێكی ئاسنین و چه‌ند كورسیی لێیه. فه‌رمانده‌ی ئه‌م ئۆردوگایه نهیگهرهكه ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بڵێ و ناشیه‌وێ وێنه‌ی لێ بگرم. دیاره هۆی ئه‌م كاره‌شی ئه‌وه‌یه كه ڕژێم فشار نه‌خاته سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه ئێسته له به‌غدان، ڕه‌نگه ئێسته پێیان وابێت ئه‌و له شه‌ڕدا كوژراوه. به‌ر له چه‌ند مانگ ئه‌و له سوپای عێراقدا ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده بوو، به‌ڵام ئه‌و كه ئێسته به‌رپرسی ئه‌م شوێنه‌یه ده‌ڵێ:
124 زیندانی لێره‌ن و ژماره‌یه‌كی تریش له ڕێدان كه له به‌ره‌ی ڕۆژئاوادا گیراون. هه‌موو دیله‌كان لێره‌دا كۆ ده‌كرێنه‌وه، شوێنێكی ترمان نییه و سروشتیشه و گشت ئه‌مانه له شه‌ڕدا گیراون. ئێمه باش هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م دیلانه‌دا ده‌كه‌ین، ڕاستییه‌كه‌ی خواردنی ئه‌وان له پێشمه‌رگه‌كانی به‌ره‌ی شه‌ڕیشمان باشتره. بۆ به‌یانی هه‌ر كامه‌یان دوو نان به په‌نیره‌وه ده‌خۆن، نیوه‌ڕوان برنج و شله‌یه و ئێوارانیش نان و جۆرێك خۆرشتیان ده‌ده‌ینێ. هه‌موو ڕۆژێ هه‌موو زیندانییه‌ك شه‌ش نان و نۆ ئیسكان چای پێ ده‌درێ. شه‌ش جار له مانگدا هه‌ر كه‌سه 200 گرام گۆشتی به‌ر ده‌كه‌وێت. هه‌ر دیلێك له مانگدا پاكه‌تێك مووس (گوێزان) و سێ سابوون زیاتریش ئه‌گه‌ر خۆیان بیانه‌وێ- كیلۆیه‌ك تووتنی كوردی، سێ تۆپ كاغه‌ز سیگار و یه‌ك دینار تا خۆیان میوه‌ی پێ بكڕن، به‌رده‌كه‌وێ."
بۆ مه‌زنی و ڕۆحبهرزی و ئینساندۆستی و هه‌ر جۆره به‌هایه‌كی ئینسانی و كوردانه له شۆڕشی ئهیلوول و ڕێبه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، ته‌نیا ده‌توانین بپرسین له كام وڵاتانی دنیای ڕۆژئاوا، ئه‌وسا و تا ئاستێكی زۆریش ئێسته ئاوا ڕێز له دیله‌كانی شه‌ڕێك ده‌گیرێت كه ئامانج و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان له‌ناوبردن و پاكتاوكردنی تۆ و نه‌ته‌وه و سروشت و جیۆگرافیا و هه‌موو ڕه‌گه‌ز و توخمێكی بوونته؟
تێبینی:
قسه و نووسینه‌كانی تورد والسترۆم له كتێبی"كێوه‌كان تاقه دۆستی ئێمه‌ن"، كاك حاته‌م مینبه‌ری له زمانی سویدییه‌وه كردوویه به كوردی، وه‌رگیراوه كه كتێبێكی نایاب و جیاوازه و به‌داخه‌وه سه‌رنجی كه‌م دراوه‌تێ.