نەتەوە یەكگرتووەكان: عێراق چیتر بەرگەی كوژرانی خۆپێشاندەران ناگرێت

:: PM:04:00:30/01/2020 ‌

 

هاوكاتی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی تر، هەوڵی كۆتا پێهێنانی بە لوولەی تفەنگ. نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات كە كوژرانی خۆپێشاندەران دۆخەكە خراپتر دەكات، بلاسخارت داوا لە لایەنە سیاسییەكانیش دەكات بەرژەوەندی گەل پێش بەرژەوەندی حزب بخەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم، نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكی تایبەت پێوەند بە عێراق دەڵێ، عێراق چیتر بەرگەی بەردەوامی كوژرانی گەنجان و خوێنڕشتن ناگرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكان كۆششی زیاتر بكەن بۆ كۆتاهێنان بەو چەقبەستنە سیاسییەی هەیە و دەست بە ئەنجامدانی چاكسازی گەورە بكەن.

گرنگە بەهەمان هێز كە رووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبنەوە، رووبەڕووی بكوژانی خۆپێشاندەرانیش ببنەوە و بیاندەنە دادگا


"بەكارهێنانی هێز و كوشتنی خۆپێشاندەران كۆتایی بە تەنگژە ناهێنێت". جانین هینیس بلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وا دەڵێت. باسی لە رووداوەكانی ئەمدواییەی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان لە بەغدا و شارەكانی تر دەكات كە هێزە تەناهییەكان و هێزی نەناسراو، بە ئاشكرا خۆپێشاندەران دەكەنە ئامانج، وا وێنای رووداوەكان دەكات كە بەكارهێنانی چەك زۆر جێی نیگەرانییە و پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراقی خۆپێشاندەران بپارێزن و رێز لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بگرێن.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی "گرنگە بەهەمان هێز كە رووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبنەوە، رووبەڕووی بكوژانی خۆپێشاندەرانیش ببنەوە و بیاندەنە دادگا، چونكە رەخساندنی ژینگەی تۆقێنەر هیچ سوودێكی نابێت جگە لە بێ متمانەیی نەبێت".

بەلای نەتەوە یەكگرتووەكان تاكە دەلیچە بۆ دەربازبوونی عێراق لەو دۆخەی تێی كەوتووە، بنیاتنانی دەوڵەتێكە كە نەرمی بەرانبەر خەڵكەكەی بنوێنێت، ئەمەش تاكە هیوایە بۆ رزگاربوون، پێی وایە چارەسەرەكان دەبێت زۆر بە پەلە بكرێن و چیتر عێراق بەرگەی ئەو توندوتیژی و ئیفلیجی سیاسی و ئابووری ناگرێت.

قسەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاتێكدایە نەتەوە یەكگرتووەكان لە یەكی تشرینی یەكەم تا ئەمڕۆ كە چوار مانگ بەسەر خۆپێشاندانەكان تێپەڕ دەبێت، سێ راپۆرتی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا رووماڵی كوژران و برینداربوون و رفاندنی خۆپێشاندەران و رۆژنامەنووسان كراوە.

بلاسخات زیاتر گوتی "هەموو هەوڵەكان دەبێت بۆ چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی بێت، دەبێت دەست بە دیالۆگێكی بنیاتنەرانە بكرێت بۆ چارەسەری كێشەكان بە پەلە، دەبێت كار بكرێت بۆ گەڕانەوەی متمانە بە یەكتری و حزب بخرێتە لایەكەوە و بەرژەوەندی گەل لە پێشەوەی هەموو شتێك بێت".

 



وشە - فه‌رمان سادق