له کاتێکدا پێنجه‌مین کۆڕبه‌ندی ئاسایش له دهۆک له لایه‌ن زانکۆی ئه‌مەریکی-كوردستان لە دهۆک، به خه‌ون و دروشمی ئاشتی و ئاسایش و ئاماده‌کاری له هه‌مبه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که به‌ڕێوه چوو، له کاتێکدا هه‌موو هه‌وڵه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌ت بۆ پاراستنی ژیان و سه‌قامگیریی گوزه‌رانی خه‌ڵک تا ئه‌م چرکه‌ساته‌یش له که‌میی نه‌داوه، له کاتێکدا سه‌رۆک بارزانی به چاوی به‌سیره‌ته‌وه هێڵه‌کانی ته‌ناهی و ئاسۆی ئارامیی کوردستان دیاری ده‌کات، له سلێمانی ختووکه‌ی هێزه شه‌ڕانی و شه‌ڕکه‌ره‌کان ده‌درێت تا کوردستانیش پەلکێشی جه‌نگ و ئاگر و خوێن بکه‌ن.
له کاتێکدا که قاسم ئه‌عره‌جی دهۆك جلی کوردیی له به‌ر ده‌کەن و ئه‌وه‌ی كە بۆ چرکه‌یه‌کیش و به ڕواڵه‌ت کورد ده‌رکه‌وێت شاگه‌شکه ده‌بێت، ره‌یان کلدانی و میلیشیاکان یه‌کێتی نیشتمانی به ناوی خۆیانه‌وه تۆمار کردووه و سلێمانییان کردووه به ساحه‌ی پراکتیزه‌کردنی ئامانجه ئاینی و ئایدۆلۆجییه‌کانی خۆیان، ئه‌و ئامانجانه‌ی بێ دوودڵی به شه‌ڕ و خوێنڕێژییەوە هه‌ڵپێکراوه، ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی دووکه‌ڵی شه‌ڕه‌که‌ی تا ئێسته و ئه‌م چرکه‌ساته‌یش چوو به چاوی هه‌زاران که‌س و خه‌ڵکی قوربانیی بێ‌تاوان و چه‌ندان وڵاتی وه‌ک لبنان و سوریا و فه‌له‌ستین، بۆ یه‌ک سه‌ده دواخست و کاولی کردن.
لبنان جاران به بووکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ناسرابوو، ئێسته بێوه‌ژن و بگره که‌نیزه‌یه‌کی ئه‌تککراوه هیچی لێ نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له جه‌سته‌یه‌کی هه‌نجن هه‌نجن و شه‌قارکراو! ئه‌مه ده‌نگی پێی شه‌ڕه، ده‌بێت بترسین لێی، ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کی زوڵملێکراو و جینۆسایدکراوین، تا ئێسته‌یش ئاسه‌واره‌کانی شه‌ڕ له دار و به‌رد و کانیاوی وڵات و ئاسۆی خه‌ونه‌کانماندا نه‌ڕه‌ویونه‌ته‌وه، که‌چی به‌ڕێوه‌به‌رانی یه‌کێتی نیشتمانی به سه‌رۆکایه‌تیی بافڵ تاڵه‌بانی، سلێمانییان کردووه به مه‌کۆی چه‌ندان گرووپی میلیشیایی که ئیسراییل و لایه‌نەكانی شه‌ڕ له هاوکێشه‌که‌دا، کون به کون به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.
سووڕانه‌وه‌ی درۆن به‌سه‌ر سلێمانیدا، ته‌نیا کرده‌وه‌ی تورکیا نییه بۆ جموجووڵه نهێنیەكان، به‌ڵکوو ئێسته ئیتر درۆنه‌کان سه‌ر به چه‌ندان وڵاتن و ڕه‌نگه ئێسته به زانیارییه دزه‌پێکراوه لێڵ و پێڵه‌کان بۆمان پشتڕاست نه‌بێته‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هه‌بوونی ئه‌و هێزه میلیشیاییانه له‌گه‌ڵ هۆشدارییەكانی ئیسرائیل بۆ عێراق و به‌ره‌ی مقاومه، جگه له‌وه‌ی کوردستان به‌ره‌و خه‌ره‌ندی شه‌ڕێکی کۆنترۆڵنه‌کراو ده‌بات، پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی حکوومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانی ئاشتیخوازانه و مه‌ده‌نی و کو‌لتووریی کورد /له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه و پارچه‌کانی تری کوردستان/ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
پرسیارێکی گرنگ که لای زۆر له ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووس و چاودێرانی سیاسی به‌رجه‌سته بووه، ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌م گرووپانه چ سوودێکیان بۆ بافڵ تاڵه‌بانی هه‌یه، وا ئاماده‌یه چاره‌نووسی سلێمانی و گوزه‌ران و ژیان و گیانی خه‌ڵکه‌که‌ی له به‌رده‌مدا بکاتە قوربانی؟ پێم وایه ڕه‌نگه هه‌ندێ ئه‌گه‌ر و شیمانە بۆ وه‌ڵامدانه‌وه لای خۆمان شک ببه‌ین، به‌ڵام بنی ئه‌م هه‌نبانه‌یه هێشتا دیار نییه و نازانین به وردی ئه‌م هاوکێشه‌یه له‌و سنووره بۆ چ مه‌به‌ستێکه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ی ئه‌نجام و ڕه‌نگه ئامانج تێکدانی بارودۆخی سه‌قامگیری کوردستانه، هیچ گومانێکی تێدا نییه.
ئێمه ده‌شێ بپرسین، تێکدانی باری ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی کێیه یان چ لایه‌ن و لایه‌نگەلێکه؟ ئایا یه‌کێتی نیشتمانی ده‌یه‌وێت به هه‌ر تێچوویه‌ک بووه گرێی سه‌رۆکه‌که‌ی بکاته‌وه و وه‌ک به‌زم و هاشوهووشی هه‌ڵبژاردن ده‌یه‌وێت حکوومه‌ت بڕووخێنێت؟ ئاخۆ ئه‌و دژی حکوومه‌ته یان دژی کورد و کوردستان؟ ئه‌و زمانی کوردی چه‌نێک ده‌زانێت؟ ئایا چوار وشه بادینی فێر بوون له کاتی بانگه‌شه‌دا، فریوی خه‌ڵک ده‌دا گوایه باش ئاگاداری کولتووری زه‌نگینی کورده؟ ده‌یان پرسیاری دیکەیش.
بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بۆ زۆر له ئێمه ڕوونه، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت بگه‌ین به شاپرسیاره‌که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا یه‌کێتی به ناو توناوتوونی ئه‌م ڕووداو و پرسانه‌دا دێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به کارتێل و ڕێکخراوێکی گه‌وره‌ی بازرگانی؟ یا ئه‌و ده‌نگۆ نیوه‌به‌ڵگه‌مه‌ند و هه‌ڵبه‌ت کپکراوه له‌سه‌ر بازرگانیی ماده‌ی هۆشبه‌ر و دروستکردنی کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر و ڕێکخستنی تۆڕێکی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ بازرگانیی ماده‌ی هۆشبه‌ر، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م کاژخستنه نه‌رێنییه‌ی یه‌کێتین له حزبێکی سیاسییه‌وه بۆ ڕێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تیی قاچاخ و نایاسایی؟
من تا ئه‌و شوێنه‌ی موتابه‌عه‌ی لێدوانی به‌رپرسانی هه‌رێم و جووڵه هیسترییه‌کانی بافڵم کردبێت و قسه و هه‌ڵوێسته‌کانی قوبادم وه‌ک نێونجیی لێک داوه‌ته‌وه، بافڵ ویستوویه‌تی ئه‌م جۆره پرۆژانه به گڵۆپی سه‌وزی له حکوومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرێت و فه‌رمیی بکات و فرەوانتری بکات، به‌ڵام کاتێک له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی توند و ڕه‌ها و ڕاشکاوی سه‌رۆک وه‌زیراندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه، ئه‌و به‌زمه ده‌کات که له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا کردی!
بێگومان ئه‌مه ته‌نیا شیکارییه‌کی ئه‌گه‌رئامێزی منه وه‌ک ڕۆژنامه‌نووسێک، به‌ڵام کۆی ئه‌و ڕووداوانه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن که ئەو هەموو پرسیارە لۆجیکین! هیوادارم حکوومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه ده‌ربه‌سته‌کانی کوردستان، به‌رانبەر ئه‌و سه‌ره‌ڕۆییه کوشنده و ماڵوێرانکه‌ره‌ی بافڵ تاڵه‌بانی هه‌نگاوی کرداری هه‌ڵگرن، ئه‌ینا کوردستان یان لانیکه‌م سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، له شه‌ڕێکه‌وه ده‌گلێنێت که نه هی ئه‌وانه و نه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشی تێدایه، هه‌ڵبه‌ت گومانیش له‌وه‌دا نییه جڵه‌وی حوکمڕانیی خۆجێی به ده‌ست سه‌رشێتێکه‌وه بێت، که‌س ناتوانێت متمانه‌ی به سبه‌ینێی ژیانی خۆی هه‌بێت!