چاوەڕوان دەكرێت ئەمشەو قۆناغی یەكەمی لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆتایی پێ بێت، كۆمارییەكانیش لە هەوڵدان بۆ داخستنی دۆسیەكە پێش بانگهێشتی شایەتمان، ئەمەش لە كاتێكدایە دیموكراتەكان ئامادەكاری بۆ بانگهێشتی جۆن بۆڵتن دەدەن بۆ رووبەڕوو كردنەوەی پرسیارە قورسەكە لە سەرۆكی ئەمەریكا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی كانوونی دووەم، قۆناغی یەكەمی لێپرسینەوە لە دۆناڵد
ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نزیك دەبێتەوە لە كۆتایی، دیموكراتەكان ئامادەكاری دەكەن تا جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی وەك شایەتمان ببەنە ئەنجوومەنی پیران، ئەمەش لە كاتێكدایە كۆمارییەكان دەیانەوێت سبەی هەینی كۆتایی بە لێپرسینەوەكە بهێنن بە بێ تاوان ناساندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بەمەش ترەمپ لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە و خاڵەكانی لێپرسینەوەش كە دیموكراتەكان بە زۆرینە لە پەرلەمانی ئەمەریكا تێیان پەڕاند، بێ بەها دەبن.
ترەمپ چاوی لە دەستی كۆمارییەكانە بۆ رزگار كردنی لە لێپرسینەوە
ئەمشەو لە رۆژی دووەمی لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەمەریكا، پارێزەرانی بەرگری لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و پارێزەرانی دیموكراتەكان دەچنە ئەنجوومەنی پیران، پارێزەرانی ترەمپ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارە دیموكراتەكان دەدەنەوە.
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەم، چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەینی كۆمارییەكانی ئەنجوومەنی پیران كۆتایی بە لێپرسینەوە لە سەرۆك بدەن و رێگە نەدەن لێپرسینەوەكە لەوە زیاتر بخایەنێت و بانگهێشتی جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشتووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بكرێت كە دیموكراتەكان كاری بۆ دەكەن.
دیموكراتەكان داوای بانگهێشتی شایەتمان دەكەن لەسەر پرسی دۆسیەی رازیكردنی فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لە پرسی كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە جۆ بایدن ركابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە هەفتەی یەكەمی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.
دیموكراتەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیان پێویستیان بە دەنگی لایەنی كەم چوار لە ئەندامانی كۆمارییەكانی ئەنجوومەنی پیران هەیە كە زۆرینەی بە دەست كۆمارییەكانە، ئەمەش بەلای سەركردەی دیموكراتەكان ئەركێكی زۆر قورسە.
تەنانەت ئەگەر دیموكراتەكان بتوانن لەوەدا سەركەوتوو بن، هێشتا هیوای ئەوەیان نییە دەنگی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێنن بۆ دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەكەی.
جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، نایشارێتەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ویستی راگرتنی كۆمەكە سەربازییەكانی بۆ ئۆكرانیا هەبووە كە ساڵانە بڕەكەی 391 ملیۆن دۆلارە، تا ئۆكرانیا دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە دژی جۆ بایدن و كوڕەكەی نەكاتەوە.
بۆڵتن ئەو پرسەی لە كتێیەكەیدا باس كردووە كە ئێستە رەوانەی كۆشكی سپی كراوە بۆ دەربڕینی رەزامەندی سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر بڵاوكردنەوە. جیرواڵد نادلر پەرلەمانتاری دیموكراتەكان دەڵێ، ترەمپ هەوڵیدا یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو بكات لە رێگەی دەستوەردانی دەرەكی.
گوتی "راستییەكان وەك خۆیان دەمێننەوە، ترەمپ مەترسییە لەسەر ئەمەریكا و دەبێت دوور بخرێتەوە، بەڵام ئەوە دەزانین ئەنجوومەنی پیران كە زۆرینەیان كۆمارییەكانن، كار بۆ مانەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی دەكەن، ئەمەش رێگرە لەوەی بانگهێشتی جۆن بۆڵتن بكرێت بۆ بەردەم ئەنجوومەنی پیران، چونكە چوونی بۆڵتن زیانێكی زۆر بە ژیانی سیاسی دۆناڵد ترەمپ دەگەیەنێت لە وەختێك ترەمپ دەیەوێت بۆ خولی دووەمیش دەربچێتەوە".