ئه‌گه‌رچی به‌پێی وتار و هه‌ڵوێست و لێدوان بێت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، زۆر شت گوتراوه و زۆر ڕێوڕه‌سمیش به‌ڕێوه چوون و كورد به‌پێی توانای خۆی هه‌وڵی یادكردنه‌وه‌ی وه‌ك برینێكی به‌كۆمه‌ڵ له زه‌ین و خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگای كوردی له هه‌ر چوار پارچه داوه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی جیاواز له‌وه‌ی كه ئه‌و برینه چه‌نده قووڵ و ساڕێژههڵنهگره، هه‌میشه ئه‌و ئه‌گه‌ره له به‌رده‌مماندا هه‌یه كه دیسان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و سوێی ئازاره‌كانی بدوێین.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه ئه‌مه‌یه كه بۆچی هه‌ڵه‌بجه له ئاستی دنیادا به ئاستی هیرۆشیما و ناكازاكی نه‌ناسراوه؟ ڕاسته ژاپۆنییه‌كان لای خۆیان هه‌ڵه‌بجه و ته‌نانه‌ت شاری سه‌رده‌شتیش له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه هه‌ر به‌هۆی به‌عسییه‌كانه‌وه كیمیاباران كرا، وه‌ك ده‌سته خوشكانی هیرۆشیما و ناكازاكی له ئازار و بریندا ده‌ناسێنن و ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی نه هه‌ڵه‌بجه و نه سه‌رده‌شت هیچ كامه‌یان وه‌ك ئه‌و دوو شاره‌ی ژاپۆن له ئاستی دنیادا نه‌ناسران و هێنده‌ی ئه‌و دوو شاره‌ش سه‌رنجی بۆ ئازار و برینه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ڕانه‌كێشاوه. به‌شێك له‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆزی كورد كه به ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن تێرم و گوتاره سیاسییه توتالیتار و ڕههاخوازهكانهوه گه‌مارۆ دراوه.
واته پاش په‌یمانی لۆزان و سه‌عدئاباد و هه‌موو ئه‌و په‌یمانانه‌ی كه به نهێنی و ڕاشكاو له نێوان چوار وڵاتی ئێران، توركیا، عێراق و سووریا و هه‌ندێ له هاوپه‌یمانه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان مۆر كراوه، جێگیركردنی ئه‌م كۆڵه‌كه‌یه بووه كه ناوی كورد و كوردستان و خوێن و مه‌رگه‌ساته‌كانی له ناو جیۆگرافیای هه‌ر كام له وڵاته‌كاندا بمێنێته‌وه و وه‌ك بابه‌تێكی ناوخۆیی وڵاته‌كان چاویان لێ بكرێت، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه سیاسه‌تێكه كه ئه‌م چوار ده‌وڵه‌ته پشتگیری بوونه و تا ئاستێكیش به‌هۆی هه‌بوونی سه‌رمایه و میدیا و لۆبی و دیپلۆماسیی فه‌رمییه‌وه تێیدا سه‌ركه‌وتوون. ئه‌م هه‌ژموونه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌رخه‌ری دوو ئاست له ئاكار و ئه‌خلاقی زاڵی سه‌رده‌مه كه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌خلاق بێت، بێ ئه‌خلاقییه، به‌ڵام چونكه ههژموونێكی لێ دروست كراوه وه‌ك كرده و ئاكارێكی باو له ڕێی میدیای زه‌به‌لاح و لێدوان و گوتری زل و قه‌به‌وه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، له ناو ڕای گشتیی خه‌ڵكی دنیادا ئاوا جێگیری ده‌كه‌ن كه گوایه ئه‌م بابه‌ته له ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی ده‌ره‌وه‌ستی و پابه‌ندیی یاسایی ئه‌واندایه.
به‌ر له هه‌ر شتێك و پێوه‌ست به هه‌ڵه‌بجه‌وه، ده‌بێت كۆی مرۆڤایه‌تی وه‌ڵامده‌ر بێت! ئه‌مه‌ی كه مرۆڤایه‌تی وه‌ڵامده‌ر نییه و نه‌یتوانیوه قووڵایی ئازاره‌كانی مرۆڤی كورد له برینی هه‌ڵه‌بجه‌دا بپێوێت، پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزانه‌ی كه به‌ناو نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جیهانگیری مرۆڤایه‌تیی ده‌كه‌ن، یان ڕۆحێكی مرۆڤانه‌یان نییه، یان راستییه‌كه‌ی هه‌ر ئاوێنه‌ی خودی مرۆڤایه‌تین! و مرۆڤایه‌تی یانی سیاسه‌تكردن له ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی ئه‌خلاق و ڕه‌وشت. یانی چاونوقان به‌سه‌ر برینی مرۆڤ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و له ناو كه‌وانه‌ی قازانج و زیانی خۆت. باشه ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كه ئه‌مه‌یه، ئه‌وا ئه‌و سیستم و ده‌زگا سیاسی و میدیاییه‌ی دنیا، چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن و به‌عسدا؟! ئایا هه‌ر ئه‌مه‌ی كه ئه‌وان راسته‌وخۆ به‌شدار نه‌بوون له تاوانه‌كه‌دا، یانی ئه‌وان بێ گوناهن و سووچیان نییه؟! یانی چۆن ئه‌وان به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و له ڕێی بازرگانێكی هۆڵه‌ندی یان هاووڵاتییانی ئه‌وروپی و زانستی ڕۆژئاواییه‌وه، مایه‌ی ژههرخواركردن و كیمیابارانكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كیان فه‌راهه‌م كردووه، ئه‌وا ئیتر ئه‌وان تاوانبار نین و چۆن له چه‌ند ڕۆژنامه و گۆڤار و ماڵپه‌ڕدا وێنه و ئامار و ڕاپۆرت و گوزارشتیان له برینه‌كانی هه‌ڵه‌بجه بڵاو كرده‌وه، ئیتر ڕۆڵیان له‌سه‌ر شانۆی حهقیقهتخوازیی مێژوودا نه‌دیو ده‌گیرێت و له ئه‌هریمه‌نێكی ڕه‌شه‌وه ده‌بن به فریشته‌یه‌كی سپی؟.
ده‌بێ ئه‌مه به بیر خۆماندا بهێنینه‌وه كه كاتێك كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ڕووی دا، جگه له یه‌ك دوو هه‌واڵ و ڕاپۆرت، سه‌رله‌به‌ریان هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ڕژێمی سه‌دام كه بۆچی وای له خه‌ڵكی خۆی كردووه؟ یانی ئه‌م تێڕوانین و پرسیاره ده‌ریده‌خات كه ئه‌وانه‌ی له پشت پرسینی پرسیارهكهن، یان جاهیل و گه‌مژه‌ن یان فێڵباز و دووڕوون! به‌پێی مێژووناسیی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانیش كورد یه‌كێك له كۆنترین دانیشتووانی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه و بگره دامه‌زرێنه‌ری شارستانی له ناوچه‌ی نێوان دوو ڕووباران بووه، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له مێژووی كه‌ونارادا هه‌بووه و تا ئێسته‌ش بۆ پارێزگاری له خاك و گیان و نیشتمانی خۆی خه‌بات ده‌كات، له‌كه‌یه‌وه كورد خۆی به ئهویدییهكی وه‌ك فارس و تورك و عه‌ره‌ب زانیوه، تا وه‌ك به‌شێك له‌وان هه‌ژمار بكرێت؟ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه به خه‌ڵكی عێراق و سه‌دام ناو ببرێت؟!.
ئه‌مه كایه‌یه‌كی نه‌زمی جیهانییه كه نه‌ته‌وه بێدهسهڵاتهكان به ده‌ستیه‌وه گیرۆده‌ن و پێوه‌ی ده‌تلێنه‌وه، له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقدا باسێك له ژێر ناوی یاسا و ئه‌خلاقدا هه‌یه و تێڕوانینه ژیرانه و عاقڵانهكه، ده‌گات به‌م ئه‌نجامه كه ده‌بێت ویژدان یاسا بێت نه‌ك یاسا ویژدان! به بهیاسادانانی ویژدان ئه‌و ئه‌گه‌ره له به‌رده‌م ئێمه‌یا ده‌هێڵێته‌وه كه له یاساكان مه‌رج نییه ویژدانیان تێدا بێت، یان با بڵێین مه‌رج نییه به‌پێی ویژدان ئیشیان پێ بكرێت، ئازاره‌كانمان له كڵاڕۆژنهیهكهوه هاوار بكه‌ین كه دڵی سته‌مكار و هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌كانی بله‌رزێنێت، خه‌وی خۆشیان لێ بكات به شه‌و و مۆته‌كه‌ی هه‌ناسه‌بڕ! ئه‌گه‌رچی كورد وه‌ك خۆی له‌م بواره‌دا و له‌م دهنگههڵبڕینهدا ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره و كه‌موكوڕی زۆره، به‌ڵام سته‌مكارانی ئه‌م ڕووداو و كوردقڕانه، نه‌ك دوو كۆمپانی یان دوو وڵات یان ته‌نیا حزبی به‌عس و سه‌دام بن، به‌ڵكو دوای سه‌دام و به‌عس و سه‌رچاوه مه‌عنه‌وییه‌كانی بیره فاشییه‌كه‌ی، هه‌موو ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتن، به بێده‌نگییان، به چه‌واشه گێڕانه‌وه‌یان و چه‌واشه ڕووماڵكردنیان! زامی هه‌ڵه‌بجه زامی كوردبوونه، زامی مێژوویه‌كی كه‌ونارایه كه به ده‌ستی شارستانییه‌تی ئاسن و چه‌كی ژه‌هراوی و دڕنده‌یی سه‌رده‌م له ژێر ده‌مامكی پێشكه‌وتن و یاساتهوهریدا هه‌ر ساڵه و ده‌كولێته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه زامی كوردبوونه كه به خیانه‌تێكی مێژوویی ههخامهنهشییهكان، ئیمپراتۆریی به‌هێزی دنیای كۆنی لێ سه‌نرایه‌وه و تا ئێسته له‌سه‌ر زێدی باب و باپیرانی سته‌می لێ ده‌كرێت، زایه‌ڵه‌ی ته‌نیا له چۆڵهوانییهكانی ویژدانی مرۆڤایه‌تیی سه‌رده‌مدا ده‌نگ ده‌داته‌وه، جگه له خۆمان كێ ده‌یبیستێ؟ جگه له خۆمان كێ ده‌توانێت مرۆڤایه‌تیی دادگایی بكاته‌وه؟.