لە دوو هەفتەدا 17 هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كراون

:: PM:02:29:05/07/2020 ‌
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 17 هاووڵاتیی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ڕێكخراوی مافی مرڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شنۆ هاووڵاتییەكی تەمەن 30 ساڵ بە ناوی ئەسكەندەر محەمەدپووریان گرتووە و بۆ شوێنێكی نادیاریان گواستووەتەوە، لەگەڵ دەستبەسەركردنی ئەسكەندەر ماڵەكەشیان پشكنیوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لە مەهاباد كەسێك بە ناوی ئەسعەد محەمەد نژاد لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر كراوە. ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێك لە حزبە كوردستانییەكانی دژبەری ئێران دەستبەسەر كراون.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوەكە، لە دوو هەفتەی رابردوودا لانی كەم 17 هاووڵاتیی كورد لە شارەكانی مەهاباد، سنە، ورمێ، سەقز، پیرانشار، نەغەدە، دروود، مەریوان و شنۆ لەلایەن هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

سەرچاوەكە ناوی سەرجەم ئەو گیراوانەی بڵاو كردووەتەوە:

مەهاباد: ڕێبوار پادەست، سۆران موختاری فەڕ، سۆران نەسیری، ئومید عەباسی،  ئەسعەد محەمەدنژاد
سنە: ئەفشین شەیخولئیسلامی، فەرانەك جەمشیدی
پیرانشار: سەید ئەحمەد سابری، فەتاح فرووهەر
سەقز: عەلی ساكنی، بەهمەن ڕەسووڵی
مەریوان: كاوان كەسرایی
نەغەدە: ئومید مستەفاپوور
دروود: ڕەزا سوفیوەند
شنۆ: ئەسكەندەر محەمەدپوور
شاباد: ڕەزا ڕەمەزانی
ورمێ: ئەرسەلان ناتووش
گرتووخانەكانی ئێران پڕن لە لاوانی رۆژهەڵات كە بەشی زۆریان تەنیا لەسەر رادەربڕین و رەخنەیەكی ئاسایی گیراون

گرتووخانەكانی ئێران پڕن لە لاوانی رۆژهەڵات كە بەشی زۆریان تەنیا لەسەر رادەربڕین و رەخنەیەكی ئاسایی گیراون، دواتر تۆمەتی قورسیان دەخرێتە پاڵ یان بە زۆر ددانپێدانانیان لێ وەردەگیرێت و حوكمی قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.


وشە - سلێمان تاشان