پێکه‌وه‌ژیان وه‌ک چه‌مکێکی مه‌ده‌نی-سیاسیی به‌رئه‌نجامی ئه‌زموونی حوکمڕانیی کوردییه له کوردستان، هیچ چه‌مکێک بێ پێشینه و بێ ئه‌زموونی مێژوویی له پڕێکدا و له‌ناکاو هه‌ڵناتۆقێت، به‌ڵکوو ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌زموونی عه‌قڵی گشتی و ئاوه‌زی کۆمه‌ڵگە یان نه‌ته‌وه‌یه‌که. واته له بنه‌مادا شێوهژیانێکه، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌ژیانه له ڕه‌وتێکی درێژخایه‌نی مێژوویی‌دا خۆی مانیفێست کرد، له‌لایه‌ن ئیلیت و پیتۆڵانی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه یان دروستتر وایه بڵێم له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ران (سیاسی، ئاینی، مهعنهوییەوە ده‌که‌وێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه.
که‌واته ده‌بێت بڵێم چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیان نه چه‌مکێکی ساخته‌یه و نه ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نامۆ و هاورده، به‌ڵکوو هه‌ڵقوڵاوی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، جیۆگرافی و سیاسیی کوردستانه. به شێوه‌یه‌ک که ئێسته به‌شێکه له خه‌یاڵدانی گشتیی کۆمه‌ڵگەی کوردی، ده‌توانم بڵێم ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه و ئه‌م به‌ها واڵایه هه‌ر تایبه‌تیش نییه به باشووری کوردستان، به‌ڵکوو له پارچه‌کانی دیکه‌ش زه‌وینه و ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆی هه‌یه، لانیکه‌م ئێمه له هه‌ڵسوکه‌وت و ئادگاری کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌رکه‌وته‌ی زۆری لێ ده‌بینین که هه‌ڵبه‌ت من ئێسته ناپه‌رژێمه سه‌ر ئه‌و لایه‌نه.
به‌ڵام به‌شێوه‌ی کردەیی ئێمه ئه‌م چه‌مکه‌مان له باشووری کوردستاندا له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌که‌یدا ئه‌زموون کردووه و ده‌کرێت وه‌ک کرۆک و جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی حوکمڕانی و ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردی سەیری بکه‌ین. پێکه‌وه‌ژیان به‌رهه‌می تێڕوانینێکی گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی-کولتوورییه که خۆی له چه‌مکی دایک، واته "پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن"ه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو چه‌مکه زۆر لێک نزیکن، به‌ڵام له ڕاستیدا گریمانه و زه‌وینه‌ی زه‌ینی و کۆمه‌ڵایه‌تی-کو‌لتووریی پێکه‌وه‌ژیان، چه‌مکی پێکهوهههڵکردنه.
ئه‌مه خۆی ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه که کوردستان له‌مێژه تێڕوانین و ئاین و ئاینزا و شێوه‌ژیانی جۆراوجۆری تێدا بووه و له ڕه‌وتێکی درێژخایه‌ن و پڕ هه‌وراز و نشێودا، ئیراده‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معیی دروست بووه که هه‌موو ڕه‌نگه‌کان قبووڵ بکات و هه‌موو سیماکان له پاڵ یه‌کدا ببینێت، ڕه‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئەگه‌ر بڵێم چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیان هه‌مان ڕۆحی دیموکراسیی سه‌رده‌مه، یان لانیکه‌م زه‌وینه‌یه‌کی پته‌و و شایسته‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه خانه‌ی ئاوات و کۆشکی ڕزگاری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسیمانی له‌سه‌ر ڕۆ بنێین و به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م زهوینهیهیش هۆی ئه‌وه‌بوو ئێمه له‌ڕووی ئه‌زموونی سیاسییه‌وه و ئه‌و ئازادیانه‌ی که له ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆره‌کانییه‌وه (به هه‌موو کێشه و گرفته‌کانییه‌وه)، له کۆمه‌ڵگەدا په‌ره‌یان سه‌ندووه، جیاواز بین له هه‌موو ناوچه‌که و له هه‌ندێ ئاستدا هه‌ر به‌راورد ناکرێت.
ئێسته پرسیارێک که ده‌شێت بیری لێ بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌یه چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیان یان هه‌مان پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنی گریمانه‌کراو له‌ناو مه‌نزوومه و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی پته‌و و به‌هێزی خێڵه‌کی و شۆڤێنیی ناوچه‌که له‌لایه‌ک و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسیی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی له لایه‌کی ترەوه، چه‌نده ده‌توانێت هه‌ناسه بدات و زیندوو بمێنیت؟ یاخۆ به ده‌ربڕینێکی دیکه، ئه‌زموونی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسیی کورد که یه‌کێک له شاچهمکهکانی پێکه‌وه‌ژیانه له‌ناو گه‌مارۆی کۆمه‌ڵێک هێزی دژهچهند ده‌نگ و شۆڤێنیزم و دیکتاتۆریی ئاینی و سیاسی و حزبیدا، چ چاره‌نووسێکی له به‌رده‌مه؟ شتێک که ئه‌م پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌ی لای من گه‌ڵاڵه کرد و وای کردووه له‌سه‌ری بوه‌ستم، دۆخی که‌رکووک له‌م ڕۆژانه‌ی دوایی و دۆخی که‌رکووک به‌گشتیی و له سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی به‌عسییه‌کانه‌وه تا کاتی ڕووخانیان له 2003دا.
ئه‌مه بۆ هه‌موو دنیا و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و شۆڤێنییه عێراقیانه و بۆ ئه‌وانه‌یش که چه‌پڵه بۆ هێزی هاوسه‌نگکه‌ره‌وه و ڕزگاریکهرانهی بۆش و بنکۆڵی ئیحتیلالی عێراقی لێ ده‌ده‌ن، ڕوون و ئاشکرایه که باری دیموگرافیی که‌رکووک هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حکوومه‌تی پاشایه‌تیی له عێراق، تا ئێسته‌یشی به‌ده‌مه‌وه بێت، ده‌ستی تێ وهردراوه و تێک دراوه، ئه‌مه ته‌نیا به عه‌ره‌به‌کانه‌وه کورت نابێته‌وه، به‌ڵکوو له سه‌رده‌مێک که "نازم ته‌به‌قچلی" وه‌ک قائید فیرقه‌ی دووی شیمال باره‌گاکه‌ی هێناوه‌ته که‌رکووک تا ئێسته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌رده‌وام بووه، به‌ڵام جیاوازییه‌که لێره‌دایه که نازم خۆی تورکمان بووه و ئه‌و پرۆژه‌ی گۆڕینی دیموگرافی و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی هه‌ر ئه‌نجام داوه. که‌واته مه‌به‌ستمه بڵێم له دۆخێکی وه‌هادا که له سه‌رده‌می شۆڕشی ئهیلوول و شه‌ڕی شاخ تا ڕووخانی رژێمی سه‌دام، که‌رکووک یه‌کێک له‌و شارانه‌ی کوردستان بووه که به چڕی له‌ژێر پەستانی گۆڕینی دیموگرافی و سته‌م له کورد و ته‌نانه‌ت له‌سێداره‌دانی زۆر و گشتگیری ڕۆڵهکانیدایە.
ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه دۆخ و فه‌زایه‌ک بووه که هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق له دوای هاتنه سه‌رکاری عه‌بدولکه‌ریم قاسم تا ڕووخانی به‌عسییه‌کان، پێڕەویان کردووه، پرسیار له‌م مێژووه و له‌م هاوکێشه‌یه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌م سته‌ملێکردن و هه‌ست به باڵاده‌ستبوونه شۆڕ نه‌بووه‌ته‌وه بۆ ناو پێکهاته ڕه‌سه‌نه ناکورده‌کانی که‌رکووک؟ واته ئه‌و ژماره که‌مینه‌یه‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان.
دیاره له ڕووه سیاسیی و ئایدۆلۆجییهکهیهوه دۆخه‌که نه‌ک ته‌نیا به‌ره‌و باشی نه‌ڕۆیشتووه، به‌ڵکوو شۆڤێنییه‌کانی عه‌ره‌بی ناڕه‌سه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووک و بگره له ئێران و باشووری عێراقه‌وه دێنه که‌رکووک و ئه‌م قه‌ڵشه گریمانکراوه قووڵتر و قووڵتر ده‌که‌نه‌وه!
ڕه‌نگه یه‌کێک له کێشه‌کان و هاوکات لایه‌نه ئه‌رێنییه‌کانی ئێمه ئه‌وه بێت که وه‌ک هه‌ڵگری کولتووری پێکه‌وه‌ژیان به نیسبه‌ت یاساوه ملکه‌چ بووین و هه‌میشه پێڕه‌وکاری یاسا بووین، هه‌ر له بنه‌مادا ماده‌ی 140 داکۆکیی ئێمه‌یه له‌سه‌ر یاسا و داکۆکیی ئه‌وانیشه به کوردستانیبوونی که‌رکووک یان زۆرینه‌بوونی کورد له‌وێ، به‌ڵام بۆچی دوای 20 ساڵ له ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام و په‌سندکردنی یاسای عێراق وه‌ک وڵاتێکی فیدراڵیی دوو نه‌ته‌وه و دوو زمانه، هێشتا دۆخی که‌رکووک قه‌یراناویتره؟ ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی پێشانده‌ری لهرزۆکبوونی گوتاری پێکه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی کوردی بێت، پێشانده‌ری هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک ئه‌جێندای سیاسی و ئایدۆلۆجیی و خێڵه‌کین، له بنه‌مادا کوردبوونیان کردووه‌ته ئامانج.
بێگومان دۆخی که‌رکووک هه‌م له ڕووی ستراتیجی و سیاسییه‌وه و هه‌م له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه، له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئاڵۆزدایه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی چه‌مک و فه‌لسه‌فه‌ی پێکه‌وه‌ژیاندا ده‌شێت هاوسه‌نگییه‌کی ڕێژه‌یی به‌رقه‌رار بێت، وه‌ک حکوومه‌تی کوردستان هه‌وڵی داوه پێڕەوی بکات له‌وێ، به‌ڵام له دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر دۆخه‌که ئاڕاسته‌ی تر و ئاڵۆزتر و قهیراناویتری گرته به‌ر، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م پرۆژه‌یه به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌شێت ئه‌جێندا ده‌ره‌کییه‌کان (چ له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و چ له ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووک و کوردستان)، هه‌مووی پووچه‌ڵ بکرێنه‌وه و له سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه حه‌شدی شه‌عبی ڕه‌شۆ بکرێت، ئه‌گینا ئه‌م میلیشیایه نه‌ک ته‌نیا بۆ سه‌ر که‌رکووک، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ئاشتی و ئاشته‌واییه‌ک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، مه‌ترسییه و سه‌رچاوه‌ی ئایدۆلۆجیاکه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه که شه‌ڕ و تۆڵه و خوێن به‌رهه‌م بێنێت که دوێنێ پارێزەرهکانی سه‌ربه‌م ئایدۆلۆجیایە، بڕیاری دادگایی‌کردنی یه‌زیدی کوڕی موعاویه‌ی به تۆمه‌تی کوشتنی ئیمام حوسه‌ین ده‌رکرد.
ئەو که نه‌یتوانیوه له شه‌ڕێکی نادیار و لێڵ و هه‌ڵبه‌ت زاڵمانه و ستەمکارانهدا که هەزار ساڵ زیاتر پێش ئێسته ڕووی داوه، تێپه‌ڕێت و بیر له دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگەیه‌کی مەدەنی و دوور له خوێنڕێژی بکاته‌وه، ئێسته خه‌ریکه سکاڵا له‌سه‌ر ڕۆح تۆمار ده‌کات، ئایا بواری ئه‌وه ده‌دات چه‌مکی پێکه‌وه‌ژیان له‌ناو پێکهاته ڕه‌سه‌نه‌کانی که‌رکووکدا به‌شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی و قووڵ پراکتیزه بێت؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که ڕوونه، هه‌ر ئه‌مه‌یش وا ده‌کات که ئێمه که‌رکووک نه‌ک وەك جیۆگرافیایه‌ک له کوردستان که عێراق داگیریان کردووه، ببینین، به‌ڵکوو ده‌شێت وه‌ک گۆڕەپان و ڕووبه‌رێک که ململانێی چه‌ندان هێزی دژبه‌ر و تاریکی دژ به کورد و پێکه‌وه‌ژیان و دیموکرسی تێدا دەردهکهوێت، ببینین و ده‌شێت بۆ ئه‌م بابه‌ته زلهێزه بێ به‌ڵێنه‌کان له‌مه زیاتر چاو‌دێر نه‌بن و ده‌ستێوه‌ردانی بەرپرسیارانە بکه‌ن، ئه‌گینا هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ک به چاودێریی، به‌رده‌وام نه‌بووه.