هێزی دەریایی توركیا ژمارەیەكی زۆری سەرباز و تانك و زرێپۆشی بەرەو لیبیا گواستەوە و دەگوترێ گەیشتوونەتە تەرابلوسی پایتەخت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30 كانوونی دووەمی 2020 "
سپوتنیك" لە زاری كەناڵی 218ی لیبیا بڵاوی كردەوە، سەربازانی توركیا بە دوو كەشتیی جەنگی لە كەنارئاوەكانی ترابلوسی پایتەخت دابەزیون و بە كەشتییەكی تریش تانك و زرێپۆشەكان گواستراونەتەوە.
سەرجەم چەك و چۆڵەكان بۆ بنكەیەكی ئاسمانیی نزیك ترابلوس گواستراونەتەوە . ئەم هەوڵەی توركیا لە كاتێكدایە 19ی مانگ كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بەرلین لەبارەی پرسی لیبیا بەڕێوە چوو.
لە كۆنفرانسەكە كە نوێنەری هەریەك لە وڵاتانی رووسیا، ئەمەریكا، توركیا، میسر، یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدارییان كردبوو، لەسەر ئەوە رێككەوتن كۆتا بە دەستێوەردانی لیبیا بهێنرێت و رێ بە گواستنەوەی چەك بۆ لیبیا نەدرێت. ئەوان داوایان كردبوو كۆتا بە جەنگیش لە لیبیا بهێنرێت.
لە دوای سەرهەڵدانی راپەڕینی ساڵی 2011 لە لیبیا و كوژرانی موعەمەر قەزافی، ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەش دابەش بووە و جەنگی ناوخۆیی بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووەتەوە. یەكێكیان پەرلەمانی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە لە رۆژهەڵاتی لیبیا كە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەكە بە سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر كار دەكەن، بەشێكی تریش لە رۆژئاوای لیبیایە كە ترابلوسیان بەدەستەوەیە و لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا ددانی پێدا نراوە.