کاتێک کورد دەڵێ بەغدا ستەمکارە و ڕێبازی سازان شکستی هێناوە و ڕێگەچارە سەربەخۆییە، لێرەولەوێ هەندێ کەس بەهۆی ناوشیارییەوە یا بەهۆی لایەنگریی حزبی، دێنەوە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان! ئەگەر هێڵی بڕانی بەشەبودجەی کوردستان لە سەردەمی مالیکییەوە چاو لێ بکەین تا ئێستە، دەبینین لە باشترین دۆخی پێوەندیی هەولێر و بەغدایشدا، هەمدیس تەنانەت ئەگەر بە ڕۆژێكیش مووچەیان درەنگ ناردبێ، لەو هێڵە یاسایی و سیاسییەی بەغدا و هەولێر لەسەری ڕێککەوتوون، لایان داوە،
واتە بابەتەکە کاری بە کردەوە و ئەتێکێتی سیاسی و ئابووریی کوردەوە نییە و لە دەستی کوردیشدا نییە، بەڵکوو بابەتەکە لە دەستی ئەویتری جەلاد و خوێنمژە، جەلاد و خوێنمژ بەو مانایەی ئەوانەی بەغدا بیانەوێ و نەیانەوێ، لە نەوە و پاشماوەکانی بەعس یان سەرچاوە ئایدۆلۆجی و سیاسییەکانی ئەوانەوە پەیدا بوون، کورد بە پێی دڵی ساف و سادەی خۆی و لە کڵاوڕۆشنەی ڕۆحی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان کە کرۆکی کولتوورەکەیەتی و بەداخەوە تا ئێستە جگە لە خەسار، خێرمان لەم تایبەتمەندییە درەوشاوەیەی خۆمان نەدیتووە.
پێش 2003 هەر ئەم کەتە و زلحۆرتانەی ئێستە دەستیان ناوەتە بینی خەڵک و خوانێک کە لێیان خواردوە، دەیدڕێنن و بێڕێزی پێ دەکەن، میوانی شۆڕشی کوردی بوون، لە ترسی بەعس و لێدان و كوشتن، ئامێزی شاخەکانی کوردستان و بارەگای بارزانییان کردبوو بە لانکەی حاوانەوەیان، پاش 2003 کورد بە رۆحی برایەتی و دیموکراسیی چووە پێش و ئەو وڵاتەی خستەوە سەرپێ، لە یاسادانانەوە بگرە تا یەکخستنی هێز و یەکە ئیداری و مەدەنی و...کان، وردە وردە دەرکەوت شەدە تەنیا لە بانە هەرزانە و ئەوەیش بەو هۆیەیە کە بودجە و هێزی ئابووریی عێراق لەژێر چنگی ئەم کەتە دابەستانەدا بۆ وڵاتانی دیکە دەبرێت و لەپێناو ئامانجی ئایدۆلۆجی و سیاسی و ... خەرج دەکرێت و کوردیشیان بەرداوەتە گیانی یەکدی، تا ئەم بەو بڵێ خەتای تۆیە و ئەویش بەو بڵێ تۆ ئاوات کردووە! بۆیە مووچە نایەت! لە حاڵێکدا ئەمە هەر کولتووری عرووبە بووە کە هیچکات مافێکێک کە زەوت کردووە، ئیتر بە هی زەوتلێکراوەکەی نازانن، بەڵکوو بۆ هەمیشە بە مافی خۆیانی دەزانن.
پێم وایە لەو ڕووەوە عەرەب بە بارە قەومی و فاشییەکەیدا لە ئیسلام تێگەیشتووە و بابەتی تەقواداربوونی مرۆڤەکان بۆ پێوەری باشبوونیان تەواو وەلا ناوە و بە تەواوەتی بە پێچەوانەی ئەوە، واتە عەرەبپەرستی دەکەن، مەرج نییە کاتێ باسی تەقوا دەکەین، مەبەستمان ئەوە بێت ئێمەی کورد یان غەیری عەرەب، بە تەقواین، نەخێر بابەتەکە ئەوە نییە، بەڵکوو مەبەستمە بڵێم تەقوایان لە ئایەتە ناودارەکە سڕیوەتەوە و پشتگوێیان خستووە و لە باتی ئەوە، ڕێک نەتەوەپەرستییەکی فاشیانەیان پەرە پێداوە کە نموونە دیارەکانی لە وڵاتانی عەرەبیدا دەبینین و لە هەموو وڵاتاندا کورد خەسار و قڕانی لێ بە نسیب بووە.
ئەم تێڕوانینەی عەرەب و ئەمیر و گزیر و سوڵتان و... لە دێرزەمانەوە تا ئێستە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کولتووری بیابان لە هەمبەر ئیسلامی پیرۆزدا هەر پاشەکشەی نەکردووە و هێشتا بە خوو و ئارەزووی وشکایی و قاتوقڕیی ڕووبەڕووی دنیا دەبنەوە، کولتووری جاهیلیی عەرەب ئێستەیش بە زاراوە ئیسلامییەکان و بە چەمکە پیرۆزە قورئانییەکان خەریکی داگیرکاری و تەراتێنی خۆیەتی و هەر دوای شەهەواتی زگ و خوارزگ کەوتوون و ئەو سەرچاوە ژێرزەمینییە رەشەیشیان نەبوایە، ئێستە نەک تەنیا ترووم و ڕەگەزی مارمێلکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنبڕ کرابوو، بگرە لەوانەبوو کانیبالیزم و مرۆڤخۆری پەرەیەکی یەکجار سەیری بەخۆوە بینایا!
مەبەستم ئەوەیە بڵێم، کولتووری سیاسی نە بە زۆر دروست دەبێت و نە بە ئاسانیش دەسڕێتەوە چونکە ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و گەر لەو کۆنتێکست و سیاقە مێژووییە بیهێنینە دەرەوە، ئەوا پێوەندیی ئێمە لەگەڵ واقیع و بەپێی ئەوەش تێگەیشتنمان لە واقیع، تووشی لادان و خواروخێچی دەكات.
لە هەناوی ئەو مێژووەوە، بابەتی قووتی خەڵک و مووچەی کوردستان، بووە بە گاڵتەجاڕیی کۆمەڵێک میلیشیا کە لە کولتووری بیابانەوە هاتوون، ئەوان کاتی خۆی لە شەعبی ئەبیتالیب پێغەمبەری خوا و سەتان کەسیان لە ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتە لە برسان کوشت، لە حاڵێکدا پێغەمبەر ئامۆزا و خزم و کەسوکاریان بوو. نامەوێ دۆخەکە بە هیچ شێوەیەک ببەمە ناو بازنەی لێكچوونەوە، بەڵکوو باسم لەو نەست و زەینە ناوشیارە گشتییەیە کە تەنانەت ڕێنوێنی و بەشیری و نەزیریی قورئان و خودایشیان لە نەستی خۆیان قبووڵ نەکردووە!
تا ئەم چرکەساتەیش خەڵکی کوردستانێک کە زیاتر لە نیوسەدە لە ڕێگەی ڕژێمەکانی بەغدا و دیمەشقەوە قڕ کراون، ئەنفال و کیمیاییان بەسەردا تاقی کراوەتەوە، باجی ئارەزوو و نەستی بیابانیی بەغدا دەدان، ئەگەر یاسایان قبووڵ و دادگای فیدراڵیی میحرابی پیرۆزی یەکلاکەرەوەیانە، خۆ دادگا بڕیاری ناردنی مووچەی داوە، ڕێکەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا کراوە، ئیدی هۆکار چییە ئەم یارییە بە خوانێک دەکەن کە سەردەمانێک لەسەری دانیشتوون؟
هەڵبەت ئێمە دەزانین دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ ئێمە فیدراڵییە کە بڕیارەکانیمان زوو زوو بە سەردا جێبەجێ دەکەن! دەبێت ناوی بنێین دادگای سەورە! چونکە بەغدا خۆی داوە لە کووچەی عەلی چەپ وەک لە ڕٶژهەڵات دەڵێن، ئەویش کووچەیەکە هەم فێڵ و یارییەکە و هەمیش ڕێڕەوێکی ئایدۆلۆجیە بە دوو مانا! ئێستە دەبێت هەموومان لەگەڵ ئەم پرسیارە ڕووبەڕوو بین، دەبێت چی لە بەغدا بکەین؟