وریایی بە ترەمپ دەدرێت بە كێشانەوەی هێزەكانی لە ئەفغانستان و عێراق

:: PM:01:36:17/11/2020 ‌
سەرۆكی حزبی كۆمارییەكان لە ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی پیران، وریایی دەدا بە دۆناڵد ترەمپ بەوەی پەلە نەكات بە كێشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق، چونكە ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا وا دەكات هێزە ئیسلامییە توندڕۆكان بە سەركەوتنی خۆیان ناوی ببەن. 

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 17ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، میچ ماكۆنیل بەرپرسی حزبی كۆمارییەكان لە ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی پیران لە وتارێكدا رای گەیاندووە، كێشانەوەی بەپەلەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە ئەفغانستان و عێراق، وا دەكات هێزە ئیسلامییە توندڕۆكان بە سەركەوتنی خۆیان ناوی ببەن.

ماكۆنیل ئەوەشی گوت كە ئەو جۆرە كێشانەوەیەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە، زۆر خراپتر دەبێت لەو هەڵوێستەی ئۆباما كە لە 2011 بڕیاری بە هێزەكانی ئەمەریكا دا لە عێراق بكشێنەوە. دواتر بووە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕۆكان و داعشی لێ پەیدا بوو.

ئەوەشی گوت كە ئەو جۆرە كێشانەوەیەی هێزەكانی ئەمەریكا، بەو مانایە دێت كە ئەمەریكا پشت لە هاوپەیمانانی لە ناوچەكە دەكات، ئەوەش وا دەكات بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر گەشە بكات و داعشیش لە عێراق زیاتر خۆی كۆ بكاتەوە و هێرشەكانی دەست پێ بكاتەوە.

پێشتر ترەمپ بەڵێنی دابوو كە دەبێ ئەو جەنگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە و نابڕێتەوە، بەكۆتا بێت، بۆیە دەبێ هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە بكشێتەوە. لە ئەفغانستان و عێراقیش ژمارەیان زۆر كەم بكرێتەوە.

بەپێی ئەو فەرمانەی بۆ پنتاغۆن گەیشتووە، بەرلەوەی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆك دەسەڵاتەكانی رادەستی جۆ بایدن لە 20ی كانوونی دووەم بكاتەوە، دەبێ دوو هەزار سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق بكێشێتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د