وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا له کۆنگره‌ی نۆیه‌می یه‌کگرتووی ئیسلامی‌دا دیسان مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین وه‌ک ئه‌مینداری گشتیی هه‌ڵبژێدرایەوە. هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دووباره‌ی مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به ئاڕاسته‌یه‌کی بانیاساییدا تێپه‌ڕیوه /ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین نایاسایی/، واته ده‌سکاریی پێڕه‌وی ناوخۆی حزب کراوه که بۆ جاری سێیه‌م به‌ربژێر بێته‌وه و به کۆی ده‌نگیش هه‌ڵبژێردرێته‌وه و بۆ جاری حه‌وته‌م ببێته‌وه به ئه‌مینداری گشتی.
ڕاستییه‌که‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مامۆستا سه‌ڵاح یه‌کێک له ئاماژه‌کانی ئه‌وه‌یه یه‌کگرتووی ئیسلامی له درێژه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا جێی بۆ که‌سی تر نه‌کردووه‌ته‌وه تا سووکانی ئاژوتنی حزبه‌که بگرێته ده‌ست، ئه‌مه ده‌شێت هه‌م گوتار و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی گوزارشت بکات که له‌سه‌ر تاکه‌که‌سێک گیرساونه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت بگیرسێنه‌وه و هه‌میش پێمان بڵێت، ئه‌م حزبه له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی ناوه‌کی قووڵدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه.
ئاماژه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه ته‌نیا له‌وه‌دا ده‌رناکه‌وێت که ئه‌م حزبه له زۆربه‌ی زۆری کێشه‌کانی پێوه‌ست به کورد و کوردستانه‌وه هه‌ڵوێستێکی نامۆ و ناکوردستانیی هه‌یه، یان ئه‌گه‌ریش کوردستانیانه هه‌ڵوێست بنوێنێت به ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ر و ڕێنیشاندانی ده‌ره‌کییه، به‌ڵکوو له خوتبەكەی مامۆستا سه‌ڵاح له‌ناو هۆڵی کۆنگرەدا ده‌رده‌که‌وێت. بۆیه ده‌ڵێم خوتبه چوونکه ئه‌و لێدوان و وتاره زیاتر له‌وه‌ی هه‌ڵگری ئامانج و پرۆژه و به‌رنامه بێت، هه‌ڵگری هه‌ڵوێستی ئه‌خلاقیی حزبی و ئه‌وپه‌ڕهاوێژیی کێشه‌کانی خۆیان بوون.
ئه‌و له خوتبه‌که‌یدا هه‌ر کاتێک باسی بابه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کانی ده‌کرد، ده‌یوت هه‌وڵمان له‌و پێناوه داوه و به‌رهه‌می باشیشی هه‌بووه، ئاماده‌بووانی کۆنگره چه‌پڵه‌ڕێزانیان ده‌کرد. خۆی چه‌پڵه‌ڕێزان له هه‌موو کۆنگره‌یه‌کدا عورفێکی باوه و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ كام قسه چه‌پڵه لێ ده‌درێت، ده‌کرێ خوێندنه‌وه هه‌ڵبگرێت، وه‌ک لێره‌دا نموونه‌م هێناوه‌ته‌وه. خۆی چه‌پڵه‌ڕێزان بۆ ئه‌و قسه‌یه واته ڕیک بۆشایی و که‌لێنی چالاکیی حزبه‌که‌ی له‌وێدایه و ئه‌ندامانیش به چه‌پڵه بۆیان واژۆ کردووه. ئه‌مه له حاڵێکدایه دوو که‌سایه‌تیی گرنگی وه‌ک ئه‌بووبه‌کر کاروانی و ئه‌بووبه‌کر هه‌ڵه‌دنی هه‌ر به بۆنه‌ی ئه‌و ڕێبازه لێڵه‌ی ساڵانی ته‌مه‌نی یه‌کگرتووه‌وه، مه‌ودایان له‌و حزبه گرتووه (ئه‌گه‌رچی یه‌کگرتوو با ناوی بنێت ده‌رکردن یان فه‌سڵکردن، ئێمه ده‌مانزانی مانگ سه‌ر له ئێواره دیاره). شیعره‌که‌ی کاک ئه‌بووبه‌کر هه‌ڵه‌دنی به‌ڕاده‌ی خۆی خۆ‌یا و ڕوونه:
مانگ ده‌رسی ئه‌وه‌ی داداوم، ئازادی کچی ئیمانه
ئیمانی ئازاد، لافاوی ڕاماڵینی کینه‌کانه
بۆیه به بازاڕی عومردا، زیندان به ئازادی ناکڕم
ده‌ڕۆمه‌وه بۆ نیشتمان به‌سه‌ر باڵی هه‌وره‌کاندا
وته‌کانی ئه‌مینداری ئه‌به‌دیی یه‌کگرتووی ئیسلامی به‌و شێوازه، ده‌کرێت بڵێین دوور له ئه‌ته‌کێتی ئیسلامی و شه‌رعیشه، ده‌رخه‌ری قه‌ڵشتی قووڵه له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا که ڕێگەکانی له داهاتووی نزیک و دووردا زیاتر ده‌رده‌که‌ون، ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئه‌م شیعره‌ی هه‌ڵه‌دنی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ نیشتمان و گوتارێکی کوردستانی، به‌ڵام چ جۆرە گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک؟ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک له‌ناو حزبێکدا که چه‌ند ده‌یه‌یه به‌ناوی ئیسلامه‌وه به‌شێک له ئیراده و ڕای خه‌ڵکی بۆ خۆی ڕاکێشاوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له هاوکێشه‌کاندا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌رێنی هه‌بێت.
ئه‌م حزبه نه وه‌ک گۆڕانی پێشوو و نه ته‌نانه‌ت وه‌ک نه‌وه‌ی نوێیشه! ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیشی به نه‌رمونۆڵی و جۆرێک کۆنسێرڤاتیزمی سیاسیی که هه‌ر تایبه‌ت و قابیل به ئیخوانییه‌کانه، ده‌رده‌برێت! ئه‌م خاوه خاوه سیاسییه پێده‌چێت ئه‌بووبه‌کره‌کانی وه‌ڕه‌س کردبێت و به دڵنیاییه‌وه له داهاتوویشدا عومه‌ر و عوسمان و عه‌لییه‌کانیش وه‌ڕه‌س ده‌کات! سه‌ری زمان و بنی زمانی مامۆستا سه‌ڵاح ئه‌وه‌یه "ئێمه ئه‌گه‌ر خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆمان ده‌که‌ین له‌به‌ر خوا ده‌یکه‌ین". باشه که‌سمان لاریمان له‌وه نییه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه مه‌به‌ستی کام خوایه؟ چونکه لێره و له کۆنگره‌یه‌کی سیاسی‌دا باسی خودای شه‌ریعه‌ت و ته‌ریقه‌ت نییه، واته باسی ئه‌و ئه‌ڵا گه‌وره و میهره‌بانه نییه که ئێمه‌ی کوردی مسوڵمان باوه‌ڕمان پێیه‌تی، به‌ڵکوو باسی ئه‌و ڕێچکه سیاسییه‌یه‌یه که له ده‌ره‌وه بۆی دیاریی ده‌کرێت.
واته یه‌کگرتوو له‌به‌ر خوایه‌ک که ئه‌نقه‌ره یان ...پێناسه‌ی کردووه، ئه‌م ڕێزه‌ی له کورد گرتووه؟ پاشان من پێم سه‌یره یه‌کگرتووی ئیسلامیی چی بۆ کورد و جه‌ماوه‌ری کوردستان کردووه تا ئێمه بیرمان بێت؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش پێم وایه مه‌به‌ستی مامۆستا له شه‌رواڵپیس و گه‌نده‌ڵ ئه‌وانه نین که ده‌رکراون یان پشتیان کردووه‌ته کۆنگره و حزب، به‌ڵکوو هه‌ر سووکایه‌تییه به گوتاری کوردایه‌تی و لێدان له‌و به‌هایانه‌ی کوردستانی به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته ئاینی و نه‌ریتی و سیاسییه‌کانی له‌سه‌ر ڕۆ نراوه. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌یان ده‌شێت ئه‌گه‌ر بێت له خوێندنه‌وه‌ی مندا، به‌ڵام ڕه‌تی ئه‌و ده‌لاله‌ته لێڵ و ژێره‌وانکێیه ناکاتەوە که باسم کرد.
واته ده‌ڵێت ئێمه به فۆرم و سیاقی خۆمان کوردایه‌تیی ده‌که‌ین و ئه‌و شێوازه له کوردایه‌تی که گه‌نده‌ڵی و... له‌گه‌ڵه، ئیشی ئێمه نییه! له‌به‌رئه‌وه ئێمه‌یش به ئاسانی لێی ده‌پرسین چ کار و پرۆژه‌یه‌کی له پێناوی کورد و کوردایه‌تیدا کردووه؟
دیاره هیچ حزبێک بێ چالاکی و بێ هه‌ڵوێست و مێژوو نییه، به‌ڵام ئه‌و خوتبه و خیتابانه‌ی کۆنگره، جگه له‌وه‌ی خۆڵ ده‌کەنە چاوی خه‌ڵکی باوه‌ڕداری کورد، حه‌ماسه‌تێکی بۆشیش به‌رهه‌م دهێنن که نیەتی. ئێمه ته‌نیا پیاوێکی باوه‌ڕداری که‌مدوو و که‌م هه‌ڵوێست ده‌بینین که به قات و بۆیینباخه‌وه ده‌رده‌که‌وێت و ساڵی جارێک یان دوو جار له‌باره‌ی یه‌ک دوو مه‌سه‌له‌وه قسه ده‌کات! پێم وایه هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ گۆڕینی دۆخی حزبه ئیسلامییه‌کان و ئیسلامی سیاسیی له کوردستان که هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌ڕله‌مانی کوردستانیش ئه‌مه‌ی پشتڕاست کردە‌وه.