حه‌سه‌ن رۆحانی له لێدوانێكدا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن له ئه‌فغانستان به زمانێكی رەگەزپەرستانه سووكایه‌تی به ئه‌فغانستان ده‌كات و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئه‌فغانستانیش ده‌ڵێ، ئێمه گرتووخانه‌كانمان پڕ نییه له‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌یان له ئێمه ناچێت و له‌بری ئه‌وه‌ی تانه‌مان لێ بده‌ی، لێمان فێر به.
ئێمه زیندانیی سیاسیمان نییه و گرتووخانەکانمان بە رۆژنامەنووسان نەئاخنیوە
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 30 كانوونی دووه‌م، شاحوسێن مورته‌زه‌وی راوێژكاری باڵای سه‌رۆك كۆماری ئه‌فغانستان له تویتێكدا وه‌ڵامی گاڵته‌پێكردنی حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران به وڵاته‌كه‌ی ده‌داته‌وه.
حه‌سه‌ن رۆحانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ قایمقام و پارێزگارانی سه‌رجه‌م شار و شارۆكه‌كانی ئێران له‌باره‌ی به ئه‌لیكترۆنیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران ده‌دوێت و به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێ، "ئه‌فغانییه‌كان سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان به ئه‌لیكترۆنی كردووه، ئێمه بۆ نه‌یكه‌ین؟"
وه‌ك له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه به‌و قسه‌یه‌ی حه‌سه‌ن رۆحانی پێده‌كه‌نن و رۆحانی جارێكی تر ده‌ڵێ، "به‌خوا، ئه‌فغانییه‌كان كردیان به ئه‌لیكترۆنی، ده ئێمه‌ش با بیكه‌ین".
دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیه ناڕه‌زایی له‌ناو هاووڵاتییانی ئه‌فغانستان و به‌شێك له هاووڵاتییانی ئێرانی به‌رز بووه‌وه و لێدوانه‌كانی سه‌رۆك كۆماری ئێرانیان به تێڕوانینێکی ره‌گه‌زپه‌رستی ناو هێنا.
زۆربه‌ی كاربه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تویته‌ر و فه‌یسبووك به دانانی هاشتاگی "ده‌بێ رۆحانی پاشگه‌ز بێته‌وه و داوای لێبوردن بكات". ره‌خنه‌ی توندیان ئاراسته كرد و به‌شێكیش باسیان له‌وه كردبوو كه له‌بری پێكه‌نین و گاڵته‌كردن به نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر، چاره‌نووسی ئه‌و 176 كوژراوه‌ی ناو فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه یه‌كلا بكه‌نه‌وه كه له‌لایه‌ن سوپای وڵاته‌كه‌یانه‌وه لە تاران كوژران.
ئه‌مڕۆ به فه‌رمی، شاحوسێن مورته‌زه‌وی راوێژكاری باڵای سه‌رۆك كۆماری ئه‌فغانستان وه‌ڵامی ئه‌و بێڕێزییه‌ی رۆحانی دایه‌وه و رای گه‌یاند، ته‌وسمان پێدا مه‌ده‌ن، به‌ڵكو لێمانه‌وه فێر بن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، یه‌ك له به‌رپرسه‌كانی وڵاتی دراوسێمان به ته‌وسه‌وه باس له به ئه‌لیكترۆنیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌فغانستان ده‌كات و ئاماده‌بووان هه‌مووان به قسه‌كانی پێده‌كه‌نن، بۆ ئه‌فغانستانێك كه 40 ساڵه شه‌ڕی تێدا ده‌كرێت، ئێسته له ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگه كه بۆ به‌هاكانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی ده‌ربڕین و كه‌رامه‌تی مرۆڤ تێكۆشان بكات.
"بۆ نموونه ئه‌فغانستان له پله‌به‌ندییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین له هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه پێگه‌ی به‌رزتره، به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاینی و ئازادی میدیایی له ئه‌فغانستان كه‌موێنه‌یه. ساڵی 2014 ركابه‌ری سه‌رۆك كۆمار له هه‌ڵبژاردنه‌كان كرایه جێگری سه‌رۆك و له ده‌سه‌ڵاتدا رۆڵی پێ درا، به‌ڵام له وڵاتی دراوسێی ئێمه "مه‌به‌ستی ئێرانه" ركابه‌ری سه‌رۆك كۆمار خرایه گرتووخانه‌وه". شاحوسێن مورته‌زه‌وی وای گوت.
راوێژكاری باڵای سه‌رۆك كۆماری ئه‌فغانستان دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێمه زیندانیی سیاسیمان نییه، رۆژنامه‌نووس له‌ناو گرتووخانه‌كانمان نین و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كده‌ستكراو و یه‌ك بۆچوونمان نییه، ئه‌فغانستان كۆمه‌ڵێك جوانی له‌خۆی گرتووه كه وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان ئه‌و جوانییانه‌یان تێدا نییه، له ئێمه‌وه فێربن.