شه‌وی ڕابردوو زیاتر له 80 هاووڵاتی كورد له چه‌ند ناوچه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و شاری هامبۆرگی باكوری ئه‌ڵمانیا ڕۆیشتوون، به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له خۆپێشاندانێك، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یشیان سه‌رجه‌میان به شه‌مه‌نده‌فه‌رێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه و هیچ یه‌كێكیشیان بلیتی سواربوونی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی نه‌بڕیوه، كاتێكیش جابی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه ویستوویه‌تی سزای مادییان بۆ بنووسێ، ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له نێو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه دروست كردووه.
میدیاكان بڵاویان كردووه‌ته‌وه، كه شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه دوای ئه‌وه‌ی كێشه و ئاڵۆزی له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه تێدا دروستكراوه، له شارۆكه‌ی لۆنبۆرگی هه‌رێمی ساكسۆنیای ژوور وه‌ستاوه و به‌ر له گه‌یشتنیشی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه پۆلیس ئاگه‌دار كراوه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری پۆلیس له وێستگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له شارۆكه‌كه كۆبوونه‌ته‌وه و ویستوویانه كۆتایی به گرژییه‌كه بهێنن.
دوای ئه‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه وه‌ستاوه و پۆلیس ویستوویانه له‌سه‌ر ئه‌و كاره سزای ئه‌و 80 كورده بده‌ن، ئه‌و كوردانه ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه و شه‌ڕ و ئاڵۆزی له نێوان پۆلیس و ئه‌و هاووڵاتییانه دروست بووه و ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس له‌وباره‌وه دووپاتی كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و هاووڵاتییانه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر پۆلیس و ئه‌شكه‌نجه‌یان داون.
ڕووبه‌ڕووی پۆلیس بوونه‌ته‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌یان داون
پۆلیس ئاشكرای كردووه، كه ئه‌و كه‌سانه كه‌لوپه‌لی شه‌ڕیان پێ بووه و ده‌سبه‌جێ به ڕووی پۆلیس وه‌ستاونه‌ته‌وه، به‌شێكیان توانراوه بیگرێن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، به‌شێكی تریش هه‌وڵی ئاشكراكردنی ناسنامه‌كانیان ده‌درێ، دوای ئه‌وه‌ی توانیویانه ڕا بكه‌ن.
وه‌ستانی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ر بووه‌ته هۆی داخستنی هێلی ئاسنینی ناوچه‌كه كه شاره‌كانی هانۆفه‌ر و سیلی و ئۆلزاین و لۆنبۆرگ و هاربۆرگ به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ئاڵۆزییه‌كی یه‌كجار زۆری دروست كردووه و بووه‌ته هۆی ناڕه‌زاییه‌كی زۆر له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه، چونكه زۆرێكیان له گه‌یشتن به شوێنی كار و گه‌ڕانه‌وه له كار دواكه‌وتوون و كێشه‌یان بۆ دروست بووه.