عێراق سێ مانگ كارەكانی ڕۆیتەرزى ڕاگیرت

:: AM:10:32:03/04/2020 ‌
دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی حكومەتی عێراق بڕیاریدا، بە ڕاگرتنی كارەكانی نووسینگەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردبوو ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ھەندێك ناوچە بە ھەزاران کەسە و حکوومەتی عێراق زانیارییەکان دەشارێتەوە.

حکوومەتی عێراق زانیارییەکان دەشارێتەوە
دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی حكوومەتی عێراق ڕای گەیاندووە، "بڕیارمانداوە بە ڕاگرتنی كارەكانی ئاژانسی رۆیتەرز بۆ ماوەی سێ مانگ و سزادانى بە بڕی 25 ملیۆن دینار، دەبێت ئاژانسەكە داوای لێبوردنیش لە حكوومەت و گەلی عێراق بكات".

زیاتر هاتووه‌، "سەرلەبەری هەواڵەكەی رۆیتەرز ناڕاست و چەواشەكارانەیە، حكوومەتی عێراق بەشێوەیەكی ڕوون و بە ئاگاداری نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئامارەكان بڵاو دەكاتەوە و ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی تایبەت بە كۆرۆنان و لە دامەزراوە تەندروستییەكاندا نوێنەریان هەیە."

بەپێی دواین بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی عێراق كە ڕۆژى چوارشەمى ڕابردوو هاتە بڵاوكردنەوە، كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 728 حاڵەت و 52 حاڵەتی مردن و 182 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەیە. 






وشە - محەمەد میران