له‌م ڕۆژانه دیسان گۆڕیکی به کۆمه‌ڵی کوردانی ئه‌نفالکراو و خێرله‌خۆنه‌دیو هه‌ڵدرایەوه، سه‌ره‌ڕای کرانه‌وه‌ی ده‌می برین و نوێبوونه‌وه‌ی ئازاره‌کانمان به‌هۆی ئه‌و وێنانه‌وه، وێنه‌ی پێڵاوێکی پاته‌ی دایکێک که ئێسک و پرووسکی په‌نجه‌کانی تێدا مابوون، زیاتر له هه‌ر شتێکی تر سه‌رنجی ڕاکێشام و ده‌می برینه‌کانمی کرده‌وه. لای خۆمه‌وه وتم ئه‌م ئێسکه-په‌نجانه ماونه‌ته‌وه له‌و پێڵاوانه‌دا تا شایه‌تیی له‌سه‌ر قۆناغێکی مه‌رگه‌سات بده‌ن له مێژووی گه‌لێکی چه‌وساوه و مافخوراودا، ئه‌و په‌نجانه شایه‌تن له به‌رده‌م خوادا که کورد چه‌ند بێکه‌س و بێگوناهـ و قوربانییه، ئه‌گه‌رچی له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا کاتی نوێژدا به پەنجەی دۆشاومژه /شایه‌تومان/، شایه‌تی بۆ خودا و پێغه‌مبه‌ره‌کەی دەدەین و ددان به ئیمانماندا ده‌نێین، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ئه‌نفالکراو، بۆ جه‌سته‌ی بێده‌سه‌ڵاتی دایکانی ئه‌نفالکراوی ئه‌م وڵاته، پەنجەكانی پێ به دزی و نهێنییه‌وه ئه‌و شایه‌تییه بۆ مێژوو ده‌ده‌ن و بانگی خودا ده‌که‌ن، ببینه به‌ناوی تۆ و ئیسلام و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئیماندار به ڕێبازی پێغه‌مبه‌ره‌که‌ت چی به‌سه‌ر هاتووه.
نامه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته قسه‌ی سۆزدارانه و داخ ده‌رببڕم، نامه‌وێ ئه‌نفال له کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی مرۆییەوە که هه‌موو دنیای نوێ به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تێیدا به‌شدار بوون، دابه‌زێنمه سه‌ر هه‌ستێکی سه‌رپێیب و ڕاگوزه‌ری خۆم. ته‌نیا ویستم ده‌رگایه‌ک بکه‌مه‌وه به‌سه‌ر برینه‌کانی دایکانی ئه‌م وڵاته‌دا. ئه‌و دایکه ئه‌نفالکراوه‌مان که ئێسک و پرووسکی په‌نجه‌کانی پێی ئێسته زایه‌ڵه‌ی گه‌یاندە گوێمان. وه‌ک له سه‌ره‌وه باسم كرد، رەنگە ته‌نیا هاواری له خودا نه‌کردبێت و نیازی شایه‌تومان و به‌ده‌نگهێنانی ئازاره‌کانی دایکانی کوردی نه‌بووبێت، به‌ڵکوو له پاڵ ئه‌وه‌یشدا ڕه‌نگه دوانیشانه‌ی به‌رگریی ئه‌و بێت له هه‌مبه‌ر بردنی مناڵه‌که‌ی و له ده‌ستڕاکێشانی کۆرپه‌له‌که‌ی له‌لایه‌ن سه‌ربازێکی به‌عسییه‌وه.
هاوکات له پاڵ ئه‌م وێنه هه‌ژێنه‌ره‌دا، وێنه‌ی منداڵێکیش ده‌بینین /هه‌ر له ته‌ل شێخه‌ی سه‌ماوه که یه‌کێک له‌و 150 که‌سه‌ی ئه‌و گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌یه که هه‌موویان کوردن و له 1988 له ئه‌نفاله به‌دناوه‌که‌دا زیندەبەچاڵ كراون/، منداڵیک به چاکه‌تی سوورەوە که هێڵی سپی و ڕه‌شیشی تێدایه و بۆ دایکانی ئه‌و سه‌رده‌مه و منداڵان نیشانه‌یه‌ک له جوانیی منداڵ و ته‌مه‌نهه‌ڵکشان بوو.
ئه‌و ئێسک و پرووسکانە پێده‌چێت دواته‌قه‌لای دایکێک بن بۆ زیندووهێشتنه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ی، ئێسته به شێوه‌ی ڕه‌مزی بووه به شایه‌تحاڵی مه‌رگ و بانگهێشتکردنی خوا و چه‌مۆڵه‌کردن له ویژدانی مرۆڤ و کولتووری عرووبه و به‌عسییه فاشییه‌کانی ئه‌وسا و ئێستەی ناوچه‌که. ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه له چه‌ند ئاستێكدا ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رگه‌ساته ئیش بکه‌ین:
یه‌که‌م، له ئاستی ئیدارییه‌وه، واته به‌دواداچوونی بێوچانی زیاتر و زۆرتر له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال زیاتر بناسرێت و له په‌ڕله‌مانی هه‌موو وڵاتانی جیهاندا وه‌ک جینوسایدی گه‌لێکی بێ ده‌وڵه‌ت بناسرێت. بێگومان ئه‌مه هیچ له برینی مه‌رگ ساڕ‌ێژ ناکات، به‌ڵام هه‌روه‌ک بیرمه‌ندی جوو (هانا ئارێنت) که کوشتاری جووه‌کانی به ده‌ستی نازییه‌کان بینبوو، دەڵێ، ئه‌م ڕێکارانه لانیکه‌می گه‌ره‌نتین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کان دووباره پاکتاو نه‌کرێنه‌وه. پاشان ئه‌م جووڵه ئیدارییه گشتگیره خزمه‌تی دۆزی کورد ده‌کات بۆ مسۆگه‌رکردنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ (دره‌نگ یان زوو) تا ئه‌و لانیکه‌مه‌ی گه‌ره‌نتی که ئارێنت باسی لێوه ده‌کات، به‌دی بێنین.
ئاستی دووە‌م که‌لتوور و ڕۆشنبیرییه، زۆرجار ئه‌وه‌مان بیستووه که ئه‌نفال به ڕاده‌ی خۆی ناسێنراوه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ته‌نیا له ڕووکه‌ش و ڕووکاردا ناسێنراوه، ئێمه له دنیای عه‌ره‌ب و ده‌رودراوسێکانماندا چه‌ند چالاک، نووسه‌ر، بیرمه‌ند و... بینیوه که به ڕاشکاوی و به شه‌رم و ڕووڕه‌شییه‌وه بێن دان بنێن به کاره‌ساتێکدا که فکری عه‌ره‌بی و عڕووبه و به ناوی ئاینی ئیسلامه‌وه کراوه؟ ئه‌مه په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه به ناوچه‌وانی دنیای عه‌ره‌به‌وه، به تایبه‌تی و مرۆڤایه‌تی به گشتی، هاوکات خاڵێکی تاریکیشه به سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی چالاکییه‌کانی ئێمه‌وه وه‌ک کورد.
ده‌بێت ئێمه پرۆژه‌ی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئازاری ئه‌نفالکراو و بنه‌ماڵه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌یان که ئێسته له ژیاندا ماون، له ناو په‌ڕله‌مانی فاشی و دژه‌کوردی عێراقدا سه‌ر خه‌ین، یان با قه‌ره‌بوومان به‌وه بکه‌نه‌وه واز له وڵاتمان بهێنن و کیانی سه‌ربه‌خۆی خۆمان پێ ڕه‌وا ببینن، تا لانیکه‌م ئه‌و گه‌ره‌نتیه‌ی هانا ئارێنت باسی دەكات، له بەشێكی کوردستان مسۆگه‌ر بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌بێت، هه‌مدیس ده‌بێت کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ده‌رودراوسێ ته‌نانه‌ت ئێران و تورکیایش، سه‌ری شه‌رم و کڕنووش بۆ ئه‌م کاره‌ساته دانه‌وێنن و کورد قه‌ره‌بوو بکه‌نه‌وه.
له ئاسته ڕۆشنبیرییه‌که‌یشدا نابێت ته‌نیا به زمانی کوردی شینگێڕیی بۆ ئه‌م مه‌رگه‌ساته بکه‌ین، به‌ڵکوو گرنگە به زمانی داگیرکه‌رانی عه‌رەب، تورک و فارس، ئینجا زمانه زیندووه‌کانی دنیا، ئه‌نفال بناسێنین.
شتێکی سه‌یر و سه‌رسووڕهێنه‌ره به‌و هه‌موو به‌ڵگه و تۆماره ده‌نگی و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نفال بڵاو بوونه‌ته‌وه، هێشتا کورد هه‌یه هه‌م له باشوور و هه‌میش ڕۆژهه‌ڵات، به زاراوه و ده‌ربڕینی داگیرکه‌ری فارس و عه‌ره‌ب باسی مه‌رگه‌ساته‌که ده‌کەن و ده‌ڵێن، نه‌ده‌بوو سه‌دام وا به سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بهێنێت! ئاخر کام مێشک هێنده ئاسیمیله‌کراو و داشۆراوه کورد به نه‌ته‌وه‌ی سه‌دام بزانێت؟ ته‌نیا که‌سانێک ده‌توانن وا بیر بکه‌نه‌وه که له راستتیدا هیچ بیرگه و بیردانێکیان نییه و داگیرکه‌ر خزاوەتە ناو كەلەیان و بیریان بۆ ده‌کاته‌وه!