رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، بۆچوونی بەرپرسان و راوێژكارانی وەرگرتووە لەبارەی لێدانی پێگەیەكی ناوكیی ئێران، ئەوانیش رێنوێنیی ئەوەیان كردووە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە، رەنگە دۆخی ناوچەكە بەرەو خراپتر ببات.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 17ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" لە راپۆرتێكدا لێدانی پێگەیەكی ناوكیی ئێرانی خستووەتە بەرچاو كە سەرۆكی ئەمەریكا ئەو نیازەی هەیە و بۆ ئەوەش بۆچوونی بەرپرسانی باڵا و راوێژكارانی وەرگرتووە.
بەپێی پێگەكە، دۆناڵد ترەمپ هەفتەی رابردوو لە كۆشكی سپی لە كۆبوونەوەیەكدا، بۆچوونی جێگرەكەی مایك بنس، وەزیری دەرەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری بەرگری بە وەكالەت كریستۆفەر میلەر، سەرۆكی ئەركان مارك مێلی و راوێژكارانی وەرگرتووە بۆ لێدانی پێگەیەكی ناوكیی ئێران، ئەوانیش پێیان گوتووە رەنگە ئەو هەنگاوە ناوچەكە بەرەو دۆخێكی خراپتر لەوەی ئێستە هەیە ببات.
رۆژنامە ئەمەریكاییەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ترەمپ بۆیە ئەو بیرۆكەیەی بۆ بەرپرسان و راوێژكارانی باس كردووە، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم، ئێران بەردەوامە پیتاندنی یۆرانیۆم، ترەمپیش مەبەستی بووە لە پێگەیەكی ناوكیی ئێران لە نەتەنز بدات.
ئێستەیش ئەو بیرۆكەیە و بۆچوونەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ و راوێژكارانی لەسەر مێزی گفتوگۆكردندایە.