مێژوونووسێكی تورك بە بەڵگەوە جینۆسایدی ئەرمەنەكان دەسەلمێنێت

:: PM:07:40:30/01/2020 ‌
مێژوونووسێكی تورك بە بەڵگەوە جینۆسایدی ئەرمەنەكان لەلایەن عوسمانییەكانەوە دەسەلمێنێت، دەسەڵاتدارانی توركیا، بەڵگەكان بە ساختە ناو دەبەن، لە بەرانبەریشدا ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا میدالیای بوێری پێدەدات و پێی دەڵێ، ئابڕووی توركیات برد. 

 ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانووی دووەم، لە ئێوارە خوانێك كە ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی رێكخراوە ئەرمەنییەكان لە فڕەنسا بۆ مێژوونووس تانیر ئاكشام، نووسەر كتێبی بڕیارەكانی كوشتن كە تێیدا بەرقیەكانی عوسمانییەكانی ئاشكرا كردووە سەبارەت بە بڕیاری جینۆسایدی ئەرمەنەكان.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا كە بەشداری لە ئێوارە خوانەكە كردبوو، میدالیای بوێری بە ئاكشام دەدات و پێی دەڵێ، ئابڕووی دەسەڵاتدارانی توركیات برد.

تا دێت بەڵگەی زیاتر لەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەكان بڵاو دەبێتەوە و هێشتا توركیا ددانی پێدا نانێت


"كتێبەكەی ئاكشام سەلماندنێكی زانستییە و روونی دەكاتەوە كە بڕیاری تاوانێكی رێكخراو دژ بە ئەرمەنەكان كراوە و كار كردن بووە لەناو مێژوو بۆ راستكردنەوە". ماكڕۆن وا دەڵێ، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەوەی توركیا دەیویست بیشارێتەوە و رەتی مێژوو بكاتەوە، ئیتر ئاشكرا بوو.


زیاتر گوتی "ئەو كتێبە بەردی بناغەی گفتوگۆیەكی سیاسی قوڵ دەبێت لەگەڵ سەركردەكانی توركیا، چونكە چیتر ناتوانرێت مێژووێكی گەورە لەسەر بنەمای درۆ بینا بكرێت". 

ناكۆكی نێوان توركیا و فڕەنسا لەسەر چەند دۆسیەیەك هەیە، لەوانە دوێنێ سەرۆكی فڕەنسا بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای گوت، كە پابەندی قسەكانی نەبووە پێوەند بە دۆسیەی لیبیا. ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ توركیا كەشتییەكی تری چەكدار و پێداویستی چەك و تەقەمەنی بۆ لیبیا رەوان كرد، هاوكات هەر ئەمڕۆش فڕەنسا كەشتییەكی جەنگی بۆ كەناراوەكانی یۆنان رەوان كرد.

جێی باسە بەگوێرەی پێشبینیەكان لە نێوان ملیۆنێك و 200 هەزار بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار ئەرمەنی لە جەنگی جیهانی دووەم لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانییەكان جینۆسایدییان لە دژ ئەنجام دراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئەو تاوانە رەت دەكەنەوە، ئەگەرچی زۆرێك لە وڵاتان ددانیان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان لەلایەن عوسمانییەكان ناوە.  



وشە - فه‌رمان سادق