هەفتەی رابردوو پەرلەمانتارانی سوننە و شیعەی عێراق بە زۆرینە و بێ گوێدانە پشكی كورد، پڕۆژەیاسای قەرزكردنیان لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕاند، هەندێك لە پەرلەمانتارانی شیعە رایان گەیاند كە رەنگە یاسای تریش بەوشێوەیە تێپەڕ بكەن، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە دەكات كە بەردەوامبوونی ئەو شێوازەی تێپەڕاندنی یاساكان وا دەكات كورد بیر لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتوو بكاتەوە.
پێویستە لە سەردانەكان بۆ بەغدا پارێزگاری لە یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بكرێت
بەشار كیكی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێك نووسیویەتی، بەردەوامبوون لە تێپەڕاندنی یاساكان لەسەر بنەمای زۆرینەی پەرلەمانی و لەسەر حیسابی كورد، پێم وایە بژارەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەبێتە ئەگەرێكی بێشبینیكراو.
لەوكاتەی ئیدریس شەعبان، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەر هەنگاوێكی كورد بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ پێشوازی لێ كراوە، ئەوەی نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا تەنیا حكوومەتە و پێویستە لە هەموو سەردانەكان پارێزگاری لە یەكڕیزی ناوماڵی كورد بكرێ كە هەڵوێستی كورد بەهێزتر دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی.
لای خۆیەوە جووتیار عادل، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە بەمنزیكانە شاندێكی كوردی سەردانی بەغدا دەكات بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان و گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر سەبارەت بە بودجەی چەند مانگی كۆتایی 2020 و بودجەی 2021.