ناڕازییەكان ئامادەكاری بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی دەكەن و میلیشیاكانیش بۆ گرتنی چالاكی مەدەنی ماڵەكانیشیان دەپشكنن. بە دروشمی رەتكردنەوەی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئێران، سبەی هەینی خۆپێشاندانی ملیۆنی لە بەغدا و شارەكانی تر بەڕێوە دەچێت، چالاكێكی گۆڕەپانی تەحریریش دەڵێ، رفاندن چالاكان ناترسێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم، ئامادەكاری بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی كە بڕیارە سبەی هەینی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ئەنجام بدرێت، میلیشیا چەكدارەكان و هێزە عێراقییەكانی تەواو هەراسان كردووە و دەستیان كردووە بە هەڵمەتی گرتنی هەڕەمەكی چالاكوانانی سەرپەرشتیاری خۆپێشاندانەكان، بە جلوبەرگی سڤیل چاودێریان دەكەن و تەنانەت بەدوایاندا دەچنە ماڵەكانیشیان.
سەلام حوسێنی یەكێك لە دیارترین چالاكانی مەدەنی لە بەغدا دەڵێ، گرتنی هەڕەمەكی چالاكوانان زۆر فراون و زیادی كردووە، هێزی نەناسراو بە جلوبەرگی سڤیل چاودێری چالاكوانان دەكەن، هەڵمەتی گرتنیان پشكنینی ماڵەكانیانیشی گرتووەتەوە.
"دیار نییە ئەو هێزە كێن، نازانرێت سەر بە هێزە تەناهی عێراقین یان سەر بە گروپە میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن". سەلام وا دەڵێت، ئەوەیشی خستەڕوو، هەڵمەتی گرتنی چالاكان كاریگەری نەرێنی لەسەر خۆپێشاندانی ملیۆنی دروست كردووە.
ئامادەكاری بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی دەكرێت و هێزی نەناسراویش هەڵمەتی گرتنی چالاكانی مەدەنی دەست پێ كردووە
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دوێنێ چوارشەم لە پەیامێكدا بۆ هاوپەیمانی سائیروون و هاوپەیمانی فەتح، تا یەكی شوبات دەرفەتی پێدان بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە شەقامیش پێی رازی بێت. هەر شەوی رابردوو هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، نزیك بوونەوەتەوە لە یەكلا كردنەوەی كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
خۆپێشاندانی ملیۆنی سبەی هەینی، بەلای خۆپێشاندەران ئامانج لێی گوشار خستنەسەر هێزە شیعەكانە كە كەسێك كاندید بكەن شەقام پێی رازی بێت، پەیامیشیان بۆ دەرەوەی وڵات ئەوەیە، تا دنیا بزانێت كە زۆرینەی شەقامی عێراقی پێیان وایە ئەوانەی ئێستە لە دەسەڵاتن شەرعیەتییان نییە و كەسانی گەندەڵن و كار بۆ تایفگەرایی دەكەن.
سەلام حوسێنی دەڵێ، چالاكان یەك داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراقی هەیە كە ددان بە گرتنی چالاكان بنێت تا بزانین ئەوانەی گیراون لەلایەن هێزە فەرمییەكانەوە گیراون نەك میلیشیاكان، بەڵام تا ئێستە وەڵام نەدراوینەتەوە.
حەسەن رەجەب یەكێكی ترە لە چالاكانی مەدەنی لە بەغدا گوتی "ئەوەی روودەدات دژی چالاكانی مەدەنی، ناكرێت وەك گرتنێكی ئاسایی لێی بڕوانرێت، چونكە هیچ لایەنێكی فەرمی دەوڵەت قسەی لەسەر نەكردووە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە هێزی نەناسراو چالاكان دەڕفێنێت نەك دەیانگرێت".
گرتن و رفاندن و كوشتنی چالاكانی مەدەنی لە بەغدا و شارەكانی تر هەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانەوە بەردەوامی هەیە تا ئێستەشی لەگەڵ بێت، بەڵام بە قسەی چالاكانی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان، هەڵمەتی چەند رۆژی رابردوو زۆر جیاوازترە و ئامانج لێی شكست پێهێنانی خۆپێشاندانی ملیۆنییە.
لیژنەی سەرپەرشتی خۆپێشاندانی ملیۆنی، داوا لە خۆپێشاندەران دەكات لە بەغدا و شارەكانی باشوور، دروشمی رەتكردنەوەی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئێران هەڵ بكەن، رەتی هەموو ئەو سیاسیانەش بكەن كە پێوەندیان لەگەڵ ئێران هەیە.