ئه‌وه‌ی وا ده‌کات هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رانبەر هه‌ڵبژاردنه‌وه به ڕه‌وا و ستاندارد بزانین، ئه‌وه‌یه که ئه‌م پارته له ماوه‌ی خه‌باتێکی دوورودرێژی زیاتر له نیو سه‌ده‌دا، به هه‌موو که‌ند و کوسپهکانی به‌رده‌م خه‌بات و شۆڕشی کورده‌وه، هه‌وڵی داوه خاوه‌ندارێتی مافە ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات که به درێژایی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌لیک فهیسهلهوه تا ئێسته، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ چه‌ندان ده‌وڵه‌تی وردودرشتی ناوچه‌که و زلهێزی نێودەوڵەتی، له‌ناو ته‌نگه‌ژه و که‌وانه‌ی دیکتاتۆرییه‌ت و فاشیزمدا هه‌یه. واته پارتی به دروستی و باشی ده‌زانێت خواستی فاشیزم چۆن ده‌جووڵێت و توانا و لاوازییه‌کانی خواست و هێزه فاشیستییه‌کان کامانه‌ن.
پێم وایه بابه‌تی پارتی ته‌نیا هه‌ڵبژاردن نییه، به‌ڵکوو بینینی کۆی ئه‌و دیمه‌نه‌یه که له عێراقی ئیحتیلالدا به‌رانبەر کورد و مافه ڕه‌واکان و دۆزه‌که‌ی ده‌کێشرێت و هه‌ر ئه‌و دیمه‌ن و وێنایه‌ی کورد به درێژایی ئه‌م ساڵانه بۆ شه‌قامی عه‌ره‌بیش خراوه‌ته ڕوو. واته پێکهاتەی سیاسیی عه‌ره‌بیی عێراقیی له‌گه‌ڵ شه‌قامی عه‌ره‌بیی عێراقیدا، له جۆره هاوده‌نگی و کۆکبوونێکدان. بۆیە سه‌رنجی پارتی ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن نییه وه‌ک یه‌کێک له ڕووداو و کرده‌وه دیموکراسییه‌کان که ساڵانێک پێڕه‌وی لێکردووه و ئێسته‌یش ده‌یکات، به‌ڵکوو ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و پلانه میدیایی و سیاسییه ژێربهژێرهیه که ده‌یه‌وێت هاوکێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی ئایدۆلۆجیایه‌کی سیاسیی شیعی که هیچ لێبوورده‌ییه‌کی به‌رانبەر کورد نییه، به ته‌واوه‌تی بگۆڕێت.
له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی وا هێزێکی وه‌ک یه‌کێتی کردوویه‌تی به گه‌نگه‌شه‌ی میدیایی خۆی وه‌ک ئه‌و قنچکه بهڕووهیه که پارتیی یاریی پێ ده‌کات و کوردواتەنی "ئەو خورمایەی یه‌کێتی ده‌یخوات، ناوكەكەی لە گیرفانی پارتیدایە". یه‌کێتی وا ده‌زانێت ملکه‌چبوون و دانی هه‌ر تێچوویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی شکست به پارتی بێنێت، نیشانه و ئه‌نجامی سه‌رکه‌وتنی خۆی لێ شین ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و هه‌ڵه کوشنده و تاریکه‌یه که باڤڵ تاڵه‌بانی به تاقی ته‌نیا ده‌یه‌وێت بیکات و ئه‌نجامه‌که‌یشی ڕووبه‌ڕووی کۆی ئه‌ندامانی یه‌کێتی و له‌وه‌ش زیاتر خاک و قه‌واره‌ی هه‌ریمی کوردستان ده‌بێته‌وه!
ده‌بێت ئه‌م دوو بابه‌ته لێک جیا بکه‌ینه‌وه که پارتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه دژی هه‌ڵبژاردن بووه و نه بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیشی کردووه، به پێچه‌وانه‌وه پارتی هه‌میشه پێشه‌نگی هه‌ڵبژاردنێکی بێ گرێ و گۆڵ و ته‌ندروست له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک و قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان بووه. ئه‌وه‌ی وا پارتی ئێسته نایکات به‌شداریکردنه له هه‌ڵبژاردنێکی دیزاینکراو و ئه‌ندازیاریکراو، هه‌ڵبژاردنێک که پێشتر له‌لایه‌ن دادگای به‌ناو فیدراڵییه‌وه و له ڕێگه‌ی ده‌سته کراوه ده‌ره‌کییه ناوچه‌ییه‌کان و هێزه فاشییه‌کان له به‌غدا زه‌وینه‌ی ئه‌ندازیاریکردنی بۆ خۆش کراوه، له‌وانه لابردنی کورسی کۆتاکان که ئه‌مه خۆی لێدانێکی گه‌وره‌یه له ڕۆحی دیموکراسی و فه‌لسه‌فه و خواستی پێکه‌وه‌ژیانێک که تا ئێسته فره‌ڕه‌نگی و فره‌چه‌شنی له هه‌رێمی کوردستان به دره‌وشاوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه.
یه‌کێک له جه‌وهه‌ریترین و نه‌گۆڕترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پێکهاتە و کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیموکرات، هه‌بوونی فره‌ده‌نگییه، کاتێک تۆ له ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانێکی ناده‌ستووریی دادگایه‌کی به‌ناو فیدراڵییه‌وه ئه‌مه ده‌خه‌یته لاوه، بۆچی ئێمه پشت بکه‌ینه فه‌لسه‌فه و ڕێبازێکی دیموکراسیانه که ساڵانێکه خوێن و خه‌بات بۆ ئه‌و به‌ها به‌رزانه دەكەین؟ بابه‌ته‌که ته‌نیا لێدان له‌م بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌ی دیموکراسی له هه‌ڵبژاردنیشدا نییه، به‌ڵکوو گۆڕینێتی له یەك بازنەوە بۆ چه‌ند بازنه‌یی و ئه‌مه‌یش هه‌لی ده‌ستێوه‌ردان و دیزاین به‌پێی هه‌ژموونی ده‌ره‌کی و لادانی ناوخۆیی، زیاتر ده‌کات.
واته بابه‌ته‌که ئه‌وه نییه که بۆ نموونه له سلێمانی ده‌ستێوه‌ردان بکرێت و له دهۆک نه‌کرێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه که کۆی به‌ڕێوه‌چوونی ئەم هه‌ڵبژاردنە به‌پێی پێکهاتەی کۆمه‌ڵایه‌تی و خواستی کۆمهڵگەیەكی فره‌ڕه‌نگ ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. واته لێره‌یش ئێمه لێدانێکی دیکه له به‌هاکانی دیموکراسی ده‌بینین. له دووتوێی ئه‌م به‌هایانه‌دا گرینگ‌ترین بنه‌مای دیموکراسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی دیکتاتۆره‌کان و خوێنیندا، بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستانه وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی یاسایی و سیاسیی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ، که به هه‌موو قه‌یران و ههورازونشێوه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانییه‌وه، به‌راورد ناکرێت له‌گه‌ل هیچ کام له وڵاتانی ناوچه‌که له ڕووی ئازادی ده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌وانی و بڵاوکراوه و چاپهمهنییەوە.
قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان له گۆشه‌نیگای پارتی دیموکراتی کوردستاندا ته‌نیا هه‌رێمێکی نیوه سه‌ربه‌خۆ نییه بۆ کوردانی باشوور، به‌ڵکوو ڕه‌مزێکه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستیی یەكجاریی زیاتر له 70 ملیۆن کورد که له‌ژێر ده‌ستی چوار وڵات‌دا ده‌یان ساڵه هه‌ڕه‌شه‌ی توانه‌وه‌ی له‌سه‌ره و به فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر ئه‌نفاله‌کان و هه‌ڵه‌بجه و سه‌رده‌شت و دەرسیم و... ده‌یان شێوه‌ی پاکتاوکردنیان له‌سه‌ر تاقی کراوه‌ته‌وه، ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان بۆچی وه‌ها هه‌ڵبژاردنێک که هه‌م دژی کورد و هه‌م دژی هه‌موو به‌ها دیموکراسییه‌کانه، ده‌کات به پێوه‌ر و میدیاکانی وه‌ک ده‌سکه‌وت باسی ده‌که‌ن؟ بۆچی جاران و پێش ئه‌م دیزاینه هەر ئامادە نەبوو به پیری ههڵبژاردانهوهبێت و چه‌ندان جار بووە هۆی دواخستنی؟
با بیرمان نه‌چێت ڕه‌فتاری سیاسی و میدیایی یه‌کێتی هاوته‌ریبی یه‌کن، ئێمه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بووەته‌وه که هه‌رکات یه‌کێتی به‌رگریی له شتێک کرد یان خۆشحاڵیی خۆی بۆ شتێک ده‌ربڕی، بێ سێ و دوو له ڕۆژانی دوور و نزیکدا لێدان و ناپاکییه‌ک دێته ئاراوه دژ به كورد و هه‌رێمی کوردستان، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مانه نه‌بوون به شێوه‌ی لادانی ژێربه‌ژێر که‌رکووک و نیوه‌ی زیاتری خاکی کوردستانیان ڕاده‌ست کرد و به شێوه‌ی ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ میلیشیاکانیش مووچه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانیان بڕی؟
ده‌بێت وریای ئه‌وه بین قووڵایی ستراتیجی به‌ناوی عێراق، سیاسه‌تێکی خۆكوژییە باڤڵ گرتوویه‌تییه بەر و به‌هۆی سه‌رشێتی و جه‌هاله‌تی سیاسییه‌وه وای پێ باشه کوردستان ڕاده‌ست بکات و پارتی بکه‌وێت، نەك ئەوەی به‌ره‌و پارتی بێت و کوردستان ڕزگار و سه‌ربه‌ست بێ.