جنێودان به‌شێکه له کولتووری کۆمه‌ڵگە مرۆییه‌کان و به گوێره‌ی ئه‌مه به‌شێکە له سامانی کولتووری و زمانه‌وانیی نه‌ته‌وه‌کان، مه‌رج نییه جنێو ته‌نیا یه‌ک کار و شێوازی به‌کارهێنانی هه‌بێت، زۆرجار جنێو بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان خۆمان و ئه‌وانیتر، واته خۆمان و دوژمنان به‌کار ده‌برێت، میرچیا ئه‌لیاده بیرمه‌ند و ئوستووره‌ناسی ڕۆمانی، ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگە به‌ده‌وییه‌کاندا جنێودان هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی وه‌ک ئه‌م فۆرمه‌ی ئێستە نه‌بووه و زیاتر ڕه‌مزێکی زمانی و ده‌ربڕینێک بووه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی دۆست له دوژمن یان هه‌ڵاواردنی ئه‌ندامانی بازنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خێڵێک له خێڵێکی نامۆ و باوه‌ڕپێنه‌کراوی دیکه".
ئه‌مه ده‌ریده‌خات جنێودان جۆره په‌رچه‌کردارێک بووه هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه به‌ده‌ویی و سه‌ره‌تاییه‌کاندا له فۆرمی سه‌ره‌تایی خۆیدا شکڵی گرتووه و تا ڕۆژگاری ئێسته‌مان درێژ بووەتەوە، ئه‌گه‌رچی له سۆنگه‌ی میرچیا ئه‌لیاده‌وه زیاتر ڕووکار و ڕه‌هه‌ندێکی ئاینی و پابه‌ندی به به‌هاکانی خێڵ ڕۆڵی تێدا گێڕاوه. که‌واته ناتوانین بڵێین هیچ کۆمه‌ڵگەیه‌ک جنێوی تێدا نییه، به‌ڵام باس و پرسی ئێمه لێره‌دا میکانیزمه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌پێدانی جنێو و جنێودان کامانه‌ن؟ ئایا جنێو وه‌ک په‌رچه‌کردارێکی سروشتی له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستەماندا له هه‌مبه‌ر دۆخه نه‌خوازراو و گوشارهێنه‌کان له دایک ده‌بێت یان نه‌خێر ده‌ستێکی ده‌ره‌کی یا ناوه‌کیی ختووکه‌ده‌ر و شه‌ڕانیی له پشته‌وه‌یه و له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جنێوەوە ئامانجه‌کانی خۆی ده‌پێکێت؟
پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌م پرسیارانه و گرێی بده‌م به‌و هه‌موو ناوزڕاندن و جنێودانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له شاری خۆشه‌ویستی ڕۆشنبیریمان سلێمانیی ئازیز، به‌رهه‌م هاتووه، ده‌بێت ئاماژه‌یه‌کی کورت به میکانیزمه ده‌رووناساییه‌کانی جنێودان بکه‌م.
ئیم‌یل سیۆران بیرمه‌ندێکی تری ڕۆمانیاییه، ساڵانێکی زۆر له پاریس ژیاوه و ژیانێکی هزریی پڕ هه‌وراز و نشێوی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌و یه‌کێکە له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی له‌سه‌ر جوێن هه‌ڵوێسته‌ی کردووه. سیۆران له کتێبی (پاژه‌کانی بیرکردنه‌وە)دا ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت نه‌خۆشه ده‌روونییه‌کان زیاتر ببن، تێکچوونه زه‌ینییه‌کان خه‌ست و خۆڵ ببنه‌وه و له هه‌ر قوژبنێکی شار نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ده‌روونیی هه‌بێت، جنێودان قه‌ده‌غه بکه‌ن، ئه‌وکات تایبه‌تمه‌ندی ڕزگارکه‌رانه، کردەی تیمارکارانه‌ی ده‌روونی و سه‌رێتیی جنێو به‌سه‌ر هه‌موو شێوه‌کانی تری تیمارکردندا، له‌وانه ده‌روونشیکاری، یۆگا و کڵێسه، تێده‌گه‌ن. به‌تایبه‌تی تێده‌گه‌ن ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ئێمه هێشتا نه‌بووین به شێت یان تاوانبار، ته‌نیا به‌هۆی کاریگه‌رییه سه‌رسووڕهێنه‌ره‌کان و فریاکه‌وتنی ئانوساتی جوێن بووه".
ئه‌م وتانه‌ی سیۆران، ڕه‌نگه له سه‌ره‌تادا وا دەركەوێ ڕه‌واییدانێکی به جنێودان و ناوزڕاندن تێدایه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵگۆسته و خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌مه و ئه‌و ته‌نیا له سۆنگه‌ی سایکۆلۆجییه‌وه له بابه‌ته‌که بیر ده‌کاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت، جنێودان ئازاره‌کانی ئێمه که‌م ده‌کاته‌وه، به ڕاده‌یه‌ک که ئێمه به‌ره‌و شه‌ڕانی بوون و شێتی و تاوانباری نابات و دوورمان ده‌خاته‌وه لێیان. له‌م ڕووه‌وه ئه‌م قسه‌یه ڕاسته، به‌ڵام سیۆران له ڕووه سیاسییه‌که‌یه‌وه و له ڕووی هاوکێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه بیری له‌وه نه‌کردووەته‌وه که جنێودان و ڕێکخستنی شه‌پۆلێکی ده‌سکرد و ڕۆنراو له جنێو، نه‌ک ته‌نیا دادی که‌سانی تووڕه و جنێوده‌ر نادات، به‌ڵکوو جێی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان داگیر ده‌کات و توندوتیژیی زیاتر له کۆمه‌ڵگەدا به‌رهه‌م ده‌هێنیت.
واته جنێوده‌ر له وه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا له‌باتی ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاری یه‌که‌می گوشاره‌کانیان بگرنە ئەستۆ، ڕێیان لێ وێڵ ده‌کرێت به‌ره‌و که‌س و لایه‌نی دیکه! هه‌رچه‌ند به هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه پێم وایه جنێودان میکانیزمێکی ده‌روونیی-زمانییه بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی خه‌م و پەستان و ئازاره‌کان و تووڕه‌یی هانده‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام ئایا به به‌تاڵکردنه‌وه‌ی خۆمان له‌م ڕێگه‌یه‌وه، هیچ ئامانجێکی راسته‌قینه ده‌پێکین؟ یاخۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ڕێبازی جنێو ئێمه وه‌ک ئالووده‌یه‌کی ماده‌ی هۆشبه‌ر لێ ناکات که ئیتر جنێو نه‌ک ته‌نیا ده‌رگای به‌تاڵکردنه‌وه‌ی تووڕه‌ییمان نییه، به‌ڵکوو خۆی ده‌بیته هۆی به‌رهه‌مهێنانی تووڕه‌یی و جنێوی زیاتر؟ به‌م شێوه‌یه فۆرمێکی دیکه له فۆرمه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی له کۆمه‌ڵگەدا چالاک ده‌کرێت.
ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی جنێوسازیی و جنێوی ڕێکخراو له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی زۆنی سه‌وزه‌وه زۆر کاری له‌سه‌ر کراوه، به شێوه‌یه‌ک هه‌ندێک باس له‌وه ده‌که‌ن پاره‌یه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانی جنێو له‌سه‌ر حسێبی خه‌ڵک خەرج کراوه و جۆرێک سه‌رانه ده‌یده‌ن به جنێوده‌ر و جنێوانه! بۆیه ئێمه ده‌بێت له نێوان جنێوی سروشتی و جنێوی ڕێکخراو و پلانبۆداڕێژراودا جیاوازی بکه‌ین.
جنێودان مافه، به‌ڵام له هه‌مبه‌ر هه‌ر مافێکیشدا ئه‌رک و ته‌کلیفێک هه‌یه، تۆ جنێو ده‌ده‌ی چۆنکه له دۆخێک یان ئایدیایه‌ک یان بیرۆکه‌یه‌ک ڕازی نیت (با بڵێن ئه‌مه مافه و ڕه‌وایه!) به‌ڵام پاش جنێودانه‌که ده‌بێت بیر بکه‌یته‌وه به‌رهه‌م و لێکه‌وته‌ی ئه‌م جنێودانه چییه و تاکه‌ی ده‌بیت به‌رده‌وام بێت؟ ئایا به‌م ڕێچکه و ڕێبازه جنێودانیش نابێت به به‌دیل و جێگره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و هزرینی ڕاسته‌قینه و واقیعی؟ ئه‌و شته‌ی وا ده‌سه‌ڵاته‌کان و هێزه چه‌وسێنه‌ره‌کان ده‌یانه‌وێت له ئێمه‌دا دروستی بکه‌ن؟
به ڕای من وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی جنێودان و ڕێکخستنی جنێو له سلێمانی، ئه‌رێنییه. واته ده‌سه‌ڵات و هێزێک هه‌یه له‌باتی په‌ره‌پێدانی لۆجیک و ململانێی مه‌ده‌نی-سیاسیی، جنێوی ڕێکخراو به‌رهه‌م دێنێت و هۆکاره‌که‌یش ئه‌وه‌یه که هه‌ڵگری ئه‌و هزر و لۆجیکه نییه که له ئاستی به‌رانبه‌ر و هێزی ڕکابه‌ری بیخاته ڕوو.
هه‌ڵاتنی بیرمه‌ندیکی ده‌روه‌ست و نیشتمانی وه‌ک فارووق ڕه‌فیق له سلێمانییه‌وه بۆ هه‌ولێر، ته‌نیا نموونه‌یه‌کی دیار و ساده‌ی لێکه‌وته سیاسی و ڕیکخراوه‌ییه‌کانی جنێوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه بۆ چه‌ندان بیرمه‌ندی دیکه‌ی دانیشتووی هه‌ولێر و خاوه‌ن هزری نیشتمانی و ڕیفراندۆمچی ڕێکخراوه و نموونه‌یه‌کی دیاری ئه‌و جنێوانه‌یه دژی ڕێبوار سیوه‌یلی نووسه‌ر و رۆشنبیر به‌رهه‌م هاتوون.
هه‌ر له‌م ئانوساته‌دا که من ئه‌م وتارە ده‌نووسم، سوپای جنێوسازیی میدیا سێبه‌ر و بێبه‌ره‌کانی سلێمانی دنیایه‌ک جنێوی ڕێکخراویان خستووه‌ته ڕێ له هه‌مبه‌ر قسه‌کانی وه‌زیریی دارایی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. بۆچی؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زانن لۆجیک و هێزی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و، گوتاری عێراقچێتی و ته‌وتینی ئیحتیلالی کزۆڵ کردووه، بۆیه له ئه‌نجامدا ده‌بێت به‌م قه‌ناعه‌ته بگه‌ین که له هه‌رکوێ جنێو له ئاسته سروشتییه‌که‌ی خۆی ده‌رچوو و ڕووکار و ده‌مامکێکی سیاسیی و ڕێکخراوی وه‌رگرت، ئه‌وه ئیتر وه‌ک سیۆران ده‌ڵێت ده‌روازه‌یه‌ک نییه بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی تاک له پەستان و ئازار و دواتر هه‌نگاونان به‌ره‌و بیرکردنه‌وه و هزرین، به‌ڵکوو یاریییه‌که جنێوده‌ران تێی که‌وتوون و سیاسییه، یاریکه‌ره‌کان له‌ودیو شاشه‌وه به خۆیان و جنێوه‌کانیان پێده‌که‌نن و گیرفانیشیان به‌و ئازار و ڕه‌نجه‌ی ئه‌وان، پڕ ده‌که‌ن!