مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ددانی بەوەدا نا كە بۆ ئازادكردنی گەندەڵكاران گوشاری خراوەتە سەر، سەبارەت بە مردنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆی كۆری، كە پڕۆژەی بەندەری فاو جێبەجێ دەكات، روونی كردەوە، ئەو بەهۆی ئەو گوشارانەی خرابووە سەری خۆی كوشت.
بودجەی 2021 لە وادەی خۆی پەسند نەكرێ مانگی یەكی ساڵی نوێ تووشی كێشە دەبینەوە
كازمی دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی كرد، ئەو قسانەی لەبارەی هەڵوەشانەوەی رێككەوتنامەكان دەكرێت، لەوانەیش رێككەوتنامەی چینی جێی داخن، پەیامم بۆ سیاسەتوان و راگەیاندنكاران ئەوەیە كە راستییەكە بگوازنەوە نەوەك درۆ، ئاماژەی كرد، رێككەوتنی چینی هەڵنەوەشاوەتەوە و پڕۆژەی فاوی گەورە، ئەویش هەڵنەوەشاوەتەوە و واژوو دەكرێت.
روونی كردەوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیا كۆرییەكە دووچاری گوشار هاتەوە و بەوهۆیەوە خۆی كوشتووە، لەبارەی بودجەی 2021یش، ئاماژەی كرد، پەسندی دەكەین و رەوانەی پەرلەمانی دەكەین، بۆیە ئەگەر لە وادەی خۆی پەسند نەكرێت، لە مانگی یەكی ساڵی نوێ تووشی كێشە دەبینەوە.
كازمی ئاشكرای كرد كە بەمەبەستی ئازادكردنی نەهەنگەكانی گەندەڵی تووشی گوشار هاتووەتەوە، لەوكاتەی گەل و مەرجەعیەتی ئاینی و هێزە سیاسییەكان و داوام لێ دەكەن رووبەڕووی گەندەڵی ببمەوە، كەچی دوای گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباران بە گەندەڵی، چەند لایەنێك گوشار دەكەن و داوای ئازادكردنی ئەوان دەكەن، هەندێكیش زانیاری ناڕاست لەبارەی ئەشكەنجەدانی ئەوان بۆ مافی مرۆڤ دەگوازنەوە.