مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له ڕۆمانه‌شیعری "گۆڕستانی چراکان"دا و له باسی ئه‌نفالی کوردستان و پرۆژه‌ی کوردقڕانی عه‌ره‌ب و به‌عسییه‌کاندا، ده‌ربڕینێکی سه‌یر و هاوکات قووڵی هه‌یه، ده‌ڵێت: (ئه‌نفال... به‌راییه‌ک له ڕامانی خوداوه‌ندی بێ قودره‌تی به‌رده‌م دۆڵپاکانی به‌غا...). بێگومان که‌م شیعری شێرکۆ بێکه‌س هه‌یه پێوه‌ست نه‌بێت به دۆزی سیاسی کورد و هاوکاتیش هه‌ڵگرتنی تێڕوانینێکی ڕۆشنبیرانه و کو‌لتووریی قووڵ بۆ "ئه‌ویتر" و دوژمناکارانی کورد. به‌ڵام له‌م دێڕه‌ی گۆڕستانی چراکاندا هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر دوو وشه‌ی "دۆڵپا" و "خوداوه‌ند" یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌شێوه‌یه‌کی دوور له هه‌ڵوێستی ڕووکه‌شبینانه‌ی به‌شێک له‌و جۆڕنالیزمه کرچوکاڵه‌ی ڕای گشتیی به‌رانبەر پرسه هه‌نووکه‌ییه‌کان ئاراسته ده‌کات، بده‌ینه‌وە، ئایا ئێسته له به‌غدا چ سیستمێکی حوکمڕانیی هه‌یه؟ یان باشتر وایه بپرسین ئاخۆ به‌غدای ئێسته هه‌مان به‌غدای به‌عسه یان نا؟
بێگومان ئێمه ده‌بێت وه‌ک کوردێک ئه‌م پرسیاره بکه‌ین و هه‌ر له ڕوانگه‌ی کوردیشه‌وه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه.
"دۆڵپا" بوونه‌وه‌رێکی ئه‌فسانه‌یی ئه‌هریمه‌نییه، یان با بڵێین جۆره دێ‌و و درنجێکه مرۆڤ کۆیله‌ی خۆی ده‌کات. وشه‌که له زمانی فارسیشدا له‌ژێر ناوی "دوال پا" به‌کار ده‌برێت و پێده‌چێت له پاڵه‌وی کۆن یان ئاڤێستاوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، به‌شی یه‌که‌می وشه‌که واته "ده‌وال" به واتای گوریس یان ته‌سمه و...ی شۆڕ و درێژ دێت، به‌شی دووه‌میشی ڕوونه و به واتای "پێ" دێت. واته بوونه‌وه‌ر یان درنجێک پێی وه‌ک گوریس درێژه. ئینجا قه‌ڵافه‌تی ئه‌م درنجه له شێوه‌ی پیاوێکی به ته‌مه‌نی ئیفلیج و له‌پێ که‌وتووه و له‌سه‌ر پێچی ئه‌شکه‌وت و چیاکان داده‌نیشێت و هه‌ر ڕێبوارێک تێده‌په‌ڕێت داوای لێ ده‌کات ڕەحمی پێ بکات و به‌زه‌یی پێدا بێته‌وه و له‌و چەمه بیپه‌ڕێنێته‌وه، ڕێبواری داماویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گرتی به کۆڵه‌وه، ئینجا پێی ئه‌م درنجه هێنده‌ی گوریسێک شۆڕ ده‌بێتەوە و له جه‌سته و له‌شی ڕێبواری میهره‌بان و داماو ده‌ئاڵێت، تا ئه‌و شوێنه‌ی بۆی بلوێت له کۆڵی ڕێبواره‌كە دانابه‌زێت و وه‌ک چوارپێ یان هێسترێک به زۆری پێ گوریسییه‌که‌ی ده‌یئاژوا. یان ئه‌وه‌تا له‌ژێر پەستان و ماندووێتی و زه‌بروزه‌نگی ئه‌م درنجه‌دا، ڕێبوار گیانەڵایەتی یان ده‌بێت فێڵێک بکات تا ڕزگاری بێت له ده‌ستی درنجەكە.
وێنه‌ی ئه‌م دۆڵپایه‌مان له ئه‌نیمه‌یشێنی "عه‌لی بابا و سندباد"دا بینیوه و سندباد دواجار به فێڵێک و به هه‌زار به‌دبه‌ختی له ده‌ست دۆڵپای سه‌رچیا ڕزگاری ده‌بێت.
وشه‌ی "خوداوه‌ند"یش لێره‌دا به دڵنیاییه‌وه مه‌به‌ستی شاعیر خوای ئاینی ئیسلام یا مه‌سیحییه‌ت یان ته‌نانه‌ت جووله‌که‌یش نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست خودایه‌کە به‌عس خۆی دروستی کردووه، خوایه‌ک پێش ئه‌وه‌ی دۆڵپاکان باوه‌ڕیان پێی هەبێت، ده‌بێ خوداکه باوه‌ڕی به‌وان بێت! خودایه‌کی ملکه‌چی به‌عسی و وه‌همی! خودایه‌ک هیچ به‌ها و پێوه‌رێکی نه‌بوو جگه له فرمانه‌کانی به‌عس و شه‌هوه‌تی پیاوانی به‌عس و ڕق و عه‌داوه‌ت و کینه‌یان! خوداوه‌ندی بێ قودره‌ت له ڕاستیدا به‌م مانایه هاتووه که دۆڵپاکانی به‌غدا ده‌توانن هه‌ر به‌هایه‌کی به‌رز و ئاسمانی، نزم و نه‌وی بکه‌ن و له به‌ر‌ژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌کاری بێنن.
دۆڵپاکانی به‌غدا هه‌مان ئه‌و به‌عسیانه‌ن له سه‌رده‌می سه‌دامدا هه‌بوون و سوار بوون، له پاش 2003 به ملکه‌چی که‌وتن و ده‌رۆزه هاوکاری و یارمه‌تیی کوردیان ده‌کرد، کوردی میهره‌بان و دڵشووشه‌یش سواری سه‌ری خۆی کرد. و ئێسته هه‌ر ئه‌وانن گوریسی میلیشیا و بودجه و پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌یان به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و قووت و گوزه‌رانی خه‌ڵکدا ئاڵاندووه.
بێ ویژدانییە بڵێین سه‌رده‌می به‌عس لانیکه‌م له ڕووی مووچه و هه‌ندێ پێداویستی سه‌ره‌تایی ژیانی خه‌ڵکه‌وه باشتر بوو، له سیاسه‌تی برسیکردن و مووچه‌كردن به ئامراز و کارتی سیاسی! هه‌روه‌ها دووره له ویژدان گه‌ر بڵێین ئه‌مانه جیاوازن له به‌عس،به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌یه کاژخستنی به‌عسه! وازهێنانه له میشیل ئه‌فله‌قی مێژووی نێزیک و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شه‌ڕه‌کانی ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌کانی کۆن و ساغکردنه‌وه‌ی خوێنی تۆڵه‌یان له‌سه‌ر خوێنی ڕۆڵه‌ی کورد!
هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانێت سیاسه‌تی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕاده‌ستکردنی نه‌وت و داهات، وه‌ها فووی به نه‌قاره‌ی دڵنیایی و متمانه بە به‌غدادا ده‌کرد، ئێسته خۆیان شه‌رم ده‌که‌ن له باسکردن و ته‌نانه‌ت باسنه‌کردنیشی! متمانه به‌وه‌ی گوایه به‌م سیاسه‌تی ڕاده‌ستکردنه به‌غدا ئیتر "دۆڵپایزم"ی خۆی واز لێ دێنێت و لانیکه‌م خوانی خه‌ڵک به‌تاڵ ناکات، به‌ڵام دوای دنیایه‌ک له ململانێ و دیپلۆماسیی بزۆز و دینامیکی کابینه‌ی نۆیه‌م و ته‌نانه‌ت بڕیاری ئه‌رێنیی دادگای فیدراڵیش بۆ ناردنی مووچه، به‌غدا و دۆڵپاکانی هێشتا به‌رده‌وامن له‌وه‌ی خه‌ڵک برسی بکه‌ن، ئه‌ویش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی خه‌ڵک دژی کوردستان و وێنای کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئاڕاسته بکات، ئۆپۆزیسیۆنی ئیفلیج و ناهوشیاریش له باتی ئه‌وه‌ی به‌ستێنی ڕاسته‌قینه‌ی کێشه‌کان بدۆزێته‌وه، یه‌کسه‌ر ڕووی ده‌می له هه‌ولێره!
ئه‌م سیاسه‌ته‌ی دۆڵپاکانی به‌غدا ته‌نیا برسیکردنێکی ڕووت نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستێتی کورد له خه‌ون و به‌هاکانی دوور بخاته‌وه، هیچ که‌س ناتوانێت نکووڵی له‌وه بکات مووچه چه‌ند گرینگه بۆ تێپه‌ڕینی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک، ڕێک به‌م هۆکاره ده‌بوو دۆڵپاکانی به‌غدا خۆیان لەوە ببوێرن كه بیکه‌ن به کارتی گوشار، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وە ڕێک هه‌موومانیان به‌مه‌وه سه‌رقاڵ کردووه، له کاتێکدا دۆخی ناوچه‌که ده‌کوڵێت و خه‌ریکه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داڕشتنه‌وه‌یه‌کی تر‌ی بۆ بکرێت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی به‌عس و به‌عسیزمێکی کاژخستوو نییە، ئه‌ی چییه؟